#شەرحی_فەرموودەی_حەجكردنی_پێغەمبەر_صلی_الله_علیه_و_سلم: بەشی یەكەم یەكێك لە مەزنترین ئەو فەرمودانەی باس لە حەجكردنی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكەن كە بە ( حجة الوداع) حەجكردنی ماڵئاواییش دەناسرێت، چونكە دوا حەجی پێغەمبەر بوو صلی الله علیه و سلم و ساڵی دوای ئەوە ئیتر وەفاتی كرد، فەرموودەكەی جابیری كوری عەبدوڵلایە رضي الله عنه لە سەحیحی موسلیمدا، كە زانایان زۆر بایەخ و گرنگییان پێ داوە لەبەر ئەوەی زۆربەی وردەكارییەكانی ئەو حەجەی بە شیوەیەكی كردەیی وڕوون و ئاشكرا تێدایە، ئێمەش هەوڵ دەدەین بە شیوەیەكی كورت پوخت و لە چەند بەشێكدا باسی ئەو فەرموودە مەزنە بكەین: (عن جعفر بن محمد، عن أبيه) واتە لە جەعفەری كوری موحەممەدەوە كە لەلای شیعەكان بە جعفر الصادق دەناسرێت و خۆی لە ڕاستیدا یەكێكە لە پێشەوایانی ئەهلی سوننەت، ئەویش لە باوكی فەرموودەكەی گێڕاوەتەوە مەبەستی پێی موحوممەدی كوری عەلی كوری حوسەینە ڕەحمەت و ڕەزای الله یان لێبێت، كە ئەویش بە محمد الباقر ناسراوە و بەهەمان شێوە یەكێكە لەسەرانی ئەهلی سونەت و ئالوبەیتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم. (قال: دخلنا على جابر بن عبد الله، فسأل عن القوم، حتى انتهى إليَّ، فقلتُ: أنا محمد بن علي بن حسين) دەڵێت چووینە سەردانی هاوەڵی بەرێز جابیری كوڕی عەبدوڵڵا رضي الله عنه، كە ئەو كاتە ئەو كەسێكی بەتەمەن و نابینا بوو، یەك یەك پرسیاری لێ كردین فەرمووی ئێوە كێن، تاكو گەیشتە من، منیش وتم: من موحەمەدی كوری عەلی كوڕی حوسەینم. (فأهوى بيده إلى رأسي، فنـزع زري الأعلى، ثم نزع زري الأسفل، ثم وضع كفه بين ثديي، وأنا يومئذ غلام شاب) دەستی خستە سەر سەرم وەكو نازپێدان و ڕێزێك یان سوعبەت و گاڵتە لەگەڵدا كردنیك لەبەر ئەوەی كچەزای پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بووم دەستی خستە سەرسنگم، منیش لەو كاتەدا گەنجێكی تازە پێگەیشتوو بووم. (فقال: مرحباً بك يا ابن أخي، سل عما شئت، فسألته ـ وهو أعمى ـ ) جابیر رضي الله عنه فەرمووی بەخێر بێیت وخۆشهاتی برازای خۆشەویستم، دەربارەی هەرچی پێت خۆشە پرسیارم لێ بكە، منیش پرسیارێكم لێی هەبوو، ئەو كاتەش جابیر چاوەكانی لەدەست دابوو. (وحضر وقت الصلاة، فقام في نساجة ملتحفاً بها، كلما وضعها على منكبه، رجع طرفاها إليه من صغرها ورداؤه إلى جنبه على المشجب،) ئیتر كاتی نوێژ هات و ئەویش هەڵسا بۆ پێشنوێژی كردنمان، پۆشاكێكی بە خۆیدادابوو خستبوویە سەر هەردوو شانی بەڵام لەبەر كورتی نەدەگەشتەوە و دەگەڕایەوە، عەباكەشی لەسەر چەند چڵەدارێك لەلای خۆی دانابوو. (فصلى بنا) ئیتر دەستی كرد بە ئیمامەتی بۆمان، ئەمەش وەكو زانایان فەرموویانە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێشنوێژی كەسی نابینا بۆ كەسانی چاوساغ درووستە، هەروەها دەریش دەكەویت كە سوننەتە خاوەن ماڵ پێشنوێژی بۆ میوانەكانی بكات. (فقلت: أخبرني عن حجة رسول الله صلى الله عليه وسلم) لە دوای تەواوبوونی نوێژەكە وتم باسی حەجكردنەكەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم مان بۆ بكە، كە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئال و بەیت چەند پەرۆش بوونە بۆ فێربوونی زانست و شوێنكەوتنی رسول الله صلی الله علیه و سلم. (فقال بيده فعقد تسعاً) واتە بە شێوازێك بە پەنجەكانی ئاماژەی بۆ كردن كە لەناو عەرەبدا ئەوە هەبوو پەنجەكانیان بۆ هەر ژمارەیەك بە شیوازێك دەجوڵانەوە، لێرەشدا جابیر بە جووڵەكەی دەستی مەبەستی ژمارە نۆ بوو). (فقال: إن رسول الله صلى الله عليه وسلم مكث تسع سنين، لم يحج، ثم أذَّن في الناس في العاشرة، أن رسول الله صلى الله عليه وسلم حاج،) جابیر رضي الله عنه فەرمووی: پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە دوای كۆچكردنی بۆ مەدینە نۆ ساڵ مایەوە بێ ئەوەی حەج بكات، ئینجا لە ساڵی دەیەمی پاش كۆچكردن بۆ مەدینە جاڕ درا كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەمسال حەج دەكات. ئەوەش بەلای هەندێ لە زانایانەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە حەجكردن درووستە دوا بخرێت ومەرج نییە لەگەل هەبوونی توانا یەكسەر ئەنجام بدرێت، بەڵام زۆرێكیش لە زانایان فەرموویانە نەخیر حەجكردن لەگەڵ هەبوونی توانا یەكسەر لەسەر موسوڵمان فەرز دەبێت ،چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پاساوی هەبوو لە حەج نەكردنی بەوەی كە سەرقاڵی جیهاد و غەزا و كاروباری دەولەتەكەی بوو، سەرەڕای ئەوەش چاوەڕوانی ئەوە بوو كە كەعبە لە بتەكان پاك بكرێتەوە و بانگی تەوحیدی تیدا بدرێت. هەروەها بەڵگەی ئەوەشی لێ وەردەگیرێت كە پێشەوای موسوڵمانان بۆ كارو مەبەستی گەورەو مەزن پێش وەختە جاڕ بدات و خەلكی لە ئەنجامدانی ئەو كارە ئاگادار بكاتەوە بۆ ئەوەی بەشدار ببن و ئامادەسازی بۆ خۆیان بكەن....كۆتایی بەشی یەكەمی باسەكە. إحسان برهان الدین 28 ذو القعدة 1441 19 تموز 2020