سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئاكارە ھەڵەكانی ڕێی بانگەواز (وون کردنی کەسێتی ) (26)
گۆڕینی فۆنت


● وون کردنی کەسێتی ●

ئاکارێکی تر لە ئاکارە ھەڵەکانی ڕێی بانگەواز کە بەشێک لە بانگخوازان تووشی دێن بریتیە لە: وون کردنی کەسێتی ئیسلامی, وە توانەوەی لە ژیانی کەسی بانگخوازدا, ئەم بانگخوازە برایەکی دیندار و وابەستە بە دینە, بەڵام لاسایی ھەندێک لە ڕەفتارە ڕۆژئاواییەکان ئەکاتەوە و خۆی تێکەڵ بە گشتێتی خەڵک کردووە و تێکەڵاوی بۆنە و نەریتەکانیشیان ئەکات ئەگەرچی پێچەوانەی بنەماکانی وابەستە بوونەکەشی بن.

֎ چەشنەکانی وون کردنی کەسێتی:

سڵاو کردن: بە شێوازَێکی ڕۆژئاواییانەی ھاوردەکراو سڵاو دەکات کە دەچێتە شوێنێک, شەرم ئەکات لەوەی بە سڵاوی ئیسلام سلاِو بکات نەوەک بە دواکەوتووی ھەژمار بکەن.

ئاھەنگ گێڕان بۆ یادی لە دایک بوون: دەبینێت ھەندێک لە برایان بە بۆنەی یادی لە دایک بوونی منداڵەکانیانەوە ئاھەنگ دەگێڕن, یان بە بۆنەی سەری ساڵی زایینی نوێوە, وە بۆ ئەوەی خۆیان لە شەرمی ئەو ئاھەنگ گێڕانە لابدەن بە غەیری ناوی خۆیانەوە ناوی ئەو بۆنانە ئەھێنن, بۆ نموونە بە جەژنی لە دایک بوون ئەڵێن ڕۆژی لە دایک بوون, ئاھەنگی بۆ دەگێڕن و زیادەڕەوی دەکەن لە بە فیِڕۆدانی سامان تێیدا.

بەشداری کردن لەو بۆنانەی ئیسلامی نین: تێبینی ئەکەین کە بەشێک لە برایانی بانگخواز بەشدار دەبن لەو بۆنانەی ئیسلامی نین, کە ھاوپێچە لەگەڵ بوونی سەرپێچی شەرعیدا وەک سەما و مۆسیقا و گۆرانی حەرام کراو, کە ھەندێک جار تێکەڵ بوونی پیاو و ئافرەتیشی تێدایە و خاوەن بۆنەش ئینکاری لێناکات.

تەوقە کردن لەگەڵ خانمان: سەرنج دەدەین کەسانێک ھەن بواری ئەوەیان بۆ خۆیان کردۆتەوە کە تەوقە لەگەڵ خانمانی بێگانە بکەن, بە پاساوی ئەوەی کە ئەم ڕەفتارە کاریگەرە بۆ ڕاکێشانی دڵ یان دوور نەخستنەوەی خەڵک لە دین, یان لەبەر شەرمەزار نەبوونی ئەو خانمەی کە دەستی بۆ ئیسلام ڕاکێشاوە.


تێکەڵ بوون لەگەڵ خانمان: ڕووکارێکی لە دەست دانی کەسێتی ئیسلامی بریتیە لە کردنەوەی بوار بۆ بوون لەو شوێنانەی کە پیاو و ئافرەت تێیدا بە بێ پێویستی تێکەڵ دەبن, سەرباری پابەند نەبوون بە ڕەوشتە ئیسلامیەکانی وەک گرتنی چاو و شەرم کردن, وە خۆ نەگرتنەوە لە قسەی نا پێویست.

ھەڵواسینی وێنە و دانانی پەیکەر: ڕووکارێکی لە دەست دانی کەسێتی بریتیە لە گەورەکردنی کەسایەتییەک بە ھەڵواسینی وێنەکەی بە دیواری ماڵدا, یاخود بوونی پەیکەر و ڕازاندنەوەی نێوماڵ پێی, بانگخواز پێویستە ئاگاداری ئەم جۆرانە لە ڕەفتار کردن بێت, وە ھۆشیاریش بێت دەربارەی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا ﷺ کە فەرموویەتی: ( لا تدخل الملائکە بیتا فیە کلب و لا ێورە ).....

● گەڕان بە شوێن مۆدە دا: ڕووکارێکی لە دەست دانی کەسێتی بریتیە لە گەڕانی بانگخواز بە شوێن مۆدەی نوێ لە پۆشینی جل و بەرگ, گەڕان بەنێو ئەو شوێنانەی پێیان ئەوتری ماڵی مۆدە, وە داگیر کردنی ئەم ئاکارە بۆ پانتاییەکی زۆر لە گرنگی پێدانەکانیان.

خۆ نەڕازاندنەوە بە ڕەوشتە ئیسلامیەکان لە خواردن و خواردنەوە: ڕووکارێکی لە دەست دانی کەسێتی ئیسلامی بریتیە لە وابەستە نەبوونی کەسی بانگخواز بە ڕەوشتە ئیسلامییەکانەوە لە کاتی خواردن و خواردنەوەدا, لە پێش گەورەتر لەخۆی دەست دەکات بە خواردن, بە دەستی ڕاستی ناخوات و لەوەی پێش خۆشی ناخوات بەڵکو پەل دەھاویژێت, پەلە ئەکات و وەک پێغەمبەری خوا ﷺ لەسەرخۆ نیە کە بە ھێوری بە سیان لە پەنجەکانی نانی دەخوارد نەوەک ھەموو دەستی بخاتە نێو قاپەکەوە بە شێوەیەک بێزی لێبکرێتەوە.

گوێبیست بوون بۆ گۆرانی مۆسیقا: تێبینی ئەکەین کە ھەندێک کەس بواریان بە خۆیان داوە بۆ زیادەڕەوی کردن لە گوێبیست بوونی مۆسیقا و گۆرانی, ئەوانەی کە سۆز ئەوروژێنن, بزوێنەری ھەست و شەھوەتن, بە پاساوی ئەوەی زانایان ڕاجیان لە حوکمەکەیدا.

تەماشا کردنی تێلێفزیۆن: ڕووکارێکی لە دەست دانی کەسێتی بریتیە لە دانیشتنی کەسی بانگخواز بە دیار ئەو فیلم و زنجیرە درامایانەی لە شاشەکانەوە پەخش ئەکرێن, وە بەسەر بردنی کاتێکی زۆر لە تەماشا کردنیان, چاوەڕوانی دەست پێکردنی شتێکە کە تیایدا ئافرەتان بە دانەپۆشراوی و نیمچە ڕووتیەوە دەردەکەون, ئەوانەی کە دەرکەوتنی جەستەیان زیاترە لەو بەشەی کە داپۆشراوە, وە شوێن کەوتنی ھەواڵیان و گەڕان بە دوای ڕێڕەوی ژیانیان, وە پێشخستنی ئەم بابەتە بەسەر شت گەلێکی گرنگ تر ئیدی بانگخوازی بێت یان تاکەکەسی. 
 

وەرگێڕانی باوان بھاءالدین             لینکی فەیسبووک  https://www.facebook.com/bawan.bahadin.9

 3

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus