سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  شەرحی فەرموودەی حەجكردنی پێغەمبەر ﷺ. (2)
گۆڕینی فۆنت


شەرحی فەرموودەی حەجكردنی_پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم. (2)

بەشی دووەم

لە دوای ئەوەی خەڵكی لە هەموو لایەك ئاگەدار كرانەوە كە ئەمسال پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم حەج دەكات بۆ ئەوەی زۆرترین كەس هەواڵەكەیان پێ بگات و ئامادەی ئەو شەعیرە مەزنە ببەن و لە كردار و گوفتار وفەرمان و ئامۆژگارییەكانی پێغەمبەرەكەیان بەهرەمەند بن، جابیر ڕەزای الله ی لێبێت لە درێژەی باسكردنی بۆ حەجكردنەكەی پێغەمبەر صلی الله فەرمووی:
.....(فقدم المدينة بَشَرٌ كثير، كلهم يلتمس أن يأتمَّ برسول الله صلى الله عليه وسلم، ويعمل مثل عمله) واتە:
خەڵكانێكی زۆر بە مەبەستنی حەج كردن ڕوویان لە شاری مەدینە كرد، هەموویان هیوا و ئاواتیان ئەوە بوو كە شوێنكەوتەی پێغەمبەرە خۆشەویستەكەیان بن، هەنگاو بە هەنگاو لەو حەجكردنە مەزنە مێژووییەدا كە هەرگیز جارێكی تر تا ڕۆژی قیامەت دووبارە نابێتەوە، ڕاستەوخۆ چاو لە پیغەمبەرەكەیان بكەن صلی الله علیه وسلم، ئەو چی بكات ئەوانیش هەمان كار بكەن.
ئەوانەش كە هاتبوون هەندێكیان بۆ مەدینە هاتبوون بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتای گەشتەكەوە لە خزمەتی پێغەمبەردا بن صلی الله علیه و سلم و هەندێكیان لە ڕێگە یەكیان گرت و هەندێكیان لە مەككە پەیوەندییان كرد.
یەكیكیش لەبەرەكەتەكانی ئەو بەدەمەوە هاتنەی خەڵكە بۆ بانگهێشتەكە ئەوە بوو كەسانێك هاوەڵ نەبوون بەڵام لەو حەجكردنەیاندا بە دیداری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم شاد بوون و بوون بە هاوەڵ و هەتا هەتایە ناویان چووە ناو پەڕاوگەی مەزنی پڕ سەروەریی هاوەڵێتییەوە.
ئینجا جابیر فەرمووی:
(فخرجنا معه حتى أتينا ذا الحليفة) واتە: لە گەڵ پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم دەرچووین تاكو گەیشتینە ناوچەی ( ذا الحلیفة) ی نزیك شاری مەدینە كە ئێستا بە ئەبیار عەلی ناسراوە و ئەو ناوەش هەڵەیە و لە بەسەرهاتێكی بی بنەما سەرچاوە دەگرێت كە گوایە عەلی ڕەزای الله ی لێبێت لە بیرێك لەو ناوچەدا بەو ناوە شەڕی لەگەڵ جنۆكە كردوە.
(فولدت أسماء بنت عميس، محمد بن أبي بكر) لەو سەروبەندەدا ئەسمائی كچی عومەییس كە هاوسەری ئەبوبەكر بوو الله لێیان ڕازی بێت مناڵێكی بوو كە موحەممدی كوڕی ئەبوبەكر بوو.
(فأرسلتْ إلى رسول الله صلى الله عليه وسلم، كيف أصنع؟) واتە خاتوو ئەسما كەسێكی ناردە لای پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بۆ ئەوەی پرسیاری لێ بكات لەو مەسەلەی مناڵبوونەیدا چی بكات و چۆن مامەڵە بكات لە كاتێكدا ئەو لەسەفەری حەجكردندایە.
( قال: اغتسلي) واتە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پێی فەرموو: با خۆی بشوات تەنها بە مەبەستی پاكبوونی جەستەی بۆ ئیحرام كردن نەك پاكبوونەوە بۆ نوێژ كردن.
(واستثفري بثوب) واتە بە بەستنی پەڕۆیەك یان بە پۆشاكێك بە توندی ڕێگری لە دابەزینی خوینەكەت بكە.
( وأحرمي) واتە ئینجا پۆشاكی ئیحرام ببەستە.
لەو پرسیارەی خاتو ئەسمائیش ئەوە فێر دەبین كە موسوڵمان پێویستە لە كاروباری دینەكەیدا شتێكی نەزانی بوەستێت و پرسیار بكات تاكو وەڵام وەردەگرێت، نەك بچێت لە خۆیەوە كارێك بكات و دوایی پرسیار بكات بزانە ئەوەی كردوویەتی راست بوو یان هەڵە.
(فصلى رسول الله صلى الله عليه وسلم في المسجد) واتە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە مزگەوتی ذا الحلیفة دا نوێژی كرد. شایانی باسە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پینج نوێژی لەو شوێنە كرد كە وادی العقیق ی پێ دەوترێت لەبەر ئەوەی لەو بارەوە وەحیی بۆ دابەزی.

(ثم ركب القصواء) واتە ئینجا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم سواری وشترەكەی بوو كە نازانوی قصواء بوو، بۆ زانینی نازناوی وڵاخەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ زادولمەعادی ئیبنولقەییم.
(حتى إذا استوت به ناقته على البيداء) تا ئەو كاتەی وشترەكەی لەسەر بەرزاییەك لە ذا الحلیفة ڕاوەستا.
ئینجا جابیر ڕەزای الله ی لێبێت باسی زۆریی ئەو حەشاماتە دەكات كە هاتبوون بۆ بەشداری حەجكردن لەگەڵ پێغەمبەرەكەیاندا صلی الله علیه و سلم و فەرمووی:
« نظرت إلى مد بصري بين يديه من راكب وماش وعن يمينه مثل ذلك وعن يساره مثل ذلك ومن خلفه مثل ذلك » واتە:
لەبەردەم پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم تەماشای خەڵكەكەم كرد بەهەرچوار لادا و تاكو چاوم بڕی كرد بە سواری و بە پیادە خەلك دیار بوو، چونكە زیاتر لە سەد هەزار كەس لەو حەجكردنەدا لە هاوەڵان بەشدار بوون، ئەوەش تا ئەو كاتە بەگەورەترین كۆبوونەی موسوڵمانان ئەژمار دەكرێت.

(ورسول الله صلَّى الله عليه وسلَّم بين أظهرنا، وعليه ينزل القرآن، وهو يعرف تأويله. وما عَمِلَ به من شيء عَمِلْنَا به) واتە پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەناوماندا بوو و قورئانی بۆ دادەبەزی و تەفسیری واتاكانی دەزانی و بۆی دەكردین و ئەو كارەی بیكردایە ئێمەش دەمانكرد.

( ثم أهلَّ بالتوحيد ) واتە: دەنگی بە وشەی مەزنی تەوحید بەرز كردەوە و فەرمووی: « لبيك اللهم لبيك، لبيك لا شريك لك لبيك، إن الحمد والنعمة لك والملك، لا شريك لك ».
(وَأَهَلَّ الناس بهذا الذي يهلون به، فلم يَرُدَّ رسولُ الله صلَّى الله عليه وسلَّم عليهم شيئًا منه) واتە خەڵكیش بە شێوازی تر تەلبیەیان دەكرد و پێغەمبەریش صلی الله علیه و سلم نكۆڵی لێ نەدەكردن بەڵام..
(ولزم رسول الله تلبيته) بەڵام خۆی هەر بەو شێوازەی خۆی لەببەیكی دەكرد كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو شێوازەیان پەسەندتر و باشترە.

( قال جابر رضي الله عنه: لسنا ننوي إلا الحجَّ، لسنا نعرف العمرة.) جابیر فەرمووی: زۆربەی ئێمە تەنها بەنیەتی حەجكردن هاتوین نەك بە نیەتی عومرەكردن.
(حتى إذا أتينا البيتَ معه، استلم الركن، فرَمَل ثلاثًا، ومشى أربعًا) تاكو گەیشتینە مزگەوتی حەرام وچووینە لای كەعبە، ئیتر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەستی هێنا بە بەردە ڕەشەكەدا یان ماچی كرد و ئینجا دەستی كرد بەتەوافكردن بە دەوری كەعبەدا، كە لە سێ جاری سەرەتا بە خێرایی دەسوڕایەوە و لە چوار جاری كۆتایی بەڕێكردنی ئاسایی ڕێی دەكرد، جگە لە ئافرەتان نەبێت كە پێویست ناكات لە هیچ شەوتێكی سوڕانەوە بە دەوری كەعبەدا خێرا ڕێ بكەن.

(ثم نفذ إلى مقام إبراهيم عليه السَّلام فقرأ: ﴿ وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى ﴾ فجعل المقام بينه وبين البيت، يقرأ في الركعتين: ﴿ قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ﴾ و﴿ قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ ﴾ ثم رجع إلى الرُّكن فاستلمه، ثم خرج من الباب إلى الصفا، فلما دنا من الصَّفا، قرأ: (أبدأ بما بدأ الله به).
واتە: ئینجا بەرەو لای مەقامی ئیبراهیم ڕۆیشت و وئایەتی ﴿ وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى ﴾ ی دەخوێند وو دوو ڕكات نوێژی كرد كە مەقامەكەی خستبوویە نێوان خۆی و كەعبەوە و لەو دوو ڕكاتەدا هەردوو سوڕەتی كافرون و اخلاص ی خوێند، ئینجا جارێكی تر گەڕایەوە دەستی دایە بەردەڕەشەكە یان ماچی كرد و ئینجا دەرچوو بەرەو سەفا و فەرمووی بەوە دەست پێ دەكەین كە پەرورەدگارمان دەستی پێكردووە، مەبەستی ئایەتەكە بوو: إن الصفا والمروة.....

(فبدأ بالصفا، فَرِقَيَ عليه) سەعیەكەی بەسەركەوتنی سەر سەفا دەست پێ كرد. (حتى رأى البيتَ فاستقبل القبلة، فوحد الله، وكبره) تاكو بەیتی لێوە دیار بوو و ئینجا ڕووی كردە قیبلەو فەرمووی: (لا إله إلا الله وحْده لا شريكَ له، له الملك، وله الحمد، وهو على كل شيء قدير، لا إله إلا الله وحْدَه، أنجز وعده، ونصر عبده، وهزم الأحزاب وحده).
(ثم دعا بين ذلك) ئینجا لەو نێوانەدا نزای دەكرد و دەپاڕایەوە ( قال مثل هـذا ثلاثَ مَرَّاتٍ) ئەو وێردەی پێشوویشی سێ جار دووبارە كردەوە.
( ثم نزل إلى المروة، حتى إذا انصبت قدماه في بطن الوادي سعى، حتى إذا صَعِدَتَا مَشَى، حتى أتى المروة، ففعل على المروة كما فعل على الصَّفا، حتى إذا كان آخر طوافه على المروة) واتە: ئینجا دابەزی بەرەو مەروە و لەناو دۆڵەكە بە خێرایی ڕێی دەكرد و دوای ئەوە بە ئاسایی ڕێی دەكرد تاكو گەیشتە مەروە ئیتر ئەوەی لەسەر سەفا كردی و وتی لەسەر مەروەش بە هەمان شێوە دووبارەی كردەوە تاكو دوا سوڕانەوەی.

فقال: (لو أنِّي استقبلت من أمري ما استدبرت لم أَسُقِ الهدي، وجعلتها عمرة، فمن كان منكم ليس معه هَدْيٌ، فليَحِلَّ، وليجعلها عمرة) واتە: پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمووی: ئەگەر ئێستام بوایە ئەم ئاژەڵانەم لەگەڵ خۆم نەدەهێنا و ونیەتی عومرەم لێ دەهێنا، بۆیە هەركێ لە ئێوە ئاژەڵی لەگەڵ خۆی نەهێناوە با نیەتی عومرەی لێ بهێنێت و دوای تەواو بوونی عومرەكەی پۆشاكی ئیحرام لە خۆی بكاتەوە، چونكە هەمووی ئەوەی بە هۆی ئیحرامەوە لێی قەدەغەكرابوو بۆی ڕێگەپێدراو ئەبیت تا كاتی حەجكردنەكەی دێت ...كە ئەوەش جۆرێكە لە سێ جۆرەكەی حەجكردن و تمتع ی پێ دەوترێت.

(فقام سُراقةُ بنُ مالك بن جُعْشُم، فقال: يا رسولَ الله، ألِعَامِنَا هذا أم لأَبَدٍ؟) سوراقەی كوری مالیكی جوعشومی الله لێی ڕازی بێت هەستا و فەرمووی: ئەی رسول الله ئەمەی باسی دەكەیت واتە شێوازی تمتع بۆ حەجكردن تەنها بۆ ئەمسالە یان هەتا هەتایە هەر وایە؟
(فشَبَّك رسول الله صلَّى الله عليه وسلَّم أصابعه واحدة في الأخرى، وقال: (دخلتِ العمرة في الحجِّ)) مَرَّتين، (لا، بل لأبدٍ أَبَدٍ).واتە: ئیتر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پەنجەكانی بەیەكدا كرد و دووجار فەرمووی: عومرە ڕێگەپێدراو حەڵاڵ بوو لە وەرزی حەجدا، نەخێر بەڵكو هەتا هەتایە هەر وادەمێنێتەوە...كۆتایی بەشی دووەم.

إحسان برهان الدین
30 ذو القعدة 1441
21 تموز 2020



 660

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram