ئیمامی بوخاری و سه‌حیحه‌كه‌ی (٤). خدر نه‌ژاد کوردستانی خوێنه‌ری به‌ڕێز! له به‌شه‌كانی پێشوودا باسی ئیمامی بۆخاری خۆی؛ ته‌واوبوو، ئیدی له‌مه‌ولا تا كۆتایی باسی سه‌حیحی بوخارییه، هیوادارم سوودی لێوه‌رگرن. (سه‌حیحی بوخاری) ناوی سه‌حیحی بوخاری * ئه‌م كتێبه‌ی ئیمامی بوخاری كه له‌مه‌ڕ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) دایناوه؛ لای خه‌ڵكی هه‌ر له كۆنه‌وه هه‌تا ئێستاش به (صحيح البخاري) به‌ناوبانگه. * به‌ڵام لای بوخاری خۆی (ڕه‌حمه‌تی خودای لێبێت)؛ ناوی بریتییه له: (الجامع الصحيح) واته : (كۆگه‌ی درووست)، به‌و پێیه‌ی كه له باسی پاڵنه‌ری دانانیدا گوتوویه‌تی، ناویشی ناوه: (الجامع الصحيح المسند من حديث رسول الله (صلى الله عليه وسلم) وسننه وأيامه) واته: (كۆگه‌ی درووستی گه‌یه‌ندراو له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) و سوننه‌ت و ڕۆژگاره‌كانی)، هه‌روه‌ك حافیز ئیبن حه‌جه‌ر له پێشه‌كیی كتێبی (فتح الباري) دا باسیكردووه. * ئیبن سه‌ڵاح له كتێبی (علوم الحديث) دا ده‌ڵێت: بوخاری ناوی ناوه: (الجامع المسند الصحيح المختصر من أمور رسول الله صلى الله عليه وسلم وسننه وأيامه) واته: (كۆگه‌ی گه‌یه‌ندراوی درووستی كورت له كاروباری پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) و سوننه‌ت و ڕۆژگاره‌كانی). چ هۆكارێك پاڵی به ئیمامی بوخارییه‌وه ناوه بۆ دانانی * حافیز ئیبن حه‌جه‌ر له پێشه‌كیی كتێبی (فتح الباري) دا سێ هۆكاری باسكردووه كه پاڵی به ئیمامی بوخارییه‌وه ناوه بۆ دانانی كتێبی (الجامع الصحيح): یه‌كه‌م: ئیمامی بوخاری سه‌یری كرد كه ئه‌و په‌ڕتووكانه‌ی پێش ئه‌و دانراون، جگه له سه‌حیح و حه‌سه‌ن لاوازی زۆریشیان له خۆگرتووه، ده‌ڵێت: ئه‌مه هانی دا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی سه‌حیح كه هیچ سهرڕاستێك گومانی لێی نه‌بێت. دووه‌م: ده‌ڵێت: هه‌روه‌ها گوته‌یه‌كی له مامۆستاكه‌ی (ئه‌میری ئیمانداران له فه‌رمووده و فیقهدا: ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیمی حهنزهلیی) ناسراو به ئیبن ڕاههوهیهـ بیست، كه فه‌رمووی: (ئه‌گه‌ر په‌ڕتووكێكی كورتتان بۆ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) كۆبكردایهوه باش بوو)، ئه‌مه وره‌ی به‌رزتر كرد بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره، خۆی فه‌رموویه‌تی: "ئه‌م قسه‌یه دڵی گرتم، هه‌ربۆیه ده‌ستم دایه كۆكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی سه‌حیح". سێیه‌م: به ئیسنادی جێگیر هاتووه، له موحه‌ممه‌دی كوڕی سوله‌یمانی كوڕی فارسه‌وه، ده‌ڵێ: گوێم له بوخاری بوو ده‌یگوت: "له خه‌ودا پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) م بینی، له به‌رده‌میدا ڕاوه‌ستا بووم و باوهشێنێكم پێ‌بوو و خه‌ریك بووم پاسم ده‌كرد، دوایی له خهوبژێرێكم پرسی، پێی گوتم: تۆ درۆی لێ دوور ده‌خه‌یته‌وه، ئیتر ئه‌مه پاڵی پێوه‌نام بۆ به‌رهه‌مهێنانی په‌ڕتووكی (الجامع الصحيح)". ڕاده‌ی تۆكمه‌كاری بوخاری له دانانیدا * بوخاری (ڕه‌حمتی خودای لێبێت) هه‌موو هه‌وڵێكی خستبووه گه‌ڕ له تۆكمه‌كاری له‌م په‌ڕتووكه مه‌زنه‌دا، ڕاده‌ی ئه‌م تۆكمهكارییهی له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه زانایان لێوه‌یان گێڕاوه‌ته‌وه. * فهرهبری لێوه‌ی ده‌گێڕێته‌وه كه فه‌رموویه‌تی: "هیچ فهرموودهیهكم نه‌خستووه‌ته ناو په‌ڕتووكه سهحیحهكهمهوه تا خۆمم نه‌شۆردبێت و دوو ڕكات نوێژم نه‌كردبێت". * عومه‌ری كوڕی موحه‌ممه‌دی بوحهیریش ده‌گێڕێته‌وه كه بوخاری فه‌رموویه‌تی: "هیچ فهرموودهیهكم تێدا تۆمار نه‌كردووه (واته له (الجامع الصحيح) دا)، تا له خودا نهپاڕابێتمهوه و دوو ڕكات نوێژم نه‌كردبێت و دڵنیا نه‌بووبم له درووستیی ئه‌و فه‌رمووده‌یه". * هه‌روه‌ها عه‌بدولڕه‌حمانی كوڕی ڕهساینی بوخاری ده‌گێڕێته‌وه كه بوخاری فه‌رموویه‌تی: "په‌ڕتووكه سهحیحهكهمم به شازده ساڵ داناوه و له شه‌شسه‌د هه‌زار فه‌رمووده ده‌رمهێناوه، وه كردوومه به به‌ڵگه له نێوان خۆم و خودای گه‌وره‌دا". بابه‌تی (الجامع الصحيح) * بابه‌تی كتێبی (الجامع الصحيح) بریتییه له فه‌رمووده‌ی درووست و ڕاستی پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم)، چونكه بوخاری گرنگیی سه‌ره‌كیی به‌مه ده‌دا و كتێبه‌كه‌شی كرده كۆگه‌ی ئه‌م فه‌رموودانه، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسه‌یه بریتییه له: ١ـ خۆی ناوی لێناوه: (الجامع الصحيح المسند من حديث رسول الله -صلى الله عليه وسلم- وسننه وأيامه) واته: (كۆگه‌ی درووستی گه‌یه‌ندراو له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) و سوننه‌ت و ڕۆژگاره‌كانی). ٢ـ بوخاری خۆی ڕاشكاوانه ئه‌مه‌ی له زۆر گوتارێكیدا دووباره كردۆته‌وه، هه‌ندێكیمان له باسی هۆكاره‌كانی دانانی و ڕاده‌ی تۆكمهكاریدا باسكرد، هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ئیسماعیلی ده‌گێڕێته‌وه كه بۆخاری فه‌رموویه‌تی: "ئه‌م پهڕتووكهم به‌رهه‌م نه‌هێناوه به سه‌حیحی نه‌بێت، ئه‌و فه‌رمووده سهحیحانهش كه وازم لێهێناون زۆرترن"، هه‌روه‌ها ئیبراهیمی كوڕی مه‌عقیل ده‌گێڕێته‌وه كه بوخاری فه‌رموویه‌تی: "له‌م پهڕتووكهمدا سه‌حیح نه‌بێت تۆمارم نه‌كردووه، سه‌حیحی زۆریشم وازلێهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی درێژ نه‌بێته‌وه". * سه‌ره‌ڕای فه‌رمووده‌ی سه‌حیح كه بابه‌تی پهڕتووكهكهیه؛ شتی دیكه‌شی له‌خۆگرتووه، له پێڕستی بابهكاندا له لێدوان و وه‌رگرتنی حوكم و هێنانه‌وه‌ی وته‌ی سه‌له‌ف و شتی دیكه‌ش كه له بابه‌تی سه‌ره‌كیی په‌ڕتووكه‌كه‌ی نییه، حافیز ئیبن حه‌جه‌ر له (مقدمة فتح الباري) دا پاش ئاماژه‌دان به بابه‌تی ئه‌م په‌ڕتووكه؛ ده‌ڵێت: "پاشان وای بینی كه له كه‌ڵكی فیقهی و خاڵی پهندامێزی نه‌بوێرێت، هه‌ربۆیه به تێگه‌یشتنی خۆی واتای زۆری له ده‌قه‌كان وه‌رگرتووه و دابه‌شی كردووه به‌سه‌ر بابه‌كانی پهڕتووكهكهدا، به گوێره‌ی گونجایشیان، هه‌روه‌ها گرنگیی داوه به ئایه‌ته‌كانی ئه‌حكام و ئاماژه‌ی ناوازه‌ی لێوه‌رگرتوون و له تهفسیریاندا ڕێگه‌ی به‌رینی گرتووه‌ته‌به‌ر". * به‌م چه‌شنه ئیمامی بوخاری (ڕهحهمتی خودای لێبێت) له په‌ڕتووكی (الجامع الصحيح) دا هه‌ردوو لایه‌نی گێڕانه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی كۆكردۆته‌وه، له پاراستنی سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) و تێگه‌یشتنیشی. فه‌رمووده ههڵپهساردهكان (التعلیقات) له سه‌حیحی بوخاریدا: * هه‌ڵپه‌ساردن (تعليق) بریتییه له لابردنی گێڕه‌وه (راوي) یه‌ك یان پتر له سه‌ره‌تای سه‌نه‌ددا. * هه‌ڵپه‌سارده له سه‌حیحی بوخاریدا زۆرن به پێچه‌وانه‌ی سه‌حیحی موسلیم كه زۆر كه‌می تێدایه. * حافیز ئیبن حه‌جه‌ر په‌ڕتووكێكی داناوه له‌مه‌ڕ گه‌یاندنه‌وه‌ی ههڵپهساردهكانی بوخاری و ناوی ناوه (تغليق التعليق) واته: (داخستنی هه‌ڵپه‌ساردن)، وه له ته‌وه‌رێكی درێژدا له (مقدمة فتح الباري) دا كورتی كردووه‌ته‌وه، هه‌ڵپه‌سارده به‌رزكراوه (مرفوع) ه‌كانی تێدا باس كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه كێ گه‌یاندوویه‌تی، هه‌روه‌ها موتابهعاتیش، چونكه حوكمی ئه‌میش هه‌روه‌ك هه‌ڵپه‌سارده وایه، له سه‌ره‌تای ته‌وه‌ره‌كه‌دا ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌م هه‌موو به فراوانی باس كردووه له دانراوێكی گه‌وره‌دا كه ناوم لێناوه (تغليق التعليق)، هه‌موو فه‌رمووده به‌رزكراوه‌كان و شوێنه‌وار (أثر) ه ڕاوه‌ستاو (موقوف) هكانم تێدا باسكردووه، له گه‌ڵ باسكردنی ئه‌وه‌ی كه كێ گه‌یاندوویه‌تی به ئهسانیدی خۆم تا شوێنی هه‌ڵپه‌سێردراو، جا په‌ڕتووكێكی گشتگیر و كۆگه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی لێده‌رچووه" تائه‌وه‌ی كه ده‌ڵێت: "كه‌سیش شك نابه‌م خۆی دابێت له قه‌ره‌ی دانانی ئاوه‌ها په‌ڕتووكێك"، هه‌ر له كۆتایی ته‌وه‌ره‌كه‌دا، پاش لێبوونه‌وه له خستنه ڕووی هه‌موو فه‌رمووده ههڵپهساردهكان؛ ده‌ڵێت: "وه هه‌ر ههڵپهساردهیهك كه له شوێنێكی دیكه‌ی سه‌حیحه‌كه‌ی یان په‌ڕتووكێكی دیكه‌ی خۆیدا به‌ده‌ر له سه‌حیحه‌كه گه‌یاندبێتی؛ ڕوونم كردووه‌ته‌وه، هه‌رچییه‌كیش له خۆیه‌وه گهیاندنیم ده‌ست نه‌كه‌وتبێت؛ ئه‌وه ڕوونم كردووه‌ته‌وه كه كێی دیكه له ئیمامه‌كان گه‌یاندوویانه له دانراوهكانیاندا" تا كۆتایی قسه‌كه‌ی (ڕه‌حمه‌تی خودای لێبێت). * جا ئه‌نجامی بڕیاردان له‌سه‌ر ههڵپهساردهكان؛ به‌م شێوه‌یه ده‌بێت: * هه‌ركامێكیان به ڕێژه‌ی ڕاشكاوی بێت؛ وه‌ك: گوتی، گێڕایه‌وه، هاتووه،(قال، روى، جا‌ء) و هی له‌م چه‌شنه كه كرداره‌كه‌ی كارادیار (المبني للمعلوم) بێت؛ ئه‌وه سه‌حیحه تا ئه‌و كه‌سه‌ی كه لێوه‌ی هه‌ڵپه‌ساردووه و تا ئه‌وێ خه‌وشی نییه، ئیدی وردبوونه‌وه لهوهولای ده‌كرێت. * هه‌ركامێكیشیان به ڕێژه‌ی بیماراندن (التمريض) بێت، وه‌ك: گوتراوه، گێڕدراوه‌ته‌وه، ده‌گێڕدرێته‌وه، باسده‌كرێت (قيل، روي، يروى، يذكر) و له‌م چه‌شنه كه كرداره‌كه‌ی كارانادیار (المبني للمجهول) بێت؛ ئه‌وه هیچ كام له سه‌حیح بوون یان نه‌بوون ناگه‌یه‌نێت، حافیز ئیبن كه‌سیر به‌م شێوه‌یه له په‌ڕتووكی (الباعث الحثيث في اختصار علوم الحديث) دا باسی كردووه و گوتوویه‌تی: "چونكه فه‌رمووده‌ی وای تێدایه كه به‌م ڕێژه‌یه هاتووه كه‌چی سه‌حیحه هه‌ندێك جاریش موسلیم گێڕاوێتییه‌وه"، حافیز ئیبن حه‌جه‌ریش له (مقدمة فتح الباري) دا گوتوویه‌تی: "ڕێژه‌ی دووه‌م بریتییه له ڕێژه‌ی بیماراندن (التمريض)، ئه‌م ڕێژه‌یه سه‌حیحێتی ناگه‌یه‌نێت تا ئه‌و كه‌سه‌ی كه لێوه‌ی هه‌ڵپه‌ساردووه، به‌ڵكوو تێیدایه سه‌حیحه و تێشیدایه سه‌حیح نییه". ژماره‌ی فه‌رمووده‌كانی سه‌حیحی بوخاری * حافیز ئیبن حه‌جه‌ر له (مقدمة فتح الباري) دا ژماره‌ی فه‌رمووده‌ی به‌رزكراوه‌كان و ههڵپهساردهكانی نێو سه‌حیحی بوخاریی نووسیوه و ڕوونی كردووه‌ته‌وه، هه‌م به كورتی هه‌م به درێژی، جا فه‌رموو پوخته‌ی ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه ئه‌و پێی گه‌یشتووه لێره‌دا به كورتی ده‌یخه‌مه پێش چاو: ١ـ ژماره‌ی فه‌رمووده به‌رزكراوه گهیهندراوهكان به دووبارهبووهكانهوه: ٧٣٩٧ فه‌رمووده. ٢ـ ژماره‌ی فه‌رمووده به‌رزكراوه ههڵپهساردهكان به دووبارهبووكانهوه: ١٣٤١ فه‌رمووده. ٣ـ ژماره‌ی هه‌موو موتابهعات و سه‌رنج له‌سه‌ر جیاوازیی گێڕانه‌وه‌كان: ٣٤٤ فه‌رمووده. ٤- ژماره‌ی هه‌موو گه‌یه‌ندراو و هه‌ڵپه‌سارده و موتابهعاته به‌رزكراوه‌كان به دووبارهبووهكانهوه: ٩٠٨٢ فه‌رمووده. ٥ـ ژماره‌ی فه‌رمووده‌ی به‌رزكراوه‌ی گه‌یه‌ندراو به‌بێ دووباره: ٢٦٠٢ فه‌رمووده. ٦ـ ژماره‌ی فه‌رمووده‌ی هه‌ڵپه‌سارده به‌بێ دووباره: ١٥٩ فه‌رمووده. ٧ـ ژماره‌ی فه‌رمووده‌ی به‌رزكراوه چ گه‌یه‌ندراو چ هه‌ڵپه‌سارده به‌بێ دووباره: ٢٧٦١ فه‌رمووده. * ئه‌م ئاماره ته‌نها فه‌رمووده به‌رزكراوه (مرفوع) ه كان ده‌گرێته‌وه، به‌بێ ئه‌و شوێنه‌وار (أثر) انه‌ی كه له هاوه‌ڵان و دواهاوهڵان و دواتریشه‌وه هاتوون. * حافیز ئیبن حه‌جه‌ر پاش باسكردنی هه‌موو فه‌رمووده‌كان به‌بێ دووباره؛ ده‌ڵێت: "ئه‌م ژماره‌یه‌ی كه من باسم كردووه له گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه ئیبن سه‌ڵاح و كه‌سی دیكه‌ش باسیانكردووه؛ جیاوازیی زۆریان له نێواندایه"، مه‌به‌ستی لێره‌دا ئه‌و قسه‌یه‌ی ئیبن سه‌ڵاحه كه له (علوم الحديث) دا ده‌فه‌رموێت: "گوتراویشه كه به لابردنی دووباره‌كانه‌وه چوار هه‌زار فه‌رمووده‌ن"، پاشان حافیز ئیبن حه‌جه‌ر له هۆی ئه‌م جیاوازییه‌دا ده‌ڵێت: "پێده‌چیت ئه‌م ژماره‌یه‌ی یه‌كه‌م كه لاسایی ئه‌میان تێدا كردووه‌ته‌وه؛ له‌وه‌وه بێت كه ئه‌گه‌ر فه‌رمووده‌كه‌ی به درێژی له شوێنێكدا دیتبێت و له شوێنێكی دیكه‌دا به كورتی؛ وایزانیوه كه ئه‌م كورته‌یه جیایه له درێژه‌كه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دووریی ماوه‌ی نێوانیان؛ یان له‌به‌ر كه‌م شاره‌زایی له‌م پیشه‌یه‌دا بووه، چونكه په‌ڕتووكه‌كه شتی له‌م چه‌شنه‌ی زۆر تێدایه، ئه‌و كاته‌ش جیاوازیی نێوان هه‌ردوو ئاماره‌كه ڕوون ده‌بێته‌وه، هه‌ر خودا‌ش تۆفیقدهره"، قسه‌ی حافیز ئبین حه‌جه‌ر ته‌واو بوو، خودا ڕحمی پێ بكات و لێی خۆش ببێت و باشترین پاداشتی بداته‌وه له‌و ڕاژه ته‌واوه‌ی بۆ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) و به تایبه‌تیش ڕاژه‌ی درووستترین په‌ڕتووكی فه‌رمووده. به‌نده‌ی هه‌ژار: خدر نه‌ژاد كوردستانی [email protected] ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ چاوه‌ڕوانی به‌شی پێنجه‌م بن، به‌م زووانه (إن شا‌ء الله).