سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  میتۆدی نووسینەوەی مێژوویی لەسەدەی حەوتی کۆچی
گۆڕینی فۆنت


میتۆدی نووسینەوەی مێژوویی لەسەدەی حەوتی کۆچی/ سیانزەی زایین: ئیبن ئەثیر وەک نموونەیەک
ئەنوەر ئەلخالدی(مامۆستای یاریدەدەری بەشی مێژووی کۆلێژی ئاداب و زانستە مرۆییەکان، زانکۆی ئالو لبەیت)

وه‌رگێڕانی: عبدالله گه‌رمیانی

پوختە
ئەم لێکۆڵینەوەیە، میتۆدی نووسینەوەی مێژوویی لەسەدەی حەوتی کۆچی/ سیانزەی زایین ئەخاتەبەر باس، ئەوەش لەڕێگەی نووسینەکانی مێژوونووس عزەدین ئیبن ئەثیر لەکتێبەکەیدا(الکامل في التاریخ)و ھەڵوێستە و وەستان کراوە لەسەر سرووشتی سەردەمی ئەوکات و سەربووردەی ژیانی ئەو مێژوونووسە و پێگە زانستییەکەی، پاشان دەچێتەسەر ئەو میحوەرە سەرەکیانەی کە ئەو کتێبەو ئەو سەرچاوانە لەخۆیان گرتووە کە ئەم مێژوونووسە لەنووسینەوەی کتێبەکەیدا بەکاریھێناون، سەرباری گرنگیی خودی کتێبەکەی و شێوازی ئیبن ئەثیر لەخستنەبەرباسی مێژوو.
Abstract
This research tackles the style of historical writing in the Seventh Century Al-Hijra(١٣th century A D.)through the writings of Ezz ED-Dien bin Al-Athir in the book"AL- Kamil Fi Al- Tareekh", The study discovered the nature of time the biography of Ibn Al- Athir and his Scientific status era the historical sources which were used by Ibn Al- Atheer in handling history in his book.
پێشەکی  
سەدەی حەوتی کۆچی/ سیانزەی زایین بەخراپترین سەدەیەک دادەنرێت کە بەسەر مێژووی ئوممەتەکەماندا ھات، کە خۆی دەبینێتەوە لەداگیرکاریی خاچپەرستی کە لەوپەڕی سەختیدا بوو، ھەروەھا پەلاماری دڕندانەی مەغۆل کە وەک کولە بەسەر ئەم ئوممەتەدا بارین، سەرباری ململانێ نێوخۆییەکانی نێوان پادشاو سوڵتانەکان، بەڵام سەرباری ھەموو ئەوانە بەشێک لەزانا گەورەکان توانیان مێژوو تۆمار بکەن تاوەکو بۆ نەوەکانی داھاتوو پارێزراو و پارێزه‌ری کلتووری دێرینی ئوممەت بێ.
سەرباری ھەموو ئەوانە، ئەوە سەدەی حەوتی کۆچی/ سیانزەی زایین چالاکییەکی رۆشنبیریی ھەستپێکراوی بەخۆوە بینی لەوڵاتی شامدا لەزۆربوونی خوێندنگاو کتێبخانەکان، ئیبن خەلدون باسدەکات کاتێک سەردانی حەلەبی کردووە لەساڵی(٦٢٣ک/ ١٢٢٦ز)باسی حەلەب ئەکات کە بەھۆی زۆری زاناکانییەوە دایکی وڵاتە ، ئەلنعیمی  لەقسەکردنی لەبارەی خوێندنگاکانی وڵاتی شامەوە شەست و شەش خوێندنگای باسکردووە کە لەسەدەی حەوتی کۆچیدا بوونیاتنراون بۆ ھەر چوار مەزھەبەکە، دووانیان بۆ مەزھەبی مالیکی و ھەشتی بۆ حەنبەلییەکان و بیست و پێنجیان بۆ حەنەفییەکان و سی و یەک خوێندنگەشیان بۆ شافیعییەکان، ھەروەک باسی بوونیاتنانی سێ خوێندنگە ئەکات بۆ خوێندنی پزیشکی، کە ئەمەش بەڵگەی بوونی ھەستانەوەیەکی روونی رۆشنبیریی ئەو سەردەمەیە. ئەو خوێندنگەیانە قورئانی پیرۆزو فەرموودەیان ئەخوێند، ھەروەھا زانستەکانی قورئان و فەرموودەو زمان و نەحو سەرف و رەوانبێژی و عەروز و زانستە مێژووییەکان و ئەوانی تریش.
پادشایانی نەوەی ئەیوب(ئەیوبییەکان)شوێنەوارێکی روونیان ھەبوو لەھاوکاریکردنی بوونیاتنانی شوێنانی زانست، لەسەرووی ھەموویانەوە سەڵاحەدینی ئەیوبی بوو کە زۆرێک خوێندنگەی لەشارە گرنگەکانی شامدا بوونیاتنا، وەک خوێندنگەی سەڵاحییە لەقودس و خوێندنگەی ئەلتقویە لەدیمەشق، باشترین خوێندنگەیەکی دیمەشق لەنێو دەرگای ئەلفرادیس بوو کە بەنیزامییەی شام ناسرا" ، ھەروەھا کچە شازادە ئەیوبییەکانیش گرنگیيان بەبوونیاتنانی خوێندنگاکان دا، لەوانە"ست شام"ی خوشکی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی کە دوو خوێندنگەی بۆ شافیعییەکان بوونیاتنا: ئەلشامییەی ئەلبرانیە و ئەلشامییەی ئەلجوانیە ، ھەروەھا زۆرێک بازرگان و زاناش بەشداربوون لەبوونیاتنانی خوێندنگەدا، بۆ نمونە: ئەبو بەکری کوڕی عەیاشی ئەلتەمیمی ئەلجەوھەری خوێندنگەی جەوھەریەی دیمەشقی وەقفی حەنبەلییەکانی کرد لەساڵی(٦٧٦ک/ ١٢٧٧ز) .
سەدەی حەوتی کۆچیی چالاکییەکی تێبینیکراوی بەخۆیەوە دی لەلایەکەوە لەڕووی دانان و نووسین و لەلایەکی تریشەوە لەڕووی کۆکردنەوەو دامەزراندنی کتێبخانەکان و گرنگیپێدانیانەوە، گرنگیدان بەزانست ھەموو سەرقاڵبووانی زانست و وێژەی گرتەوە لەزانایان و ئەدیب و بیریاران. لەھەموو خوێندنگەیەکدا گەنجینەیەک کتێب ھەبوو، وەک خوێندنگەی ئەلئەشرەفییەی دیمەشق و ئەلعادلییەو خوێندنگەی ئەلعومەریەو ئەلناسریە ، ھەروەک زۆربەی مزگەوتەکانیش کتێبخانەیان ھەبوو کە جۆرەھا کتێبی زانستەکانی تێدا بوو، وەک کتێبخانەی مزگەوتی ئەیوبیی دیمەشق، ھەروەھا خانەقاکانیش جۆرەھا کتێبی زانستە جیاوازەکان لەکتێبخانەکانیاندا ھەبوو ، بوارەکانی دانان و نووسینەوەی کتێب لەو سەردەمەدا ھەمەجۆر بوویەوە، لەبابەت زانستەکانی ئایین و زمانی عەرەبی و زانستەکانی مێژوو جوگرافیا کتێبی زۆر نووسرایەوە.

ژیاننامەی عیزەدین ئەثیر(کۆچکردووی٦٣٠ک/ ١٢٣٢ز):
ئەبو ئەلحەسەن عەلی کوڕی ئەبی ئەلکەرەم موحەممەدی کوڕی موحەممەدی کوڕی عەبدولکەریمی کوڕی عەبدولواحیدی ئەلشەیبانی، ناسراو بە ئەپیر ئەلجزری عیزەدین لەجەزیرەی ئیبن عومەر یان جەزیرەی ئەلعومەریی لەدایک بووە  لەچواری جەمادی یەکەمی ساڵیپێنجسەدو پەنجاو پێنج و نازناوی ئەلجەزەریش بۆ جەزیرە ئەگەڕێتەوە، عیزەدینیش نازناوێک بووە وەک نەریتی سەردەمەکەی بووە، ھەرچی ئەثیریشە بۆ باوکی ئەگەڕێتەوە کە اپیر بووە لای ئەتابەک قوتبەدین مەودودی کوڕی عیمادەدینی زەنکی فەرمانڕەوای موسڵ(کۆچکردووی٥٦٥ک/ ١١٧٠ز)و برای دایک و باوکیی ئەتابەک نورەدین مەحمودی فەرمانڕەوای شام و حەلەب(کۆچکردووی٥٦٩ک/ ١١٧٤ز)، جا ئەم شوێنەوارە وەھای لێکرد بەدوای پلەو پایەی بەرزدا بچێ لەپادشانشینەکەی ئەودا، گەورەترینیان ھەڵسوڕێنەریی جەزیرەی ئیبن عومەرو سەرپەرشتیکردنی دیوانی خەڕاجی ئەو شوێنە بوو . مردنی ئەثیر – بەڕەحمەت بێ- لەمانگی شەعبانی ساڵی شەسەدو سیدا بوو لەموسڵ .

رۆشنبیریی ئەثیر:
عیزەدین ئەثیر وەک تەواوی منداڵ و مێرمنداڵەکانی تری سەردەمەکەی لەدانیشتن لەسەر کورسی خوێندن لەخوێندنگە بچووکەکانی جەزیرەی ئیبن عومەرەوە دەستپێکرد بۆ وەرگرتنی بنەماکانی خوێندن و نووسین و زانستەکانی تر لەفەرموودەو فیقە و قیرائاتی قورئان و فەرائیزو لۆژیک و ژماردن و شێوازو ئەستێرەناسی و وێژەو مێژوو رەچەڵەک کە رەنگە دەسھاتی زانستەکانی ئەو سەردەمە بووبێ. عیزەدین ئەثیر لەکتێبەکەیدا(الکامل في التاریخ) لەڕووداوەکانی ساڵی(٥٧١ک/ ١١٧٥ز)بۆمان باسدەکات کەلای یەکێک لەمامۆستاکانی ژماردن خوێندوویەتی و ئەڵێ: لەو ساڵەو لەماڵی رەمەزاندا لەڕۆژی رووناکدا خۆرگیران روویدا، دونیا وەک شەوێکی تاریکی لێھات کە ئەو کات مێرد منداڵێک بووم لەجەزیرەی ئیبن عومەرو لەتەک مامۆستاکەمدا بووم خەریک بووم ژماردنم ئەکرد، کە ئەو دیمەنەم بینی زۆر ترسام و توند دەستم پێوەرگرت ورەم بۆ پەیدا بوو، مامۆستاکەم زانا بوو بەئەستێرەناسی و وتی: ئێستا دەبینی ئەم ھەموو شتانە نامێنن و خۆر دەردەکەوێتەوە، یەکسەر تاریکییەکە نەما" .
بەھەرحاڵ موسڵ ئەو شوێنە بوو کە ئارەزووە رۆشنبیرییەکەی تیادا پێکەوەنا، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ تاکە شوێنی ئەو بووبێ، بەڵکو رۆیشت بۆ دیمەشق و حەلەب و مەککەو قودس  بەدوای زانستدا ،لای ھەندێ زانا خوێندنی کە گەورەییان ھەبووە لەپێکھێنانی کەسێتییە بیریەکەیدا.

پێگە زانستییەکەی و مردنی:
ئەپیر پێگەیەکی زانستیی گەورەی داگیرکردووە، مێژوونووسانی دوای خۆی و گەورە مێژوونووس و دانەرانی ھەمەجۆر پیاھەڵدانیان کردووە، ئیبن خەلەکان لەبارەیەوە ئەڵێ:پێشەوا بوو لەئەزبەردەکردن و ناسینی فەرموودەو پێشەنگی زانایانی کۆن و نوێی مێژووەو شارەزابووە بەڕەچەڵەکی عەرەب و رۆژگارو جەنگ و ھەواڵیان . ابن کثیر بە"پێشەوای عەللامە" وەسفیکردووە ، الذھبي لەبارەیەوە ئەڵێ: پێشەنگێکی مەزن و خاوەن رێزو گەورەیی زۆر بوو . ئیبن ئەلعیماد ئەلحەنبەلی لەبارەیەوە وتوویەتی: پێشەواو رەچەڵەکناس و مێژوونووسێکی ھەواڵسازو ئەدیب بوو، بەرانبەر ئەم رێزە زۆرە لەلایەن ھاوسەردەمێکییەوە رووبەڕووی تۆمەتێک بووەتەوە ،ئەویش ئەوەیە کە القفطي ئەڵێ ئەثیر دەستی بەسەر کتێبخانەکەی یاقووتی حەمەویدا گرتووە کە پێش مردنی وەسێتی کردووە کتێبخانەکەی بکرێتە وەقفی مزگەوتی زوبەیدیی لەبەغدا، بۆیە ئەلعیماد ئەلحەنبەلی ئەڵێ: ئیبن ئەثیر وەسێتەکەی بەجێ نەھێناو کتێبخانەکەی بەسەر کۆمەڵ و ناسیاوەکانیدا دابەشکرد ، بەڵام ئیبن خەلەکان لەباسی ژیاننامەی یاقووتی حەمەویدا ئەڵێ: یاقووتی حەمەوی کتێبخانەکەی وەقفی مزگەوتی زوبەیدیی بەغدا کردو دایەدەست شێخ عیزەدین ئەبی ئەلحەسەن عەلی کوڕی ئەثیری خاوەن کتێبی مێژووی گەورەو ئەویش بردی بۆ ئەو مزگەوتە ، بۆیە ئەو گێڕانەوەیەی القفگی باسیکردووە جێی گومانە، چونکە ئیبن خەلەکان ئەو گێڕانەوەیەی پووچەڵکردووەتەوەو روونیکردوەتەوە کە ئیبن ئەپیر وەسێتی یاقووتیی ھاوڕێی بەجێھێناوە.

کتێبی"الکامل في التاریخ"و گرنگییەکەی:
گەڕان و ھاتووچۆی ئیبن ئەپیر لەنێوان موسڵ و بەغداو حەلەب و دیمەشق کاریگەریی ھەبوو لەپێکھێنانە فیکری و رۆشنبیرییەکەی، چونکە ئەو شارانە لەسەدەی حەوتی کۆچیدا سەنتەری زانست بوون و جمەیان دەھات بەزانست و زاناو ئەدیبان و شەرعناس و قورئانخوێنان و فەرموودەناسان و نەحوییەکان و کەسانی تر، ھەروەھا ئەو رۆشنبیرییانە دەرھاوێشتەیان بەسەر نووسینەکانی عیزەدین ئیبن ئەپیرەوە ھەبوو لەدوو رێگەوە، ئەوانیش: فەرموودەو مێژووە، لەگەڵ ئەو تێبینییەی کە لایەنە مێژووەکەی روونترو بەپێزترە، کتێبی"الکامل في التاریخ"ی گرنگترینی نێو دانراوەکانێتی کە جێی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەکەی ئێمەیە، مێژووی گشتییەو لەسەرەتای دروستبوونی گەردوونەوە دەستپێدەکات و لەیەکەم زەمەنەوە دەستپێدەکات تاوەکو سەردەمی خۆی کە لەکۆتایی ساڵی(٦٢٨ک/ ١٢٣٠ز)کۆتایی دێت، واتا مێژووی کۆن دەخاتەبەرباس تاوەکو دەرکەوتنی ئیسلام و مێژووی جیھانی ئیسلامیی لەدەرکەوتنی ئیسلامەوە تاوەکو سەردەمی خۆی، لەتۆمارکردنی رووداوەکاندا میتۆدی ساڵانەی پەیڕەوکردووە، رووداوی ساڵی بەجیاو سەربەخۆ تۆمارکردووەو ھاوسەنگیی کردووە لەنێوان ھەواڵەکانی رۆژھەڵات و رۆژئاوا کە مەودای حەوت سەدەو چارەکێکە، ئەوەیە کە سرووشتی مێژووی گشتیی بەکتێبەکەی داوە، لەھەمانکاتیشدا رووداوی نێوخۆیی ھیچ ھەرێمێکی لەبیرنەکردووە، ھەروەھا دیاردەی کەشوەواو زەوی لەوشکە ساڵی و نەبوونی و نەخۆشی و زەوی لەرزە.
ئیبن ئەثیر لەنووسینەکەیدا تەنیا گوازرەوەی ھەواڵ و تۆمارکەری رووداو نییە، بەڵکو لێکۆڵەرەوەیەکی لێھاتوو رەخنەگرێکی بەرچاو روونیش بووە، ھەوڵی شیکردنەوەی ھەندێ دیاردەو رووداوی مێژوویی و رەخنەی خاوەن سەرچاوەی ھەواڵەکانی کردووەو زۆرێک ھەواڵیانی گفتوگۆ کردووە.....بۆیە ئەبینی زۆر سادەو بێ زۆر لەخۆکردن لەدوو توێی کتێبەکەیدا رەخنەی سیاسی و جەنگیی و ئەخلاقی و کردەیی ئەبینی، ئەوەیە وەھای کردووە بۆ ھەمیشە کەسێتییە روونەکەی لەکتێبەکەیدا بەتەواویی ببینی.
ئیبن ئەثیر ئەوەی تەواو کردووە کە تەبەری لەسەری وەستاوە لەساڵی(٣٠٢ک/ ٩١٤ز)ئەو ساڵەیە کە کتێبەکەی تێدا کۆتایی پێھێناوە، لەدوای تەبەری کتێبێک دەرنەکەوت مێژووی زیاتر لەسێ سەدە لەخۆ بگرێ، ھەروەک کتێبەکەی ئیبن ئەپیر ھەواڵی جەنگە خاچپەرستییەکانی وەک کۆمەڵەیەکی وابەستە بەیەکەوە لەخۆ گرت ھەر لەھاتنی خاچپەرستانەوە لەساڵی(٤٩١ک/ ١٠٩٧ز)تاوەکو ساڵی(٦٢٨ک/ ١٢٣٠ز)، ھەروەھا کشانی تەتەر"مەغۆل" بۆ سەر رۆژھەڵاتی ئیسلامی لەسەرەتای ساڵی(٦١٦ک/ ١٢١٩ز). ئیبن ئەثیر بەشێوەی نووسینی پەخشاننامە(نثيی مرسل)ی بێ زۆر لەخۆکردن و دوور لەڕازاندنەوەی وشەو وشەی نامۆ نووسیوێتی، بەکورتی و پوختی. زۆرێک مێژوونووس شایەتیان بۆ ئەو کتێبە داوە، ئیبن خەلەکان و ئيبن کثیر وەسفیان کردووە کە جوانترین نووسینێکن لەبارەی رووداوەکانەوە و بەپێی رووداو و ساڵەکان نووسیوێتی و رێکیخستووە .
سەبارەت بەناونانی ئەو کتێبە بە(الکامل في التاریخ)، عیزەدین ئیبن ئەثیر ئەڵێ: ناوێکم لێ ناوە بەواتاکەی گونجاو بێ، ئەویش(الکامل فی التاریخ)ە ، بەپێی قسەکەی ھەواڵی پادشایانی رۆژھەڵات و رۆژئاوای تیادا کۆکردووەتەوەو ئەوەشی لەنێوانیاندا روویداوە، ئەڵێ: کە ئەوەم بینی، بیرم چووەسەر ئەوەی مێژوویەک بنووسمەوە ھەواڵی پادشایانی رۆژھەڵات و رۆژئاواو ئەوەشی لەنێوانیاندا روویداوە کۆبکەمەوە تا بیرھێنانەوە بێ بۆم و ئەوەم لەترسی لەبیرچوونەوە کردو لەسەرەتای رۆژگارو بوونەوەرانەوە دەستمپێکرد یەک بەدوای یەک تاوەک ئەمڕۆی ئێمە، من ناڵێم کە تەواوی رووداوە مێژووییەکانم باسکردووە، چونکە ئەوەی لەموسڵدا دانیشتووە دەبێ رووداوی ئەوپەڕی رۆژھەڵات و رۆژئاوای لەدەستبچێ، بەڵام ئەڵێم کە ئەوەم لەم کتێبەدا کۆکردووەتەوە کە لەیەک کتێبدا کۆنەبووەتەوە، ئەوەش رابمێنێ ئەو راستییە دەزانێ" .
بەوشێوەیە ئیبن ئەثیر ئەڕوانێتە کتێبەکەی(الکامل في التاریخ)بەوەی تەواوە کە مێژوو ھەواڵی خەڵکانی کۆنی لەخۆگرتووەو لێرەوە تەواو لەمێژوودا دێت".
بێ گومان گرنگیی کتێبی(الکامل في التاریخ)لەگرنگیی ئەو زانیاریانەدایە کە لەخۆی گرتووە، زۆرێک زانیاریی لەخۆگرتووە لەبارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ژیانی زانستییەوە.
یەکەم: بارودۆخە ئابوورییەکان: لێرەدا ئەبینین کە ئیبن ئەثیر گرنگیدانێکی زۆری ھەیە بۆ بارودۆخە ئابوورییەکان و ھەرزانی و گرانیی نرخەکان لەتەواوی ھەرێمە ئیسلامییەکاندا، نمونە بۆ ئەوەش: ساڵی(٣٢٩ک/ ٩٤١ز) ئیبن ئەپیر باسدەکات: لەو ساڵەدا لەعێراق گرانییەکی سەخت روویدا، لەڕەبیعی یەکەمدا بارانێکی کەم باری کە بەسەربانەوە نەھاتەخوارەوە، پاشان وشکە ساڵی و نەخۆشی و مردنی زۆر روویدا تائەوەی لەیەک گۆڕدا خەڵکان بەکۆمەڵ دەنێژران بەبێ شۆردن و نوێژ لەسەر کردن و خانوو ناوماڵە دەفرۆشرا، ئەوەی نرخی دینارێکی ھەبوو بەدرھەمێک دەفرۆشرا  .
لەساڵی(٣٩٥ک/ ١٠٠٥ز)ئین ئەثیر ئەڵێ: لەو ساڵەدا لەئەفریقیادا گرانییەکی سەخت ھەبوو، بەجۆرێک نانەواخانەو گەرماوەکان لەکارکەوتن و خەڵک تیاچوو دەوڵەمەندەکان ھەژار کەوتن و نەخۆشیش زۆر بوو، لەھەر رۆژێکدا پێنجسەد بۆ حەوسەد کەس دەمرد .

دووەم: بارودۆخە رۆشنبیرییەکان:
لەلایەنی رۆشنبیرییەوە ئەبینین ئەثیر بەدوای ئەو جوڵە بیری و زانستی و رۆشنبیرییەدا رۆیشتووە کە لەجیھانی ئیسلامیدا روویانداوە، ھەروەک ساڵی مردنی زاناو بیریارو خاوەن بۆچوونانی بۆ تۆمار کردووین لەشەرعناس و فەرموودەناس و واعیزو فەیلەسوف و مێژوونووس و ئەدیبان، ئەمەی خوارەوەش ھەندێ لەو نمونەیەیە:
- لەڕووداوەکانی ساڵی(٣٣٩ک/ ٩٥٠ز)باسدەکات کە لەو ساڵەدا ئەبو نەصر موحەممەدی کوڕی موحەممەدی ئەلفارابی داناو فەیلەسوف و خاوەن دانراوە فەلسەفییەکان مردووە ، مردنەکەی لەدیمەشقدا بووە، خوێندکاری یۆحەنای کوڕی حیلان بووە، مردنی یۆحەنا لەڕۆژگاری ئەلموقتەدیر باللە بووە، لەو ساڵەشدا ئەبو ئەلقاسم عەبدولڕەحمانی کوڕی ئیسحاقی ئەلزوجاجیی ئەلنەحوی مردووە، وتراوە لەساڵی چلدا بووە .
- ئیبن ئەثیر ئەڵێ: لەڕووداوەکانی ساڵی(٣٩٨ک/ ٩٩٩ز)ئەبو ئەلفەرەج عەبدولواحیدی کوڕی نەێری ناسراو بە بەبەغای شاعیرو خاوەن دیوانی بەناوبانگ مرد ، ھەروەھا ئەلبەدیع ئەبو ئەلفەزل ئەحمەدی کوڕی حوسەینی ئەلھەمەژانی خاوەن دانراوی(المقامات)ی بەناوبانگ مرد، شیعری جوانی ھەبوو، ئەدەبی لای ئەبی ئەلحوسەین ئیبن فارس دانەری(المجمل)خوێندبوو .
- ھەروەک لەڕووداوەکانی ساڵی(٤٢٦ک/ ١٠٣٤ز)باسی مردنی ئەبو عەلی ئەلحوسەینی کوڕی ئەحمەدی کوڕی شاژان فەرموودەناسی ئەشعەری مەزھەب ئەکات، لەدایکبوونی لەبەغدا بووە لەساڵی سێسەدو سی و حەوت، ھەروەھا حەمزەی کوڕی یوسفی ئەلجورجانی کە فەرموودەناس بوو .

سێیەم: ژیانی کۆمەڵایەتی:
 ئیبن ئەثیر لەکتێبەکەیدا(الکامل فی التاریخ) گرنگی دەداتە زۆرێک رواڵەتی ژیانی کۆمەڵایەتی، بژێوی خەڵک و نەریت و بۆنەو کەژاوەو ھاوپەیوەستەیی کۆمەڵایەتیان ئەخاتەبەرباس، ھەروەھا توێژە کۆمەڵایەتییەکان کە بوونیان ھەبووەو شتی سەیرو سەمەرە کۆمەڵایەتییەکانیش، نمونە بۆ ئەوە:
- باسکردنی مارەیی، لەڕووداوەکانی ساڵی(٣٣١ک/ ٩٤٣ز)باسی مارەکردنی کچی ناصر ئەلدەولەی کوڕی حەمدان ئەکات لەلایەن ئەمیر ئەبو مەنێوری کوڕی ئەلموتەقی باللە کە مارەییەکەی ھەزار ھەزار درھەم بووە.... .
- باسکردنی ھەندێ نەریتی خراپی کۆمەڵایەتی، وەک دزیکردن، لەبابەت رووداوەکانی ساڵی(٤٢١ک/ ١٠٣٠ز)ئەڵێ: لەبەغدا دزی کورد پەیدابوو کە ئاژەڵە سوارییەکانی تورکەکانیان دەدزی، بۆیە تورکەکان ناچاربوون ئاژەڵەکانیان ببەنە ماڵەوەو جەلال ئەلدەولەش ئاژەڵە سوارییەکانی بردە خانووەکەیەوە لەخانەی پادشایەتی .
- ئیبن ئەصیر باسی وێڵ و بەڕەڵاکان ئەکات کە لەھەموو چین و توێژێکدا روویانداوە، لەڕووداوەکانی ساڵی(٤٢٢ک/ ١٠٣١ز) ئەڵێ: بۆ ئەوە توێژێک لەخەڵکی گشتیی و سەربازەکان راپەڕین و کارەکە گەورەبوویەوەو وێڵ و بەرەڵاکان دەرکەوتن ، لەڕووداوەکانی ساڵی(٤٢٥ک/ ١٠٣٤ز)ئەڵێ: ئەلبەساسیریی دیاریکرا بۆ سەرپەرشتیکردنی لایەنی رۆژئاوای بەغدا، چونکە بەرەڵاکان کێشەیان گەورەبوویەوەو خراپەیان زۆرترو جێگرەکانی سوڵتانیش نەیانتوانی بەرەنگاریان ببنەوە، بۆیە ئەلبەساسیریان بەکارھێناو توانی چارەیان بکات ، ھەروەک لەتوێژە کۆمەڵایەتیەکان باسی بفرۆشی سەر رێگەو رووت و قووتی و خەڵکی بازاڕ و گیرفان بڕ ئەکات. ھەروەھا ئیبن ئەثیر باس ئەو کۆست و بەڵایانەش ئەکات کە تووشی وڵات ھاتووە لەلافاو و نەخۆشی و ئاگر کەوتنەوەو نمونەی ئەوەش باس ئەکەین:
- ئەثیر لەڕووداوەکانی ساڵی(٢٤٢ک/ ٨٥٦ز)باسی زەمین لەرزەیەک دەکات کە لەقەومسی داوە لەمانگی شەعباندا و و خانووی وێران کردووەو خەڵکێکی زۆریش کەوتوونەتە ژێر خانووە رووخاوەکانەوە، وتراوە: چل و پێنج ھەزارو حەفتاو شەش ھەزار مردوون، زۆربەی خەڵکەکە لەدافعان و لەشام و فارس و خوراسانیش لەھەمان ئەو ساڵەدا زەمین لەرزەو دەنگ گەلێکی ناخۆش ھەبوو، لەیەمەنیش رۆچوونی زەوی ھەبوو .
ھەروەک ئەثیر باسی شارو نەخشەو ئاوەدانییەکانیان ئەکات، ھەروەک دوکان و بازاڕو خوێندنگاو مزگەوت گۆڕستان و رووبارو کۆڵان و کۆشکەکان باس ئەکات، نمونە بۆ ئەوە:
- لەڕووداوەکانی ساڵی(٥٣٥ک/ ١١٤١ز) ئەثیر باسی خوێندنگەی مالیکیی ئەکات لەبەغدا: لەبەغدا خوێندنگەیەک بۆ مالیکییەکان بوونیاتنرا کە کەمالەدین ئەبو ئەلفتوحی کوڕی تەڵحەی فەرمانڕەواو بەرپرسی گەنجینە بوونیاتینا، کە تەواو بوو شێخ ئەبو ئەلحەسەنی کوڕی ئەلخل وانەی تێدا وتەوەو خاوەن پلەو پایەو تەواوی شەرعناسان ئامادەی ئەبوون .
ھەروەھا ئەپیر لەکتێبەکەیدا(الکامل في التاریخ)باس لەمزگەوتی(ابن طولون)  و مزگەوتی سرقسطە  ئەکات، ھەروەھا باسی گۆڕستانەکان و ئەوانەی تێیدا نێژراون، وەک گۆڕستانی ئەلخەیزەران و گۆڕستانی قورەیش ، ھەروەھا باس کردنی لەبازاڕەکان وەک بازاڕی ئەھواز و پردەکانیش وەک پردی ساباگ و پردی ئەلجەدید  و پردی ئەلئەکبەر .
لەمیانەی ئەوانەی کە رایانبوورد رووندەبێتەوە کە میتۆدی ئەپیر لەنووسینەوەی مێژوویدا گشتگیرانە باس لەلایەنە جیاوازەکانی ژیان ئەکات لەتەواوی ئەو ماوە مێژووییەی لەنووسینەوەی مێژوودا باسی کردووە، ئەوەش بەڵگەی فراوانیی رۆشنبیرییەکەی و شارەزایی و توانای ئەو ئەدات لەم پسپۆڕییەدا.

سەرچاوەکانی ئەثیر لەنووسینی"الکامل في التاریخ":
سەرچاوەکانی گێڕانەوەکانی عیزەدین ئەثیر جیاواز و ھەمەجۆرە لەنووسینەوەی کتێبەکەیدا"الکامل في التاریخ"، گرنگترین ئەو سەرچاوانەش:
- الطبري: ئەبو جەعفەر موحەممەدی کوڕی جورەیرە(کۆچکردووی٣١٠ک/ ٩٢٢ز)خاوەن کتێبی"تاریخ الرسل والملوک،کە سەرچاوەی سەرەکیی عیزەدین ئەثیرە لەنووسینەوەی کتێبی"الکامل في التاریخ"دا، لەبەشی یەکەمی تایبەت بەدروستبوونی جیھان پشتی پێ بەستووە، خودی عیزەدین ئەپیر دانی بەگەورەیی گبریدا ناوە بەسەریەوە لەتەواوی ئەو باسانەی لێیەوەی گواستووەتەوە یان پوختەی کردووەتەوە، ھەروەک پشتی پێ بەستووە لەھەواڵەکانی سەربووردەی پەیامبەرێتی بەبێ ئەوەی سەرچاوەی دیکەی بۆ زیاتر کردبێ، ھەر خۆی ئەڵێ: ئەوەی تایبەت بێ بەباسی نێوان ھاوەڵانی پەیامبەری خوا(صلی اللە علیە وسلم)شتی ترمان زیاد نەکردووە لەپاڵ ھەواڵەکانی ئەبو جەعفەردا جگە روونکردنەوەیەکی زیاتر یان ناوبردنی مرۆڤێ و لەنێو مێژوونووساندا متمانەم بەو کردووە، چونکە بەڕاستیی پێشەوایەکی شارەزایە، خاوەن زانستی تەواو و راستگۆو بیروباوەڕ دروستە .
- ثابت ی کوڕی سینان(کۆچکردووی٣٧٠ک/ ٩٨١ز)  خاوەنی کتێبی التاریخ کە باس لەمێژووی ساڵی دوو سەدو نەوەت ئەکات تاوەکو مانگەکانی ساڵی(٣٦٣ک/ ٨٧٦ز)کە پەراوێزی خوشکەزاکەی بەسەریەوەیەتی ھیلالی کوڕی ئەلموحسین .
- ئەحمەدی کوڕی موحەممەد موسکەویھی(کۆچکردووی٣٧٠ک/ ٩٨١ز)خاوەن کتێبی(تجارب الأمم وتعاقب الھمم)کە لەساڵی(٣٦٩ک/ ٩٨٠ز)کۆتایی دێت، ئەو پەراوێزەش کە ئەبو شوجاعی وەزیر بۆی داناوەو ناوی لێناوە"ذیل تجارب الأمم" ساڵی(٣٨٩ک/ ٩٩٨ز)کۆتایی دێت .
- ئەبو ئەلحەسەن ھیلالی کوڕی ئەلموحسینی کوڕی ئەبی ئیسحاق ئیبراھیمی کوڕی ھیلالی ئەلێابی خاوەن کتێبی"التاریخ" کە ساڵی(٤٤٧ک/ ١٠٥٥ز)کۆتایی دێت.
- موحەممەدی کوڕی عەبدولمەلیک(کۆچکردووی٥٣١ک/ ١١٣٧ز)خاوەن کتێبی"تکملة تاریخ الطبري"ئەو مێژووەی کە ساڵی (٤٨٧ک/ ١٠٩٤ز)  کۆتایی دێت.
- ئیبن ئەلجەوزی، ئەبو ئەلفەرەج عەبدولڕەحمانی کوڕی ئەبی ئەلحەسەن خاوەن کتێبی"المنتظم في تاریخ الملوک والأمم" و ئەم کتێبە ساڵی(٥٤٧ک/ ١١٥٣ز)کۆتایی دێت.
- البلاژری، ئەحمەدی کوڕی یەحیای کوڕی جابری کوڕی داوود(کۆچکردووی٢٧٩ک/ ٨٩٢ز)، و عیزەدین ئیبن ئەپیر پشتی بەستووەتە کتێبەکەی کە ناوی"ڕنساب الڕشراف"ە، بۆ زانیاریش کتێبێکی تری بەناوبانگی ھەیە کە ناوی"فتوح البلدان"ە. 
- حەمزەی کوڕی ئەلحەسەنی ئەلئەێفەھانی(کۆچکردووی٣٥٠ک/ ٩٦١ز)و کتێبەکەی ناوی"تاریخ نسب ملوک الأرض والأنبیاء"ە و مێژووی سەرەتا تا مردنی دەخاتەبەرباس.   
- شەھرستانی(کۆچکردووی٥٤٩ک/ ١١٥٣ز)و کتێبەکەی کە ناوی(الملل والنحل)ە وەک سەرچاوەیەکی لێکۆڵینەوەی گرووپە ئیسلامییەکان.
- ئیبن عەبدولحەکەم(کۆچکردووی٢٥٧ک/ ٨٧٠ز)لەوەی پەیوەندیی بەفەتحی میسرو مەغریبەوە ھەیە لەمیانەی کتێبەکەیدا"فتوح مێر".
- ئەلحەیدەری(کۆچکردووی٤٨٨ک/ ١٠٩٥ز)و کتێبەکەی"جذوة المقتبس في ذکر ولاة الأندلس" وەک سەرچاوەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی وڵاتی مەغریب و ئەفریقیا.
- ئەلبەلوی(کۆچکردووی٤٠١ک/ ١٠١٠ز)و کتێبەکەی"سیرة أحمد بن طولون" کە پەیوەنديی بەوڵاتی مەغریبەوە ھەیە. 
- ئیبن عەساکیر(کۆچکردووی٥٧١ک/ ١١٧٥ز)و کتێبەکەی"تاریخ دمشق" کە پەیوەندی بەوڵاتی شامەوە ھەیە.
- ئیبن ئەلقەنسەلانی(کۆچکردووی٥٥٥ک/ ١١٦٠ز)و کتێبەکەی"ژیل تاریخ دمشق"کە پەیوەندی بەوڵاتی شامەوە ھەیە.
- ئەلعیماد ئەلئەێفەھانی(کۆچکردووی٥٩٧ک/ ١٢٠١ز)و ھەردوو کتێبەکەی"البرق الشامي" و "الفتح القسي في الفتح القدسي".
- ئیبن ئەلعەدیم(کۆچکردووی٦٦٠ک/ ١٢٦١ز)و کتێبەکەی" زبدة الحلب في تاریخ حلب".
- ئەلئەزدی(کۆچکردووی٣٣٤ک/ ٩٤٥ز)و کتێبەکەی"تاریخ الموصل". ھەروەک ئیبن ئەثیر بینین و تێبینییەکانی وەک سەرچاوەیەک لەسەرچاوەکانی گێڕانەوەکانی بەکارھێناوە.

میتۆدو شێوازی ئەثیر لەنووسینی کتێبی"الکامل في التاریخ":
لەمیانەی خستنەڕووی رابردوودا روونبوویەوە کە ئەپیر کتێبخانەی مێژویی خوێندووەتەوە تاوەکو سەردەمی خۆی، ئەمەش وەھای کردووە شیاو بێ بۆ نووسینەوەی ئەم کتێبە مەزنە. ئەثیر بەباشی زانیووە زۆرێک سەرچاوە باس بکات کە لەم کتێبەیدا بەکاریھێناوە ھەروەک پێشتر ئاماژەیان بۆ کراو دەکرێ ئەمانەی خوارەوەش تێبینی بکەین:
یەکەم: ئیبن ئەثیر مێژووەکەی بەپێی رووداو و ساڵەکان پۆڵێن کردووە نەک بەپێی بابەت.
دووەم: ئیبن ئەثیر پشتی بەستووەتە وەسفی وردی رووداوە مێژووییەکان .
سێیەم: ئیبن ئەثیر پشتی بەستووەتە شێوازی گواستنەوەی بابەتەکانی کتێبەکەی، جا جگە جیاوازیی وشە(بێژە)دەنا ھاوچەشنی تەواوی سەرچاوەکانێتی .
- ئیبن ئەثیر لەزۆربەی گێڕانەوەکانیدا  بەڵگەی قورئانی پیرۆزو فەرموودەی پیرۆزی ھێناوەتەوە ، ھەروەھا ھێنانەوەی دێڕی شیعر .
- بەشێوەی گشتیی وشەی ئاسانی بەکارھێناوەو وردبینیی خستووەتەسەر دەقی(متن) ھەواڵ. 
- لەڕووی دوورودرێژییەوە جیاوازیی لەنێوان ھەواڵەکانیدا ھەیە، ھەندێکی دووروودرێژە لەلایەنی سیاسییەوەو ھەندێکیشی کورتە کە چەند دێڕێک تێناپەڕێنێ، ئیبن ئەپیر لەبارەی ئەم خاڵەوە ئەڵێ:"بۆ ھەموو ساڵێک رووداوێکی گەورەو بەناوبانگم گێڕاوەتەوە کە تایبەت بەو ساڵەبێ، بەڵام ئەگەر بچووک بن لەکۆتایی ھەر ساڵێکدا پێکەوە باسم کردوون و ئەڵێم:(باسکردنی ھەندێ رووداو) .
- ھەروەک میتۆدی ئەو تایبەتمەندە بەڕەخنەکردنی گێڕانەوەکان و تەنیا گێڕانەوەکانی کۆ نەکردووەتەوە .
- رەخنەگرتنی لەخەلیفەو والی و ئەمیرەکان .
ھەروەھا تێبینی گەلێکی تر ھەیە تایبەت بێ بەمیتۆدو شێوازی ئەوەوە کە دەکرێ لەمیانەی کتێبەکەیدا تێبینی بکرێ، ئەوەشی من باسم کرد تێبینیی دیارە.

کۆتایی:
ئەکرێ بووترێ کە ئەو میتۆدی نووسینەی ئیبن ئەثیر پەیڕەوی کردووە لەکتێبەکەیدا"الکامل في التاریخ" میتۆدی ساڵانەیە(ریزبەندیکردن بەپێی ساڵەکان)و ساڵ بەدوای ساڵ رووداوەکانی نووسیوەتەوە، ئەو رووداوانەی کە بەشیاوی زانیووە باس بکرێن.
قەبارەی گێڕانەوەکانیش جیاوازن بەپێی زۆر و کەمی و گرنگیی و بەو پێیەش درێژو کورت ئەبنەوە، ھەندێکی لاپەڕەیەک یان دوو لاپەڕەیەو ھەندێکی تریش زیاتر لەپێنج لاپەڕە، ئەگەر رووداوەکەش دووروودرێژ بێ ئەوە بەپێی ساڵ دابەشی ئەکات.
شێوازیشی لەباسکردنی رووداوەکاندا ساڵانەیەو یەک جۆر نییە، ھەندێ جار رووداو ئەگێڕێتەوە ئینجا دەچێتەسەر وردەکارییەکانی و گێڕانەوەکان، ھەندێجاریش رووداوەکانی ئەو ساڵە ئەگێڕێتەوە ئینجا یەک بەیەک باسیان ئەکات و لەکۆتایی ئەو ساڵەدا باسی مردنی کەسە بەناوبانگەکان ئەکات.
شێوازی نووسینەوەی مێژوویی لای ئیبن ئەثیر پێشکەوتووانە ھاتووەو دەستبەرداری ئیسناد بووە لەھەواڵی مێژوییدا و تەنیا سەرچاوەی ھەواڵ و رووداوە مێژووییەکەی ھێناوەتەوە، پێشەکی کتێبەکەو ناوەڕۆکەکەی شێوازێکی ئاسانەو سەجع ئامێزو گران نییەو گرنگیی خستووەتەسەر زمانی دانەرانی سەردەمی خۆی و پێشترو بەزمانی خەڵکی گشتیی نەینووسیووەو وشەی ئاڵۆزی بەکارنەھێناوە کە تێگەیشتنی بۆ خوێنەر گران بێ.


 1311

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram