سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  بەشی شەشەم لەشێوازەکانی بانگەواز بە حیکمەت و داناییەوە:
گۆڕینی فۆنت


(ھەڵبژاردنی کەسی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو)

ئەو ھەڵبژاردنەی لێرە مەبەستمانە بریتیە لە دەستنیشان کردنی کەسانێک، کە تایبەتمەندی و لێھاتوویان ھەیە کە یەک دەگرێتەوە لەگەڵ سروشتی ئەو کارەی بۆی دەستنیشان کراون، یاخود سپاردنی کارە بە کەسێک کە جۆرێک لە پەیوەندی ھەیە لە نێوان کەسایەتی ئە و سروشتی ئەو کارەدا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەشێت کەسانێک ھەبن گونجا و ئەمین و لە خودا ترستر بن لە کەسانێکی دیکە، وە تایبەتمەندی زیاتری ھەن سەبارەت بە دین و ژین، بەڵام لەناو خەڵکیدا بە تایبەتمەندییەک زۆر ناسراوە و دەستی بۆ ڕادەکێشرێت بۆیە ھەڵبژێدراوە، تاوەکو ئەوی داوای لێکراوە وەک خۆی بەدی بھێنێت و ئەنجامەکان وەک ئەوەبن کە لێی چاوەڕوان دەکرێت.

شیخ الاسلام ابن تیمیە ڕای وەھابووە کە ئەگەر دووکەس ھەبوون، کەسێکیان ئەمینتر بوو ئەوەی تریش بەھێزتر بوو، کامیان بۆ کارەکە گونجاوتر بوو وە کەمترین زیانی ھەبوو ئەویان پێشدەخرێت بۆ ئەنجامدانی، بۆ کاروباری سەربازی و جەنگی پیاوی بەھێز و بوێر دەبێت دەستنیشان بکرێت ئەگەرچی خراپەشی ھەبوو، نەوەک پیاوێکی لاوازی کەم دەسەڵات گەرچی چاکیش بێت، وەک ئەەی کە پرسییان لە پێشەوا احمد بن الحنبل، ئایا گەر دوو پیاو ھەبوون یەکێکیان بەھێزە و خراپەی ھەیە و ئەوی دی لاوازە و چاکە، لەگەڵ کامیان غەزوە بکرێت؟
فەرمووی: ئەوەی بەھێزە و خراپەی ھەیە، ھێزەکەی بۆ موسوڵمانانەو خراپەکەی بۆ خۆیەتی، ئەوەشی لاوازە و چاکە، لاوازییەکەی بۆ موسوڵمانانە و چاکەکەی بۆ خۆیەتی، بۆیە بەھێزە خاوەن خراپەکە باشترە بۆ ئەو کارە.
شیخ الاسلام ابن تیمیە فەرموویەتی: لەبەرئەم ھۆکارەبوو کە پێغەمبەری خودا ھەردەم خالیدی کوڕی وەلیدی بەکاردەھێنا لەدوای موسوڵمان بوونیەوە، وە فەرموویەتی: خالد شمشێرێکە خودا ڕایکێشاوە لە دژی ھاوەڵ پەیداکەران )، خۆ ابو ژر  لەو لێھاتووتر بوو لە ئەمنەت و ڕاستگۆییدا، بەڵام سەرباری ئەمە پێغەمبەری خودا پێی فەرموو: من دەبینم تۆ لاوازیت ھەیە، من چیم بۆ خۆم پێخۆشە بۆ تۆش پێمخۆشە، ن فەرمان بەسەر دوو کەسدا بکە و نە ببە سەرپەرشتیاری ماڵی ھەتیو.
بەڵام پێشەوایەتی گەورە گرنگییەکی گەورەتری ھەیە، لێرەدا دەبێت ووردتر چاو بە تایبەتمەندی و مەرجەکانی ئەو کەسایەتییەدا بخشێنرێ کە دەستی دەخرێتە سەر،بۆیە تێکڕای پێغەمبەران خاوەنی تەواوترین ئاکار و ڕەوشت بوون و بوێر و خاوەن زانست و تێگەیشتن بوون.
(اللَّهُ يَصْطَفِي مِنَ الْمَلَائِكَةِ رُسُلًا وَمِنَ النَّاسِ إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ بَصِيرٌ) الحج: ٧٥.
(اللَّهُ أَعْلَمُ حَيْثُ يَجْعَلُ رِسَالَتَهُ) الأنعام:١٢٤.
وە لە پێش ئەو ھەڵبژاردنانەی کە محمد ﷺ کردی پێغەمبەر موساش لە سەردەمی خۆیدا پۆلێک کەسی ھەڵبژارد لە پێناو تەوبەکردن و داوای لیخۆشبوون لە خودا، (وَاخْتَارَ مُوسَى قَوْمَهُ سَبْعِينَ رَجُلًا لِمِيقَاتِنَا) الأعراف: ١٥٥.
گومان لەوەشدا نییە کە ھەڵبژاردنەکانی موسی بریتی بوون لە پیاوە تەمەن ھەڵکشاوەکان و ئەوانەش کە خاوەنی چاکترین ڕەوشت و لە خودا ترس بوون.

پێغەمبەر لە ھەڵبژاردندا پشتی بە ڕێبازی خودایی دەبەست، بە ئەنداەی ئەوەی کە ھەڵبژاردنەکە گەورە و گرنگ بوو، ئەو کەسانەش کە دەستیان دەخرایە سەر تایبەتمەندییەکانییان ھاوتای گرنگی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە دەبۆوە، ئەمەش چەند نموونەیەکە:

● ( عبداللە بن انیس ) ھەڵبژارد بۆ لەناو بردنی ( خالد بن سفیان الھذلی ) گەورەی ھذیل، چونکە عبداللە پیاوێکی بە سام بوو لە کاتی دیتنیدا موچرکە بە گیاندا دەھات، وە ھەرگیز عبداللە سڵی لە ھیچ پیاوێک نەدەکردەوە.

● شمشێرەکەی خۆی نەدا بە کەس جگە لە (ابی دجانة) کە لە ڕۆژی ئوحود فەرمووی: کێ دەیبات و مافی خۆی دەداتێ؟ ھاوەڵانی بوێری وەکو ( الزبیر بن العوام ) ھەستان بۆ بردنی بەڵام پێغەمبەری خودا دەیزانێ کێ مافی تەواوی دەداتێ، بۆیە بەخشی بە (ابی دجانة).

ھەڵبژاردنی (عمرو بن العاص) وەک ئەمیری ( المھاجرین – الانصار ) لە غەزوەی ( ذات السلاسل ) لە کاتێکدا گەورە ھاوەلانی وەک ابو بکر و عمر ھەبوون، ئەمەش لەبەرئەوە بوو کە عمرو زیرەک و لیھاتوو و بیرتیژ بوو، وە ئەو خێڵانەش کە ئەم ببوە ئەمیریان خاڵەکانی بوون، تاوەکو باشتر لەگەڵی بن، ئەویش سەنگەری دوژمنی شکان و تۆقاندنی.

تێبینی ئەوە دەکەین کە پێفەمبەری خودا لەو کاتەی کە کۆتا نەخۆشی گرت ئەمی ھەڵنەبژارد تا لەبری خۆی ببێتە ئیمامی موسوڵمانان لە نوێژدا، چونکە ئیمامەتی کردن لە نوێژدا بە ئامادەبوونی خودی پێغەمبەر بە واتای ئامادەباشی دێت بۆ پێشەوایەتی کردنی گەورە، بۆیە پێشەوا ابو بکری دیاری کرد، ھەروەھا کردییە بریکار تاوەکو حەج بە خەڵکەکە بکات، چونکە ھەردوو بوارەکە لە تایبەتمەندی پێغەمبەری خودا خۆی بوون کەس چاوەڕێی ئەوە نەبوو کەسێکی دیکە بکاتە پێشنویژ لە کاتێکدا خۆشی لەوێیە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە ھات کە ئەم کەسە دوای وەفاتی لە جێی ئەو دەبێت، بۆیە کاتێک پیًشەوا عمر چووە پێشەوە فەرمووی: خودا و موسوڵمانان تەنھا ابو بکریان دەوێت.
لەم باسەوە ئەوە تێدەگەین کە: پێشەوایەتی کردنی گەورە، تایبەتمەندی تایبەت بە خۆی دەوێت کە لەو کەسەدا ھەبێت، گشتگیربێت بۆ ھەموو بنەما ئیسلامییەکانی وەکو ( زانست و تێگەیشتن/ لە خودا ترسان و دونیا نەویستی/ دانایی و ئەزموون و پێشینە و پێگە...ھتد) بەڵام باقی ئەرکەکان ئەوەی لە توانای ھەموو خەڵکدان، بە پێی سروشتی کارەکەو ھەبوونی ئەو تایبەتمەندییانەی ئەم کارە دەیخوازێت لە کەسەکاندا بڕیاری لەسەر دەدرا، دەبینین مەرج و تایبەتمەندییەکان ھەمە چەشن بوون، وەک ھەبوونی زانست و تێگەیشتوویی، ئازایەتی و بوێری و بیرتیژی و وەڵامی ئامادە و خێرا، ھێزی بەڵگە و جوانی ڕووخسار و ڕووکەش، ئەزموون و بوونی پەیوەندی لە نێوان نێردراوان و ئەوانەی بۆلایان نێدراون.

ھەڵبژاردنی ( دحیة بن خلیفة الکلبی ) و ناردنی بۆلای ھرقل گەورەی ڕۆم، ئەم پیاوە ڕووخسارێکی زۆر جوانی ھەبوو وە لەناو خەڵکیدا کەم بوو ھاووێنەی، جبریل سەلامی خودای لەسەربێت خۆی دەخستە سەر شێوەی ئەو، خاوەن زانست و تێگەیشتوو بوو، گەیشتە لای گەورەی ڕۆم و پێی ووت: ئەی قەیسەر کەسێک ناردومی لە من و خۆت چاکتر، بە ملکەچییەوە گوێ بگرە، بە ڕاوێژەوە وەڵامیش بدەرەوە، چونکە گەر لە گوێگرتن ملکەچ نەبوویت تێناگەیت، گەر ڕاوێژیشت نەکرد دادگەر نابیت، ووتی: دەی بڵی.....فەرمووی: ئایا دەزانی کە مەسیح نوێژی دەکرد؟ ووتی: بەڵێ دەزانم، فەرمووی: دەی من بانگت ئەکەم بۆلای ئەو زاتەی مەسیح نویًژی بۆ دەکرد، بانگت دەکەم بۆلای ئەو زاتەی کاروباری ئاسمان و زەویشی ڕێکخستووە لە کاتێک کە ھێشتا مەسیح لەنێو ڕەحمی دایکی بووە، بانگت دەکەم بۆلای ئەم پێغەمبەرە نەخوێندەوارە، کە موسی مژدانەی داوە بە ھاتنی، دوای ئەویش عیسی موژدانەی داوە بە ھاتنی، تۆش بەشی پێویست زانستت ھەیە و دەتوانیت لە ڕاستی ئەم ھەواڵە دڵنیا بیت، گەر بە دەمییەوە ھاتی دونیا و قیامەتیشت بۆ ھەیە، گەر ڕەتیشت کردەوە قیامەتەکەت دەڕوات و لە دونیاکەشدا ھاوەڵت بۆ پەیدا دەبێت، بشزانە تۆ خودایەکت ھەیە گەورەکان دەخات و نیعمەتەکان دەگۆڕێت.

گەر بڕوانینە دۆخی (دحیة) و قسەکانی، دەبینین پڕبوو لە بوێری، لە ھێزی بەڵگە و دانایی و زانست و تێگەیشتن، ھاندان و ترساندن، بوێرییەکەی وای لێکرد بە ڕاشکاوی بڵێت ئەوەی ناردومی لە ھەردووکمان باشترە، پاشان بەرچاوڕوونی پێدا کاتێک پێی وت ( بە ملکەچییەوە گوێ بگرە، بە ڕاوێژەوە وەڵامیش بدەرەوە......) پاشان بیری خودای ھێنایەوە کە گەورەکان دەشکێنێت، لە زیرەکی خۆیدابوو لێی پرسی: دەزانیت کە عیسی نوێژ دەکات، گەر خودا بوایە چۆن نوێژی بۆ غەیری خۆی دەکرد؟ پاشان سەرنجی بۆلای باسێکی گرنگ ڕاکێشا کە بریتی بوو لەوەی کە اللە تعالی کاروباری ئاسمان و دونیای پێچ لە دایک بوونی عیسی ڕاپەڕاندووە،ڕاستس پێغەمبەر عیسای تێگەیاند، پاشان یادی ھێنایەوە کە تەورات و ئینجیل مژدەی ھاتنی محمدیان داوە، لە دانایی خۆی بوو کە ووتی: ( بە ملکەچییەوە گوێ بگرە، بە ڕاوێژەوە وەڵامیش بدەرەوە ) پاشان بۆ ئەوەی توڕە نەبێت پاساوی بۆ ھێنایەوە کە لەبەرچی وادەڵێت کاتێک فەرمووی: (چونکە گەر لە گوێگرتن ملکەچ نەبوویت تێناگەیت، گەر ڕاوێژیشت نەکرد دادگەر نابیت )، دواتر ئەو دەیزانی کە قەیسەر موڵکەکەی خۆی خۆش دەوێت، بۆیە ترساندی بەوەی گەر بە دەم ئەم داوایەوە نەیەت موڵکی لە دەست نامێنێت، وە جەختی لەوەش کردەوە گەر موسوڵمان ببێت ھەروەک خۆی دەمێنێت، ئەمانە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم نێردراوە دانایەی پێغەمبەری خودا بوون بۆلای یەکێک لە ھەرە گەورەترین پاشاکنی سەردەمی خۆی لە زەویدا.
ھەروەھا تایبەتمەندییەکەی دیکەشی ئەوەبوو کە ڕووخساری زۆر جوان و سەرنج ڕاکێش بوو، کە لەگەڵ ڕووکەشی جوانی ڕۆمەکان یەکی دەگرتەوە کە  قژ زەرد و چاوی شین بوون، وە ئەوانیش بە ڕووکەشی جوان کاریگەر دەبوون، بۆیە پێغەمبەری خودا جوانی ڕووخساریشی دایە پاڵ ژیری ئەقڵی و ھەڵیبژارد، تاوەکو باشتر بێت کە بێن بە دەم بانگەوازەکەیەوە.

 ھەڵبژاردنی ( حاطب بن ابی بلتعة ) و ناردنی بۆلای ( مقوقس ) چونکە خاوەنی وەڵامی دەستبەجێ و بەڵگەی بەھێزبوو، تێگەیشتنێکی باشیشی ھەبوو، پێشەوا البیھقی باسێکمان بۆ دەگێڕێتەوە لە عبدالرحمن بن حاگب ئەویش لە باوکییەوە کە فەرموویەتی: پێغەمبەری خودا منی نارد بۆلای مقوقس پاشای ئەسکەندەرییە، منیش بە کتێبی خوداوە چوومە لای، شوێنێکی بۆ دابین کردم تیایدا مامەوە و دواتر ناردی بە دوامدا و کەسایەتییە گەورەکانی دەوری خۆشی کۆکردبوەوە، پێی ووتم: من دەربارەی باسێک لێت دەپرسم پێم خۆشە تێمبگەیەنیت، منیش ووتم: بڵێ.....ووتی: دەربارەی ئەم ھاوەڵەت پێم بڵێ ئایا پێغەمبەر نییە؟ ووتم: بەڵێ پێغەمبەری خودایە.
ووتی: دەی پێمبڵێ بۆچی دوعای لە گەلەکەی نەکرد کاتێک لە خاکی خۆی دەریانکرد بۆ جێگەیەکی دیکە؟ منیش ووتم: ئەی تۆ شاھێدی نادەی کە عیسای کوڕی مەریەم پێغەمبەرە؟ ووتی: بەڵێ.....ووتم: ئەی بۆچی ئەو کاتێک گەلەکەی بردیان تا لە خاچی بدەنوعای نەکرد لێیان لەو کاتەدا کە خودا بەرزی کردەوە بۆ ئاسمان؟ ووتی: تۆ دانایت و لەلای دانایەکیشەوە ھاتویت، پێم ووت: پێش تۆ پیاوێک ھەبوو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە خودای ئاسمان و زەویشە، خودای گەورەش کردی بە پەندی ھەردوو دونیا و تۆڵەی لێکردەوە، جا تۆش پەند لەوانی دیکە وەربگرە تا خۆشت نەبیتە پەند بۆ غەیری خۆت، ئەم پێغەمبەرە بانگی خەڵکی کردووە، لەسەر عەرەب زۆر توندە، زۆریش دوژمنی یەھودە،بەڵام لە ھەموویان نزیکترە لە مەسیحییەکانەوە، وە موژدانەی موسی سەبارەت بە عیسی چۆنە، موژدانەی عیساش سەبارەت بە محمد وەھایە، بانگ کردنی ئێمەش بۆ تۆ وەک بانگ کردنی شوێن کەوتوونی تەوراتە بۆلای ئینجیل، ھەر گەلێک شوێنی پێغەمبەرێک کەوتن ئەوا دەبنە ئوممەتی ئەو پێغەمبەرە، حەقە لەسەریان کە گوێڕایەڵی بن، تۆش لەو کەسانەی کە بانگەوازی ئەم پێغەمبەرەت پێگەیشتووە، ئێمە نەھیشت لێناکەین لە دینی مەسیح بەڵکو فەرمانت پێدەکەین.
ئەم وتانەی (حاطب ) شیکردنەوەیان ناوێت، ھەمووی بریتیە لە دانایی و بەڵگەی بەھێز، کاتێکیش ووتی: ( ئێمە نەھیشت لێناکەین لە دینی مەسیح بەڵکو فەرمانت پێدەکەین ) بۆ ئەوە ووتی چونکە ئەگەر مقوقس بە تەواوەتی وابەستەی دینی مەسیح بێت ھەرخۆی شوێن محمد دەکەوێت چونکە دینەکەی ئەو داخوازییەی لێی ھەیە.

ھەڵبژاردنی بۆ پیاوانی بە توانا و لێھاتوو بۆ زۆرانبازی لەگەڵ قوڕەیش لە رۆژی بدر، وەک: پێشەوا حمزەو پێشەوا عەلی و عبیدة بۆ بەرەنگار بوونەوەی عتبة و شیبة و ولید بن العتبة.
نموونەی دیکەش سەبارەت بەم باسە ھەیە لە ژیاننامەی پێغەمبەری سەروەردا، بەڵام لە پێناو درێژ نەبوونی باسەکە لێرەدا تیشکی ناخەینە سەر ھەرکەس مەبەستی بوو دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆیان.

ئامادەکردن و وەرگێڕان: م. باوان بھاءالدین


 806

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram