سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  لەسەردەمی (كۆرۆنا) ماڵەكانتان بكەن بە مزگەوت.!
گۆڕینی فۆنت


لەسەردەمی (كۆرۆنا) ماڵەكانتان بكەن بە مزگەوت.!

لە بنچینەدا جێگای نوێژی جەماعەت مزگەوتەكانە و حوكمی نوێژی جەماعەتیش چی واجب بێت لەسەر بۆچوونی ئەو زانایانەی كە بەواجبی دەزانن وچی سوننەتیكی جەخت لەسەر كراو بێت، دواجار لە دیارترین دروشمەكانی ئیسلامە و ناتوانرێت ئیسلام بەبێ نوێژی جەماعەت وێنا بكرێت! ئەسڵیش ئەوە نییە كە پیاوان - بە بێ هۆ - بەتەنها خۆیان نوێژ بكەن، یان لە ماڵەوە نوێژی جەماعەت لە گەڵ ماڵ و مناڵی خۆیاندا بكەن و نەچن بۆ مزگەوتەكان، ئەمەش بەو واتا نایەت لەو کاتانەی کە مزگەوتەکان کراوەن ئەگەر کەسێک نوێژی جەماعەت لەگەڵ ماڵ و منداڵدا لە ماڵەوە بکات درووست نەبێت چونکە بەڵگە نییە کە ئەو نوێژەش وەرنەگیراو بێت بەڵام بە پێی قسەی هەندێ لە زانایان ئەگەر بەبێ پاساو بێت وەرکیراوەو هاوکات گوناهباریشە لەبەر ئەوەی سەرەرای ئەو هەموو دەقە شەرعییانە وازی لە مزگەوت هێناوە، بەڵام لەم هەل و مەرجەدا كە ئەمڕۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان و لە سەرانسەری جیهاندا درووستی كردووە، كە یەكێك لە دەرهاوێشتە خراپەكانی تێكدان و نیمچە پەكخستنی ڕەوڕەوەی ژیانی لێ کەوتووەتەوە، یەكێكیش لە شێوەكانی ئەو پەكخستنە داخرانی مزگەوتەكان بوو كە كاریگەرییەكی قورسی لەسەر دڵ و دەروونی هەموو موسوڵمانێك هەبوو و قەبارەی ئەو بۆشاییە دەركەوت كە مزگەوت لە ژیانی موسوڵماندا پڕی دەكردەوە، داواكارین لە پەروەردگار ئەم بارە لەسەر موسوڵمانان سووك بكات و ئەم پەتایە كۆتایی پێ بێت و جارێكی تر دەرگای مزگەوتەكان بكرێنەوە، بەڵام تا ئەو كاتەش كە جومعەو جەماعەت دەست پێ دەكاتەوە كە دیار نییە ئەو كاتە كەی دەبێت، چاكترین ڕێگە چارە ئەوەیە نوێژی جەماعەت لە ماڵەكاندا بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئەم ڕونكردنەوەم بۆ ئەو خانەوادە بەڕێزانەی كە لە ماڵەوە نوێژی جەماعەت ئەنجام دەدەن بە پێویست زانی، هەر كەسێكیش پرسیارێكی هەبێت بە گوێرەی توانا لە كۆمێنتەكاندا وەڵامی دەمەوە، یان لەناو ئەم بابەتەدا جێگای وەڵامەکەی دەكەمەوە:
1- لەبەر ئەوەی لە مزگەوتەكانەوە بانگ دەدرێت بۆیە لەماڵەوە پێویست بەبانگدان ناكات و لە پاش بیستنی بانگ، چاكترە لە كاتی خۆیدا و بێ دواكەوتن هەروەكو چۆن لە مزگەوتەكاندا نوێژەكان لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، بەهەمان شیوە لە ماڵەكاندا جێگەیەكی گونجاو و فراوان دیاری بكرێت و بۆ نوێژ كۆ ببنەوە و ئەندامانی خێزان بە جەماعەت نویژەكانیان ئەنجام بدەن، الله تعالی فەرموویەتی: ( ۚإِنَّ الصَّلَاةَ كَانَتْ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ كِتَابًا مَّوْقُوتًا)
2- لە پاش بیستنی بانگ وڕێك ڕاوەستان بۆ ئەنجامدانی نوێژ، كەسێك قامەت دەكات پیاو بێت، یان كەسێكی پێگەیشتوو كوڕ بێت، چونكە لە ئەمادەبوونی پیاودا درووست نییە ئافرەت بۆ نوێژ قامەت بكات، بەڵام ئەگەر ئەوانەی نوێژیان دەكرد هەموویان ئافرەت بوون ئاساییە كەسێكیان قامەت دەكات.

3- ئەگەر نموونەیەك بۆ ژمارەی خێزان وەرگرین، بۆ نموونە خێزانەكە لە باوك و دایك و دوو كوڕ و دوو كچ پێكهاتبوون، باوكەكە لە پێشەوە ڕادەوەستێت و هەردوو كوڕەكەی لە ڕیزی دواوەوەی ڕادەوەستن و هاوسەرو دوو كچەكەی لە ڕیزی سێیەم ڕادەوەستن.
- ئەگەر بۆ نموونە پیاوێك و خیزانی و كوڕێكی هەبوو، خۆی وەكو پێشنوێژ لای چەپەوە دەوستێت و كورەكەی لای ڕاستی خۆیەوە دەوەستێنێت و هاوسەرەكەی لە پشتییەوە دەوەستێت.
- بەڵام ئەگەر كۆمەڵیك ئافرەت بوون، شارەزاترینیان یان ئەوەیان كە قورئانی زۆرتر لەبەرە لە ناوەڕاستیاندا دەوەستێت و بەتەنها خۆی وەكو پێشنوێژی پیاو ناچێتە پێشەوە، چونكە لە فەرموودەدا هاتووە هەردوو دایكی ئیمانداران عائشة وأم سلمة رضي الله عنهما بەو شێوە پێشنوێژییان بۆ ئافرەتان كردووە.
- ئەگەریش تەنها دوو ئافرەت بوون حوكمی هەر وەكو ئەوەیە دوو پیاو بن و پێكەوە ڕادەوەستن، ئیمام لەلای چەپ و مەئموم لەلای ڕاست. بڕوانە: الشرح الممتع لابن عثيمين ج/4 ص/387.
- ئەگەر پیاوێك لەگەڵ هاوسەرەكەیدا ویستیان نوێژی جەماعەت بكەن و هەر هەردوكیان بوون شێوازەكەی بەم شێوە دەبێت: پیاوەكە خۆی قامەت دەكات و لە پێشەوە ڕادەوەستێت و هاوسەرەكەی لە پشتیەوە ڕادەوەستێت نەک لەلای ڕاستییەوە لە تەنیشتی، وەكو لە فەرموودەی سەحیحدا لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە: (صلى بنا رسول الله صلى الله عليه وسلم فصففت أنا واليتيم وراءه، والعجوز من ورائنا" قال أنس: " فصلى لنا رسول الله ركعتين).
- ئەگەر دوو پیاو یان پیاوێك و منداڵێكی كوڕ پێكەوە نوێژیان كرد، بۆ نموونە باوكێك و كوڕەكەی، باوكەكە لای چەپەوە دەوەستێت و كوڕەكەی بەتەنیشتی خۆیەوە لای ڕاستی خۆیەوە دەوەستێنێت وەکو ئاماژەمان پێکرد، دەكرێتیش كوڕەكە پێش نوێژی بۆ باوكی بكات ئەگەر ئاستی ئەوەی هەبیت.

5- بە ئامادەبوونی پیاوان بە هیچ شێوەیەك ئافرەتان پێش ناكەون بۆ پێشنوێژی كردنیان و درووست نییە، با ئافرەتەكە لە پیاوەكان زانستی زۆرتر بێت یان قورئانی زۆرتر لەبەر بێت یان تەمەنی گەوەرتر بێت، لە هەموو حاڵەتەكاندا بە ئامادەبوونی پیاو ئافرەت پێش ناكەوێت.

6- نوێژی جەماعەت لە ماڵەوە وەكو نوێژی جەماعەتە لە مزگەوت و جیاوازییەكیان نییە، لەو نوێژانەی كە جەهرییە لە دوو ڕكاتی نوێژی بەیانی و لە هەر دوو ڕكاتی سەرەتای مەغریب و عیشا پێشنوێژ دەنگی بەرز دەكاتەوە و لە نوێژی نیوەڕۆ و عەسردا بە نهێنی دەیخوێنێت و تەنها خۆی گوێی لە دەنگی خۆی ئەبێت، پاداشتیشی هەروەكو نوێژی مزگەوتە ان شاء الله لەبەر ئەوەی مزگەوتەكان داخراون و نوێژیان تێدا ناكرێت، واتە هیچ ڕێگایەكی تر بۆ نوێژی جەماعەت جگە لە ماڵەكان نییە، ئەوەشە عذر و پاساوە.

7- باڵغ بوون مەرج نییە بۆ پێشنوێژی كردن، بۆیە منداڵ لە تەمەنی جیاكردنەوە (التمییز) ەوە بۆ نموونە هەندێ منداڵ هەیە لە حەوت ساڵی و هەشت ساڵییەوە توانای خوێندنی قورئانیان بەباشی هەیە و دەتوانن پێشنوێژی بكەن ئاساییە پێش بكەون، ئەگەر كەسی لەو باشتر نەبێت بەتایبەتی ئەگەر ئەوەكانی تر ئافرەت بن، جێگیر بووە هاوەڵی بەڕێز عمرو بن سلمة رضي الله عنه لەتەمەنی حەوت ساڵاندا پێشنوێژی بۆ هاوەڵانی كردووە وەكو لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە: (إذا حضرت الصلاة فليؤذن لكم أحدكم، وليؤمكم أكثركم قرآنًا، قال: فنظروا -نظر قومه- فلم يجدوا أحدًا أكثر مني قرآنًا، فقدموني وأنا ابن ست أو سبع سنين).

8- نوێژی عیشا مستحب وایە دوابخرێت ئەگەر قورس نەبوو لەسەر نوێژخوێنەكان، وەكو أبو برزة رضي الله عنه فەرموویەتی: (كان النبي ﷺ يستحب أن يؤخر العشاء) واتە: پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پێی باش بوو نوێژی عیشا درەنگ بكرێت، ئەگەرنا وەكو نوێژەكانی تر لە كاتی خۆیدا دەكرێت، جابر رضي الله عنه دەیفەرموو: (كان النبي ﷺ في العشاء إذا رآهم اجتمعوا عجل، وإذا رآهم أبطئوا أخر)، واتە: پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەگەر هاوەڵانی ببینیایە هەموویان كۆبوونەتەوە نوێژی عیشای زوو دەكرد، ئەگەریش دوابكەوتنایە دوای دەخست...ئەم حاڵەتە بۆ نوێژی خێزانەكانیش لەماڵەوە ڕاستە و جێبەجێ دەبێت، باوكەكە یان ئەو پێشنوێژە دەتوانێت ڕەچاوی گونجاوترین حاڵەت بكات بۆ نوێژی عیشا، بەڵام بۆ نوێژەكانی تر باشترە لەكاتی خۆی دوا نەخرێت.

9- ئافرەتان لە كاتی نوێژكردنیان لەگەڵ مەحرەمەكانی خۆیان دەتوانن دەنگ بە ئامین بەرز بكەنەوە، بەڵام ئەگەر لە جەماعەتێكدا بن نامەحرمی تێدا هەبێت درووست نییە بە ئامین دەنگیان بەرز بكەنەوە، بەڵكو بە شێوەیەك دەیڵێن كە تەنها خۆیان گوێیان لێبێت، وەكو ابن قدامة رحمه الله لە كتێبی المغني (3/38) دا فەرموویەتی: (وتجهر –يعني المرأة- في صلاة الجهر ، وإن كان ثَمَّ رجال لا تجهر ، إلا أن يكونوا من محارمها فلا بأس ).

10- پاداشتی نوێژی جەماعەت لە بنچینەدا مەبەست لێی ئەو جەماعەتەیە كە لە مزگەوتدا دەكرێت، تەنانەت وەكو زانایان فەرموویانە جەماعەتی دووەمیش كە لە مزگەوتدا دەكرێت هەمان پاداشتی جەماعەتی یەكەمی نییە، ئەگەر وا بوایە نوێژخوێن هەرکەی بۆ مزگەوت بڕۆشتایە جیاوازی نەدەبوو و بۆ خۆی نوێژی جەماعەتی دەكرد، بەڵام لە كاتی هەبوونی پاساودا وەكو نەخۆشی و هەر هۆكارێكی تر كە ڕێگر بێت لە ئامادەبوون لە مزگەوت - بۆ نموونە وەكو ئەم بارودۆخەی ئێستا ئێمە لە كوردستان تێی كەوتووین كە بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە مزگەوتەكان داخراون - لەو حاڵەتەدا هەمان ئەجرو پاداشتی مزگەوتی هەیە، ابن عثيمين لەو بارەوە فەرموویەتی : (المعذورَ يُكتبُ له أجرُ الجماعةِ كاملاً إذا كان مِن عادتِه أن يصلِّي مع الجماعةِ ، لقول النبي صلى الله عليه وسلم: ( إذا مَرِضَ العبدُ أو سافرَ كُتِبَ له مثلُ ما كان يعملُ صحيحاً مقيماً ) . "الشرح الممتع" ( 4 / 323 ) . واتە لەبەر ئەو فەرموودەیە ئەو كەسەی پاساوی هەبێت لە نەڕۆیشتن بۆ مزگەوت و خۆی پێشتر عادەتی وا بوو لە مزگەوت نوێژی دەكرد لەماڵیش نوێژ بكات هەمان پاداشتی نوێژەكانی پێشتری لە مزگەوت دەست دەكەوێت.

11- ئەگەر لە كاتی نوێژ كردنی جەماعەت لە ماڵەوە، پێشنوێژەكە لە خوێندنەوەی قورئاندا هەڵەی كرد یان بیری چوو یان لێی تێكچوو، هاوسەرەكەی یان هەر ئافرەتێكی تر شارەزایی هەبێت دەتوانێت بۆی ڕاست بكاتەوە و بیری بخاتەوە، با پێشنوێژەكە نامەحرەمیش بێت، چونكە دەنگی ئاسایی ئافرەت عەورەت نییە و لەسەردەمی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئافرەتان بەدەنگی بیستراو قسەیان كردووەو پرسیاریان كردووە و ئەوەیان لەسەر قەدەعە نەبووە.

12- نە بۆ نویژی جەماعەت و نە بۆ جومعە درووست نیە لە ماڵی خۆتەوە بە دەنگی ئەو پێشنوێژانەی لە تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ وتۆڕە كۆمەلایەتییەكانەوە پێشنوێژی دەكەن تۆیش نیەتی جەماعەت لەگەل ئەواندا بهێنێت و نوێژ بكەیت، چونكە مەرجی جەماعەتی تێدا نییە و سەفەكانی نوێژ نابێت پچڕانی تێدا بیت و مەرجی تریشی هەیە، بۆیە وەكو ئەوەیە تەنها خۆت نوێژت كردبێت، پرسیار لە شەیخ عبدالعزیز بن باز كرا بۆ ئەم مەسەلە بەم شێوە وەڵامی دایەوە: (يلزمك أن تصلي مع الناس تذهب إلى المساجد وتصلي مع الناس ولا تكتفي بسماع المذياع بل عليك أن تسعى إلى المساجد وتصلي مع الناس ولا تصح صلاتك بالمذياع صلاة الجمعة ولا يحصل لك فضل الجماعة بل تعتبر صليت وحدك ولم تؤد الجماعة)، واتە پێویستە لەسەرت لەگەل خەڵكی بچیت لە مزگەوت نوێژ بكەیت نەك بە دەنگی رادیۆ و نوێژەكەت بەو شێوە نادرووستە و پاداشتی جەماعەتت بۆ نانووسرێت، بەڵكو وەكو ئەوەیە بەتەنها خۆت نوێژت كردبێت.

13- ئاساییەو بەڵگەی لەسونەتدا لەسەر هاتووە كە جێگایەك لە ناو ماڵەكەتدا بۆ نوێژ كردن وەكو (مصلی ) تایبەت بكەیت، وەكو لە سەحیحی بوخاریدا لە فەرموودەی (عتبان بن مالك) دا هاتووە، ئەگەرچی ئەو جێگایە حوكمی مزگەوت وەرناگرێت، بەڵام هەر شایانی پاك راگرتن و ڕێزە، الحافظ ابن رجب رحمه الله لەو بارەوە فەرموویەتی: " مساجد البيوت هي أماكن الصلاة منها ، وقد كان من عادة السلف أن يتخذوا في بيوتهم أماكن معدة للصلاة فيها ...) "فتح الباري" لابن رجب (2/377-380). واتە: مزگەوتی ماڵان بریتییە لەو شوێنانەی كە بۆ نوێژكردن تەرخان دەكرێت، عادەتی سەلەف یش وابوو كە لە ماڵەكانیاندا جێگایەكیان بۆ نوێژكردن ئامادە دەكرد.

14- تێبینییەكی گرنگ هەیە پێم خۆشە كۆتایی ئەم بابەتەی پێ بهێنم ئەویش ئەوەیە: ئەو مزگەوتانەی كە ئاماژەم پێكردووە كە ئەسڵ ئەوەیە نوێژی تێدا بكرێت و پاداشتی گەورەی لێ چاوەڕوان دەكرێت، هەموو مزگەوتیك نییە بەبێ هیچ قەید و شەرتێك واتە هەر مزگەوت بێت و ئیتر تەواو! بەڵكو كۆمەڵە مەرجیك هەیە پێویستە بۆ نموونە لەو پێشنوێژ و وتاربێژەدا هەبێت بەتایبەتی لەڕووی عەقیدە كە ئەویش زۆر باس دەگرێتەوە و هەروەها جوان خویندنەوەی قورئان لە كاتی پێشنوێژیدا و مەرجی تر كە ئێرە جیگای شیكردنەوەیان نییە، ئەگەرچی لەو حاڵەتانەشدا لەگەل دابڕان نیم لە مزگەوت و پێویستە مزگەوتی چاكتر بدۆزێتەوە یان ئەگەریش نوێژی كرد لە پشتی كەەسێكەوە گومان لە دین و ئیمانیدا هەبوو نوێژەكەی دواتر دووبارە بكاتەوەدووبارە و الله أعلم. ئەمە بوو كە پاش بەدواداچوون و بیركردنەوە بە پیویستم زانی باسی بكەم ئەوەشی كە لێم رەتبووە و باسم نەكردووە ئەكرێ دواتر بۆی زیاد بكەم یان لە كۆمێنتەكاندا وەڵامتان بدەمەوە ان شاء الله.
*بۆ نووسینی ئەم بابەت لە سەرچاوەی متمانە پێكراوی جۆراوجۆر سوودم بینیوە.

إحسان برهان الدین
26 رجب 1441



 735

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram