له ساڵیادی وەفاتی شافیعی سەردەم (عەللامە مدرس)دا دوێنێ پۆستێکم لە ساڵیادی شەهید (سید قطب) بڵاوکردنەوە، کە هەمان بەرواری شەهید بوونی ئەو، هاوکاتە لە گەڵ ساڵیادی وەفاتی شافیعی سەردەم و زانا و ئەدیبی گەورەی گەلەکەمان عەللامە مامۆستا(عبدالکریم المدرس) کە لە (۲۹؍٨ ؍ ۲۰۰٥) وەفاتی کرد. لەم وتە کورتەدا ناتوانین مافی تەواوی ئەو زاتە بلیمەت و هیمەت بەرز و کانگای زانست و ئەدەب و ئاسەوارەکانی بدەین، بەڵکو تەنها وەک وەفایەکی بچوک بۆ ڕۆحی پاکی ئاماژە بە چەند یاداوەرییەک دەکەم : ۱- لە ساڵی (۱۹۹۱) لەگەڵ مامۆستایەکی هاوڕێم چومە بەغدا بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان، بۆ ئێوارە چوینە خزمەتی جەنابی مامۆستا لە حوجرە سادە و بێ نازەکەی، دەستمان ماچ کرد و پاش نوێژ کردن و نان خواردنێکی سادە و زاهیدانە فەرمووی: حەزتان لە چ پەرتوکێکە بە دیاری پێتان بدەم ؟. من وتم: قوربان من حەزم لە کتێبی (الوسیلة في شرح الفضیلة )یە. فەرمووی: جا ئەوەت بۆچیە؟ وتم: دەمەوێ بیخوێنم. فەرمووی: جا کەس هەیە بتوانێ ئەوە بڵێتەوە؟. لە ڕاستیدا فەرمایشتەکەی تەواوە هەموو کەس ناتوانێ ئەو کتێبە بڵێتەوە. فەرموون با پێناسەیەکی كورتی ئەم کتێبەتان بۆ بکەم: ئەم کتێبە دوو بەشە (الفضیلة)کە بریتیە لە (۲۰۳۱) بەیت شیعر لە زانستی (الکلام)دا ، عەللامە (مولوی)بە زمانێکی سەیرو سەرسوڕهێنەر هۆنیویەتیەوە. بەشی دووەم (الوسیلة)یە کە بریتیە لە شرۆڤەی ئەو هۆنراوەیە، پێم وایە ئەگەر ئەو زاتە شرۆڤەی نەکردایە بە دەگمەن کەسێک لێی تێدەگەیشت. ئەمە ی خوارەوە نمونەی ئەوشیعرانەی (الفضيلة) یە کە باسی خوای موتەعال دەکات کە، دوورە لە زەمان و مەکان و چۆنیەتی: وكان آن كانَ (كان) ليسا ثوى بحيث ليس (حيث) ٲيسا متى (متى) حتى ٲتى عليه من ٲين (ٲين) يُنتمَى ٳليه هل ساعد يصله في كُم (كَم) وكيف (لاكيف) مع الكيف يُضَم ٢- زانای ناوداری عێراقی (د.احمد الکبیسی ) دەچێتە خزمەت جەنابی مامۆستای مودەڕیس پێی دەڵێ: مامۆستا ئێمە ئەو ھەمووه قۆناغە دەبڕین و ئەو ھەمووە بڕوانامەیە بەدەست دێنین کەچی بە ئەندازەی ئێوە زانستمان پێ نییە و پاش ئەو ھەموو بڕوانامەیە دێینە خزمەت ئێوە تا زانستمان زیاد بکەین ھۆکار چییە؟. لە وەڵامدا مامۆستای مەرحوم دەڵێ: (ٲنتم درستم في (الجامعة)ونحن درسنا في (الجامع) والله يقول:( للذكر مثل حظ الانثيين). واتە ئێوە لە (جامعە)کە زانکۆیە خوێندوتانە، واتە لەفزەکەی مؤنثە، و ئێمەش لە (جامع) کە مزگەوتە و لەفزەکەی موزەککەرە خوێندومانە، خواش دووبەشی داوە بە نێر لە بەرامبەر یەک بەش بۆ مێ!. ٣- لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە قۆناغی ماستەر دەم خوێند یەکێک لە مامۆستاکان باسی زانست و ئاگایی عەلامە مودەریسی دەکرد و وتی: تێزی دکتۆرام دەنوسی لە بابەتێکی جوزئی لە گشت مەزھەبەکان گەرام دەستم کەوت، بەڵام لە مەزھەبی شافیعی زۆر گەرام دەستم نەکەوت، دوایی بیرم کردەوە ئەی بۆ نەچم لە شافیعی سەردەم (مودەریس) بپرسم، ھاتمە خزمەتی و پێم وت، فەرمووی: جا خۆ ئەوە لە کتێبی (مغني المحتاج) بەرگی ئەوەندە ھەیە وتم: قوربان گەڕاووم دەستم نەکەوت، فەرمووی: با لە فڵان لاپەرە دەستەی ئەوبەری تێیدایە. وتی کە سەیرم کرد چی فەرموو وا دەرچوو. جێی داخە کە گەلی کورد قەدری زانا و کەسایەتییەکانی خۆی وەک پێویست نازانێ و ھەوڵ و شەونخونیان وەک پێویست نانرخێنێت. لەکۆتاییدا دروود و رەحمەت برژێ بە سەر رۆحی پاکی ئەو زانا پایە بەرزەدا و گۆڕی پڕ نوور بێ. د.محمود زمناکۆیی ٩ محرم ١٤٤٢ ۲٨-٨-٢٠٢٠