أسلوب الدعوة بالحکمة شێوازەكانى بانگەواز بە حيكمەت و داناييەوە (الدعوة): لە ڕووی زوبانەوانییەوە: دعوت اللە ادعوە دعاء، واتا لە خودا پاڕامەوە و داخوازی ئەو خێرەم کرد کە لای زاتی ئەو ھەیە، زەیدم بانگ کرد و داخوازی دیدەنیم لێکرد، بانگبێژ خەڵکی بانگ کرد بەرەو نوێژ کەواتە بانگخوازی اللە یە. (الحکمة ): واتا دانانی شتەکان لە جێگەی گونجاوی خۆیان، پێدانی مافی خۆی بە شتەکان لە ھەر بوارێک بێت دوور لە گەوجی لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکاندا. لەژێر تیشکی ئەم باسەی سەرەوەدا دەتوانین (الدعوة بالحکمة ) بناسێنین بەوەی بریتیە لەو زانستەی کە بە ھۆیەوە تێکڕای ھەوڵە ھونەرییە ھەمەچەشنە مەبەست دارەکاندەناسرێنەوە کە ئامانجیان بانگکردنی خەڵکە بەرەو ئیسلام، لە ناویدا ( العقیدة-الشریعة-الاخلاق ) بە مەرجی خۆ دوور گرتن لە گەوجی و دروست کردنی ئاستەنگ و بە دانانی شتەکان لە جێگەی گونجاوی خۆیان و پێدانی مافی تەواو بە ھەر بابەتێک. (الدعوة بالحکمة) ئەوەش دەگرێتەخۆی کە: ڕێگای دروست بەکاربھێنرێ بۆ واڵا کردنی ئارەزووی کەسایەتی بانگکراو سەبارەت بە وەرگرتنی ئیسلام بە شێوازی ڕاستەقینەی خۆی، ئەمەش ڕێگا دەکاتەوە بۆ چوونە ناو ھیوا و خواستەکانی کەسەکە و بە نەرمی دەست لێدانیان گەر لەگەڵ ئیسلام دژیەک بوون، پاشان جەخی کردنەوە لە سەریان و چوونە ناو ووردەکارییەوە گەر لەگەڵ ئیسلام یەکیان دەگرتەوە. دانایی لە بانگەوازدا ھەمیشە لە پێشینەیدا بیرکردنەوەی وورد ھەیە کە بانگخواز بە ھۆیەوە دەگات بە ڕاستترینی ئاکار، وەک پەروەردگار ھۆشداری داوە و فەرموویەتی: (يُؤْتِي الْحِكْمَةَ مَنْ يَشَاءُ وَمَنْ يُؤْتَ الْحِكْمَةَ فَقَدْ أُوتِيَ خَيْرًا كَثِيرًا وَمَا يَذَّكَّرُ إِلَّا أُولُو الْأَلْبَابِ) البقرة: ٢٦٩ (دانایی ): گوزارشتە لە زانستێکی ووردی تۆکمە، وە گەیاندنەوەی بە شێوازێکی زانستی تەواو، پاشان بە ھۆیەوە گەیشتن بە تەواوەتی بوون لە پیشەییدا. بانگەوازکردن بە دانایی پشت دەبەستێت بە ئامرازەکانی بڕوا پێھێنانی ھزری و لۆژیکی بە بەکارھێنانی ئەو بەڵگانەی ڕاستی دەچەسپَینن، ھەروەھا دانایی بریتیە لە گرتنەبەری ئەو ڕێکارە گونجاوانەی کە لەگەڵ دۆخی ھزری و دەروونی کەسانی بانگکراودا یەک دەگرنەوە. بانگەواز بە داناییەوە ڕێکارێکی سەرکەوتووە بۆ بەدەست ھێنانی ئەو کەسانەی بێبەش بوون لە نووری ھیدایەت، ئەویش بە تێڕوانین بۆ بار و دۆخی کەسانی بانگکراو، لە پاشدا ڕوانین بۆ بری ئەو گوفتارانەی کە ئاڕاستەیان دەکرێت تا لەسەریان قورس نەبێت و گران نەوەستێت پێش ئەوەی دەروونیان تەواو ئامادەبێت، دواتر دەستنیشانی ئەو ڕێگایانە بکات کە بەھۆیانەوە گوفتاریان ئاڕاستە دەکات و دەبێت ھەمەجۆری تیابێت بە پێی داخوازیەکانی دۆخەکە، غیرە و بە تاسەوەبوونی وەھای لێنەکات دانایی بخاتە لاوە. چاکترین رێگایە کە پەیڕەو بکرێ لە ھەر باسێک لە باسەکانی بانگەواز و ئەو باسانەی پەیوەندی دارن پێوەی، دوور لەو کاردانەوانەی خاڵین لە ئەقڵ پێشکان، وە ئەو ھەنگاوانەی نازانرێ بۆ کوێ دەنرێن و ئاکامیان ناڕوونە. چونکە ئەمە ڕێنموویی کردنێکی خواییە بۆ پێغەمبەرﷺ لەگەڵ ئەوەی کە ئەو پێغەمبەرێکی پاڵپشتی کراویش بووە، بەڵام پەروەر\گار ھەر فەرمانی کردووە پێی بەوەی شوێ دانایی بکەوێت لە بانگەواز و دەستی لێھەڵنەگرێت... (ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ) النحل: ١٢٥ بۆیە لەسەر ڕۆشنایی ئەم ڕێنمووییە ڕۆیشت لە ھەموو قۆناغەکانی بانگەواز کردنیدا، چ لە مەککە چ لە مەدینە، لە جەنگ و لە ئاشتیدا، لە کاتی مانەوەی و لە کاتی گەشتیدا....دانایی ھەموو ڕێکارێک دەکرێتەوە کە دەمانگەیەنێت بەو مەبەستەی باسمانکرد، وە ئاکامەکەشی ئەرێنی تر دەبێت لە ھەر ڕێگایەکی دیکە گەر لەبری دانایی بگیرایەتەبەر. ئەم خاڵانەی لای خوارەوەش دەگرێتەخۆ : ● دوور بینی لە ئاکامی بابەتەکان. ● ڕەچاوکردنی ئەو لایەنە جیاوازانەی لەناو کەسایەتی کەسانی بانگکراودا بوونیان ھەیە. ● ھەبوونی نوسین لەگەڵ فەرمانڕەوایان. ● توانای یەکلایی کردنەوەی نێوان بەرژەوندی و زیانەکانی ھەبێت. ● توانای گفتوگۆ کردن و ڕووبەڕوو بوونەوەی ھەبێت. ● دەستنیشانکردنی کەسی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو. ئامادەكرن و وەرگێران: م. باوان بهاءالدين