سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  چۆن بانگەواز بکەین بۆ ئیسلام ؟
گۆڕینی فۆنت


چۆن بانگەواز بکەین بۆ ئیسلام ؟


سروشتی بانگەوازی ئیسلامی وەهایە کە بە ئاڕاستەی خەڵکە، هەموو خەڵک، سەرباری جیاوازی تەمەن و چین و ئاستی ڕۆشنبیری و ژینکە و مەیل و ئاڕاستەیان... ئەمەش دەیکاتە ئەرک لەسەر بانگ خوازان کە دانا و لێهاتوو بن بۆ گواستنەوەی ڕا و تێگەیشتنیان بۆ ئەم پۆلە جیاوازانەی خەڵکی. لە پاشدا ئەبێت بزانن لە کوێوە شانی ئەدەنە بەر و چۆن.. بانگخوازی سەرکەوتوو ئەوەیە کە مرۆڤەکان چیان پێویستە ئەوەیان بداتێ لە هزر و بەرچاو ڕوونی، وە هەوڵ بدات کە بەو بیرە بڕوا بهێنێت و سەرنجی بۆلای بزاوت ڕابکێشێت بەو شێوەیەی کە کاریگەری لەسەری هەیە، ئەمەش نهێنی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری خوایە ﷺ کە فەرموویەتی: ( نحن معاشر الأنبياء أمرنا أن ننزل الناس منازلهم ، ونكلم الناس على قدر عقولهم ) .

کەسەکە بناسە پێش بانگکردنی:

لەبەر ئەوەی کارەکە بەم شێوەیە، لەسەر بانگخواز دەبێتە ئەرک کە ئەو کەسە بناسێک کە ویستی وایە بانگی بکات بۆ ئیسلام، هزر و تێگەیشتن و وێناکردنی بناسێت و درک بە دەرد و کێشەکانی بکات.. بەمەش ئاشنای ئەو دەروازانە ئەبێت کە ئەتونێت لە ڕێیانەوە بگات بە دەروونی.. ئەمەش ڕێ بۆ بانگخواز ئەکاتەوە کە سەرکەوتوو بێت لە دەست نیشان کردنی دەرد و چارەسەر وە لە پاشدا ووتەکان و ئاڕاستە کردنەکانی کاریگەر تر ئەبن.

( لە کوێوە دەست پێ ئەکەیت ...وە چۆن.؟ )

لە دیارترین ئەو پرسیارانەی دووچاری بانگخواز ئەبێتەوە لە بواری بەریەک کەوتنی بە توخمە نوێیەکان و هەوڵ دان بۆ بڕوا پێکردنیان بە بە هزری ئیسلامی ئەوەیە کە چۆن بانگەوازەکەی دەست پێبکات و دەست پێک لە کوێوە ئەبێت؟
لە ڕاستیدا پێکان لە دیاری کردنی خاڵی دەسپپَیک کاتێکی زۆر بۆ بانگخواز ئەگەڕێنێتەوە و کرداری بڕوا پێ هێنانی بۆ ئاسان دەبێت و سەرنج ڕاکێش تر ئەبێت.. وە لە زۆرێک لە بارەکاندا شکستی بانگخواز لە ڕاکێشانی توخمی نوێ بۆ بانگەوازەکە ئەگەڕێتەوە بۆ هەڵە وێنا کردنی بۆ خاڵی دەستپێک و خراپ دەست نیشان کردنی ئەو دەردەی کە پێویستی بە چارەسەر هەیە، لەوێوە دەست پێ ئەکات کە خۆی ئەبێت لەوێو کۆتایی پێ بهێنێت، پێغەمبەری خوای ﷺ ڕاستی فەرمووە ( ما احد يحدث قوما بحديث لا تبلغه عقولهم الا كان فتنة علة بعضهم ). 


( پرۆژەی ڕێبازێکی ئەندازەیی )

لەبەر ئەمە پێویستمان بە ڕێبازیکی ئەندازەیی ڕوون هەیە کە لە ڕێیەوە خاڵی دەستپێک دیاری بکەیت، بە هۆیەوە بانگخواز – هەموو بانخوازێک – بزانێت کەی دەست پێئەکات و لە کوێوە دەست پێئەکات..
لە دیدارەکانی سەرەتادا ئەبێت بانگخواز ئاگاداری هەڵسەنگاندنی ئەو کەسە بێت کە ویستراوە بانگ بکرێت بۆ ئیسلام.. گەر ئەمەی بۆ بوو لە توانایدا ئەبێت کە بەراوردی بکات بەو نموونە ئەندازەییەی خۆی و دەست نیشان کردنی پێگەی و ئەو شێوازەش کە لەگەڵی یەک دەگرێتەوە، وە پاشان بە دوادا چوونی لەم پێگەیەدا بە دیاری کراوی بە پێی ئەو ڕێبازەی دیاری کردووە.

لە باوەڕی مندا نموونەی ئەندازەیی ئەبێت سیفەت و شێوازەکانی بەم شێوازە بێت:

یەکەم : حاڵی بونیادی عەقیدەیی واتا دۆزینەوەی هزری ڕاست دەربارەی گەردوون و مرۆڤ و ژیان.. وە مەرجەکانی بەدی هێنانی ئیمان بە الله و تێکڕای پێنج پایەکەی ئیمان، ئەم حاڵەتەش بە حاڵەتی سەرەکی دەزانرێت لە پێکەوەنانی کەسایەتی ئیسلامی چونکە ئەم ڕێسایە هەموو حاڵەتەکانی تریشی تێدا ئاوێتە بووە، وە ئەو گرێ گەورەیەشە کە بە کردنەوەی هەموو گرێکانی تریش ئەکرێنەوە.
وە لە مەرجەکانی ئەم حاڵەتە هەروەها مەرجەکانی بەدی هێنانی ئیمانە بە ئیسلام کە ئەو ڕێبازە پاڵفتە کراوەیە لە هەموو کۆلکەیەکی بێ توانایی مرۆڤ ، چەنکە لە لایەنی زانایەکی پسپۆڕی بەهێزی بە تواناوەیە. وە ڕێازێکی گشتگیری تەواوە، کە لە فەلسەفەیەکی گەردوونی ڕەگ ڕەسەنەوە هەڵقولاَوە، وە ڕێبازەکانی تر هەر لە بنەڕەتەوە بەتاڵن چونکە سەرچاوەیان مرۆڤە، وە مرۆڤایەتی بوونەکەشی وەهای لێئەکات کە کەم و کورت و بێ توانا بێت و ئارەزوو بەسەریدا زاڵ ببێت.
ئەمەش وا ئەخوازێت کە خوێندنەوەیەکی کرۆکی بۆ هزری ئیسلامی بکات  وە خوێندنەوەش بۆ ئاڕاستە و ڕێڕەوەکانی  تر بکات و کار بکات لەسەر هەڵوەشاندنەوە و دەرخستنی کەلێن و کەم و کورتیەکانیان.

( لە بیرۆکەیی بوونەوە بۆ چەسپاندن )

دووەم : حاڵەتی دووەم ئەوەی کە ئەخوازێت توخمە نوێیەکەی بۆ بگوێزرێتەوە، ئەگەر ئیمانی باش بوو وە عەقیدەی ڕۆچوو وە تێگەیشتنی تەواو بوو لە بارەی ئیسلام، بریتیە لە حاڵەتی چەسپاندن، واتا حاڵەتی بەرجەستە کردنی بیردۆزە ئیمانی و ئاکاری و ئیسلامیە ڕاستەکان.... ئەمەش واتای فەرمایشتەکەی پێغەمبەری خوایە ﷺ : (ليس الإيمان بالتمني ولا بالتحلي ، ولكن ما وقر في القلب وصدقه العلم ) .
سروشتی ئەو شێوازانەی کە ئیسلام پشتیان پێدەبەستێ لە ڕێڕەوەکانی پەروەردە بۆ بونیادی کەسایەتی ئیسلامی، لە بنەڕەتدا کرۆکەکەی بریتیە لە پایەکانی عەقیدە، وە قووڵ کردنەوەی بنەماکانی لە دەروونی مرۆڤدا، لە پێش داواکاریە پەرستشیەکان و یاساییەکان و ئاڕاستە کردنەکان نەک، وە هەرگیز پێچەوانەی ئەمە نیە..
چونکە ڕەوشت و پەرستشەکان و مامەڵە ئیسلامیەکان شێوەیەکن لە شێوەکانی بوونی عەقیدە و شوینەوارێکن لە شوێنەوارەکانی...  هەتا چەندێکیش ئەمە تۆکمە و ڕۆچوو بێت تا ئەو ئەندازەیەش هاوسەنگی دێتە کایەوە لە نێوان ڕووکەش و ناواخن، واتا لە نێوان بیر و باوەڕ  و هەڵسوکەوت.
ئەوەش کە جەخت لە هەموو ئەمنە ئەکاتەوە ئەوەیە کە داخوازییە پەرستشیەکان و حوکمە شەرعیەکان لە دابەزینەوە تا بە کۆتا هانیان، ڕێک خستنیان بە پێی وێنا عەقیدەییەکە و چەسپاندنی بنەما و ڕێساکانیەتی.....
لەبەر ئەمە تێکڕای ئەو شتانەی ئەم حاڵەتە گرتویەتیە خۆ بریتیە لە بانگهێشت کردنی مرۆڤ بۆ گونجاندنی خۆی لەگەڵ ئەو شتانەی کە لەگەڵ عەقیدەکەیدا هاوتان، وە ئەو یاسایانەش کە لەم عەقیدەیەوە هەڵقولاَون.... ئەمەش واتا وەستان لەلای هەموو حوکمەکانی ئیسلام و فەرمانەکانی لە هەموو بوارەکان، وە داڕشتنەوەی ژیانی بە پێی ئەو ڕێبازە خواییە لە چێوەی پەرستش و ئاکار و مامەڵە.  لەوانەش کە لەخۆی گرتووە بریتیە لەوەی کە ئیسلام بکرێتە ئەو پێوەرەی کە لە هەموو بوارەکانی ژیان بۆ بگەڕێینەوە.

( لە چەسپاندنەوە بۆ ڕێکخستن )

سێیەم : حاڵەتی سێیەم ئەوەی کە پێویستە ئاڕاستەی ئەو کەسە بکرێت کە ئیمانی ڕۆچووە و تێگەیشتنی تەواو بووە و کاری باش بووە بریتیە لە حاڵەتی تێکەلاَو بوون بە کاری بزاوتی ئیسلامی..... بەڵگەکانی قورئان و سوننەت زۆر و ڕوونن کە فەرمان دەکەن بە کاری بە کۆمەڵ بۆ ئیسلام، چونکە تاک بە تەنها توانای نیە بە بەرپرسیارێتی بانگەواز و ڕاسپاردەکانی هەستێت، وە ڕووبەڕوو بوونەوەی واقعی نەزانی و هەڵوەشاندنەوەی، لە پاشیشدا پێکەوەنانی کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی و دۆزینەوەی دەوڵەتێکی ئیسلامی وە دەست پێکردنەوەی ژیانێکی ئیسلامی، هەموو ئەم مەبەستانە و ئەو ئەو هەوڵ و توانایەی کە پێویستیەتی لەسەری دەکات بە ئەرک کە بەشدار بێت لە ڕێکخستنێکی بزاوتی و ئاوێتە بوون تیایدا و لکان پێوەی.....
لە مەرجەکانی ئەم حاڵەتەش بەجێ گەیاندنی پایەکانی ئیسلام و گەڕان بە شوێن سوننەتی دروستا.. وە خۆ لادان لە گومانەکان، وە دوور کەوتنەوە لە حەرام کراوەکان، وە هەست کردن بە چاودێری الله عز و جل لە هەموو کارێکی وورد و درشتدا.
هەروەها لە مەرجەکانی ئەم حاڵە هەستانی مرۆڤە بە ئەرکی چاک کردنی خێزان و هاوڕێ نزیکەکانی، وە ئەبێت درک بکات بەوەی کە چاک بوونی خۆی لە لای خوا نابێتە پاساو بۆ چاک نەکردنی ئەوانی دی، لەسەریەتی هەستێت بە ئەرکی فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە ئەگەر بە تەنها خۆشی بوو وە کەس پاڵپشتی نەبوو.
ئیمان ئەبێت پاڵ بە مرۆڤەوە بنێت بۆ ووتنی ووشەی حەق و لەو پێناوەدا لە لۆمە و ئازار نەترسێت، وا هەست ئەکەم پێویست ناکات نموونەی بۆ بهێنمەوە لەبەر زۆرییەکەی لە قورئان و سوننەتی پێغەمبەری خوا ﷺ .
ئەمە ئەو حاڵەتە سەرەکیانەیە کە بە پێکەوە لکانیان هێڵێکی ئەنداەییان دروست کردووە کە ئەشێت پشتی پێ ببەسترێت و سوودی لێ وەربگیرێت لە بازنەی بانگەواز بۆ خوا. 


کتێب: ( کیف ندعو الی الاسلام ).
نووسینی: شێخ ( فتحی یکن )
وەرگێڕانی: ( باوان بھاءالدین) .


 1665

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram