🌻🌾 لە سایەی کۆچی سەروەردا🌻🌾 بەشی سێیەم نووسینی: مامۆستا سەعید عبدالرحیم (شەڕی ڕاگەیاندن و هەڵمەتی پڕوپاگەندە) دوای ئەوەی کە سەرانی قورەیش شکستیانهێنا لە، خشتەبردنی پێغەمبەری خۆشەویست و قایلکردنی بە سەروەت و سامان و دەسەڵات، دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژ بە کەسایەتی پێغەمبەری خۆشەویست و پەیامەکەی لە لایەك و، ئازاردانی خۆی و هاوەڵانی لەلایەکی تر. یەکەم شتێك کە دەستیان پێکرد، لێدانی پێغەمبەر بوو ﷺ لە ڕووی خێزانی و کۆمەڵایەتییەوە، ئەویش بە تەڵاقدانی هەردوو کچی پێغەمبەری خۆشەویست، (ڕوقیە و ئوم کەلسوم)؛ کە ڕوقیە دەستگیرانی عوتبەو ئوم کەلسوم دەستگیرانی عوتەیبە، کوڕانی ئەبولەهەبی مامی بوون. پاشان دەستیانکرد بە تانەدان لە خۆشەویست بەوەی کە کوڕی نابێت و دوای خۆی دوابڕاوو وەخاخ کوێر دەبیت، لە وەڵامی ئەم نەفامی و بێڕەوشتیەدا، خوای گەورە سورەتی کەوسەری دابەزاند، ئەوەش وەك دڵدانەوەیەك بۆ پێغەمبەری خۆشەویست و، لوتشکاندنی ئەوان. لە بڵاوبوونەوەی ئیسلام له نێو تۆێژە جیاوازەکانی مەککەو زۆربوونی شوێنکەوتووانی محمد، بڕیار بەدەستانی قورەیش ئۆقرەیان لێبڕاو، دوای چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕی دارولنەدوە، بڕیاریاندا بە چەکی پڕوپاگەندەو سوکایەتیکردن بە محەممەدو ئاینەکەی سنوریك بۆ مەترسی و هەڕەشەکانی پێغەمبەرو بانگەوازەکەی دابنێن. بۆیە بڕیاردرا، لە هەر جێیەك محەممەدو هاوەڵانی دەرکەون کاڵتەیان پێبکەن و منداڵ و مەرزم بخەنە دویان، لەوبارەیەوە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (إِنَّ الَّذِينَ أَجْرَمُوا كَانُوا مِنَ الَّذِينَ آمَنُوا يَضْحَكُونَ*وَإِذَا مَرُّوا بِهِمْ يَتَغَامَزُونَ*وَإِذَا انقَلَبُوا إِلَى أَهْلِهِمُ انقَلَبُوا فَكِهِينَ*وَإِذَا رَأَوْهُمْ قَالُوا إِنَّ هَـؤُلَاءِ لَضَالُّونَ) المطففین/ ۲۹-۳۳. جۆریکیتر لەو سوکایەتیپێکردنانە بەخۆشەویست، ئەوەبوو کە بەناوو ناتۆرەی ناشیرین بانگیان دەکرد، کە ئەمەیان زۆر بەئازاربوو لەسەر دڵی پێغەمبەر ﷺ ،تا خوای گەورە بەم ئایەتە پیرۆزە دڵنەوایی کرد و فەرمووی: (وَلَقَد نَعلَمُ أَنَّكَ يَضيقُ صَدرُكَ بِما يَقولونَ٭ فَسَبِّح بِحَمدِ رَبِّكَ وَكُن مِنَ السّاجِدينَ*وَاعبُد رَبَّكَ حَتّى يَأتِيَكَ اليَقينُ) الحجر/ ۹۷. سەرانی قورەیش زۆر شڵەژان، بیریان چوبوو کە ڕکابەرەکەیان کێیە، بۆیە وتیان ئەم پیاوە شێتەو شوێنی مەکەون، (وَقالوا يا أَيُّهَا الَّذي نُزِّلَ عَلَيهِ الذِّكرُ إِنَّكَ لَمَجنونٌ)، الحجر/٦؛ دیارە ئەم جۆرە تۆمەتە، زیاتر بە قازانجی محەممەد دەشکێتەوە، چونکە بە پیاوێکی دیارو سەنگین و داناو ئەمین ناسرابوو نەك شێت!!. دواتر وتیان ئەم محەممەدە جادوگەرە، (وَعَجِبُوا أَن جَاءَهُم مُّنذِرٌ مِّنْهُمْ وَقَالَ الْكَافِرُونَ هَـذَا سَاحِرٌ كَذَّابٌ)، ص/٤. وتیان نا کاهینە، نانا شاعیرە! ؛ وتیان نا هیچ لەوانە نییە، ئەم قورئانە ئەفسانەی نەتەوەکانی پێشینەو دوبارە داڕشتنەوەی بۆ کراوە، (وَقَالُوا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ اكْتَتَبَهَا فَهِيَ تُمْلَى عَلَيْهِ بُكْرَةً وَأَصِيلًا)، الفرقان/۲٥. کە ئەمەیش نەیبڕی و هیچی سەوز نەکرد، وتیان: ئەم پیاوە درۆزن و دەستبڕەو دەستی دەرەکی لە پشتە!!، (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِنْ هَـذَا إِلَّا إِفْكٌ افْتَرَاهُ وَأَعَانَهُ عَلَيْهِ قَوْمٌ آخَرُونَ فَقَدْ جَاءُوا ظُلْمًا وَزُورًا)، الفرقان/٤. ئازیزان: دیارە لەگەڵ پێغەمبەری خوادا، کە پشەستوور بووە بە وەحی و چاودێری پەروەردگار، ئەم پڕوپاگەندە و قسەوقسەڵۆکانە سودێکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵکو هێندەی تر داری بانگەوازی ئیسلامی بەهێزتر دەکردو فشۆڵی و لەرزۆکی ئەوان و خواکانیانی زیاتر ڕسوادەکرد. بۆیە دواجار ڕویانکردە وەلیدی کوڕی موغەیرەو پێیانووت، بۆ قسەیەك ناکەی، شتێکمان پێبڵێ با بیکەینە تایتڵ و سەرباسی مەجلیس و کۆڕو کۆبوونەوەکانمان و محەممەدی پێڕاگرین، ئەویش کە پیاوێکی بلیمەت و زمانڕەوان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە سوور دەیزانی ئەمەی محەمەد هێناویەتی نە شیعرەو نە پەخشانەو نەسیحرەو نە جادووەو، محەممەد پێغەمبەرەو فرستادەی خوایە، بەڵام لە ترسی لۆمەی هاوڕێکانی و لەدەستدانی پێگەو دەسەڵاتەکەی ڕاستیەکانی شاردەوەو دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر وتی: بڵێن ئەم پیاوە ساحیرێکی مەعنەوییەو کار لەسەر جیاکاری و دوبەرەکی نێوان ئازیزان دەکات، قورئانی پیرۆز لەو بارەیەوە دەفەرموێت: (إِنَّهُ فَكَّرَ وَقَدَّرَ * فَقُتِلَ كَيْفَ قَدَّرَ * ثُمَّ قُتِلَ كَيْفَ قَدَّرَ * ثُمَّ نَظَرَ * ثُمَّ عَبَسَ وَبَسَرَ *ثُمَّ أَدْبَرَ وَاسْتَكْبَرَ* فَقَالَ إِنْ هَـذَا إِلَّا سِحْرٌ يُؤْثَرُ)، المدثر/ ۱۸-۲٥. کاتێ ئەمەی تریش هیچی سەوز نەکرد، وتیان چارەسەر تەنها ئەوەیە لەکاتی قسەکردنی محەممەددا، هاوارو ژاوەژاو بکەن، با کەس نەزانێ چی دەڵێت و گوێ لە قورئان نەگرن، خوای گەورە دەفەرموێ: (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَا تَسْمَعُوا لِهَـذَا الْقُرْآنِ وَالْغَوْا فِيهِ لَعَلَّكُمْ تَغْلِبُونَ)، فصلت/٤۱. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، چەند کەسێکیان هێنا، کە شارەزابوون لە چیرۆک و ئەفسانەی فارس و ڕۆستەم و زۆراب و ئەسفەندیاو بابەتی تر، بۆ ئەوەی خەڵکی سەرقاڵ بکەن و ئاوڕ لە محەممەد نەدەنەوە. جگە لەوانە، پەنایان برد بۆ گەعدەو هێنانی ئافرەتی گوڕانیبێژو سەماکەرو سازکردنی یانەی شەوانەو، گومانیان لە هەرکەسێك هەبوایە کە گوێی لە محەممەد گرتووە، بانگیان دەکرد بۆ یانە شەوانەکانیان و خوانی تایبەتیان بۆ دەڕازاندەوە، خوای گەورە لەوبارەیەوە دەفەرمۆێ: (وَمِنَ النَّاسِ مَن يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَن سَبِيلِ اللَّـهِ بِغَيْرِ عِلْمٍ وَيَتَّخِذَهَا هُزُوًا أُولَـئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ مُّهِينٌ)، لقمان/۳۱. ماویەتی .