سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  کۆمەڵکوژیەکەی سریبرینیتسا
گۆڕینی فۆنت


کۆمەڵکوژیەکەی سریبرینیتسا
پەڵەیەکی ڕەش لەمێژووی نەتەوە یەکگرتووەکان

(کارەساتێک بەچاوی خۆم لە فیلمەکانی هۆڵیوود بینیومە، بەڵام هەرگیز باوەڕم نەدەکرد لە ڕاستییدا ئەمە ڕوویدابێ تا ئەم بابەتەم نووسی!)

ئەمڕۆ ٢٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەی سریبرینیتسا تێدەپەڕی، ئەو کارەساتەی کە زیاتر لە ٨ هەزار مسوڵمانی بۆسنی بێ تاوان شەهید کران، ئەم ڕووداوە بەوتەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە قێزەونترین کۆمەڵکوژی دادەنرێ لە ئەوروپا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە! 

ببینن چۆن مرۆڤایەتی پشتگوێخرا بەبیانووی سیاسیەوە!
هەزاران مرۆڤی بێ تاوان شەهید کران تەنها لەبەر ئەوەی مسوڵمان بوون، لەپاش ئەوەی بەڵێنی پاراستن و سەلامەتیان پێ درابوو لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە! وەک لە دۆکیۆمێنتەکاندا تۆمار کراوە لەساڵی ١٩٩٣ جەنەڕاڵ مۆریلۆنی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە بڵندگۆیەک لەناو خەڵکدا هاوار دەکات و دەڵێ: ئێمە بە دڵنیایی بەڵێنی پاراستن و سەلامەتی دانیشتووانی ناوچەکە دەدەین، بەم بیانوە چەکیان لەزۆرینەی مسوڵمانانی ناوچەکە ستاند، بەمشێوەیە ناوچەکە بێ چەک کراو نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی پاراستنی گرتە ئەستۆ، (هەرچەندە هەندێک لەدانیشتووان بڕوایان بەمە نەبوو و چەکیان ڕادەست نەکرد)، بۆیە بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەم ناوچەیە ناونرا بە "ناوچەی ئارام"

دوای دوو ساڵ لە ٨ی مارسی ١٩٩٥ سەرکردایەتی سوپای سڕبیا دەستی کرد بە پلان داڕشتن لەدژی مسوڵمانانی ناوچەکە، چەندین ڕێگایان گرتە بەر، وەک گەمارۆ خستنە سەرو  ترساندنی خەڵک تا هەڵبێن و ناوچەکە بەجێ بهێڵن، تاکە ئامانجی سوپا بریتی بوو لە پاککردنەوەی ناوچەکە لە مسوڵمانان!

لە ١١ مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٥ هێزەکانی سڕبیا بەیارمەتی چەند هێزێکی دیکە هێرشیان کردە سەر شاری سریبرینیتسای بۆسنەو هەرسکی مسوڵمان نشین، زیاتر لە ٨ هەزار مسوڵمانیان لەتەمەنی جۆراوجۆر شەهید کرد، هێزەکانی هۆڵەندا کە بەحیساب بەشێک لە هێزی نەتەوە یەکرتووەکان دەستیان هەبوو لە شەهیدکردنی ٣٢٠ کەس بەدانپێدانانس خۆیان!

ئەوەی جێگای سەرنجە هەڵوێستی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بوو بەرانبەر بەو ڕووداوە قێزەونە!
هەروەک ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێ: هەست بە پاڵپشتیەکی گەورە دەکرا بۆ ڕوودانی ئەو کارەساتە! وە چەندین بەڵگە هەیە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە، لەوانە:
ـ دوو ساڵ پێش ڕوودانی کۆمەڵکوژیەکە، ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار کراوەتەوە کە لە ئەگەری چوونە ناوەوەی میلیشیاکانی سڕبیا بۆ شارەکە، ٢٥ هەزار کەس ئەگەری ژیان لەدەستدانیان هەیە!
ـ دوو ڕۆژ پێش دەست پێ کردنی ڕووداوەکە فڕۆکەکانی ئەمریکا وێنەی چەک و دەبابەکانی سڕبیایان گرتوە کە بەرەو ڕووی سریبرینیتسا جووڵێنراون!
ـ لە ٣ی حوزەیران (یەک مانگ پێش ڕووداوەکە) جەنەڕاڵێکی بەریتانیا لە دانیشتنی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێ: ئێمە بەم شێوازە ناتوانین پارێزگاری بکەین لەناوچەکە! وە داوا دەکات سوپای زیاتر ببرێ بۆ ناوچەکە!
ـ دوای داگیرکردنی شارەکە لەلایەن هێزەکانی سڕبیاوە، بەبەرچاوی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هێزەکانی سڕبیا پیاوانیان جیا دەکردەوە لە ئافرەتان و منداڵان، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ کوشتنی بەکۆمەڵی پیاوەکان!!

یەکێ لە ڕزگار بووەکان دەڵێ: بەڕاستی شەوێکی ترسناک بوو، ئێمەی پیاوان کۆ کرابووینەوە لەلایەن هێزەکانی سڕبیاوە، کۆمەڵێک پیاویان دەبردە دەرەوە، دوای بێ دەنگیەکی کورت، دەنگی وەڕینی سەگ دەهات، دواتر دەنگی تەقەی تفەنگ دەهات! ئەمە چەندین جار دووبارە بۆیەوە بەبەرچاوی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە! 

یەکێکی تر لە دیمەنەکان: دوو هەزار پیاویان جیا کردەوە لە ژن و منداڵەکانیان، دواتر لەنزیک ئاوێک ڕیزیان دەکردن و بەدەستڕێژی گوللە شەهیدیان دەکردن، لەو ٢ هەزارە تەنها ٣ کەس ڕزگاری بووە، یەکێک لەو ڕزگاربووانە دەڵێ: لەکاتی دەستڕێژیەکە خۆم خستە سەرزەوی و خۆم بەمردوو پیشان دا، کوڕی براکەم لە تەنیشتمەوە کەوتبوە سەرزەوی، تەرمی ئەوم هەڵدایە سەر خۆم، تا دوای تەواوبوونی دەستڕێژیەکە نەجوڵام تا دونیا تاریک بوو، دواتر هەڵاتم، تەنانەت کۆمەڵێک سەرباز بەسەر تەرمەکانەوە دەگەڕان، هەر کەسێک زیندوو با گوللەیەکیان دەنا بەسەریەوە!

١٥ هەزار کەس لە مسوڵمانان هەڵاتن بۆ ناو دارستانەکانی دەروروبەر تا ڕزگاریان بێ، بەڵام ترسناکی ئەم هەڵاتنە کەمتر نەبوو لەمانەوەیان، چونکە ئەو دارستانانە پڕ بوون لە مین و ئەڵغامی چێنراو، وە بەردەوام تۆپباران دەکران و کەمینیان بۆ دانرابوو!
د.ئیلاف کە یەکێک بووە لە ١٥ هەزار کەسە دەڵێ: بیهێنە پێش چاوی خۆتان، ١٥ هەزار کەس بەیەک ڕیز لەدوای یەک بڕۆن بەناو دارستاندا، ترسێکی زۆر بەهێزمان لەسەر بوو، هەر یەکێک لە ئێمە دەبوو پێی لەسەر شوێن پێی کەسی پێش خۆش دابنێ لەترسی مین.

د.ئیلاف دەشڵێ: سێ لە هاوڕێیەکانم بێنی مێزیان لەیەکتر دابوو، وە یەکێکیان بۆمبێکی تەقاندەوە تاوەکو بەیەکەوە بمرن!

یەکێکی دیکە لە ڕزگاربووەکان دەڵێ: لە ناو دارستاندا گیرمان خواردبوو، بەردەوامیش تۆپ باران دەکراین، بەشێوازێک بوو ڕێگای دەرباز بوون نەبوو، تەنانەت هەندێکمان خەریک بوو خۆیان بکوژن و هەوڵی خۆ کوشتنیان دەدا!!

مەرساد سیانۆڤیچ یەکێکە لەدەربازبوەکان دەڵێ: ڕوومان کردە دارستانەکان، هیچ یەکێک لە ئێمە شارەزای ڕێگاکە نەبوو، تەنها کەمێک شەکر و خوێ و ڕاشی مان پێ بوو، لە بەروبوومی دارەکانی دارستانمان دەخوارد، وە  هێزەکانی سڕبیاش بەردەوام بوون لە تۆپباران بەسەرمانەوە، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە کۆمەڵێک مردن، من لە باوک و براکانم دابڕام، دوای بڕینی چەندین کیلۆمەتر بڕیارم دا بگەڕێمەوە بەدوایاندا، دۆزیمنەوەو هەوڵمدا ڕازیان بکەم لەگەڵمدا بەردەوام بن، بەڵام باوکم وتی تۆ خۆت دەرباز بکە تۆ خاوەنی کچێکی! ئەوە کۆتا دیداری ئەوان بوو لەگەڵمدا!

یەکێکی تر دەڵێ: تەواوی گرووپەکەم بەهۆی کەمینەکانی هێزە سڕبیەکانەوە مردن، تەنها من ڕزگارم بوو بەشێوەی موعجیزە! دوای شەش ڕۆژی ناخۆش و قورس لەدارستان ڕزگارم بوو!هەموو ساڵێک لە ١١ی تەمموز کۆمەڵێک لەڕزگاربووەکان دێینەوە ناو ئەو دارستانەو بەو ڕێگایەدا تێدەپەڕین، ناومان ناوە ڕێگای ئازادی! وەک وەفایەک بۆ ئەوانەی لەو ڕێگایەدا لەناوچوون، بوون بە یەکێک لەپەڵە ڕەشەکان بەناو چاوانی مێژووی مرۆڤایەتیەوە!

لەکۆتاییدا دەبێ ئەوەشمان بیر نەچێ ئەو ڕووداوە ڕۆژانە لە سوریاو یەمەن دووبارە دەبێتەوە بەبەرچاوی جیهانەوە، کەچی ڕاگەیاندنی جیهان بێ دەنگە لە ئاستی!!

مافی مرۆڤ و دیموکراسی گەورەترین درۆی مێژوو!

کۆمەڵکوژیەکەی سریبرینیتسا
نەتەوە یەکگرتووەکان

 817

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram