كلیلەکانی بەختەوەری ژیانی هاوسەرێتی بۆ هاوسەران لە هەردوو رەگەزەکە. (1) نووسینی : مامۆستا موستەفا محمد جعفر هاوسەری ئەزیز : ٭ خۆت بۆ مێردەکەت بڕازێنەرەوە و سوریش بە لەسەر ئەوە ، چونکە سوربوون لەسەر خۆڕازاندنەوە بۆ مێرد زۆر زۆر گرنگە . ٭ ماڵەکەت پاک و تەمیز بکە و رێکی بخە ، پاککردنەوە و رێکخستنەوەی ماڵ زۆر گرنگە بەهەند وەری گرە . ٭ گوێڕایەڵی مێردەکەت بکە لە چاکەدا ، گوێڕایەڵی کردنی مێرد لە هەر شتێکدا موخالەفەی شەرعی تیا نەبێ کلیلێکە لە کلیلەکانی بەختەوەری . ٭ نهێنی مێرد و ماڵە مێرد بپارێزە و هەر کێشەیەکیشتان هەبوو بەخۆتان لە نێوان خۆتاندا و دوو بەدوو دانیشن و چارەسەری بکەن ، با نەگاتە ماڵەباوان . ٭ ماڵ و مناڵی مێرد بپارێزە . پاراستنی ماڵی مێرد بەوە ئەبێ بەگوێرەی پێویست لێی خەرج بکەیت و دەست بڵاو نەبیت . پاراستنی مناڵەکانیشی بەسەرپەرستی کردنیان و شیرپێدانیان و چاودێری کەسایەتییان و گرنگیدان بەپەروەردەی ئەخلاقییان هەر لە مناڵییەوە و هەستانی بەواجبی دایکایەتی بەرامبەر مناڵ و نازپێدانی و یاری لەگەڵ کردنی و هەڵسوکەوت لەگەڵی بەلوتف و نەرمی و .. هتد . ٭ ژیانت بەدەستی خۆت تاڵ و تاریک و لێڵ مەکە بەخولقاندنی کێشە و خراپ مامەڵە کردن لەگەڵ مێرد و هەرشتێک ببێتە هۆی تێکچونی نێوانتان و جیابونەوەتان . ٭ گرنگی بەحەزەکانی و هیوایەتەکانی بدە وەک ئەوەی ئەو گرنگی بەحەزەکان و هیوایەتەکانی تۆ دەدا. ٭ رێگری مەکە لە سەرجێیی مەگەر بەهانە و عوزرێکت هەبێ . ٭ رێزی هەستەکانی بگرە و بەئەندازەی کافی و پێویست تەقدیری بکە . ٭ دووربکەوەرەوە لە شتی هیچ و پووچ ، چونکە زۆربەی ناکۆکی ژن و مێرد لە ژیانی هاوسەرێتیاندا لەسەر شتی هیچ و پووچە . ٭ مێردەکەت قەبوڵ بکە هەرچۆن هەیە و وەک ئەوەی هەیە ، هەوڵ مەدە تەبیعەتی بگۆڕی ، چونکە ئەوە کارێکی ئاسان نییە ئەگەر موستەحیل نەبێ . ٭ چاک بە لەگەڵ کەسەکانیدا . ٭ گرنگی بەمیوانەکانی بدە . ٭ ناکۆکییەکانی هاوسەرێتی لەبەرچاو مناڵەکان ئاشکرا مەکە ، بەڵ بیانشاراوە لێیان . ٭خێرا داوای تەڵاق مەکە لەگەڵ یەکەم ناکۆکیتاندا ، یان بەبێ هۆیەک ئەوە بخوازێ . ٭ سەیری لای خوارووی خۆت بکە ، سەیری لای سەرووی خۆت مەکە . ٭ بەوشکی مامەڵە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ مەکە . ٭ لەگەڵ غەیرە مەحرەم خەڵوە مەکە ، واتە : دوو بەدوو لەگەڵ نامەحرەم مەبە بەوەی پێکەوە کۆببنەوە لە شوێنێکی چۆڵدا یان پێکەوە قسە بکەن . ٭ یارمەتی بدە لەسەر تاعەت و گوێڕایەڵی خودا . ٭ بێزاری ژیانی هاوسەرێتیت بەنوێژ دەفع بکە . ٭ بەئاشتی و خۆشی لەگەڵ هاوسێکانت بژی . چاوەڕێی بەشی دووەم بن.