سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  پەنا بۆ فرمێسكەكانت ببە..!
گۆڕینی فۆنت


پەنا بۆ فرمێسكەكانت ببە..!

حەزی گوناه كردن لە سروشتی مرۆڤەكاندا بوونی هەیە وڕەگی داكوتاوە، ململانێی نێوان خێر و شەڕیش ململانێیەكی دێرینە و بنچینەیەكی قووڵی هەیە، بەرەی چاكەو خراپە لە ناخماندا دووبەرەی دژ بەیەكن شەڕی مان و نەمان و بێ پەروا دەكەن، بەختەورەی و بەدبەختی كەسەكەكانیش بە دەرەنجامی ئەو جەنگە سەختەوە بەستراوەتەوە، بەرەی یەكەم دڵە باشەكەتە كە فەرمانت بە چاكە پێ دەكات، حەز و كۆششكرنی چوونە بەهەشتتە، ویستی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەروەردگارتە.
بەرەی دووەمیش دوو هاوپەیمانی سەرسەخت و نالەبارن:
یەكەمیان نەفسی خۆتە كە هەمیشە فەرمانت بە خراپە پێ دەكات و داكۆكی لە حەزو ئارەزووی تێركردنی ویستە نزمەكانی جەستەت دەكات وهەمیشە پشتگیری ویستەكانی بەشە گڵینەكەی تۆ دەكات، لەو كارەشیدا وەكو منداڵێكی شیرەخۆرە، ئەگەر وازی لێ بهێنیت و لە شیر نەیبریتەوە تا پیریش دەبێت هەر خولیا و حەزی لەگەڵ شیرخواردندایە.
دووەمیش شەیتانی نەفرەت لێكراوە كە هەمیشە و بە هەموو شێوەیەك گوناهت لەلا شیرین و بەچێژ دەكات و حەق و چاكەشت لەبەر چاو ناشیرین دەكات و لەمپەرت بۆ ئەنجامدانیان بۆ دروست دەكات، بەڵام ئەگەر نەفسی فەرمانكەرت بە خراپە هاوپەیمانی نەبێت بەتەنها خۆی پلان و هەوڵەكانی لاوازن ئەگەر بە چەكی ئیمان وباوەڕ بە ڕۆژی دوایی ڕوو بە ڕووی ببیتەوە.

بۆیە ئەنجامدانی گوناه و سەرپێچی كردنی حوكمە شەرعییەكان لە بنچینەدا بۆ مرۆڤەكان - بە موسوڵمان و نا موسوڵمانیشەوە - شتێكی سەیر و نامۆ نییە ولەڕوانگەی سروشتییەوە حاڵەتیكی ئاسایە ، بەلام ئەوەی كە نامۆیە و ترسناكە و ئاسایی نییە ئەوەیە:

1- كەسەكە لەسەر ئەنجامدانی گوناه و لەسەر ئەوەی كە الله پێی ناخۆشە بەردەوام بێت و تەوبە نەكات و نەگەڕێتەوە.

2- دەرگای تەئویل و پینەو پاساو و بیانوو هێنانەوە بۆ گوناهەكانی لە خۆی بكاتەوە و خراپەی لێ ببێتە چاكە، یان هیچ نەبێت ئەنجامدانی خراپە ببێتە كارێكی زۆر ئاسایی، واتە: ئەو ڕوناكییەی ناو دڵی خۆی بكوژێنێتەوە كە ڕێنمایی دەكات.

3- لەدوای ئەنجامدانی گوناه دڵی توند نەبێت و هەست بەوە نەكات كارێكی ناڕێك و خراپی ئەنجام داوە و لەسەر گوناهەكانی فرمێسک هەڵنەوەرێنێت و ترسی پەروەردگارو سزای ڕۆژی دوایی داینەگرێتەوە، چونكە لەو حاڵەتە ڕێگەی گەرانەوەی لە گوناه قورس دەبێت وئیدی ناتوانێت بگەڕێتەوە.

4 - هەمیشە و دوای هەموو گوناهێك تەوبە نەكات و بیشگەڕێتەوە سەر هەڵەو گوناهەكانی پێشووتری و دووبارەیان بكاتەوە....ئەوە جێگای نكۆڵی كردن و مەترسی گەورەیە لەسەر خاوەنەكەی، ئەگینا جگە لە پێغەمبەران علیهم السلام تەنانەت هاوەڵانیش مەعسوم نەبوونە و گوناهیان كردووەو تەوبەیان بەدوایدا كردوە.

پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم فەرموویەتی: (لولا أنكم تذنبون لخلق الله خلقًا يذنبون، فيستغفرون، فيغفر لهم) رواه مسلم.
واتە: ئەگەر ئێوە گوناهتتان نەكردایە، الله كەسانێكی درووست دەكرد گوناه بكەن و تەوبە و داوای لێخۆشبوون بكەن و ئەویش لێیان خۆش دەبوو.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پەروەردگارمان ویستی لە بەندەكانی ئەوەیە كە گوناهیكیان ئەنجامدا خێرا بۆ لای پەروەردگاریان بگەڕێنەوەو تەوبە بكەن و لێی پەشیمان ببننەوە، نەك واتای ئەوە بێت ویستی لەسەر ئەوە بێت بەندەكانی تاوان و گوناه ئەنجام بدەن.

إحسان برهان الدین
8 ذی الحجة 1441
29 تموز 2020



 516

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram