چۆن منداڵەکەت پەروەردە دەکەیت ؟ یاخود ۱۳۰ رێگە لە پەروەردەی منداڵاندا . بەشی یەکەم (1). بسم الله الرحمن الرحیم ، الحمد لله وحده ، والصلاة والسلام علی من لا نبي بعده ، اما بعد : بەڕاستی پەروەردەی منداڵان هونەر و کارامەیییە ، هەموو کەسێک چاک نایزانێت ئیللا کەمێک لە خەڵک نەبێت ، وە لەوەدا دەیان کتێبم نوسیوە لە نێوان درێژ و کورتدا ، وە وامان بینی و بەباشزانی کە پوختەی هەندێکیان باسبکەم و تەرتیبی بکەم لە کۆمەڵێک بیری سودبەخشدا کە باوکان و دایکان و پەروەردەکاران لێیان بێنیاز نابن لە پەروەردەی منداڵە چکۆڵەکانیاندا بەپەروەردەیەکی ساغ و دروست . یەکەم : عەقیدە و بیروباوەڕ ١ - مناڵەکەت فێری وشەی تەوحید بکە و فێری ئەوەشی بکە کە ئەو وشەیە لە خۆی ئەگرێت لە نەفی و ئیسپات ؛ واتە : فێری بکە " لا الە " نەفییە بۆ ئولوهییەت و پەرستراوێتی غەیری اللە ، و " الا اللە " ئیسپاتییەتی بۆ اللە بەتاک و تەنها . ٢ - شارەزای بکە کە بۆ عیبادەتی خوا دروستکراوین ( وما خلقت الجن والانس الا لیعبدون ) لەگەڵ رێنماییکردنی بۆ واتا و مانا فراوانەکەی عیبادەت . ٣ - زۆر بەئاگر و سزا و تۆڵە و خەشمی خوا مەیترسێنە بۆئەوەی باسکردنی خوا لە زیهنیدا رەبت نەبێت بەم وێنەگەلە ترسێنەرەوە . ٤ - خودای لە لا خۆشەویست بکە ، و وای لێبکە لە هەموو کەس و شتێک خۆشتری بوێت ؛ چون ئەو دروستی کردووین و هەر ئەویش رزق و خواردن و خواردنەوە و هەموو شتێکی پێمان بەخشیوە و ئەویش پۆشتەی کردووین و گێڕاومانییەتی لە موسڵمانان . ٥ - ئاگاداری بکەرەوە لە ئەنجامدانی هەڵە لە خەڵوە و چۆڵەوانیدا ؛ بەوەی فێری بکە و پێی بڵێ کە خوا لە هەموو حاڵێک و لە هەموو شوێنێکدا ئەیبینێت . ٦ - ئەو عیبارەت و دەستەواژانەی زیکر و ناوی خوایان تێدایە وەک " بسم اللە " لە کاتی خواردن و خواردنەوە و چوونەماڵ و چوونەدەرەوەدا ، و " الحمد للە " لە کاتی لێبوونەوە لە خواردن و خواردنەوە ، و " سبحان اللە " لە کاتی سەرسوڕمان وغەیری ئەوەشدا لە عیبارات و دەستەواژەکان لەبەرچاوی زۆر بکە ( بۆ ئەوەی چاوت لێبکات ) . ٧ - کەسێتی پێغەمبەری بەرێزی صلی الله علیه وسلم لە لا خۆشەویست بکە بەفێرکردنی شتێک لە سیفاتی پاکی و خوێندنی شتێک لە چیرۆکی سیرە و ژیاننامەی لەبەردەمیدا و سەڵاواتدان لێی لە کاتی ناوهێنانیدا . واتە : وای لێبکە خوا و پێغەمبەری خوای صلی الله علیه وسلم لە هەموو کەسێک و لە هەموو شتێک خۆشتر بوێت و خۆشەویستییان پێش بخات بەسەر خۆشەویستی خۆی و باوک و دایک و قەوم و نەتەوە و کەسوکار و خاک و نیشتمان و هەموو شتێکدا . ٨ - عەقیدەی قەزا و قەدەر لە زیهنیدا بچەسپێنە ، بەوەی فێری بکە و تێی بگەیەنە لەوەی کە خوا ویستی لەسەر هەر شتێک بێت ، هەر ئەوە ئەبێت ئەو ویستوویەتی و ئەوەشی ئەو ویستی لەسەر نەبێت نابێت ، و ئەگەر هەموو خەڵکی دنیا هەڵسێت بۆ ئەوەی زیان یاخود قازانجێکی پێبگەیەنێت ناتوانێت هیچ زیانێک یاخود قازانجێکی پێبگەیەنێت ئەگەر ئەو ویستی لەسەر نەبێت . ٩ - شەش بنەماکەی ئیمانی فێربکە . ١٠ - هەندێک پرسیاری لێبکە کە پەیوەندییان بەعەقیدەوە هەیە وەک : خوات کێیە ؟ پێغەمبەرت کێیە ؟ دین و ئایینت چییە؟ بۆچی دروستکراوین ؟ کێ رزقمان ئەدات ؟ کێ خواردن و خواردنەوەمان دەرخوارد ئەدات ؟ کێ شیفامان ئەدات و چاکمان ئەکاتەوە ؟؟ بەشەکانی تەوحید چین ؟ کوفر و شرک و نفاق چییە ؟ بەشەکانیان کامانەن ؟عاقیبەت و پاشەڕۆژی هەر یەکە لە کافر و موشرک و مونافق چییە ؟ وە جگە لەو پرسیارانەشی لێبکە لەوەی فێربووە یاخود فێرت کردووە . بۆ فێرکردنی عەقیدە دەتوانی لە دوای ئەوەی هەندێک شتی سەرەتاییت فێرکرد هەر یەکە لە (قواعد الاربع) و (اصول الثلاثة) و هەندێک وردە کتێبی تریشی پێ بڵێیت و تێیشی بگەیەنیت کە عەقیدەی تەوحید یەکەم واجبە لەسەر خەڵک ، بۆیە ئەبێ بەر لە هەموو شتێک فێری ببین ، و لە هەموو شتێک زۆرتر گرنگی پێبدەین و پارێزگاری لێبکەین و بزانین دین عەقیدە و شەریعە و عبادە و نەصیحە و ئەخلاق و سلوک و ئاداب و موعامەلەیە . بەکورتی : دین مەنهەجی ژیانە . وە لە هەموو ئەوەشدا قۆناغبەندی رەچاو بکە . ئامادەکردنی : د. احمد بن عثمان المزید. وەرگێڕانی بەکەمێک دەستکاری و بۆزیادکردنەوە : مصطفی محمد جعفر (گوڵپی)