سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  لە سایەی کۆچی سەروەردا ﷺ. (10)
گۆڕینی فۆنت


🌴🌾لە سایەی کۆچی سەروەردا ﷺ 🌴🌾 :

بەشی (۱۰).

نووسینی: مامۆستا سەعید عبدالرحیم

(کەرنەڤاڵی پێشوازی شاری مەدینە لە پێغەمبەر ﷺ).

مەدینەییەکان ئاگاداربوون لە نزیکبوونەوەی پێغەمبەری خوا، بۆیە ڕۆژانە بە دڵێکی تامەزرۆو پڕ ئەوینەوە دەهاتنە دەرەوەی شارو لەسەربان و سەر دارخورماکانەوە چاو لەڕێبوون، چەند ڕۆژیك ئەمە پیشەیان بوو، ئەو ڕۆژی تەشریفی هێنا، تا قرچەی گەرمای نیوەڕۆ چاوەڕێیان کرد، کە سێبەر نەما لەژێری بحەوێنەوە، گەڕانە ماڵەکانیان تا پشوویەك بدەن و بگەڕێنەوە، زۆری نەبرد پیاوێکی جولەکە هاواریکرد: محەممەد گەیشت، ئیتر شار خرۆشا، هەمووان بەخۆشی و جۆشوخرۆشەوە لە ماڵەکانیان هاتنەدرێ، پیاوانی ئەنسار ڕوویان لەدەروازەی شارکرد، ژیان چوونە سەربان و منداڵانیش کوچەو کۆڵانەکانیان تەنی، دەنگ و سەدای یاڕەسولەڵڵا محەممەد، یاڕەسولەڵڵا شاری مەدینەی پیرۆزی کرد، بەگوێرەی ڕیوایەتەکان، ٥۰۰ کەس لە پێشوازی خۆشەویستی خوادا بوون، کە بۆ ئەو سات و وەختەی مەدینە ژمارەیەکی گەورەبوو، گەورە پیاوانی ئەنسار، بەگەرمی پێشوازییان لە پێغەمبەرو هاوەڵانی کردو لە ئاپۆرایەکی نورانی و ناوازەی جەماوەریدا تەشریفیان گەیشتە ناو شارو، بەلای هەر ماڵێکدا تێپەڕیان دەکرد، بەگەرمی داوایان لێدەکرد کە میوانی ئەوان بێت، ئەویش سوپاسگوزاری خۆی نیشانەداو ئەیفەرموو لێگەڕێن بزانین وشترەکەمان لەکوێ چۆکتائەدا، ئەو فەرمانپێکراوە!!؛
بەرائی کوڕی عەزەب کە ئامادەی ڕێوڕەسمی پێشوازیەکە بوو، دەڵێت: مەدینە هەرگیز خۆشی وای بەخۆوە نەدیوە،
بەڵێ، هاتن تا گەیشتنە نزیك ماڵی ئەبو ئەییوبی ئەنصاری، لەوێ وشترەکە چەمایەوە، خۆشەویست فەرمووی ماڵێ کێمان لێرەوە نزیکە، ئەبو ئەییوب فەمووی: قوربان ئەوە ماڵی ئێمەیە، فەرمووی کەواتە لێرە دادەبەزین، ئەوانیش لە خۆشیدا نەیاندەزانی چی بڵێن و چی بکەن، کە خوا ئەو فەزڵە گەورەی ناوەتە سەریان، ماڵەکەیان دوو قات بوو، وتی ئەی پێغەمبەری خوا ئێمە دێینە خوارەوەو سەرەوەتان بۆ چۆڵ دەکەین، شەرمە بۆ ئێمە لەسەرووی بەڕێزتانەوە بین، فەرمووی: نا، ڕەحم بە حاڵی ئێمە و خەڵکانی تریش بکەن کە سەردانمان دەکەن، ماڵتان ئاوابێ ئێمە لە خوارەوە دەبین.
ئەمە تەنها ڕوویەکی دیمەنەکەیە، ڕووەکەی تر، پێشوازی گەرمی ئەنساریەکان بوو لە هاوەڵان، کە چۆن مەردانە لێیان چوونە پێشەوەو، پێشبڕکێ و قورعەیان دەکرد بۆ لە ئامێزگرتنیان و نیشتەجێکردنیان، بەڕادەیەکی وا، فەزڵی ئەوانیاندا بەسەر خۆیاندا. قورئانی پیرۆز ئەو جوامێرییەی ئەنساریەکانی تۆمارکردووە و لەبارەیانەوە دەفەرموێ: {وَالَّذِينَ تَبَوَّءُوا الدَّارَ وَالْإِيمَانَ مِن قَبْلِهِمْ يُحِبُّونَ مَنْ هَاجَرَ إِلَيْهِمْ وَلَا يَجِدُونَ فِي صُدُورِهِمْ حَاجَةً مِّمَّا أُوتُوا وَيُؤْثِرُونَ عَلَىٰ أَنفُسِهِمْ وَلَوْ كَانَ بِهِمْ خَصَاصَةٌ ۚ وَمَن يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ}، الحشر /۹.
جا ئەوەی لە فەزڵ و گەورەیی هاوەڵان بێئاگایە، با تەنها یەکجار، ئەو ئایەتە پیرۆزە بخوێنێتەوە، کە خوای موتەعال، چ ستایشێکان دەکات و چ شایەتییەکیان بۆ دەدات.
پێغەمبەری ئازیزیش ﷺ ئەیفەرموو: [ئەنسار بەهەر شیوو دۆڵیکدا بڕۆن؛ منیش بەڕێی ئەواندا دڕۆم ].
چەند وانەیەکی کورت لە بابەتی ئەڵقە:
٭ خۆشەویستی عیشقی هاوەڵان بۆ پێغەمبەری خوا، ﷺ، کە خۆشەویستتر بووە لایان لە خۆیان و ماڵ و منداڵ و گشت بەرژەوەندیەکانیان.
٭ حیکمەتی پێغەمبەری خۆشەویست ﷺ ، لە دڵڕاگرتنی هەمووان.
٭ خۆشەویستی و خۆنەویستی هاوەڵانی ئەنسار بۆ خوشك و برا موهاجیرەکانیان، بە ڕادەی ئیسار، واتە، براکەت بخەیتە پێشخۆت، دەست لە دنیا هەڵگری بۆ ئەو، دەست لە شتانێك هەڵگری کە خۆت پێویستت پێیانە !!
٭ نەفسی بەرزی هاوەڵە موهاجیرەکان، بەرامبەر بە نەجابەت و ئیسارو خۆنەویستی برا ئەنساریەکان، کە پێشنیاریان دەکرد گشت شتێکیان لەگەڵ بکەن بە دوو بەشەوە، بەڵام ئەمان قایل نەبوون و ئەیانووت نا، ماڵتان ئاواو کاسەتان پڕ بەرەکەت بێ، بازاڕمان پێنیشان بدەن و کارمان بۆ بدۆزنەوە.
٭ ئەوەیە مەدینەکەی مەحوی شاعیر، کە فەرموویەتی: بەنوری عەکسی پێغەمبەر ئەوەندە مونعەکیس بوو بوون، غەریبی تازە هاتوو ئەیووت: ئەم پێغەمبەرستانە!!.
٭ ماوەتەوە ئەوەی لە خۆمان بپرسین: ئەی ئێمه لە کوێی ئەو ئەوین و عیشقەین بۆ پێغەمبەری خوا ﷺ، لە کوێی ئەو ئیسارو خۆشەویستی و برایەتیەین بۆ خوشك و برا باواڕدارەکانمان.
هەزاران دروود و سڵاو بۆ سەر گیانی پێغەمبەری خۆشەویست و هاوەڵانی لە موهاجرین و ئەنسار.



 808

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram