● شێوانی نییەت ● لەو ئاکارە ھەڵانەی کە ڕووبەڕووی بانگخوازان ئەبێتەوە لە درێژەی ڕۆیشتنیان لەسەر ڕێگەکەیان بریتیە لە شێوانی نییەتیان. وە تێکچوونی ئەم نییەتە لە ھەندێک لە حاڵەتەکان و تینوو بوونی بۆ دڵسۆزی, ھەروەھا تووش بوونی بە خەوشی ھاوەڵ دانان و ڕووپامایی. دڵسۆزی.....شتێکە لە قووڵاییەکانی دڵدایە, کەس پەی پێ نابات جگە لە اللە تبارک و تعالی, بەڵام ڕەنگ دانەوەی لەسەر زۆر شت ئەبێت, وە بەرھەمی ئەم نییەتەش لە بواری بانگەوازدا تەواو ڕۆشن ئەبێتەوە. لێرەوە جیاوازییەکە بە ڕوونی بەدی ئەکەین لە نێوان دوو کەسایەتیدا کە لە زۆر شتیاندا یەکسانن بەڵام لە دڵسۆزییاندا جیاوازن, وە دڵسۆزی بانگخواز لەوەدا ڕۆشن ئەبێتەوە کە جگە لە خوای مەزن کەسی مەبەست نەبێت لە بانگەوازەکەیدا. کەواتە دڵسۆزی لە نییەتی پشت کردەوەکاندا, ئەو خولگەیەیە کە قبوڵ بوونی خودی کردەوەکان بە دەوریدا دەخولێتەوە. ھەر لەبەر ئەم پێگە بڵندەی دڵسۆزییە لە نییەتدا کە پێشەوای مرۆڤایەتی بە گوزارشتێکی دوور لە ھەموو نا ڕوونییەک فەرموویەتی:( انما الاعمال بالنیات.....) کەواتە تێکڕای ووتە و کردەوەکانی مرۆڤ بە نییەتی ئەنجام دانیان باش و خراپیان جودا دەبنەوە. ֎ چەشنەکانی شێوانی نییەت لای بانگخوازان:- ● خواستی کەسایەتی بانگخواز لەسەر بەدەست ھێنانی پێگەیەکی بڵندی کۆمەڵایەتی کە جۆرێک لە قبوڵ بوونی ئەداتێ لەناو خەڵک بە گشتی. ● زۆر ئاخاوتنیان دەربارەی ئەو ئامانجانەی بە دەستیان ھێناوە و ئەو کردەوانەی ئەنجامیان داوە و ئەو شوێنەوارانەی کە ھەیانە. وە چاکەی ئەوان بەسەر کاری ئیسلامیەوە بە گشتی, وە بەسەر بواری بانگەوازەوە بە تایبەتی. ● دڵخۆش نەبوونیان ئەگەر خێری بواری بانگەواز لەسەر دەستی کەسانێکی غەیری ئەمان ھاتە ئاراوە. وە تووش بوونیان بە خەم و دڵتەنگی و پەژارە ئەگەر کەسانی تر سەرکەوتوو بوون و خەڵکیش ئەوانیان قبوڵ بوو. ● سوور بوونیان لەسەر بە دەست ھێنانی پشکێکی زۆر لە پیاھەڵدان و ستایش, وە گۆڕانی دەروونیان لەو کاتانەی لۆمە ئەکرێن یا خود ڕەخنە ئاڕاستەی کارەکانیان دەکرێت. ● خوازیار بوون بۆ بەدەست ھێنانی سوود, وە سوور بوون لەسەر وەرگرتنی پاداشت لە ئاکامی بانگەوازکردنیان. جا پاداشتەکە ماددی بێت یاخود مەعنەوی بێت. ● خواست لەسەر دەرکەوتن و وەرگرتنی پێگە پێشەوایەتیەکان و سوور بوون لەسەری, وە رٍازی نەبوون بە غەیری ئەم پێگانە وەک کار کردن لە ناو ڕیزەکانی بانگخوازان. ● بە خۆ سەرسام بوون و لە خۆبایی بوون بەھۆی تواناکانی خۆیەوە و زاڵ کردنی بەسەر کاری بانگخوازیدا, وە زۆر دووبارە کردنەوەی ئەم ھەڵوێستە جا بەھۆی بۆنەیەکەوە بێت یان ھیچ بۆنەیەکیش لە ئاراد نەبێت. ابن ابی جمرە فەرموویەتی: خوازیار بووم کە لەناو فەقیھەکاندا کەسانێکی تیابوایە کە ھیچ کارێکیان نەبوایە تەنھا ئەوە نەبێت کە خەڵک فێربکەن چۆن نیەت لە کردەوە بھێنن, تەنھا دابنیشن بۆ ووتنەوە وانەی ئەوەی کە: کردەوە تەنھا و تەنھا بە نیەتە..... وەرگێڕانی باوان بھاءالدین لینکی فەیسبووک https://www.facebook.com/bawan.bahadin.9