ئیمامی بوخاری و سه‌حیحه‌كه‌ی (٧) خدر نه‌ژاد کوردستانی ستایشی زانایان له‌سه‌ر گێڕه‌وه‌كانی سه‌حیحی بوخاری و ڕه‌خنه‌ی چه‌ند حافیزێك له هه‌ندێكیان و وه‌ڵامدانه‌وه‌یان * پێشتر باسمانكرد كه ئیمامی شه‌وكانی له باره‌ی دروستیی فه‌رمووده‌ی (من عادى لي وليا) فه‌رموویه‌تی: "هه‌موو گێڕه‌ره‌وه‌كانی له پردی وردبوونه‌وه تێپه‌ڕیون و قسه و قسه‌ڵۆكیان له‌سه‌ر نه‌ماوه، وایان لێهاتووه كه گه‌وره‌ترن له‌وه‌ی قسه‌یان له‌مه‌ڕ بكرێت، یاخود توانج یان سووكایه‌تیی هیچ كه‌سێك بیانڕووشێنێت". * حافیز ئیبن حه‌جه‌ریش له (مقدمة الفتح) دا فه‌رموویه‌تی: "شێخ ئه‌بولحه‌سه‌نی مه‌قدیسی كاتێك فه‌رمووده‌ی له یه‌كێك له گێڕه‌وكانی سه‌حیحدا ده‌گێڕایه‌وه؛ ده‌یفه‌رموو: ئه‌مه له پرده‌كه تێپه‌ڕیوه، مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو كه گوێ نادرێته ئه‌و قسانه‌ی كه له باره‌یه‌وه گوتراوه". * هه‌ر حافیز ئیبن حه‌جه‌ر له شه‌رحی (نخبة الفكر) دا فه‌رموویه‌تی: "گێڕه‌وه‌كانی هه‌ردووكیان ( واته سه‌حیحی بوخاری و سه‌حیحی موسلیم) یه‌كده‌نگی دامه‌زراوه له‌سه‌ر به‌ڕاستاڵزانین (تعديل) یان به شێوه‌ی (لزوم) داخوازی، ئاخر ئه‌وان له‌پێشترن له غه‌یری خۆیان له گێڕانه‌وه‌یاندا، ئه‌مه‌ش بنه‌مایه‌كه و به بێ به‌ڵگه لێلادانی نییه". * وه جاران نه‌ریتی زانایان وابوو كه هه‌ندێك جار له ناساندنی گێڕه‌وه‌یه‌كدا؛ به به‌سیان ده‌زانی كه بڵێن: له پیاوانی سه‌حیحه‌ین یان یه‌كێكیانه. * ئه‌مه و هه‌ندێك له حافیزه‌كان ڕه‌خنه‌یان له نزیكه‌ی هه‌شتا پیاوی سه‌حیحی بوخاری گرتووه، وه‌ك پێشتر له باسی ڕووه‌كانی په‌سه‌ندیتنی سه‌حیحی بوخاری به‌سه‌ر سه‌حیحی موسلیمدا باسمانكرد. وه حافیز ئیبن حه‌جه‌ر له (مقدمة الفتح) دا له به‌شێكی تایبه‌تدا یه‌كبه‌یه‌كیانی ناوبردووه و وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی داوه‌ته‌وه كه لێیان گیراوه، وه له ژماره نۆی ئه‌و ده به‌شه‌ی كه له پێشه‌كییه‌كه‌دا هاتووه فه‌رموویه‌تی: "نۆیه‌م: باسی هۆنینه‌وه‌ی ناوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه پلاریان تێگیراوه له پیاوه‌كانی سه‌حیحی بوخاری، به پێی ڕیزبه‌ندیی پیته‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و توانج و پلارانه به ڕێبای ئینساف و دادپه‌روه‌ری و بیانوودان به دانه‌ر له گێڕانه‌وه فه‌رمووده له هه‌ندێكیانه‌وه كه لایه‌نی پلاری تێدا به‌هێزتره، به‌وه‌ی كه خۆی پاراستبێت له‌وه‌ی كه به‌هۆیه‌وه پلاری تێگیراوه، یان شتێكی لێوه گێڕاوه‌ته‌وه كه یه‌كێكی دیكه‌ی له‌و به‌هێزتریش كۆك بێت له‌گه‌ڵیدا، یاخود هه‌ر هۆیه‌كی دیكه"، وه له ده‌ستپێكی ئه‌و به‌شه‌دا ده‌ڵێت: "پێش قسه‌كردن له‌م باره‌یه‌وه، پێویسته بۆ هه‌موو به‌ئینسافێك بزانێت؛ كه گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده له لایه‌ن دانه‌ری (الصحيح) ه‌وه له هه‌ر گێڕه‌وه‌یه‌كه‌وه؛ دادپه‌روه‌ری (عدالة) و دروستیی زه‌وت (صحة ضبط) و دووری له بێئاگایی (غفلة) ئه‌و گێڕه‌وه‌یه ده‌گه‌یه‌نێت لای ئه‌و، نه‌خوازه‌ڵا ئه‌وه‌شی بێته‌سه‌ر كه جمهوری پێشه‌وایان ناوی (الصحيح) یان دابڕیوه به‌سه‌ر هه‌ردوو كتێبه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش واتایه‌كه بۆ جگه له گێڕه‌وه‌كانی (الصحيح) وه‌ده‌ست نایه‌ت، جا ئه‌مه وه‌كوو دابڕینی سیفه‌تی دادپه‌روه‌رییه له لایه‌ن جمهوره‌وه، به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی كه له هه‌ردوو سه‌حیحدا ناویان هاتووه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر له فه‌رمووده بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا گێڕانه‌وه‌ی هاتبێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له موتابه‌عات و شه‌واهید و هه‌ڵپه‌سارده‌كاندا گێڕانه‌وه‌ی هاتبێت، ئه‌وه پله‌یان جیاوازه له زه‌وت و ئه‌وانه‌دا، له‌گه‌ڵ وه‌ده‌ستهاتنی ناوی ڕاسگۆیی بۆیان، جا لێره‌دا ئه‌گه‌ر كه‌سێكی دیكه پلارێكی هه‌بێت له یه‌كێك له‌مانه‌دا، ئه‌وه ئه‌و پلاره ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ری ته‌عدیلی ئه‌م ئیمامه‌ی كه لێوه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه و وه‌رناگیرێت، مه‌گه‌ر هۆكاره‌كه‌ی ڕوون و شیكراوه بێت به پلارێكی ئه‌وتۆ كه ڕووشێنه‌ری دادپه‌روه‌ری و زه‌وتی گێڕه‌وه‌كه بێت به ڕه‌هایی، یاخود له گێڕانه‌وه‌یه‌كدا به تایبه‌تی، چونكه ئه‌و هۆكارانه‌ی كه پاڵنه‌رن بۆ پلارتێگرتن (جرح) جۆراوجۆرن، هه‌یانه ڕووشێنه‌ره و هه‌شیانه ڕووشێنه‌ر نییه". * پاشان ئه‌و پێنح هۆكاره‌ی ناوهێناون كه خولگه‌ی پلاردانیان له‌سه‌ر به‌نده، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ن: بیدعه‌ت (البدعة)، ناكۆكی (المخالفة)، هه‌ڵه (الغلط)، نه‌ناسراوی (جهالة الحال) و گازنده‌ی پچڕان له سه‌نه‌ددا (دعوى الإنقطاع في السند)، وه له‌سه‌ر هه‌ر یه‌كێكیشیان دواوه له لای پیاوانی (الصحيح) به كورتی، پاشان ئاماژه‌ی به شتانێك داوه كه هه‌ندێك له زانایان پلاریان پێگرتوون به‌ڵام ڕووشێنه‌ر نین. وه هه‌روه‌ك له (قواعد التحديث)ی قاسمیدا هاتووه، خه‌تیبی به‌غدادی فه‌رموویه‌تی: "ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه بوخاری و موسلیم لێیان وه‌رگرتوون و له لایه‌ن غه‌یری ئه‌وانه‌وه پلاریان تێگیراوه، ئه‌وه له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه كه نه‌سه‌لمێنراوه پلارێكی كاریگه‌ری شیكراوه‌هۆكار (جرح مفسر السبب) بێت...". * حافیزی زه‌هه‌بی له به‌شێكدا كه ده‌رباره‌ی ئه‌و جێباوه‌ڕ (ثقة) انه‌ی كه قسه‌ی نه‌ڕووشێنه‌ریان له‌سه‌ر كراوه كۆیكردووه‌ته‌وه؛ ده‌فه‌رموێت: "له دانراوه‌كه‌م (الميزان) دا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و جێباوه‌ڕانه‌م نووسیون كه بوخاری و موسلیم و غه‌یری ئه‌وانیش لێیان وه‌رگرتوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه له دانراوه‌كانی (جرح) دا ناویان نووسراوه، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه لای منیش لاوازییان تێدایه؛ به‌ڵكوو تا ئه‌وه بزانرێت، وه به‌رده‌وامیش پیاوی جێباوه‌ڕم به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه قسه‌یه‌كی نه‌ڕووشێنه‌ری له‌سه‌ره" هتد. به‌نده‌ی هه‌ژار: خدرنه‌ژاد كوردستانی [email protected] ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ چاوه‌ڕوانی به‌شی هه‌شته‌م بن، كه دوایین به‌ش ده‌بێت (إن شا‌ء الله).