سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  چ خزمەتێکی بەباوکی کرد و چ پاداشتێکی دایەوە!!
گۆڕینی فۆنت


چ خزمەتێکی بەباوکی کرد و چ پاداشتێکی دایەوە!!

برایەکی بەڕێز ئەم ئێوارەیە بەکاتی ئوسترلیا چیرۆکێکی زۆر سەرنج راکێشی بە عەرەبی بۆ ناردم.. منیش کە خوێندمەوە دەستخۆشیم پێ گوت و بریاریشم دا ئەگەر ئەمشەو میوانمان نەبێت: نەخەوم تا بەکوردی پێش کەش بە ئێوەی ئازیزی دەکەم.. شەوێ لە گووگلدا بۆی گەڕام و لەناو یوتیوبدا لە (موسوعة غرائب المعلومات)دا دیمەوە، منیش ویستم بەڵێنەکەی خۆم بێنمە دی، و خودایش کۆمەکی کردم، سوپاس بۆ خودا..
چیرۆکەکە موفاجەئەی زۆر بەهێزی تێدایە، لەهەمان کاتدا زۆر پەروەردەییە کە ئەوش یەکێکە لەو مەبەستە گرنگانەی من دەمەوێ لە چیرۆکەکاندا پێشکەشی بکەم.. من خۆم زۆر چەژم لێ بینی و کاتێکی خۆشم لەگەڵا بەسەر برد، هیوا دارم ئێوەش هەمان چەژی لێ ببینن..

دڵسۆزتان
د. حسن پێنجوێنی

لە (موسوعة غرائب المعلومات)دا دەگێڕێتەوە پیاوێک خێزانەکەی کۆچی دوایی دەکات و پێنچ کیژی لە دوا جێ دەمێنێ، باوکەکەش بایەخێکی زۆریان پێ دەدات، و ژیانی خۆی دەخاتە ژێرپێ، بۆ ئەم کچانەی و ژن ناهێنێ،و کچەکان گەورە دەبن، و پێ دەگەن.. باوکە دەکەوێتە ساڵەوە ولەشی لاواز دەبێت، و نەخۆشی روودەکاتە جەستەی.. کچەکان پێگەیشتوون و داواکاریان دێت.. بەڵام کچی گەورە شوو ناکات و دەیەوێت خزمەتی باوکیان بکات. کچەکانی تر یەک لەدوای یەک شوو دەکەن و دەچنە ماڵ، وخانە و لانەی خۆیانەوە..
کچی گەورە بەردەوام خزمەتی باوکی دەکات تا باوکی ماڵ ئاوایی لە ژیانی دنیا دەکات، و بۆ هەمیشە بەجێیان دێڵێ.. لەدوای تەواوبوونی پرسەو فاتیحەخوانی کچان دادەنیشن و وەسێتنامەکەی باوکیان دەکەنەوە، تابزانن باوکیان چ وەسێتێکی بۆ کردوون؟
دەبینن باوکیان نووسیویەتی: میراتەکەی باوکتان بەش مەکەن و خانووەکە مەفرۆشن، تا خوشکە گەورەکەتان شوو دەکات، ئەو خوشکەتان کە بەختەوەری خۆی کردە قوربانی بەختەوەرکردنی ئێوە!
بەلام کچەکان وەسێتەکەی باوکیان دەشکێنن، وبەگوێی ناکەن، لەبەر ئەوە خانووەکەیان دەفرۆشن و هەرکەسە بەشی خۆی وەردەگرێت، تا ژیانی خۆی پێ خۆشتر بکات.. بێ ئەوەی بییر لەو خوشکەیان بکەنەوە کە جگە لە رەحمەتی خودا،و پاشان ئەو خانووە شوێنێکی تری نییە رووی تێ بکات..
خوشکی گەورە بەناچاری پەیوەندی بەوکەسەوە دەکات کە دەیویست خانووەکەیان بکڕێت، وپێی دەڵێت: برام! من جگە لەرەحمەتی خودا پەناگایەکم نییەو دەبێ تەگبیرێکی خۆم بکەم.. بۆیە دەبێ چەند مانگێک سەبر بگریت، تا شوێنێ پەیدا دەکەم ئەوسا خانووەکەت بۆ چۆڵ دەکەم!
کابرایش بەم داخوازییە رازی دەبێت، و پێی دەڵێ: زۆر باشە! چەند مانگێک مۆڵەتت بێت. ئیتر خانوو فرۆشرا و پارەکەی وەرگیراو لەنێوان خوشکەکانا دابەشکرا.. هەریەکەیان بییری لە خۆشحاڵی خۆی دەکردەوە بێ ئەوەی ئەو قوربانییەیان لەپێشچاودا بێت کەخوشکە گەورەکەیان لەپێناوی ئەمانا دای!! 
بەڵام خوشکی گەورە زۆر ئومێدی بەوە هەبوو کە خودا پەکی ناخات..و دەرووی خێری لێ دەکاتەوە..
ئەو پیاوەی خانووەکەی کڕی بووئەم جوامێری و وافاداری و دڵسۆزییەی خۆشکە گەورەی بیستبوو، زۆر لەبەرچاویا خۆشەویست و بەڕێزبووبوو، پاش چەند مانگێک پەیوەندی بەخوشکە گەورەوە دەکات، کەدەیەوێ چاوی پێی بکەوێت، ئەویش لەوە دەترسا بۆئەوە بێت پێی بڵێت: ماوەکەت بەسەر چووە، و خانووەکەم بۆ چۆڵ بکە.. هەزاران خەیاڵی لەوجۆرە بەدڵیا دەهات..
کاتێ پیاوەکە هات پێی گوت: ببورە من بۆ ئەوە نەهاتووم تۆ لەخانووەکە دەر بکەم، بەپێچەوانەوە من بۆ ئەوە هاتووم وەرەقەیەکم لە دادگاوە بۆ هێناوێت کە تیایا ئیقرارم کردووە ئەم خانووە پێشکەش بەتۆبێت، ئەگەر وەک هاوسەر قبووڵم بکەیت مارەییت بێت، ئەگەر نا دەگەڕێمەوە بەشوێنی خۆمدا.. بەڵام لەهەردوو حاڵەکەدا ماڵەکە ماڵی تۆیە!!
ئافرەتەکە لە خۆشی ئەو هەواڵە دەست دەکاتە گریان و فرمێسکی شادی لە چاوەکانیەوە بازرەقە دەبەستن و سەرگۆنای تەردەکەن، وحاڵی دەبیت کە خودا کاری چاکەکاران بەزایە نادات، بۆیە پر بەدڵ سوپاسی خوای بەجێ دێنێ، و رازی دەبیت شو بەو جوامێرە بکات، و بیکاتە هاوسەری ژیانی..پاش ماوەیک زەماوەندیان کرد و پێکەوە ژیانێکی پر لەکامەرانی و بەختەوەرییان بەسەر برد..
# # #
خوشک و برا ئازیزەکانم..
ئەوانەتان دایک و باوکتان ماوە باش خزمەتیان بکەن و ریزیان بگرن، سوێند بەخوا چەند رێز لەدایک و باوکت بگریت، ئەوەندەو زیاتر لەلایەن منداڵەکانتەوە رێزت لێ دەگیرێت، چەندەش –خوا نەخواستە- بێ ئەدەب بیت بەرامبەریان، سوێند بەخوا منداڵەکانت دوو ئەوندەو زیاتریش بێ ئەدەب دەبن بەرامبەرت.. جا هەر لەئێستاوە داهاتووی خۆت دیاری بکە.. 

زۆر سوپاس بۆ جەنابی مامۆستا کە لە ڕێی ئیمەیلەوە ئەم بابەتەی بۆ ناردین.

لينكى به يج /
https://www.facebook.com/ahmadkakmahmood/photos/a.646461935445310/2060563310701825/?type=3

 856

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram