پەیامێکی زۆۆر گرنگ بۆ دایکان و باوکان..!! جیلە دەمدرێژ و بێ دەسەڵاتەکەی ئێستا..! یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەو مەترسیدارەکانی جیلی ئەمرۆ خۆماندوونەکردنیەتی بۆ فێربوون یان ئەنجامدانی ئەرک و پێویستیەکانی، واتا دەیەوێ هەموو شتێکی بۆ بکەیت بێ ئەوەی ماندوو ببێت، بهێننە بەرچاوت قوتابی زانکۆ بیت و نەزانی سادەترین شت لەسەر لاپتۆپێک ئەنجام بدەیت، یاخوود نەزانی دوو ڤیدیۆی بەسوود یان دوو سەرچاوە بدۆزیەوە بۆ نووسینی راپۆرتێک یان بابەتێک، نەزانی وۆرد بەکاربهێنی بۆ درووست کردنی سی ڤی یەک! جیلی ئێستا هیچ هەوڵێک نادات کە خۆی بەدوای زانیارییەکان بگەرێت، هەموو کات دەیەوێ تۆ هەموو شتێکی بۆ بکەیت، نازانێ سی ڤی بنووسێ! ناچێت چەند کاتژمێرێک لە کاتی خۆی بگرێت و خۆی فێری فۆتۆشۆپ یان مایکرۆسۆفت وۆرد یان بەرنامەیەکی تری دیزاین بکات تا کارەکانی پێ ئەنجام بدات (دەکرێ ئەم فێرکاریە ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بەروویدا) بەڵکو دێت داوات لێ دەکات سی ڤیەکی بۆ درووست بکەیت، بەهانەشی ئەوەیە کە نازانێت کاری دیزاین بکات، کەچی رۆژانە 10 بۆ 15 کاتژمێر لەنێو سۆشیال میدیا بەسەر دەبات! نازانێ ئیمەیڵێک بەکاربهێنێت لەکاتێکدا رۆژانە بەدەیان کاتژمێر لەسەر فەیسبووکە کە جیاوازیەکی وای نیە لەگەڵ ئیمەیل (کێشە ئەوەیە ئەگەر کەمێکیشی لێ بزانێت هەر وادەزانێت تەنها جیمەیل بوونی هەیە بۆ ئەو کارانە، ئەگەر باسی یاهۆ و هۆتمەیل و ویترانسفایەر و کۆمەڵێک شتی تری بۆ بکەی هەر مێشکی جام دەکات)، جیلی ئێستا نازانێ براوسەرێک بکاتەوە لەسەر لاپتۆپ یان مۆبایل، بهێنە بەرچاوت گەنج لەئێستادا لە بەرنامەی فەیسبووک و ئنستاگرام و تیکتۆک و سناپ چات پرۆفیسۆرە کەچی نازانێ ئەپی گۆگل یان سافاری یان کرۆم یان مایکرۆسۆفت ئێج بەکاربهێنێت! نازانێ لەناو یوتیوب بەدوای بابەتێکی دیاریکراو بگەرێت، جگە لە سۆشیال میدیا زۆر بەزەحمەت دەزانێ حاسیبە و ماپی مۆبایلەکەی بەکاربهێنێت، نازانێ دوو بابەتی زانستی بۆ راپۆرتەکەی بدۆزێتەوە! نەزانین زۆر ئاساییە ئەگەر سەرچاوەی دەستکەوتنی زانیاریت نەبێت یان قورس بێت (وەک سەردەمی پێش ئینتەرنێت کە بۆ زانیارییەکی سادە دەبوایە چەندین کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەت بەدەستهێناباو بە ووردی بتخوێندبایەوە یان دەیان سەرچاوەی جۆراوجۆرت بەدەست هێنابا بۆ زانیارییەکی بچووک، سەیری دەیان بەرنامەی تەلەفزیۆنیت کردبا بۆ چەند زانیاریەکی سادە)، ئێستا تۆ بەیەک دوو کلیک (تاب لەسەر مۆبایل) هەزاران سەرچاوە بەشێوەی پی دی ئێف و تێکست و دەنگ و ڤیدیۆ دێتە بەردەستت، سەرچاوەکان ئەوەندە زۆر و ئاسان بوون کە ئەوەی بەخەیاڵت دێت لە بچووکترین و سادەترین شتەوە تا ئاڵۆزترین و قوڕستترینیان بە جوانترین شێوەو بەزمانی کوردی یان زمانەکانی تر بەردەستن. یەکەم بەهانەی ئەم جیلە کە دەیهێننەوە بۆ ئەو نەزانیەیان ئەوەیە کە ئەوان کەی ئیشیان بەو بەرنامانە بووە! کە ئیشیان پێ ی بوو ئیتر خەلکێکی تر دەبێ ببێتە خزمەتکاریان و هەموو شتێکیان بۆ رایی بکات، واتا هەرگیز ئیشیان پێ ی نابێت! دەی جیاوازی تۆ و ئەو خەڵکە چی یە؟ بۆ ئەو دەزانێت تۆ نازانی؟ بەهانەیەکی تری ئەم جیلە ئەوەیە کە بەردەوام تاقەتی نیە بۆ فێربوون، تاقەتی نیە بابەتێک کە لە 4 دێڕ زیاتر بوو بیخوێنێتەوە، ڤیدیۆیەک لە 1 خولەکە زیاتر بوو بەردەوام بێت لەسەیرکردنی، جیلێک کە رۆژانە 15 کاتژمێر لەنێو ئینتەرنێتە تەنها سەیری وێنەو ستۆری و ڤیدیۆی 1 خولەکی دەکات و بابەتی 1 دێڕی دەخوێنێتەوە! لەوە زیاتر تاقەتی نیە، ئەصڵەن هەر تاقەتی نیە رێنووسی کوردی بەکاربهێنێت و هەر بە رێنووسی ئینگلیزی راهاتووە (تەبعەن لە زیرەکی نیە بەڵکو ئاسانترە لە رێنووسە کوردیەکە). جیلێک کە شارەزای هەموو فلتەرەکانی سناپ و ئینستاگرامە بەڵام نازانێ یەک فلتەر لەوێنەیەک بدات لەنێو فۆتۆشۆپ، شارەزای گۆڕینی فۆنتە لە تویتەر و فەیسبووک بەڵام ناتوانێ دەستکاری فۆنت بکات لەنێو بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت وۆڕد و ئەکسڵ، شارەزای نووسین و دانانی بابەت و قسەی گەورەیە لە فەیسبووک بەڵام نازانێ دوو زانیاری بنوسێت بۆ سی ڤیەکەی، دەزانێت ڤیدیۆ و وێنە لە ماسێنجەر بنێرێت بەلام نازانێت ئیمەیلێک بنووسێت و بابەتێک هاوپێچی بکات و بینێرێت! لەهەمووی کارەساتتر نایەوێ ئەوانە فێربێت بەڵکو هەرکاتێک ئیشی پێیان بوو داوا لەکەسێکی تر دەکات بۆی ئەنجام بدات! وەک ئەوەی خزمەتکاری بێت! کاتێکیش کە ئەم خزمەتکارەی لەخۆی لێهاتوو تر بوو دەرفەتی باشی بۆ هەڵکەوت ئەوا ئەوکات گلەیی دەکات و باسی ناعەدالەتی دەکات! وەرگیراوە لە پەیجی ڕاستییە شاراوەکان. بە سوپاسەوە