🌹🌹 لە سایەی کۆچی سەروەردا ﷺ 🌹🌹 بەشی یەکەم نووسینی: م. حمەسعید عبدالرحیم هیجرەتی پێغەمبەری خۆشەویست و هاوەڵانی، لە مەککەی پیرۆزەوە بۆ مەدینەی مونەووەرە، بە گرنگترین ڕووداو لە مێژووی ئیسلامدا هەژمار دەکرێت. بڕیاری کۆچ، کە لەژێر چاودێری خواوەندی کاربەجێدا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێکرا، بوویە خاڵی وەرچەرخان و چارەنوسساز لە ژیانی خۆشەویست و هاوەڵانی بەتایبەتی و مێژووی ئیسڵام بە شێوەیەکی گشتی. هەر لەبەر ئەو پێگە گرنگ و مەزنەی ڕووداوی هیجرەت، خەلیفەی دووەمی موسڵمانان عومەری کوڕی خەتتاب، -ڕەزای خوای لێبێ- ڕووداوی کۆچی کردە سەرەتای ساڵ و دەسپێکی مێژووی کۆچی. ڕووداوی هیجرەت، کۆتایی هێنا بە قۆناغی مەککی ، قۆناغی چەوسانەوەو ژێردەستەیی، کە تێیدا پێغەمبەری خواو هاوەڵانی، سەختترین بارودۆخیان تێپەڕاند. ڕووداوی هیجرەت، ئاوێزانە بە دەیان و سەدان پەندو عیبرەت و ئامۆژگاری و، دەخوازیت هەریەك لە ڕوانگەیەکەوە لەسەری بوەستین و بابەتی لەسەر بنووسین و توێژسنەوەی لەسەر بکەین و لەسەر وێستگەکانی قسە بکەین و کۆڕو بۆنەی،تایبەتی بۆ سازبکەین . پشتیوان بەخوا ڕۆژانەو لە چەند ئەڵقەیەکی یەك لەدوای یەکدا، لەگەڵ هیجرەتی پێغەمبەری ئیسلامدا ﷺ دەژین و لەخوا داواکارین بەرەکەت بخاتە کات و کارو ژیانی هەموولایەکمانەوە.