سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  بەشی دووەم لەشێوازەکانی بانگەواز بە حیکمەت و داناییەوە:
گۆڕینی فۆنت


(ڕەچاوکردنی ئەو لایەنە جیاوازانەی لەناو کەسایەتی کەسانی بانگكراودا بوونیان ھەیە)

ھەموو مرۆڤێک بەوە دەناسرێتەوە کە تایبەتمەندی و لێھاتووی خۆی ھەیە کە جیای دەکاتەوە لە کەسانی دیکە، ئەم تایبەتمەندی و لێھاتووییانە پایەی کەسایەتی مرۆڤن، کەسانێک ھەن جیاواز دەرکەوتوون لە کەسانی دیکە بەوەی لە ھەندێک لەم تایبەتمەندییانەدا بەھێزتر بوون، ھەیە ناسراوە بە بوێری، ھەیە بە ڕێزداری، ھەیە بە شکۆ و پێگەی کۆمەڵایەتی و حەزی سەرکردایەتی، ھەیە ناسراوە بە زاستویستی، ھەیە ناسراوە بەوەی خاوەنی دینی چەوت و بەتاڵە، ھەیە بە زیرەکی و کار ڕاپەڕاندن، ھەیە بەوەی ئەقڵی بە شتەکان دەشکێت..
بانگخوازی لێھاتوو ئەو کەسەیە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ کەسەکاندا بکات لەسەر بنەمای جیاوازییە تاکە کەسییەکانیان، ئەمەش بە مەرجی سەرەکی سەرکەوتن ھەژمار دەکرێت لە ڕووی سیاسی و سەربازی و پەروەردەیی و فێرکاری و بەڕێوەبردن و میدیایی، بەڵکو ئەم باسە ھەموو لایەنێکی ژیانی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە تەنانەت ھەرکەس نەزانێت مامەڵە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی مرۆڤدا بکات شکست دەھێنێت لە پێشەوایەتی کردندا.

پێغەمبەرﷺ بۆ ھەموو جێگەیەک ئاخاوتنی گونجاوی خۆی ھەڵدەبژارد، بۆ ھەموو کەسێک کە بانگی دەکرد ڕێکاری تایبەت بە خۆی، کەواتە لە ئاکاری پێغەمبەری خودا بوو ھەڵبژاردنی ڕێکاری گونجاو کە لە کەسە جیاوازەکان یەک بگرێتەوە، ئەم داناییەی باسی لێوەدەکەین کاریگەری لەسەر دەروون جێدەھێلێت، سینە بۆی فراوان دەبێت و ئەقڵ بە ڕوویدا دەکرێتەوە، خەڵکی بە زوویی بەدەم بانگەوازەوە دێن گەر بانگەوازەکە لە قەبارەی ئەقڵ و ھۆشی ئەوان بێت، دەچووە نێو دڵیانەوە لەو لایەنانەوە کە ئەوان پێی دەناسرانەوە و تیایدا باڵادەست بوون، ئەمەش وادەکات خەڵکی باشتر بچن بەدەم بانگەوازەوە، بۆ نموونە: ئەو کەسەی کە خاوەن پێگەیە حەزی لێیە لە لایەنێکەوە گرنگی پێبدرێ کە وای لێدەکات ئەمین بێت لە پێگەکەی، سەرکردەی بوێر کە دەبینێت ڕەچاوی پێگەکەی دەکرێت لە لایەن ئەو کەسەی بانگی دەکات ھیچ ھۆکارێکی نیە بۆ ئەوەی لەم بانگەوازە ڕابکات.

لێرەدا باسی ھەندێک نموونە دەکەین لە ژیانی پێغەمبەری خوا کە چۆن گرنگی بەم لایەنە داوە لە کاتی بانگەواز کردن بۆ ئیسلام:

یەکەم: ڕەچاو کردنی کەسانی زانستخواز:

مەبەست لەمە ئەوەیە کە پێغەمبەری خوا ئاخاوتنی لەگەڵ ئەو کەسانەی زانستخوازن  وە ئەوانەش کە گرنگی پێدەدەن بە شێوەیەک دەکرد  کە لەگەڵیان دەگونجا و وەھا ڕەفتاری لەگەڵ دەنواندن کە ئەوان لە نەزانی دوورن ئەمەش وەسفێک بوو کە سینەی ئەوانی فراون دەکرد، درکیان بەوە دەکرد کە پێغەمبەری خودا گرنگیان پێدەدات، بۆ ئەوەش کە ئەو کەسەی زانستی لایە خۆ لەلاگەورە نەبێت.

نموونەکانی سوننەت:

پێشەوا مسلم لە ابن عباس ەوە دەیگێڕێتەوە کە: ( ضماد بن ثعلبة الازدی ) ھاتە مەککە، ئەم پیاوە ڕوقیەی دەکرد، بیستی کە کەم ئەقڵەکانی مەککە دەڵێن: محمد شێتە، ئەویش ووتی: بریا چاەوم پیی بکەوتایە بەشکە لەسەر دەستی من خودا شیفای بدات....دواتر گەیشت بە پێغەمبەر و ووتی: ئەی محمد من ڕوقیە دەکەم و خوداش لەسەردەستی من شیفای ھەر کەسێک دەدات کە زاتی خۆی بیەوێت، تۆ ناتەوێ ڕوقیەت بۆ بکەم؟ پێغەمبەریش فەرمووی: (إن الحمد للە، نحمدە ونستعینە، من یھدە اللە فلا مضل لە، ومن یضلل فلا ھادی لە، وأشھد أن لا إلە إلا اللە وحدە لا شریک لە، وأن محمدا عبدە ورسولە، أما بعد....وتی ئادەی ئەم ووشانەم بۆ دووپات بکەرەوە، پێغەمبەری خوداش سێجار بۆی دووپات کردەوە، پاشان وتی: من گوێبیستی وتەی فاڵگرەوە و جادووباز و شاعیرەکانیش بووم بەڵام وەک ئەم وشانەم گوێ لێنەبووە کە دەگەن بە نێوەڕاستی دەریا، بۆیە بە پێغەمبەری ووت: دەستم بدەرێ پەیمانت پێدەدەم لەسەر موسوڵمان بوونم، پێغەمبەریش فەرمووی: ئەی گەلەکەت؟ ووتی: پەیمانت لەسەر ئەوانیش پێدەدەم.....لە دواتردا پێغەمبەر پۆلێکی نارد تا تێپەڕن بەلای گەلەکەیدا و پێی فەرموون: ھیچتان لەم گەلەوە دەست کەوتوە؟ ووتیان: دەفرێکی خۆ پاکژ کردنەوە...فەرمووی بیگێڕنەوە ئەوانە گەلی چمادن.
پێغەمبەری خودا دەیزانی کە (ضماد) شارەزایی ھەیە سەبارەت بە سروشتی کارەکانی و دەزانێت ئەوەی پێغەمبەری خودا دەیڵێت لە تایبەتمەندی شێتی یا فاڵ و جادووبازی نیە، بەو قسەیەشدا کە (ضماد) کردی و ووتی (خودا لەسەر دەستم شیفای ھەرکەسێ دەدات زاتی خۆی بیەوێت) کە زۆر دوور نیە لە خوداوە بۆیە قسەیەکی بەرامبەر کرد تا بزانێت کە پێغەمبەری خوداش پەیوەندی بە خوداوە ھەیە.

لەو نامەیەدا کە بۆ سەرانی ( نجران ) لە دەستپێکیدا نووسی: ( بە ناوی خودای ابراھیم و اسحاق و یعقوب، لە محمدەوە نێردەی خودا بۆ سەرانی نجران، ئایا ئێوە ئاشتی خوازن؟  من ستایش دەکەم لە ئاستی خودای ابراھیم و سلیمان و یعقوب، بانگتان دەکەم لە پەرستنی بەندەوە بۆ پەرستنی خودای بەندەکان، گەر بە دەممەوە نەھاتن دەبێت جزیە بدەن، گەر نا جەنگتان لە دژ ڕادەگەیەنم....و السلام).
پێغەمبەر بە (بسم اللە الرحمن الرحیم) دەستی پێنەکرد، مەبەستی لەم کارە ئەوەبوو کە ئەوان بگێڕێتەوە بۆ بنەمای دینەکەیان، کە ئەوان شوێن کەوتەی ابراھیم و اسحتق و یعقوبن، بەمەش سەرنجی بۆلای بەڵێنی خودا بە ابراھیم ڕادەکێشانەوە کە پێی فەرمووبوو لە نەوەی اسماعیل پێغەمبەرێک دێت، وە لە نووسینی پەیمانی ئاشتی نێوان خۆیا و ئەوان سەرنجی ڕاکێشان بەوەی نووسی (ئەمە نووسراوێکە لە لایەن محمد، پێغەمبەرە نەخوێندەوارەکە)  چونکە دەستەواژەی  (الأمي) لای ئەوان ناسراوبوو.
شتێکی دیکەش کە پێغەمبەری خودا ئەنجامیدا و پێغەمبەرایەتی خۆی پێ سەلماند ئەوەبوو کە ڕەتی کردەوە بێنە لای لەگەڵیان بدوێت لەبەرئەوەی پۆشاکی ئاوریشمیان کردبووە بەریان و مستیلەی ئاڵتوونیان لە پەنجەکردبوو، تاوەکو نیشانیان بدات دونیا لەلای کەم بایەخە، کە ئەمەش پێچەوانەی حەزی دونیا ویستان فەرمانڕەوایانە کە زۆر گرنگی بە ڕازاوەیی ڕووکەشیان دەدەن، پێی فەرموون: بانگتان دەکەم لە پەرستنی بەندەوە بۆ پەرستنی خودای بەندەکان، بانگتان دەکەم تاوەکو خودا بە گەورە بزانن نەوەک بەندەکان، چونکە لە بەگەروە زانینی بەندەکان دڵسۆزی بۆ خودا نامێنێت، بەمەش ڕێی لێگرتن کە بڵێن: ئێمەش لەسەر دینی پێغەمبەرێکی وەکو تۆین ئەگەرتۆش پێغەمبەر بێت.

ھەمان شێوازی دووپاتکردەوە لەگەڵ (عدی بن حاتم) کاتێک چووە سەر دینی (النصرانیة) و کاتێک پێغەمبەری خودا داخوازی موسوڵمان بوونی لێکرد وتی: من لەسەر دینێکم....ئەویش پێی فەرموو: من شارەزای دینەکەتم.....عدی ووتی: تۆ شارەزاتری بە دینەەکەم لە من؟؟ پێغەمبەر فەرمووی: تۆ سەر بە ڕێبازی (الرکوسیة) نیت؟ تۆ یەک لەسەر چواری ئەو ئاژەڵانە ناخۆی کە لە جەنگ دەستدەکەون؟ ووتی: بەڵێ...فەرمووی: دەی ئەوە لە دینەکەتدا (النصرانیة) ڕێپێدراو نییە.
عدی دەڵێت: ھە ئەوەندە کە وای فەرموو نەرم بووم و زانیم پێغەمبەرێکی نێردراوە و ئەوەی لای خەڵک نەزانراوە دەیزانێت، بۆیە عدی ڕێگایەکی بۆ نەمایەوە کە وای لێبکات باوەڕ نەھێنێت چونکە ئەم جۆرە باسانە کەسێک نایزانێت پێغەمبەر نەبێت.
پێغەمبەر ھەستی بەوەکرد عدی متمانەی تەواوی بە ڕاستی ئەو ھەیە بەڵام شتانێک بەربەستیان بۆ دروست کردووە کە بێتە ناو ئیسلامەوە، کە ئەوانیش شتگەلێکی ماددی بوون و ئاکامی خۆشویستنی ئەو بوون بۆ دونیا و تیڕوانینە کورت بینەکەی بوون، بۆیە ویستی خۆی ئەم تەم و مژە لاببات و بۆی ڕاست بکاتەوە، بۆیە فەرمووی: عدی دەشێت ئەوە وات لێبکات نەیەیتە ناو دینەوە کە دەبینیت ئەوان ھەژارن، بەڵام سوێند بە خودا نزیکە سامان بە سەریاندا ببارێت بە ئەندازەیەک کەس نەبێت کۆی بکاتەوە، یاخود لەبەرئەوەی دوژمنیان زۆرە و ژمارەیان کەمە، سوێند بە خوا نزیکە ببیست کە ئافرەت لە قادسیەوە بە سواری ئاژەڵ دەچێت بۆ سەردانی کەعببە، یاخود لەبەرئەوەی وای دەبینیت کە تەنھا فەرمانڕەوا لە ناویاندا خاوەن دەسەڵاتە، سوێند بە خوا نزیکە ببیستی کە کۆشکی سپی لە بابل بە ڕوویاندا دەکرێتەوە....
عدی ووتی: موسوڵمان بووم.....ئاخاوتنی پێغەمبەری خودا لەگەڵ عدی ئەم شێوەیە بوو کە یەکی دەگرتەوە لەگەڵ ئاستی ئەو، لەگەڵ ھەڵپەی ئەو بۆ ژیان و ڕوانینە مادییەکەی، بۆیە لاوازی ئەوی چارەکرد و دڵەڕاوکێکەی نەھێشت، بەو ووردەکارییەی لەناو سینەیدا پەنگی خواردبۆوە لەگەڵی دوا، ھەڵەی خۆی بۆ دەرخست و ھانی دا لەسەر ئیسلامەکەی.

نووسینەکانی بۆ بۆ فەرمانڕەوا و کەسایەتیە گەورەکانی (نصاری) ناسرابوون بەوەی دەست پێدەکەن بە ( لە محمدەوە بەندە و نێدراوی خودا) لەگەڵ ھێماکردن بۆ عیسا و دایکی سەلامی خودایان لەسەربێت ھەندێک جار و ھەندێک جاریش بە تاک دانانی پەروەردگار لە گوێڕایەڵی و بەندایەتی، بەڵام نووسینەکانی بۆ ھاوەڵ پەیداکەران لەم زاراوانە دوور بوون و کورت دەبوەوە لەوەی کە ئەو پەیامبەری خودایە و بانگیان دەکات بۆ بڕوا ھێنان بەم دینە، لەمەشدا ھێمابوو بۆ مەسیحییەکان کە ئێمە لەگەڵ ئێوەدا ھاوتاین لە بڕوا بوونمان بە عیسا و ئەوەی بۆی نیًردراوە لە ئاسمانەوە، وەک لە نامەکانی بۆ (اھل نجران – النجاشی – المنذر بن ساوی – ھرقل – المقوقس) ئەم ڕاستییە دەردەکەوێت، لەم نامانەشدا نەرمی نواندن و لەگەڵ ھەڵکردنێکی دیبلۆماسسانەی تێدابوو لە لایەن پێغەمبەری خوداوە تا بە سەرانی (النصاری) بڵێت ئیسلام لەگەڵ ئێوە ھاوتایە لە ھەندێک لایەنی نێوان ئیسلام و مەسیحییەت یان یەھودیەت وەک لە نامەکەی بۆ خەڵکی خەیبەر، پاشان ھیوای خێری فراوانی لە دونیا و قیامەت بۆ دەکردن گەر بە دەم بانگەوازی ئەم دینەوە بێن، کە تەواوکردنی ڕێبازی موسا و دواتریش عیسایە سەلامی خودایان لەسەربێت و ئەوانیش ھەر لەسەر ڕێبازی ئیسلام ڕۆیشتوون.


دووەم: ڕەچاوکردنی بۆ لایەنەکانی ھێز و بوێری:

ابن اسحاق دەگێڕێتەوە: (رکانة بن عبد  یزید بن ھاشم بن المطلب)  لە بەھێزترین پیاوەکانی قوڕەیش بوو، ڕۆژێک  لە پەنایەکی مەککەدا لەگەڵ پێغەمبەری خوا تەنیا کەوت، پێی فەرموو ( ئەی رکانە...لە خودا ناترسیت و ئەو بانگەوازە قبوڵ بکەیت کە پێم گەیاندووی؟) ووتی: گەر بزانم ئەوەی تۆ دەیڵێی حەقە شوێنت دەکەوم، پێغەمبەریش فەرمووی: ئەی ئەگەر زۆرانت لەگەڵ بکەم بە حەقم دەزانیت ئەوکات؟ ووتی: بەڵێ...فەرمووی: دەی ھەستەوە با زۆرانت لەگەڵ بکەم. زۆرانیان کرد و پێغەمبەر دای بە زەویدا و نەیتوانی ھیچ بکات، ووتی: محمد دووبارەی دەکەینەوە، دووبارەیان کردەوە و بە ھەمان شێوە پێغەمبەر دایەوە لە زەوی، رکانە ووتی: محمد ئەمە نامۆیە، تۆ من لە زەوی دەدەی!! پێغەمبەر فەرمووی: گەر ئیمان بھێنیت لەوەش نامۆترت نیشان دەدەم...ووتی : چیە ئەو شتە؟ فەرمووی: ئەو درەختەی چاوت لێیەتی بانگی دەکەم بێتە ئێرە، ووتی: دەی بانگی بکە...پێغەمبەر بانگی کرد و ھاتە بەردەستی، پاشان پێی فەرموو بگەڕێوە جێی خۆت و گەڕایەوە...پاشان رکانە گەڕایەوە لای گەلەکەی و ووتی: ئەی نەوەکانی عبد المناف لەسەر زەویدا نەمدیوە لەو جادووبازتر، پاشان بۆی گێڕانەوە چی دیوە و چی کردووە.
پێغەمبەری خودا دەیزانی رکانە سەرسامە بە ھیزی خۆی و بەوەی کەس نەیتوانیوە لە زۆراند بیدا لە زەوی، بۆیە لەو دەروازەیەوە بۆی چوو کە بەشێکی زۆری لە ھزر و پێکھاتەی کەسایەتی پێک ھێناوە، پاشان تاوەکو ئەم ساتە لە مێشکیدا ھەر بمێنێتەوە و ڕۆژێک وەھای لێبکات حەق ببینێت و شوێنی بکەوێت.

سێیەم: ڕەچاوکردنی بۆ لایەنی خۆشویستنی پێگەو پێشەوایەتی:

پێغەمبەری خودا ڕەچاوی ئەم لایەنەشی کردووە لە ژیانی بانگەوازیدا، وەک ئەوەی لای ( ابی سفیان بن الحرب ) کردی، لە کاتی فەتحی مەککە فەرمووی: ھەرکەس بچێتە ماڵی ابی سفیان ئەمینە،ھەرژەندە ئەم ھەڵوێستە نەھی لێکراوە لە ئیسلامدا، بەڵام پێغەمبەری خودا ویستی ئەم لایەنەی کەسایەتی ابی سفیان تێربکات، تاوەکو بیکاتە کلیلی ئەمانەت لە کاتی چوونی بۆ مەککە بۆ ئەوەی خوێن ڕشتن ڕوونەدا، بەمەش دڵی نەرم بکات، بۆ ئەوەش کە ھەست بکات کە پێگەکەی پارێزراوە لە ناو کەسەکانیدا سەرباری ئەوەی موسوڵمان بووە.
جارێکیش لە نێردەی ھوازن ی پرسی سەبارەت بە ( مالک بن عوف ) کە سەرقاڵی چییە؟ ووتیان لە ناوچەی تائیفە، پێی فەرموون:
پێی ڕابگەیەنن گەر بە موسوڵمانی بێتە لام خانەوادە و ساماەکەی بۆ دەگێڕمەوە و سەد ووشتریشی دەدەمێ، کاتێک ئەم ھەواڵە بە مالک ەیشت خۆی گەیاندە لای پێغەمبەر و موسوڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاند و بە چاکیش موسوڵمان بوو، پێغەمبەریش خانەوادە و سامان و سەد ووشتری پێدا.
دوای موسوڵمان بوونی ڕۆڵێکی باشی ھەبوو لە بەرتەسک کردنەوەی گەمارۆ لەسەر ( ثقیف )، پاشان پێغەمبەری خودا کردییە لێپرسراوی ئەو کەسانەی موسوڵمان بوون لە گەلەکەی ە ھۆزەکانی ( ثمالة – سلمة – فھم )، دەجەنگا پێیان لەگەڵ ( ثقیف)، دەگەیشتە سەر ھەموو کەسێک لە ( ثقیف) ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە ترسانیان و دواتریش ھاتنە نێو ئیسلام.
پێغەمبەری خودا بە ژیری و بەھرە سەرکردایەتییە ناوازەکانی خالیدی کوڕی وەلیدی دەزانی، بۆیە بە برای خالیدی فەرموو: خالید لە کوێە؟ ئایا دەبێت نموونەی ئەو نەزان بێت سەبارەت بە ئیسلام؟ گەر بیزانیانە دەھات بەرەو ئیسلام و بۆ خۆی خێربوو وە ئێمەش پێشمان دەخست بەسەر کەسانی دیکەدا، ئەویش ئەمەی کردە نووسین و بۆ خالیدی ڕەوانە کرد، خالید دەڵێت: کاتێک نووسینەکەم پێگەیشت گورج و چالاک بوومەوە و خواستم لەسەر ئیسلام زیادی کرد، خۆشحاڵ بووم کە پێغەمبەری خودا لێمی پرسیوە، کاتێک گەیشتە نزیکی مەدینە پێغەمبەری خودا ھەواڵی پێگەیشت و دڵخۆش بوو، براەی خالید پێی ڕاگەیاند کە خێرا بکات چونکە پێغەمبەری خودا چاوەڕوانییەتی و دڵخۆشە بە ھاتنی...خالید دەڵێت: کە ئەوەم بیست خێرام کرد و دیتم پێغەمبەری خودا ڕووگەشەو بە ھاتنم و پێدەکەنێت، چوومە بەردەستی و وتم: (اشھد ان لا الە الا اللە و انک رسول اللە)، پێغەمبەر فەرمووی وەرە: ستایش بۆ خودا کە ھیدایەتی دایت و من دەمزانی پیاوێکی ژیریت و لە خوام داوابوو بەخێرو سەلامەتت بکات.

کاتێکیش ( عکرمە ) ھات بۆ موسوڵمان بوون پێغەمبەری خودا لە خۆشیدا بە بێ پۆشینی شاڵەکەی سەرشانی چوو بەرەو پیری.
کاتێکیش ( عبداللە بن سھیل بن عمرو ) داوای ئەمانی کرد بۆ باوکی پێغەمبەر پێیدا و بە دەوروبەرەکەشی فەرموو: ھەرکەس ( سھیل )ی بینی بە ڕووی گرژەوە بۆی نەڕوانێت، با بێت سوێند بە خودا سھیل ژیری و شکۆی ھەیە، نموونەی سھیل نەزان نابن بە ئیسلام، قەدەری خودا بە شێوەیەک بوو کەس نەیتوانی ڕەتی بکاتەوە، بە یاوەری پێغەمبەر چوو بۆ (ھوازن ) پاشان لەسەر ھاوەڵ پەیداکردن نەما و موسوڵمان بوو، سەرباری ئەوەی ( عکرمە – سھیل) لەو کەسانە بوون کە بەرەنگاری سوپای ئیسلام بوونەوە لە کاتی ھاتنە ناو مەککە.

وە لە کاتی پێشوازی کردنیشی لە ( عدی بن حاتم الطائی ) کە گەورەی گەلی خۆی بوو بردییە ماڵی خۆی ئەمەش گوزارشت بوو لەوەی کە ڕەچاوی لایەنی پێگە و شکۆی کەسایەتییەکان دەکات کە ئەمەش دەبووە ھۆکار بۆ ئەوەی لە نێوان ئەوان و ئیسلام بیانوویەک نەمێنێت، ئیسلام ئەوان لە باوەش دەگرێت و لە پێگەی خۆیان خۆیان دەیانھێلێیتەوە و وەبەرھێنان لە بەھرەکانیاندا دەکات و نەش و نمای پێدەدات بە ئەندازەی ئەوەی بە ڕاستی دەبینێت. 


ئامادەکردن و وەرگێڕان: م. باوان بھاءالدین 


 962

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram