سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  لە هەموو مێژوودا، تەنها فەرموودە #تاپۆی هەیە !!!
گۆڕینی فۆنت


لە هەموو مێژوودا، تەنها فەرموودە #تاپۆی هەیە !!!

شێوازی گێڕانەوەی فەرموودەكان لە هەموو گێڕانەوە مێژووییەكانی تری گەلانی پێشوو جیاواز بووە، لە هەموویان باشتر و ورد تر و بەهێزتر بووە، چونكە خاوەنی #سەنەد بووە (سەنەد: واتە زنجیرەی ئەو كەسانەی كە ڕووداوەكەیان گێڕاوەتەوە لە یەكترەوە).. زانراوە كێ لە كێ وە ئەم فەرموودەیەی گێڕاوەتەوە، شاهیدەكان دیار بوون، خاوەنی متمانە بوون، زیرەك بوون، ئەمین بوون، خیانەتكار و دز و چەواشەكار نەبوون.
گێڕانەوەكانی تری مێژوو، گێڕەرەوەكان (جگە لە نووسەری كتێبەكە) دیار نین، جاری وا هەبووە مێژوونووسێك بەسەرهاتێكی گێڕاوەتەوە كە هی چەندین سەدە پێش خۆی بووە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەكردووە لە كێوە ئەم ڕووداوەی گێڕاوەتەوە، بەڵكو بەم ئاماژانە ڕووداوەكانیان گێڕاوەتەوە: (مێژوونووسان دەڵێن...) (وتراوە...) (دەڵێن...) (لێكۆڵەرەوان لەو بڕوایەدان...)...هتد. لە كاتێكدا لە زانستی فەرموودەدا هەموو ئەو ئاماژانە ڕەت كراونەتەوە و فەرموودەیان پێ وەرنەگیراوە، واتە كەسێك وتبێتی (وتراوە / بیستراوە / ئەڵێن / پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی:......) ئەم جۆرە گێڕانەوانە وەرنەگیراون، هەتا نەزانرابێت ئەم فەرموودانە لە كێوە هاتوون و كێ لە كێی بیستووە، كە ئەمەش پێی وتراوە سەنەدی فەرموودە.

📖 بۆیە #ابن_المبارك -رحمه الله- دەفەرموێت: "لولا الإسناد لقال من شاء ما شاء"
واتە: " ئەگەر سەنەد نەبووایە، هەركەس چی بوویستایە دەیوت و (دەنووسرایەوە)"

لەم سەنەدەشدا هەموو كەس قەبوڵكراو نەبووە، بەڵكو چەندین مەرجیان داناوە بۆ كەسانی ناو زنجیرەی گێڕانەوەكە تا بتوانن گێڕانەوەكەی قەبوڵ بكەن، لەوانە:

✅ پێویستە كەسەكە كەسایەتیەكی ڕوونی هەبووبێت، واتە (مجهول) نەبووبێت، ژیان و ساڵی لەدایك بوون و مردن و شوێنی ژیانی زانراو بووبێت.
✅ پێویستە كەسەكانی ناو زنجیرەی گێڕانەوەكە جێ متمانە بووبن، ڕاستگۆ بووبن، فێڵباز و قۆڵبڕ نەبووبن، گاڵتەوگەپ و قسەی پڕوپوچیان زۆر نەبووبێت، فشەكەر نەبووبن...هتد.
✅ پێویستە لەبەركردنیان باش بووبێت و شتیان لێ تێكەڵ نەبووبێت، وە نابێت تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بووبن بەدرێژایی ژیانیان.
✅ پێویستە زنجیرەكە پێكەوە بەستراو بێت. (واتە كەسێك كە فەرموودەكە لە كەسی پێش خۆی دەگێڕێتەوە، پێویستە ئەو دوو كەسە یەكتریان بینیبێت و هاوسەردەم بووبن، ئەویش لەڕێی ساڵی لەدایك بوون و مردنیانەوە زانراوە)

ئەمانەو چەندین مەرجی تریان داناوە بۆ ئەو كەسانەی كە فەرموودەیان گێڕاوەتەوە.

بۆ نموونە ئەم فەرموودەیە كە #ئیمامی_بوخاری ڕیوایەتی دەكات دەفەرموێت:
عبداللەی كوڕی زبیر (كە ناسراوە بە الحمیدی) بۆی گێڕامەوە و وتی: سفیان وتوویەتی: یحیی بن سعید الأنصاری لە محمدی بن ابراهیم التیمی ەوە گوێی لێ بووە كە علقەمە بن وقاص اللیثی وتوویەتی: گوێم لە عمر بن الخطاب بوو لەسەر میمبەر (وتاری دەدا) دەیوت: گوێم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم ) بووە دەیفەرموو: " بێگومان هەموو كاروكردەوەكان نیەتێكیان لە پشتە ...... هەتا كۆتایی فەرموودەكە"

با بزانین كەسانی ناو ئەم زنجیرەیە ناسراون ؟؟
بۆ نموونە، تەنها با یەكەم كەسایەتی وەربگرین كە ئیمامی بوخاری فەرموودەكەی لە دەم وەرگرتووە كە ئەویش (عبدالله ی كوڕی زبیر- ناسراو بە الحمیدی)ە...

⏪ ناو: عبدالله بن الزبير بن عيسى بن عبيد الله بن أسامة بن عبدالله بن حميد ابن نصر بن الحارث بن اسد بن عبدالعزى.
(واتە ناوی 11 پشتی زانراوە)
⏪ كونیە: أبوبكر.
⏪ شوێنی لەدایك بوون: مەككە.
⏪ شوێنی مردن: مەككە.
⏪ ساڵی مردن: 219 كۆچی.
⏪ خوێندكاری ابن عیینە بووە.

قسەی زانایان لەسەری:
📖 ئیمامی شافعی دەفەرموێت: كەسم نەبینیوە لە (الحمیدی) لەبەركردنی بەهێزتر بێت.
📖 ئیمامی أحمد دەفەرموێت: حمیدی پێشەوامانە.
📖 ئیمامی ابو حاتم الرازی دەفەرموێت: متمانەپێكراوترین كەس بوو لای ابن عیینە، پێشەنگ بوو لەنێو هاوڕێكانیدا، ئیمام و خاوەن متمانە بوو.
📖 يعقوب بن سفيان دەفەرموێت: نەگەشتووم بە هیچ كەسێك لە ئیمامی حمیدی دڵسۆزتر بووبێت بۆ ئیسلام و موسوڵمانان.
📖 ئیمامی ابن حبان دەفەرموێت: كەسێكی جێ متمانە و خاوەنی ڕێز و دیندار بوو.
📖 ابن عدي دەفەرموێت: حمیدی لەگەڵ ئیمامی شافعی چووە بۆ میصر، وە لە سەردەمی خۆیدا یەكێك بووە لە كەسە زۆر باشەكان.
📖 ئیمامی حاكم دەفەرموێت: كەسێكی جێ متمانە و ئەمین بوو، كاتێك ئیمامی بوخاری فەرموودەیەكی لەو ئەبیست، ئیتر بۆ ئەو فەرموودەیە نەدەچووە لای كەسی تر، لەبەر زۆری ئەو متمانەیەی كە پێی هەبوو، بۆیە ئیمامی بوخاری 75 فەرموودەی لێوە گێڕاوەتەوە.

ئەمە ژیان و ناو و ناوبانگی كەسی یەكەمی ناو زنجیرەكەیە كە زۆر ڕوون بووە و بەباشی ناسراو و جێ متمانە بووە، بۆ كەسەكانی دوای خۆشی لە زنجیرەكەدا بە هەمان شێوە زانراون (لەبەر درێژنەبوونەوەی بابەتەكە تەنها ئاماژەمان بە یەكەم كەس كرد).

ئایا كام گێڕانەوە مێژووییە، كە مێژووەكەی بگەڕێتەوە بۆ زیاد لە 1400 ساڵ پێش ئێستا، بەم شێوەیە بووە ؟!!

ئەگەر پاش ئەم هەموو وردەكاریە لە گێڕانەوەدا، بڕیار بێت فەرموودە ڕەت بكەینەوە لەبەر ئەوەی دەماودەم گێڕدراوەتەوە، ئەوە پێش فەرموودە پێویستە هەموو مێژوو ڕەت بكەینەوە و كۆتایی بەو زانستە بهێنین و لە هیچ زانكۆیەكدا نەخوێندرێت. چونكە گێڕانەوەی فەرموودە بە هەزاران جار بەهێزتر و بەپێزترە لە هەموو مێژوو.

ئەمەش قسەی ئێمە نیە، بەڵكو قسەی ڕۆژهەڵاتناسە ناموسوڵمانەكانن كە ئەم شاهیدیەیان داوە، لەوانە:

📖 جۆرجی زیدان لە كتێبی (أنساب العرب القدماء – لاپەڕە 17)دا پاش ئەوەی باسی گێڕانەوە خورافیاتەكانی سەردەمی جاهیلی (پێش ئیسلام) دەكات و دوایی دێتە سەر جیاوازی لەگەڵ گێڕانەوەی فەرموودەدا و دەڵێت: " ئەگەر ئەمە حاڵی گێڕانەوەی خورافیاتەكانی عەرەب بێت (پێش ئیسلام)، ئەوا گێڕانەوەی هەواڵەكانیان (دوای ئیسلام) بە دەماودەم (زۆر جیاواز بووە)، كە هەموو نووسەرەوەكان لەسەری كۆك بوون، وە گێڕەرەوەكان ڕیوایەتی هەموو كەسێكیان قەبوڵ نەكردووە، مەگەر دوای لێكۆڵینەوە و ساغ كردنەوەی نەبووبێت، كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ساغ كردنەوەی فەرموودەكان و هەواڵە ئاینیەكان لەو سەردەمەدا، بۆیە عەرەب میللەتێك بوون كە زۆرترین تەحقیقیان لە ڕیوایەتەكان كردووە، وە بە وردترین شێوە ڕیوایەتەكانیان لەبەر كردووە"

📖 كارل بروكلمان لە كتێبی (تأریخ الشعوب الأسلامیة – لاپەڕە 66) دا دەڵێت: " بێگومان موسوڵمانان هەموو هەڵسوكەوتێكی گەورە و بچووكی پێغەمبەرەكەیان لەو ڕۆژگارەدا بۆ گواستووینەتەوە، زۆر بە وردی و تێروتەسەلی "

📖 مارغیلوث لە كتێبی (دراسات عن المؤرخین العرب – لاپەڕە 29-30)دا دەڵێت: " سەرەڕای ئەوەی پشت بەستن بە سەنەد ڕێگەیەكی ئێجگار قورس و دژوارە، بەهۆی ئەوەی پێویست بووە بەدواداچوون بكرێت بەدوای هەموو ڕاویەكانی ناو سەنەدەكەدا بۆ ئەوەی بزانن تا چەند جێی متمانەن، چونكە زۆرێك هەبوون فەرموودەیان هەڵبەستووە. بۆیە ناكرێت بە هیچ شێوەیەك گومان بكرێت لە ڕاستی و دروستی فەرموودەكان (ئەوانەی كە ساغ كراونەتەوە و بە صحیح دانراون)، وە موسوڵمانان حەقی خۆیانە شانازی بە زانستی فەرموودەوە بكەن"

نوسینی: سعد عبدالكریم



 787

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram