چۆن منداڵەکەت پەروەردە دەکەیت.؟ بەشی سێیەم (3) یاخود 130 ڕێگەی کورت و پوخت بۆ پێگەیاندنی مناڵەکانتان. سێیەم : رەوشت و ئەخلاق. ١ - ئەگەر ویستت مناڵەکەت راستگۆ بێت ؛ ئەوا ترس لە ناخ و نەفسیدا مەچێنە . واتە : بەچەترسێنی مەکە بۆ ئەوەی فێری درۆ نەبێت . ٢ - یەکەم خۆت راستگۆبە هەتا لە خۆتەوە فێری راستگۆیی ئەبێت . ٣ - مانا و راڤەی فەزیلەت و گەورەیی راستگۆیی و ئەمانەت و دەستپاکی بۆ بکە . ٤ - ئەمانەت و دەستپاکی مناڵەکەت تاقی بکەرەوە بێ ئەوەی ئاگاداری بکەیت بەوە . واتە : بێ ئەوەی پێی بڵێی تاقیت ئەکەمەوە تاقی بکەرەوە . ٥ - مناڵەکەت رابهێنە لەسەر سەبر و پەلەنەکردن ، وە ئەتوانی ئەوەش لە میانی راهێنانی لەسەر رۆژووگرتن ئەنجام بدەیت ، یاخود لەسەر مومارەسە و ئەنجامدانی هەندێک کارگەلی ئەوتۆ کە پێویستی بەسەبر و شێنەیی و لەسەرەخۆیی هەیە . ٦ - دادگەربە لە نێوان منداڵەکانتدا ، چون ئەوە باشترین ئامراز و وەسیلەیە بۆ فێرکردنیان بۆ رەوشتی عەدل و دادگەری . ٧ - منداڵەکەت رابهێنە لەسەر رەوشتی ئیسار و لەخۆبوردن لە میانی هەڵوێستگەلێکی کردەییەوە ، یاخود لە میانی هەندێک چیرۆکی ئەوتۆوە کەوا فەزیلەت و گەورەیی ئیسار و لەخۆبوردن لەخۆدەگرن . ٨ - ئەو ئەنجامگەلە نەرێنییە جێگیربووەی بۆ روون بکەرەوە لەسەر فێڵ و گزی و دزی و درۆ . ٩ - کاتێک منداڵەکەت ئازایەتییەکی لە هەندێک هەڵوێستدا پیشاندا ، مەدح و ستاییشی بکە لەسەر ئەوە و خەڵات و پاداشتی بکە ، و بۆی روون بکەرەوە کە ئازایەتی ئەوەیە کە ئەوەی دروست و زەروری بێت ئەنجام بدرێت . ١٠ - رەق مەبە لەگەڵیدا نەبادا ئەوە پاڵی پێوە بنێت بۆ درۆ و ترس و بیم . ١١ - رەوشتی خاکێتی و نەرمونیانی و تەرکی کیبری لە لا شیرن و خۆشەویست بکە . ١٢ - فێری ئەوەی بکە کە چاکی و فەزڵی هەندێک بەسەر هەندێکدا بەهۆی تەقوا و پارێز و کردەوەی چاکەوەیە ، نەک بەهۆی نەسەب و حەسەب و ماڵ و سامانەوە . ١٣ - فێری ئەوەی بکە کە زوڵم و ستەم ئەنجامەکەی خراپە ، و زۆرداری خاوەنەکەی ئەدا بەزەویدا ، و خیانەت و ناپاکیش ئینسان بەرەو تیاچوون پەلکێش دەکات . ١٤ - فێری جیاوازی نێوان ئەو شتانەی بکە کە لێی شارەون ، وەک جیاوازی نێوان ئازایەتی و هەڵەشەیی ، جیاوازی نێوان شەرم و شوورەیی ، جیاوازی نێوان خاکێتی و زەبوونی ، جیاوازی نێوان زیرەکی و فێڵبازیی . ١٥ - مناڵەکانت فێری چاکە و کەرەم و پیاوەتی و بەخشندەیی بکە هەتا خوو و عادەتی پێوە بگرن ، بەوەی خۆت کەریم و خاوەن کەرەم و چاکە و پیاوەتی بیت لە ماڵدا ، چاکەکار بیت لەگەڵ کەسانی تردا . ١٦ - هەرگیز بەڵێن شکێن مەبە ، بەتایبەتی لەگەڵ مناڵەکانی خۆت ، چون ئەوە فەزیلەت و گەورەیی وەفا بەبەڵێن و بەپەیمان لە دڵ و دەروونیاندا ئەچەسپێنێت . نەسەب : بنەچە ، رەچەڵەک . حەسەب : شەرەفی بنەچە ، رەسەنایەتی ، وەچاخزادەیی . نوسین و ئامادەکردنی: مامۆستا مەلا موستەفا محمد جعفر تایبەت بە پەیجی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمە اللە