ئیمامی بوخاری و سه‌حیحه‌كه‌ی (١) خدر نه‌ژاد کوردستانی الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على عبده ورسوله وخليله إمام الأنبياء والمرسلين محمد الصادق الأمين، وعلى آله وأزواجه وأصحابه أجمعين، ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين. تێكڕای ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت، به بێ ناكۆكی، به‌ڵكوو به یه‌كڕه‌نگی و به هاوده‌نگی، هه‌میشه ده‌ڵێن و دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه: درووستترین و بێخه‌وشترین دووكتێب له پاش كتێبه‌كه‌ی خودای گه‌وره(قورئانی پیرۆز)؛ بریتین له: سه‌حیحی بوخاری و سه‌حیحی موسلیم، زۆربه‌ی زۆری ئۆمه‌تیش بوخاری له پێشتر داده‌نێن، جا خودایه وا ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌ندامانێك له كۆمه‌ڵی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ئه‌م شاهێدییه ده‌ده‌ین و دووپات و چه‌ندپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه. به‌ڵام! بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م شاهێدییه درووسته له سه‌ر بناغه‌ی زانست بێت و، ئه‌گه‌ر داوای ڕوونكردنه‌وه و به‌ڵگه‌مان لێكرا له‌م باره‌یه‌وه، بتوانین بیسه‌لمێنین و، ته‌نها چاولێكه‌ری نه‌بێت؛ پێویسته بزانین ئه‌م بوخاری و موسلیمه كێ بوون و چی‌یان كردووه و كه‌ی بوون و یار و نه‌یارانیان چی‌یان گوتووه ده‌رباره‌یان، هه‌روه‌ها بزانین كتێبه‌كانیان چۆنن و چی سیفه‌تێگه‌لێكی تایبه‌تییان هه‌یه كه كتێبه‌كانی دیكه نییانه و، بزانین زانایان چی‌یان له‌باره‌یانه‌وه فه‌رمووه و... هتد، بۆ ئه‌م زانین و ناسینه‌ش سه‌رچاوه‌ی زۆر هه‌ن، له باسی بوخاری و موسلیم و هه‌ردوو سه‌حیحه‌كه‌یاندا و به‌سه‌رهاتی ژیانیان له دوتوێی كتێبه مێژووییه‌كاندا و هه‌روه‌ها چه‌ندین كتێبی سه‌ربه‌خۆش كه باس له ژیان و به‌سه‌رهات و زانست و پێگه‌ی ئه‌م دوو پێشه‌وا و هه‌ردوو په‌رتووكه به‌پێزه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، له‌و باسه سه‌ربه‌خۆیانه‌ش كه به جوانی و به ڕێكوپێكی و له هه‌مان كاتدا به پوختی له‌م باره‌یه‌وه نووسراون؛ بریتییه له دوو باس، یه‌كێك به‌ناوی: (الإمام البخاري وكتابه الجامع الصحيح) و ئه‌وی دیكه: (الإمام مسلم وصحيحه)، كه زانای به‌ڕێز شێخ عه‌بدولموحسین بن حه‌مه‌د ئه‌لعه‌بباد ئه‌لبه‌در، سه‌رۆكی پێشووی زانستگای ئیسلامی له مه‌دینه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) نووسیونی، كه له گۆڤاری زانستگای ناوبراودا بڵاوكراوه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه به‌نده‌ی هه‌ژار زۆر به شیاوم زانی وه‌ریانگێڕمه سه‌ر زمانی كوردی تا برایان و خوشكانی موسوڵمانی ئازیزی كوردیش؛ ئاشنا ببن به‌م دوو پێشه‌وا گه‌وره‌یه و هه‌ردوو كتێبه به‌پێزه‌كه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی شاهێدییه‌كه‌شمان له زانین و ناسینه‌وه بێت. جا پشتبه‌خوا؛ وا ئێستا دێم و یه‌كه‌میان به ناوی (ئیمامی بوخاری و سه‌حیحه‌كه‌ی) له چه‌ند به‌شێكدا له‌م پێگه خۆشه‌ویسته‌دا بڵاو ده‌كه‌مه‌وه، دوعام بۆ بكه‌ن بتوانم دووه‌میشیان پاچڤه بكه‌م و بڵاو بكه‌مه‌وه. سا خودایه له نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و خوێنه‌ری ئه‌م نامه‌یه و له دایك و باوكیشمان خۆش ببه. وصل اللهم وبارك على محمد وعلى آله وأصحابه والتابعين له‌م بإحسان. وه‌رگێڕ خدرنه‌ژاد كوردستانی ناو و نه‌ژادی بوخاری * موحه‌ممه‌د كوڕی ئیسماعیل كوڕی ئیبراهیم كوڕی موغیره كوڕی به‌ردیزبه‌ی جوعفی. * كونیه‌ی "ئه‌بوعه‌بدوڵڵا" یه * به‌ردیزبه‌ی باپیره گه‌وره‌ی فارسێكی ئاگرپه‌رست بووه. * به‌ڵام موغیره‌ی باپیره‌ی له سه‌ر ده‌ستی یه‌مانی بوخاری كه والیی بوخارا بووه؛ موسوڵمان بووه، یه‌مانیش جوعفی بووه، هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه ئه‌وانیش به جوعفی ناو ده‌برێن. * سه‌باره‌ت به ئیبراهیمی باپیری؛ حافیز ئیبن حه‌جه‌ر ده‌فه‌رموێت: هیچ هه‌واڵێكم له‌باره‌یه‌وه ده‌ست نه‌كه‌وتووه. * سه‌باره‌ت به ئیسماعیلی باوكی؛ ئیبن حیببان له كتێبی (الثقات) دا به‌م چه‌شنه ناساندوویه‌تی: "ئیسماعیل كوڕی ئیبراهیم باوكی بوخاری، له حه‌ممادی كوڕی زه‌ید و مالیكه‌وه گێڕانه‌وه‌ی هه‌بووه، له ئه‌ویشه‌وه عێراقییه‌كان"، هه‌روه‌ها حافیزیش له (تهذيب التهذيب) دا ناساندوویه‌تی. مێژوو و شوێنی له‌دایكبوونی * بوخاری (به‌ڕه‌حمه‌ت بێت) له شاری بوخارا له دایك بووه، كه یه‌كێكه له شاره هه‌ره‌گه‌وره‌كانی وڵاتانی ئه‌وبه‌ری ڕووبار، له‌گه‌ڵ سه‌مه‌رقه‌نددا ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژیان نێوانه. * ١٣ ی مانگی شه‌ووالی ساڵی ١٩٤ی كۆچی، دوای نوێژی هه‌ینی له‌دایكبووه. پێگه‌یشتنی و وه‌دووكه‌وتنی زانست * بوخاری (به ڕه‌حمه‌ت بێت) هێشتا منداڵ بوو؛ باوكی وه‌فاتی كرد، ئیدی له باوه‌شی دایكی‌دا پێگه‌یشت و هه‌ر به‌و منداڵییه‌ی ده‌ستیكرد به خواستنی زانست. * موحه‌ممه‌دی كوڕی ئه‌بوحاتیم كه نووسه‌ری بوخاری بووه؛ ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: گوێم له بوخاری بوو ده‌یگوت: "هێشتا له فێرگه بووم بۆ فێربوونی خوێندن و نووسین؛ هه‌رئه‌وكاته له‌به‌ركردنی فه‌رمووده (حديث) م كه‌وته مێشكه‌وه، گوتم: ئه‌وكات ته‌مه‌نت چه‌ند ده‌بوو؟ گوتی: " ده ساڵان، یان كه‌متریش"، تا ئه‌وه‌ی كه گوتی: "كه ته‌مه‌نم بوو به شازده؛ كتێبه‌كانی ئیبنولموباره‌ك و وه‌كیعم له‌به‌ركرد"، گوتی: "پاشان له‌گه‌ڵ دایكم و براكه‌مدا چووم بۆ حه‌ج، كه پێم نایه هه‌ژده ساڵه‌وه؛ كتێبی (قضايا الصحابة والتابعين) م دانا، پاشان كتێبی مێژووه‌كه‌م له مه‌دینه له پاڵ گۆڕی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) دانا و له‌شه‌وانی مانگه‌شه‌ودا ده‌منووسی"، هه‌روه‌ها گوتی: "كه‌م ناوێك هه‌بوو له مێژوودا و چیرۆكێكی له‌لام نه‌بێت، به‌ڵام پێم‌خۆش نه‌بوو كتێبه‌كه زۆر درێژ بێته‌وه". گه‌شتی بۆ وه‌رگرتنی زانست و بیستنی فه‌رمووده * وه‌ك له پێشه‌وه وتمان؛ بوخاری هه‌ر له منداڵییه‌وه خه‌ریك بوو به زانست و بیستنی فه‌رمووده، جا له خه‌ڵكی لای خۆیان؛ له كه‌سانی وه‌كه: موحه‌ممه‌دی كوڕی سه‌لامی به‌یكه‌ندی و موحه‌ممه‌دی كوڕی یوسفی به‌یكه‌ندی و عه‌بدوڵڵای كوڕی موحه‌ممه‌دی موسنه‌دی وئیبولئه‌شعه‌س و له غه‌یری ئه‌مانه‌ش گوێبیستی فه‌رمووده بووه. * پاشان ساڵی ٢١٠ك له‌گه‌ڵ دایكی و ئه‌حمه‌دی كاكیدا ده‌چێت بۆ حه‌ج، دایكی و كاكی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ئه‌و ده‌مێنێته‌وه بۆ خوێندنی زانست. * له مه‌ككه‌ی پیرۆز له حومه‌یدی و خه‌ڵكی دیكه‌ش فه‌رمووده وه‌رده‌گرێت. * له مه‌دینه‌ی پێغه‌مبه‌ریش (صلى الله عليه وسلم) له عه‌بدولعه‌زیزی ئوه‌یسی و موته‌ڕڕیفی كوڕی عه‌بدوڵڵا و خه‌ڵكی دیكه‌ش. * پاشان سه‌فه‌ر ده‌كات بۆ لای زۆربه‌ی فه‌رمووده‌زانانی وڵاتان؛ له خوراسان و شام و میسر و شاره‌كانی عێراق. * زۆرجاران چووه بۆ به‌غداد و خه‌ڵكی ئه‌وێ لێی كۆبوونه‌ته‌وه و دانیان ناوه به گه‌وره‌یی و فه‌زڵیدا و گه‌وایی تاقه‌سوارییان بۆ داوه له هه‌ردوو زانستی "ڕیوایه‌ت و دیرایه‌ت" دا. * له "به‌ڵخ" له مه‌ككیی كوڕی ئیبراهیم وغه‌یری ئه‌ویشی وه‌رگرتووه. * له "مه‌رو" له عه‌لیی كوڕی حه‌سه‌ن و عه‌بدوڵڵای كوڕی عوسمان و خه‌ڵكی دیكه‌ش. * له " نیساپوور " له یه‌حیای كوڕی یه‌حیا و خه‌ڵكی دیكه‌شی وه‌رگرتووه. * له " ڕه‌ی " له ئیبراهیمی كوڕی مو‌سا و كه‌سی دیكه‌ش. * له به‌غداد له شوره‌یحی كوڕی نو‌عمان و ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل و له خه‌ڵكی دیكه‌ش وه‌ریگرتووه. * له به‌سره؛ له ئه‌بوعاسیمی نه‌بیل و موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدوڵڵای ئه‌نساری و خه‌ڵكی دیكه‌ش. * له كوفه؛ له ته‌ڵقی كوڕی غه‌ننام و خه‌للادی كوڕی یه‌حیا و غه‌یری ئه‌مانیش. * له میسر؛ له سه‌عیدی كوڕی كه‌سیری كوڕی عه‌فیر و خه‌ڵكی دیكه‌ش. * جگه له‌مانه‌ش؛ له خه‌ڵكانێكی زۆری بیستووه، ده‌گێڕنه‌وه كه گوتوویه‌تی: له هه‌زار و هه‌شتا كه‌سه‌وه تۆمارم كردووه، هه‌ر هه‌مووشیان ئه‌هلی حه‌دیسن"، هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هی هیچ كه‌سێكم تۆمارنه‌كردووه كه نه‌یگوتبێت: ئیمان؛ گوتار و كرداره". چاوه‌ڕوانی به‌شی دووه‌م بن به‌م زووانه (إن شا‌ء الله).