سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  لەسایەی هیجرەتی پێغەمبەردا ﷺ. (7)
گۆڕینی فۆنت


🌸🌸 لەسایەی هیجرەتی پێغەمبەردا ﷺ 🌸🌸:

بەشی (۷).

نووسینی : مامۆستا سعید عبدالرحیم

(بەرەو ئەشکەوتی سەور)
شەو بەسەرداهات و پیاوکوژەکان بە دەمامك و دەموچاوی هەڵبەسراوەوە هاتنە بەردەرگای ماڵی پێغەمبەرو شمشێریان هەڵکێشاو چاوەڕێی ئەوەبوون لەماڵ بێتە دەرەوەو تیرۆری بکەن، ئەویش بەهێواشی بەنێویاندا هاتەدەرەوەو لەگەڵ خوێندنی ئایەتی پیرۆزی: (وَجَعَلْنَا مِن بَيْنِ أَيْدِيهِمْ سَدًّا وَمِنْ خَلْفِهِمْ سَدًّا فَأَغْشَيْنَاهُمْ فَهُمْ لَا يُبْصِرُونَ)دا، کەمێ خۆلی بەسەردا کردن و تێپەڕی،،، چەکدارەکان هەستیان پێنەکرو هەر چاوەڕێبوون، تا کەسێك هات و پێیوتن ماڵتان وێران ئەوە چاوەڕێی چین، محەممەد ڕۆشت و لەشار دەرچوو، کاتێ کەچوونە ژوورەوە بینییان عەلی لە جێگەکەیدا خەوتووە!!.
بەم هەواڵە قورەیش گورزێکی تری بەرکەوت و، کەوتە هەڵەداوان و دەیان گروپی چەکداری بۆ گرتن و کوشتنی محەممەد دەرکردو خەڵاتی گەورەی ڕاگەیاند، بۆ هەرکەسێك بە زیندوویی یان مردوویی محەمەدی ڕادەستبکات.
لەو لایشەوە، ئەبوبەکری سدیق ڕێوشوێنی ئاسایش و دڵنیایی پێویستی گرتبویەبەر بۆ سەرکەوتنی پلانی کۆچ، عامری کوڕی فوهەیرەی دیاریکردبوو، تا بە ڕانەمەڕەکەیەوە بە شوێنیاندا بڕوات و شوێنپێکانیان بسڕێتەوە!!، عەبدوڵڵای کوڕی دیاریکردبوو، بە ڕۆژ لە شاردابێت و ئێواران هەواڵ و جموجوڵی قورەیشیان بۆ بگوازێتەوە، ئەسماو عائیشەی کچی دیاریکردبوو بۆ ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوە بۆیان، پیاوێکی تری شارەزاو چاوساغی بە کرێگرتبوو بەناوی عەبدوڵڵای کوڕی ئورەیقت -کە بێباوەڕ بوو؛ بەڵام جێی متمانەبوو- بۆ ئەوەی بەڕێی کەنارو دوور لە چاوی قورەیشدا، بەرەو مەدینەیان بەرێت.
بۆ ماوەی سێ شەو لە ئەشکەوتی سەوردا مانەوە، گروپێکی قورەیش چوونە بەردەم ئەشکەوتەکە، بەڵام بە فەرمانی خوا جاڵجاڵۆکە دەرگاکەی تەنی و کۆتر هێلانەی تێداکرد!!، لەو کاتەدا ئەبوبەکری سدیق بە گوێی پێغەمبەریدا چپاندو وتی: قوربان ئەگەر کەمێ سەردانەوێنن دەمانبینن، ئەویش فەرمووی: بێخەمبە خوای گەورەمان لەگەڵە؛؛؛ قورئان، ئەو دیمەن و داستانە مەزنانەی لەم ئەیەتە پیرۆزەدا تۆمار کردەوەو دەفەرموێ: (إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا ۖ فَأَنزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَّمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَىٰ ۗ وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا ۗ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ).
جا ئەگەر کەمێ بەوردی بە هەنگاوەکانی سەرەتای کۆچی خۆشەویستدا گوزەربکەین، ئەم پەندو ئامۆژگارییانەی لێوەردەگرین:
٭ پێغەمبەری خۆشەوست، خەمی یەکەمی گێڕانەوەی سپاردەی قورەیشیەکان بوو، خۆ دەیتوانی بڵێ ماڵی دوژمنەو دەستی بەسەردا بگرێت، بەڵام ئەمە ڕەوشتی پێغەمبەرە، کە لەسەر پەیمان و متمانەی خۆی بەردەوامە.
٭ نەخشەو پلانی ورد: خوای گەورە پێشتر پێغەمبەری خۆشەویستی ئاگادارکردبوو کە لێرە بەدواوە لەشەڕی دوژمنەکانت دەتپارێزین، واتە دەیتوانی بە ئاشکرا هیجرەت بکات، یان خوای گەورە، هەرچۆن لە شەوێکدا بە بوراق لە مزگەوتی حەرامەوە لە مەککە، بردی بۆ مزگەوتی ئەقسا لە قودس و هێنایەوە، دەیتوانی بەئاسانتر کۆچی پێبکات، بەڵام پلان و نەخشەکە وابوو کە بەو شێوازە هیجرەت بکات، تا شوێنکەوتوانی پەندو ئامۆژگاری لێوەربگرن و، ئەوانیش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بە نەخشەو پلان و بەرنامە کاربکەن.
٭ قوربانیدان بە ماڵ و سامان و نیشتمان، لە پێناو خوداو پەیام و ئامانجە باڵاکاندا: زۆرێك لە هاوەڵان بازرگان و دەوڵەمەندو خاوەن بەرژەوەندی بوون، بەڵام هەموو شتێکیان کردە قوربانی لە پێناو ڕەزامەندی خواو سەرخستنی بیروباوەڕەکەیاندا، لەوانە ئەبوبەکری سدیق ڕەزای خوای لێبێت، کە تەنها بۆ سەفەری کۆچ، پێنج بۆ شەش هەزار درهەمی لەگەڵ خۆی بردو هیچی بۆ منداڵەکانی نەهێشتەوە، کە پێیانووت ئەی منداڵەکانت؟ فەرمووی: خواو پێغەمبەری خوام بۆ بەجێهێشتوون.
٭ بەجێهێشتنی زێدو نیشتمان لە پێناو ئازادی و سەرخستنی بیروباوەڕدا: پێعەمبەری خۆشەویست ئاوڕێکی لە مەککە دایەوەو فەرمووی: چەن جوان دڵڕفێن و شیرینی،، ئەگەر هۆزەکەت دەریان نەکردبام، ئەم کۆچەم نەدەکرد.
٭ متمانە بەخشین بە منداڵان، کاتێ پێغەمبەری خوا، بەئەبوەکری فەرموو: ئێرە چۆڵکەن با قسە بکەین، فەرمووی جگە لە ئەسماو عائیشە کەسی تری لێنییە، واتە ئەمانە جێی متمانەن، ئەویش ڕێزی لەو متمانەیە گرت و پەرەی زیاتری پێدا.
٭ هەر ئەو متمانەیە، وای لە ئەسما کرد، ئەبو قەحافەی باپیری -کە نابینابوو- قایل بکات کە باوکی بێ پارەو خەرجی بەجێی نەهێشتوون و، دەستی باپیری خستەسەر تۆشەبەرەیەك لە وردە بەردو وتی: ئەو هەمووەی بۆ داناوین!!، ئەویش وتی ئەگەر کارێکی وایکردبێ باشیکردووە!!
٭ پێغەمبەری خۆشەویست تا زۆرینەی هاوەڵانی لە حەبەشە جێگیر نەکردو ئەوانی تریشی ڕەوانەی مەدینە نەکرد، خۆی هیجرەتی نەکرد و لەناو جەرگەی دوژمندا مایەوە.
٭ هیجرەت گەڕانبوو بۆ دروستکردنی لانەو پێگەیەك بۆ بانگەواز نەك ڕاکردنبێ لە ڕووبەڕوبوونەوەو مەترسی
٭ هەڵوێستی عەلی، ڕەزای خوای لێبێ: کاتێ کە خۆشەویست فەرمووی: ئەمشەو تۆ لە جێگەی مندا دەخەویت، یانی ئەمشەو تۆ لە بری من دەمریت!!؛ کەچی ئەو فەرمووی ڕۆح و گیانم دەکەم بە قوربانت.
* هیجرەت پێمان دەڵێ: دوای ئەوەی گشت ڕیکارو هۆکارەکانت دەستەبەرکرد، ئیتر پشت بە خوادا ببەستەو بڕۆ و سڵ لە هیچ کەس و مەترسییەك مەکەرەوە، ئەو خوایەی ئاگری بۆ ئیبراهیم پێغەمبەر ساردکردەوەو چاوی بکوژەکانی لە ئاست پێغەمبەردا کوێرکرد؛ پارێزگاری لە تۆشدەکات.
٭ گرنگیدان بە هەواڵ و جموجوڵی دوژمن؛ْ نەك بەناوی تەوەککول بەخوا واز لە هۆکارەکان بێنین.
٭ تەرخانکردنی شوان و ڕانەمەڕێك بۆ سڕینەوەی ئاسەوارو شوێن پێی خۆشەویست و هاوڕێکەی، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ زەرورەتی گرنگیدان بە وردەکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خۆپاراستن و وێڵکردنی چاوی ناحەزان.
٭ بەشدارکردنی لاوان لە سەرخستنی کۆچداو ڕاهێنانیان لەسەر چاوپوکی و بەرپرسیارێتی.
٭ قوربانیدانی سەرکردە بە ماڵ و سامان و وەلانانی بەرژەوەندیەکان لە پێناو بیروباوەڕدا.
٭ ئەبوبەکر ناسراوبوو بە بەخشندەیی و، پێغەمبەری خۆشەویست دیاری لە هاوەڵانی وەردەگرت، بەڵام لێرەدا بێ بەرامبەر وڵاخەکەی لێوەرنەگرت، بۆ ئەوەی سەرکردەکانی دوای خۆی لەسەر ئەو ڕەوشتە بەرزە ڕابێنێت.
٭ بەشدارکردنی ئافرەتان لە مەترسیدارترین ڕوداو لە مێژووی ئیسلامیدا کە کۆچەو متمانەدان بە کچان لەو تەمەنە هەستیارەدا.
٭ سوودوەرگرتن لە کەسی بێباوەڕ، بەڵام شارەزاو پسپۆڕ لە بوارێکی پێویست و دوخێکی هەستیارداو، لە پرۆسەیەکی ئاوەها گرنگ و چارەنووسسازد، وانەیەکی گرنگەو پێویستە بە جددی لەسەری بوەستین.
٭ متمانەبوون بەخوداو دڵنیابوون لە چاودێری پەروەردگار، زامنی ئارامی و سوکنایی دڵەکانەو کلیلی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانە.
٭ هەڵبژاردنی کەسی شایستە بۆ هاوڕێیەتی و هاوڕێی سەفەر، کە ئەبوبەکری سدیق جوانترین و باڵاترین شاکارو نموونەیەتی: پێغەمبەری خۆشەویست لێیپرسی: ئەوە چیتە دەمێ پێش دەکەویت و دەمێ دەکەویتە دواوە؟! فەرمووی: کاتێ هەست دەکەم دوژمن لەدومانە دەکشێمە دواوە، وەختێکیش وا گوماندەبەم کە دوژمن لە پێشمانە، پێشتاندەکەوم!!

ماویەتی.

 673

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram