سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  لە سایەی کۆچی پێغەمبەردا ﷺ. (6)
گۆڕینی فۆنت


🍁🍂 لەسایەی کۆچی پێغەمبەردا ﷺ🍁🍂:

بەشی (٦).

نووسینی: مامۆستا سەعید عبدالرحیم

(هیجرەتی ئازیزو هاوڕێی سەفەری)
دوای ئەوەی کە قورەیش بەهەموو هێزو توانایەکیانەوە، لێبڕان بۆ لێدان و لەناوبردنی بانگەوازی ئیسلام و شوێنکەوتووانی،،، پێغەمبەریشﷺ، کەزانی ئیتر دەرفەتێك بۆ مانەوە لە مەککە نەماوەتەوە، فەرمانی بە هاوەڵانکرد، ئەوانەیان کە مابوونەوەو کۆچیان بۆ حەبەشە نەکردبوو، بەنهێنی کۆچبکەن بۆ شاری مەدینە، سەرانی قورەیش کە بەمەیانزانی، هێندەی تر ئارامیان لێبڕاو، ترسی ئەوە کەوتە دڵیان ئەگەر بێت و محەممەد مەدینە بگاتە بنکەو پێگە بۆ بانگەوازەکەی دوور نییە سبەی تۆڵەیان لێبکاتەوە، بۆیە خێرا لە دارولنەدوە کۆبوونەوە و ترسناکترین بڕیاریان دەرکرد، (کوشتنی محەممەد)!!؛ ئەوەش بە دیاریکردنی پێنج گەنجی ئازاو بەتوانا لە پێنج هۆزە گەورەکەی قورەیش، تا بەیەك دەست لە محەممەد بدەن و بەوەش خوێنەکەی و پەرت دەبێت بەناو هۆزەکانداو بەنی هاشم ناتوانن تۆڵەی بکەنەوە.
خوای گەورە پێغەمبەری لە پیلانەکەو کاتی جێبەجێکردنی ئاگادار کرد، بەڵام ئەم زانیاریەی لای خۆی هێشتەوە تا قورەیش بەوە نەزانن کە پێغەمبەر بە پیلانەی زانیوەو پەلە لە جێبەجێکردنی بکەن.
پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ، وەك پێشەنگی مرۆڤایەتی و سەرکردەی ناوازە لە دڵسۆزی و خۆنەویستی، خۆی خستە دواوە تا هاوەڵانی گەیاند بە شوێنی ئەمان و ئارام، پاشان بەرنامەی داڕشت بۆ ئەوەی بە شێوەیەك کۆچبکات، ببێتە پەندو ئامۆژگاری بۆ شوێنکەوتووانی تا ڕۆژی دوایی.
یەکەم شتێك کە بیریلێکردەوە، گێڕانەوەی سپاردەو ئەمانەتەکان بوو بۆ خاوەنەکانیان، کە قورەیش بەو بێباوەڕی و دژایەتیکردنەیان بۆ محەممەد، کەچی متمانەیان بە کەسی تر نەبوو پارەو خشڵ و کەلوپەلە گرانبەهاکانی خۆیانی لا دابنێن جگە لە محەممەد!!؛
پێغەمبەری خۆشەویست، لە گەرمای نیوەڕۆدا سەروچاوی خۆی پێچاو تەشریفی چوو بۆ ماڵی ئەبو بەکر، ئەسمائی کچی ئەبوبەکر، خوا لێیان ڕازی بێت دەڵێت: هەرگیز لەو کاتەدا نەهاتبوو بۆ ماڵمان، بۆیە باوکم بە گەرمی پێشوازی لێکرد و فەرمووی: ڕۆحم بە قوربانت بێ حەتمەن کارێکی گرنگ لەم کاتەدا بەڕێزتانی هیناوە، فەرمووی بەڵێ، ماڵەوە چۆڵکە با قسە بکەین، فەرمووی گیانم بەقوربانت تەنها ئەسماو عائیشەی لێیە، ئەمرتان لەسەر چاوانمانە، فەرمووی خوا مۆڵەتی کۆچکردنی پێداوم، وتی: یانی هاوەڵی سەفەرتم، فەرمووی بەڵێ هاوڕێی سەفەرمی، ئەسما دەڵێ: باوکم لە خۆشییا دەستیکرد بە گریان و، وتی: ماوەیەکە دوو وڵاخم بەهیوای ئەم ڕۆژە دابەستە کردووە، یەکێکیان لە خزمەت بەڕێزتانە، فەرمووی: باشە بەڵام بە قیمەت!!؛
عائیشە ڕەزای خوای لێبێت دەگێڕێتەوە، کە ئێمەیش کەوتینە ئامادەکردنی توێشووی سەفەر بۆیان و ئەسمای خوشکم هیچی دەستنەکەوت کونەو تۆشەبەرەی ئاوو خواردنەکەی پێگرێبدات، ناچار پشتێنەکەی پشتی کرد بەدوو کەرتەوە، بەو هۆیەوە پێغەمبەری خۆشەویست فەرمووی خوا ی گەورە لە بەهەشتی بەریندا بە دوو پشتێنی ئاڵتوونی قەرەبووت بۆ دەکاتەوە.
دوای ئەوە گەڕایەوە ماڵەوە و عەلی کوڕی ئەبوتالیبی ئامۆزای بانگکرد و فەرمووی: دوو کاری گرنگم پێتە، یەکەمیان گێڕانەوەی ئەو سپاردانەیە بۆ خاوەنەکانیان، دووەمیشیان ئەمشەو لە شوێنی مندا دەخەویت، چونکە خوا مۆڵەتی هیجرەتی پێداوم و ئەمشەو کۆچدەکەم بەرەو مەدینە، ئەویش فەرمووی ڕۆحم لەڕێتە ئەی پێغەمبەری خوا.
تەماشای، ئەم گشت عیشق و ئەوینەی خۆشەویست و هاوەڵانی بکەن بۆ پەیامەکەیان.
پشت بە خوا ئێمەیش، هەنگاو بە هەنگاو شوێنپێی ئازیزان هەڵدەگرین و پەندو ئامۆژگاری گرنگیان لێهەڵدەجنین.

ماویەتی.

 713

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram