سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  لەسەیەی کۆچی سەروەردا ﷺ. (11)
گۆڕینی فۆنت


🌷🌻لەسەیەی کۆچی سەروەردا ﷺ 🌷🌻:

بەشی (۱۱).

نووسینی: مامۆستا سەعید عبدالرحیم

یەکەم کارێك کە پێغەمبەری خۆشەویست لە مەدینەدا کردی، دروستکردنی مزگەوت بوو، ئەوەش ئاماژەیە بۆ گرنگی و پێگەی مزگەوت لە بەرنامەی پێغەمبەری خۆشەویستدا.
زەویەکەی لە دوو برای مێردمنداڵی ئەنساری کڕی، بەناوەکانی سەهل و سوهەیل، خۆیان داوایانکرد بێ بەرامبەر پێشکەشی بکەن، بەڵام خۆشەویست ڕازی نەبوو، لە ماوەی مانەوەیاندا لە ماڵی ئەبو ئەییوبی ئەنساری ڕەزای خوای لێبێ، بە سەرپەرستی و بەشداری گەرموگوڕی پێغەمبەری ئازیزو هاوەڵان، مزگەوتی پێغەمبەر تەواوکرا، کە زاتی موبارەکی قوڕو بەردی ئەگواستەوە.
دیواری مزگەوتەکە لە خشتی قوڕین و دارەڕاو سەقفەکەی بە داری دارخورما دروستکرا، درێژییەکەی ۳٥ مەترو پانییەکەی ۳۰ مەترو بەرزییەکەی ۲ مەتر بوو، بە گوێرەی هەندێ توێژینەوە، لەسەر سێ ڕیز پایە ڕاوەستاوەو سێ دەرگای هەبووە، قیبلەکەی ڕوو لە بەیتولمەقدیس بوو، بۆ ماوەی حەڤدە مانگ و، بە گوێرەی هەندێ ڕیوایات و دواتر گۆڕدراوە بۆ کەعبەی پیرۆز.
بە تەنیشت مزگەوتەوە دوو حوجرە بۆ ماڵی پێغەمبەری خۆشەویست دروستکراوە بەهەمان بەرزیی مزگەوتەکە.
هەر لە ماوەی ژیانی پێغەمبەری ئازیزدا، دوای گەڕانەوەی لە غەزوەی خەیبەر، هاوەڵان پێشنیاری فراوانکردنی مزگەوتیان کرد، بۆ ئەوەی سازگاربێت لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی موسڵمانان، ئەویش بەقسەی کردن و ۱٥ مەتری خستە سەر درێژی و ۲۰ مەتری خستە سەر باری پانی، بەو شێوەیە بوو بە چوارگۆشە، بە ڕووبەری ۲٥۰۰ مەتر.
دوای ئەو پێشەکییە، دەگەڕێینەوە سەر پێگەی مزگەوت لە سەردەمی پێغەمبەری خۆشەویستدا ﷺ.
وەك لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد، یەکەم دامەزراوە کە خۆشەویست دروستیکرد، مزگەوت بوو، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە مزگەوت لەو قۆناغە مێژووییەدا گێڕاویەتی، کە تەنها شوێنی عیبادەت و خواپەرستی نەبووەو بەس، بەڵکو شوێنی خواپەرستی و ئاراستەکردن و فێرکردن و پەروەردەکردن و شارەزابوون لە ئەحکامەکانی شەریعەت بووە، نەك هەر ئەوە، بەڵکو مەڵبەندی فەرمانڕەوایەتی و ئیدارەدانی دەوڵەتیش بووە.
تا ماوەیەکی زۆریش دوای وەفاتی پێغەمبەری خوا، مزگەوت ئەو ڕۆڵانەی گێڕاوە.
لە حکومەتەکەی پێغەمبەردا ﷺ، بارەگا یان باڵەخانەیەکی تایبەت نەبووە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بارەگای تایبەت و گشتی بریتیبووە لە مزگەوت و بەس، لە هیچ سەرچاوەیەکی ژیاننامەی پێغەمبەردا ئاماژەیەك نییە، کە پێغەمبەری خۆشەیست جگە لە مزگەوت ماڵەکەی خۆی یان جێگایەکی تری بەکارهێنابێت بۆ کاروباری کارگێڕی و سەرکردایەتی دەوڵەتەکەی، بەڵکو گشت کاروبارەکانی وەك پێغەمبەرو سەرۆکی دەوڵەت، لە مزگەوتدا بەڕێدەکرد، لە مزگەوتدا پێشوازی لە میوان و وەفدەکان دەکرد، سوپای ڕێکدەخست و نوێنەرانی دیاریدەکرد، بابەتەکانی جەنگی و ئاشتی یەکلادەکردەوە.
ئەوە وەڵامی ئەو پرسیارەیە. کەبۆچی یەکەم کاری خۆشەویست لە شاری،مەدینە دروستکردنی مزگەوت بوو، گرنگی و پێشخستنی هەر کارێك پەیوەستە بە ڕادەی پێویستی ئەو کارەوە، دەی لەو کاتەدا گرنگترین شت، هەبوونی مەڵبەندو دامەزراوەیەك بوو، بۆ پەروەردەکردنی هاوەڵان لە ڕووی نەفسی و ئەخلاقی و فکری و سیاسی و سەربازی، بۆ ئەوەی هەمووان لەسەر یەك بەرنامە سازو پەروەردە بکات، بۆ یەك ئامانجی دیاریکراو، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووی بەهێز دروست بکات، لە ئاست بەرپرسیارێتی بانگەوازی ئیسلامیدا بێت و توانای ڕووبەڕوبوونەوەی هەڕەشەو مەترسییە چاوەڕوانکراوەکانی هەبێت.
دروستکردنی ئەو دەزگا پەروەردەییە زۆر پێویست بوو، بۆ ئەوەی موسڵمانان بکاتە جەستەیەکی بەهێزو گشت جیاوازیەکانی نێوانیان بتوێنێتەوە.
ئاشکرایە کە موسڵمانەکان لە دوو گرووپ پێکهاتبوون، ئەنسارو موهاجرین، ئەنساریەکانیش لە دوو هۆزی ڕکابەر پێکهاتبوون ئەوس و خەزرەج بوون، کە تازە بە تازە شەڕێکی خوێناوی لە نێوانیاندا ڕوویدابوو، موسڵمانانی موهاجری مەککەش لە چەند هۆزێکی جیاواز پێکهاتبوون، هەر دەستە موسڵمانێك زادەی دۆخ و کلتورێکی تایبەت بوو، هەموو ئەوانە دەخوازیت، بخرێنە بەر پرۆسەیەکی پەروەردەیی چڕو پڕو هەمەلایەن، کە ئامادەیان بکات بۆ قۆناغی نوێی دوای دامەزراندنی دەوڵەتی مەدینە.
بەم شێوەیە، مزگەوت باشترین هۆکاربوو، بۆ کۆبوونەوەی موسڵمانان و دروستکردنی خۆشەویستی و برایەتی لە نێوانیان و داڕمانی جیاوازیەکان، ڕۆژانە هەمووان چەند جارێك پێکەوە لە پشت پێغەمبەری خواوە دەوەستان و لەکەش و هەوایەکی ڕۆحیی لیوانلێو لە ئارامش و یەکسانی و دوور لە شتە ڕواڵەتیەکان، وەستانی هەمووان پێکەوە بە دڵێکی خاشعەوە لە حزوری خوای،پەروەردگار، دەوڵەمەندو هەژار، زاناو نەزان، بەرپرس و بەردەست،،، ئەو کەش و هەوا نورانی و ڕۆحانییە، دڵی هەمووانی پاراو دەکرد و هەستیانی جۆش دەدا بۆ برایەتی و مەحەببەتێکی ڕاستەقینەی بێ مەرام.
ئەوە ڕۆڵی مزگەوت بوو، لەو سەردەمی زێڕین و نورینی پێغەمبەری ئازیزدا ﷺ، دواتر لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی ئیسلامیدا، ڕۆڵە سیاسی و ئیداری و سەربازیەکان، مزگەوت جیاکرانەوە و دەزگاو دامەزراوەی تایبەت بەخۆیان بو دروستکرا. بەڵام مزگەوت، وەك مەڵبەندێکی خواپەرستی و پەروەردەیی و زانستی گرنگ ڕۆڵی خۆی گێڕاوەو له دروستکردنی تاکی چاك و کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر، مزگەوت و حوجرەکانی مزگەوت، هەزاران زاناو بانگخوازو کەسایەتی گەورەو ڕێبەری کۆمەڵایەتی هەڵخستووە.

ماویەتی.



 1156

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram