سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  لە سایەی کۆچی سەروەردا (2)
گۆڕینی فۆنت


🌹🌹لە سایەی کۆچی سەروەردا🌹🌹

 بەشی دووەم

نووسینی: مامۆستا سعید عبدالرحیم

بارودۆخی پێش کۆچ: 

(ئاشکراکردنی بانگەوازو دانووستانی قورەیش).
دوای ئەوەی کە پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ بە فەرمانی پەروەردگار، بانگەوازەکەی ئاشکرا کردو بیرو باوەڕو پەیامەکەی بە خزم و هۆزەکەی و خەڵکی مەککە گەیاند، کە لێوانلێو بوو لە مرۆڤدۆستی و یەکسانی و مافی مرۆڤ، سەرانی قورەیش ترسیان لێنیشت و، کەوتنە خۆیان، دەستیان کرد بە ڕاوێژو گشت حیکمەت و ژیرییەکی خۆیان خستەگەڕ، بۆ ڕێگرتن لەم پەیامە ئاسمانییە، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، شوێنکەوتووانی ترۆقی دەکەن و بۆتە قسەوباسی ڕۆژ، لە هەمووی خرابتر بۆ ئەوان، چاوو گوێکردنەوەی جەماوەری بەشمەینەت و ستەمدیدەی مەککەبوو، کە ساڵەهای ساڵە خۆێنیان دەمژن و بەناوی بتەکانی نێو کەعبەی پیرۆزەوە، ئەوەی هەیانە لێیان وەردەگرن.
بۆیە کەوتنە خۆیان و دەستیان کرد بە جووڵە بۆ وەستاندنی محەممەدو پەیامەکەی، بەڵام زۆر ژیرانە دەستیان پێکرد، سەرەتا بە ڕێبازی هەڵخەڵەتاندن و دەمچەورکردن و گیرفان پڕکردن و ئارەزووشکاندن، هاتنە لای ئەبو تالیبی مامی و پێیان ووت: ئەم برازای تۆ، لە پشت ئەم پەیام و بانگەشەی کە دەیکات، ئامانجی چییەو دەیەوێ بەچی بگات!!، ئەگەر شەیدای دەسەڵاتە، ئەوە لێرە بەدواوە هیچ بڕیارێك بێ ئەو نادەین، ئەگەر عەوداڵی سامان و زێڕە، دەیکەین بە دەوڵەمەنترینی خۆمان، ئەگەر خۆشی دنیاو ژنی جوانی دەوێ، با قسە بکات و دەست دەخاتە سەر کام ئافرەت بیخات و ئێمە کارەکانی بۆ ساز، دەکەین،،، ئەویش ڕۆحم بە قوربانی بێ، دوای ئەوەی لە دەمی مامیەوە پەیامی سەرانی قورەیشی پێگەیشت، فەرمووی: مامە گیان ئەوانە لە خۆیانەوە بۆ منیش دەڕوانن، وەڵڵاهی نەك ئەو شتە بێبایەخانەی کەلەدەستی ئەوانە، ئەگەر بتوانن خۆر بخەنە دەستی ڕاستم و مانگ بخەنە دەستی چەپم، بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئاین و بانگەوازەکەم ببم، ئەوە خەیاڵیان خاوەو هەرگیز کۆڵنادەم، تا بە ئامانجەکەم دەگەم، یان لە پێناویدا دەمرم.
دوای وەرگرتنەوەی وەڵامە، زیاتر پەشۆکان، چونکە مەرگی خۆیان و کۆتایی دەسەڵاتی خۆیان لە پێشچاوبوو، ئەگەر بێت و محەممەد ڕانەگرن، بۆیە ئەمجارەیان پێشنیاری دانیشتن و وتووێژی ڕاستەوخۆیان بۆ پێغەمبەرکرد و ژیرترین پیاوی خۆیان نارد، کە وەلیدی کوڕی موغەیرەبوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی داخراوی نێوان پێغەمبەری خۆشەویست و وەلید، سەرانی قورەیش لە دارولنەدوە دانیشتبوون و چاوەڕێی گەڕانەوەی وەلید بوون، بەڵام ئەو ڕاستەوخۆ گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، چونکە هێزی ڕەوانبێژی و بەڵگەو حەقبێژی و کاریگەری پێغەمبەر، هێندە پەستانی لەسەر دروستکردبوو، بەجۆرێک تووشی شۆك هاتبوو، کە دەم و زمانی قسەی ناو کۆڕی قورەیشیەکانی نەبوو تا بگەڕێتەوە نێویان و قسەیان بۆ بکات.
بۆ ڕۆژی دوایی کاتێ دەمی کردەوە وتی: وەڵڵاهی ئەوەی ئەم پیاوە دەیڵێت نە شیعرە نە پەخشانە، نە سیحرە نە جادووە، درۆ نییەو ڕاستە، لە گوێی من دەکەن وازی لێبنن با خەریکی کاری خۆی بێت!!؛ وتیان چییە ئەڵێی سیحری لەتۆش کردووە!!؛ ئێمە پشتمان بەتۆ بەستبوو کەچی تۆش ئاوامان پێدەڵێیت!!، هەستە لە بری ئەم قسە هەلەقو بەلەقانەو ڕێگا چارەیەکمان پێبڵێ تا بیخەینە بازاڕەوە.
دوای ئەوی قورەیش لە ڕێگەی دانووستانەوە هیچیان سەوز نەکرد، هاتن پێشنیازێکی تریان کرد، بەڵام پێشنیازێکی سووك سەلیم، کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوانە خاوەن پەیام و بیروباوەڕ نین، بەڵکو کۆمەڵێ مافیاو جەردەن و بەناوی لات و هوبەلەوە دەیخۆن و بەسەر خەڵکی ڕەشوڕووتەوە دەلەوەڕێن، وتیان دەی باشە وەرە با نیو بەنیو ڕیکەوین و پەنجا بە پەنجا کێشەکانمان یەکلاییبکەینەوە، فەرمووی چۆن؟ وتیان: ڕۆژێك تۆ خواکانی ئێمە بپەرستەو ڕۆژێك ئێمە خواکەی تۆ دەپەرستین؛ سەیر ئەم مەهزەلەیە !!.

ماویەتی.



 557

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram