سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  نوسەرانی ئينجيلەكان كێن؟؟!!
گۆڕینی فۆنت


نوسەرانی ئينجيلەكان كێن؟؟!!
—-—-—-—-—
ڕوون و ئاشكرايە لە بيروباوەڕى مەسيحيەكان دا، لە پاش بەرزبونەوەى مەسيح هيچ ئينجيلێكى لە دواى خۆى جێ نەهێشت، وە داواى لە هيچکام لە قوتابيەكانى نەكرد، كە ئينجيلێك بنوسنەوە بە ناوى ئەو، لە پاش بەرزبونەوەى مەسيح و بە گوێرەی باوەڕى ئەوان، لە خاچ دانى مەسيح گشت مەسيحيەكان لە ناڕەحەتی و ڕاونان و بە دوا كەوتن ژيانيان دەبردە سەر و بێ سەرپەرشت و بێ شوان مابوون و سەرگەردان بوون لەم شار بۆ ئەو شار، ئەى كەواتە چۆن چوار ئينجيل بوونى هەيە؟
ئەى ئينجلى مەتا و مەرقۆس و لۆقا و يۆحەنا چى يە؟ مەتتا كێ يە؟ لە كوێ لە دايك بووە؟ لە ساڵى چەند لە دايك بووە؟ نەسەب و نەژادى هي كوێيە؟ مۆرقەس كێيە؟ لە كوێ لە دايك بوە؟ لە ساڵى چەند لە دايك بووە؟ نەسەب و نەژادى هي كوێيە؟ لۆقا كێيە؟ لە كوێ لە دايك بووە؟ لە ساڵى چەند لە دايك بووە؟ نەسەب و نەژادى هي كوێيە؟ يۆحەنا كێيە؟ لە كوێ لە دايك بووە؟ لە ساڵى چەند لە دايك بووە؟ نەسەب و نەژادى هي كوێيە؟
ئەمانە نوسەرانی چوار ئينجيلەكانن، وە ئينجيلەكان بە ناوى ئەوان ناونراون، ھەروەھا ئێستاكە مەسيحيەكان پەرتوكەكانيان بە پەرتوكى خودا دائەنێن و لەم پەرتوكانە بيروباوەريان وەرئەگرن و نوێژ و عيبادەت و پەرستنەكانيان لەم پەرتوكانە دەرئەهێن، وە دەستور و شەريعەت و ياسايی ژيانيان لە سەر ئەم پەرتوكانە بونياد ئەنێن، بەڵام لە هەر مەسيحيەك بپرسيت... ئەم چوار نوسەرە كێن؟ لە كوێ لە دايك بوونە؟ ساڵى چەند لە دايك بوونە؟ نەسەب و نەژاديان چىيە؟ لە وەڵامدا تەنها ووشەى هيچ هەيە.. ئەگەر لە هيچ زياتر هەبێت ئەوا زانياريەكى كەم و دژ بە يەك هەيە، وەك چۆن چوار ئينجيلەكە لە زۆر شوێن دژ بە يەكن... پوختەى زانيارى لە سەر ئەم ئينجيلانە بريتىيە لە:-
ئینجیلەکان باسێکی کورتی ژیانی مەسیحە و بە ئەستەم باس لە مناڵی مەسیح ئەکەن، وە بە تێر و تەسەلی باس لە ھەندێ ڕوداو ئەکەن دوای وەرگرتنی پەیام و گەیشتنی بە ڕۆحی پیرۆز، زیاتر باس لە (موعجیزەکان و قسەکانی مەسیح و ئامۆژگاریەکانی بۆ قوتابیەکان و جولەکەکانە). ئینجیلەکان زۆر بە درێژی باس لە ڕوداوی درۆینەی لە خاچ دانی مەسیح ئەکەن، بە ھیچ شێوەیەکیش باس لەو نامە پاشکۆیانە ناکەن کە دوای چوار ئینجیلەكە لە پەیمانی نوێ لکێنراوە، وشەی (ئینجیل) سەرچاوەی بۆ وشەی یۆنانی (εὐαγγέλιον) افنجیلۆن واتە: ھەواڵی خۆش یان موژدە دەگەرێتەوە. ئەم ئینجیلانە ھەموویان بە زمانی یۆنانی نوسراون، جگە لە ئینجیلی (مەتتا) نەبێت بە زمانی عیبری نوسراوە، ئەوە گەر قسەکەی ئەسقەف بابیاس کە لە سەدەی دووەم دا ژیاوە بە ڕاست بزانین. ڕوون و ئاشکراشە مەسیح نە بە زمانی یۆنانی نە بە زمانی عیبری ئاخافتنی نەکردوە، بەڵکو بە زمانی ئارامی قسەی کردوە، وەک لە ھەندێ دێر و ڕستە ئەیدەنە پاڵ مەسیح، کە ڕستە و دەستەواژەی سریاڵییە، بۆ نمونە ئینجیلی مۆرقەس ((دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» واتە: «کیژۆڵە، پێت دەڵێم ھەستە!»)) مۆرقەس: ٥ :٤١. ھەروەھا لە شوێنێکی تر دەڵێت: ((چاوی بەرەو ئاسمان ھەڵبڕی و ھەناسەیەکی ھەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتە بکرێوە.)) مۆرقەس: ٧ : ٣٤. ھەروەھا مەتاش باس لەوە دەکات کاتێک مەسیح لە خاچ درا بە درۆینەی خۆی لە سەر خاچەکە ھاواری کرد.. ((نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز ھاواری کرد: «{ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟}» واتە: {خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ ھێنام؟)) مەتتا: ٢٧ : ٤٦ .
بۆ ئاسان خوێندنەوەی ئینجیلەکان لە سەدەی سێیەمی میلادی بەش بەش کران بۆ چەند ئیسحاحێک لە سەر دەستی کاردینال (ھوجو دو سنکتو کارو)، ئینجا لە سالی ١٥٥١ ھەر ئیسحاحێک کرا بەچەند برگەیەک و ھەر برگەیەک ژمارەی تایبەتی بۆ دانرا. بیروباوەری گاورەکان ئاوایە، کە ئەم نوسەرانەی ئینجیلەکان بە ئیلھام و سەرپەرشتی ڕۆحی پیرۆز پەرتوکەکانیان نوسیوە و ھەر رۆحی پیرۆزیش ویژدان و ڕێگای ئەوانی چاودێر کردووە، لەم بارەیەوە کۆبونەوەی فاتیکان لە سالی ١٨٦٩ -١٨٧٠م دەربارەی پەرتوکی پیرۆز بە ھەردوو پەیمانی ئەلێت: (ئەم پەرتوکە بە ئیلھامی رۆحی پیرۆز نوسراوە، وە نوسەر خودا خۆیەتی و بەم شێوەیەش دراوە بە کڵێسا). کلیسا زۆر داکۆکی لەوە ئەکات کە چوار ئینجیلەکە گەر چی سیفەتێکی مێژووی ھەیە، بەڵام بە ئەمانەتەوە وەرگیراوە و وتەکانی مەسیحی تیادا ھاتوە، ھەروەھا نوسەرە پیرۆزەکان ئەم چوار ئینجیلانەیان نوسیوە، بەردەوام تەنھا شتە راست و دروستەکانی مەسیحیان رون کردۆتەوە، ئەگەر کڵێسا ھەندێ شتی گۆڕی بێت کەواتە نوسەر خودا نییە، بەڵکو نوسەری ئینجیلەکان نوسەرن، بەڵام بە ئیلھامی ڕۆحی پیرۆز، وە زانا پارێزگارەکان داکۆکی لە سەر ئەوە ئەکەن، کە وەحی ئینجیلەکان وەحی حەرفین، واتە ڕۆحی پیرۆز خۆی شتەکانی نوسیووە و بۆ نوسەرەکانی ھێناوە و وشەکان ھەمان وشەی ڕۆحی پیرۆزن، بەڵام زۆرینەی مەسیحیەکان باوەریان بە حەرفیەتی وەحی و سروش نییە، وەک موسڵمانەکان. ئەوان ناڵێن ئینجیل لە لایەن خودا و فریشتەکان دابەزیوە پیت بە پیت و وشە بە وشە، بەڵکو ئەم وەحییە تەنھا ئیلھامییە، واتە تەنھا ماناکەیی و بەس، بێ ئەوەی خودا دەستی ھەبێت لە داڕشتنی نوسەرەکان، ھەروەھا شێوازی نوسینیان، بە مانایەکی تر ئەتوانین بڵێین سروشتی وەحی لای مەسیحیەکان وەک سروشتی وەحی سونەتە لای موسڵمانان، وەحێکی مەعنەوی یە نەک حەرفی. ھەر لەم ڕوانگەیەوە کارل جوتلیب بافندر ئەلێت: بیروباوەڕی گاورەکان دەربارەی وەحی ئەوەیە کە (پێغەمبەران و قوتابیەکان گەر ھەڵە و لە بیرکردنیشیان ھەبوبێت لە ھەموو کار و باری ژیاندا، بەڵام لە گەیاندن و نوسین ھەڵە ناکەن، جا گەر لە شوێنێکی نوسینیاندا دژ بە یەکیەک ھەبێت یان شتێکی پێچەوانەی عەقڵ، ئەوا بەڵگەی کەم زانستی و تێگەیشتنی خۆیەتی). کەواتە کورتەی بیروباوەڕی گاورەکان لە سەر ئینجیلەکان و نامەکان ئەوەیە کە وتەی خودایە بە ڕێگای ئیلھامی ڕۆحی پیرۆز بۆ پیاو چاکان و قوتابیەکانی مەسیح ڕەوانە کراوە، وە دوایی لای مەسیحیەکان پیرۆز کراوە، لێکۆلەوەران گرینگی زۆریان داوە بە گەڕاندنەوەی ئەم ئینجیلانە بۆ قوتابیەکانی مەسیح، بەڵام لە ڕاستیدا ئەنجامدانی ئەم کارە زۆر قورسە، خۆ ئەگەر سەلمێندراش ئەوانە قوتابی مەسیح بوون، خۆ ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە دیسان ئەم قوتابیانە نازانین کێن و ئەێل و نەژادیان چییە؟؟ لە کۆتایدا دەبێ وەک تەفسیری تەتبیقی بڵێن: نوسەری ئەم ئنجیلانە نەناسراو و نادیارن!!! وە دەبێ ئەوەش بزانین کە لە سەردەمی یەکەمی مەسیحیت ئینجلێکی زۆر ھەبوون، ھەمویان بۆ ناوەکانی قوتابیەکانی مەسیح و دایکی مەسیحیان ئەگێرایەوە، لە کاتێکدا ھیچ پەیوەندیان بە قوتابی و ناوەڕۆکی نوسینەکە نەبوو، وە نوسەرەکان ناوی خۆیان و نازناوی خۆیان لە سەر ئینجیلەکان نەنوسیووە، بەڵکو پاش کاتێکی زۆر لە دوای ئەوانەوە وەک رێچکەیەکی باوی لێ ھات، کە ناوی قوتابی و کەسە نزیکەکانی مەسیح لە سەر ئەم نوسراوانە بنوسرێت جا گەر ڕاست بوبێت یان ھەڵە.



 645

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram