بزانە ئایینەکەت لە کێوە وەردەگریت.؟ بەشی کۆتایی (9) ئێمە لە حەوت بەشدا باسی ژمارەیەک لە سیفاتی زانایانمان کرد ، و لە بەشی پێشوشدا ئاماژەمان بەدوو سیفەت لە سیفاتی ئەهلی بدەع و گومڕایی کرد و یەکێک لە سەرانی گومڕایی و هەندێک لە وتەکان و بۆچوونەکانیمان پێتان ناساند ، و لەم بەشەشدا یەکێکی تریان و هەندێک لە وتەکان و بۆچوونەکانیتان پێدەناسێنین وەک ئەوەی بەڵێنمان پێتان دابوو ، ئەویش سەرێکی تری گومڕاییە بەناوی (علی عبدالرزاق) ، جا ئەم کابرایە کتێبێکی لە ژێر ناونیشانی (الاسلام واصول الحكم) دا نوسیوە و لاپەڕەکانی بەکوفر و گومڕاییەکی زۆر رەش کردووەتەوە و حەڵاڵی تێدا حەرام و حەرامی تێدا حەڵاڵ کردووە و حوکمی تاغوتی تێدا شەرعاندووە و حوکمی خواشی تێدا مەمنوع و قەدەغە کردووە ! یەکەم جار (محمد رشید رضا) خاوەنی گۆڤاری (المنار) وەڵامی دایەوە و سەرلەبەری وتەکان و بۆچوونەکان و گومڕاییەکان و چاوەشەکارییەکانی هەڵوەشاند . دوای ئەویش زانایانی زانکۆی ئەزهەر نەقدی کتێبی ناوبڕاویان کرد و خاوەنەکەشیان لە کۆمەڵی زانایانی ئەزهەر دەرکرد . جا ئەوەی لە کتێبی ناوبڕاودا هاتووە ئەوەیە کە خاوەنەکەی موخالەفەی ئایین و دەقەکانی قوڕئان و سوننەت و ئیجماعی زانایانی تێدا کردووە ، و وەک ئەوەی چۆن جەمال بەننا خۆی کافر کرد بوو ، ئەویش بەهەمان شێوە خۆی کافر کردووە ، وە بۆ ناسینی زیاتر ژمارەیەک لە وتەکان و بۆچوونەکانی دەگوێزینەوە ، ئەمانەی خوارەوە هەندێک لە وتەکان و بۆچوونەکانی (علی عبدالرزاق) ە لە کتێبەکەیدا : ناوبراو وتویەتی : ١ - شەریعەتی ئیسلام شەریعەتێکی رۆحی پەتی و رووتە ، و پەیوەندی بەحوکم و جێبەجێکردنی کاروباری دنیاوە نییە ! ٢ - ئایین رێگری نەکردووە لەوە کە جیهادی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لە رێگەی دەسەڵاتدا بووبێت نەک لە رێگەی ئایین و گەیاندنی بانگەوازدا ! ٣ - نیزام و سیستمی حوکم لە سەردەمی پێغەمبەردا صلی الله علیه وسلم بابەتێکی تەمومژاوی و ناروون بووە ، یان ناجێگیر بووە ، یان کەموکورت بووە ، یان هۆی حیرە و سەرگەردانی بووە ! ٤ - موهیممەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بەلاغ و گەیاندنی شەریعەت بووە رووت لە حوکم و جێبەجێکردن ! ٥ - ئیجماع و کۆڕای صەحابە نییە لەسەر (وجوب) و پێویستبونی دانان و راسپاردنی ئیمامی گەورە (خلیفة) بۆ موسڵمانان ! واتە : ئینکاری ئیجماع و کۆڕای یاوەرانی کردووە لەسەر ئەوە . ٦ - دادوەری وەزیفە و ئەرکێکی شەرعی نییە ! واتە : ئینکاری لەوە کردووە کە دادوەری وەزیفە و ئەرکێکی شەرعی بێت . ٧ - حوکومەتی ابوبکر و خەلیفە راشیدەکانی دوای ئەویش لادینی بووە ! ئەمە و چەندین وتە و بۆچوونێکی کوفری و شازی تر . شایانی باسە شێخی ئەزهەریش دکتۆر (محمد الخضر حسین) ئەویش لە کاتی خۆیدا لە دوو توێی کتێبێک و لە ژێر ناونیشانی (نقض كتاب الاسلام واصول الحكم) دا وەڵامی داوەتەوە ، وە چەند کەسێکی دیکەش هەر لە زانایانی ئەزهەر وەڵامیان داوەتەوە و وتەکان و بۆچوونەکان و گومڕاییەکان و چەواشەکارییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە . وە بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە : كتێبی ( فتاوی کبار علماء الازهر الشریف في وجوب تعظیم الشریعة وتحكیمها ، تقدیم : جماعة من العلماء) . ئەمە دوو لە سیفات و دوو لە سەرانی گومڕایی و گومڕاکار بوون لەگەڵ هەندێک لە وتەکانیان و بۆچوونەکانیان ، وە ئێمە لە کتێبی (بەڵگەبوونی سوننەت و وەڵامێک بۆ بەناو قوڕئانییەکان) و لە کتێبێکی تریشماندا ژمارەیەکی تر لە ناو و سیفات و وتەکان و بۆچوونەکانی ئەهلی بدەع و گومڕاییمان وەڵام داوەتەوە و سەرلەبەریانمان هەڵتەکاندووە . جا وەک ئەوەی لە بەشی پێشوودا ئاماژەمان پێکرد لە هەرێمیشدا کەسانێک هەن لە هەندێک لە کەناڵەکاندا دەردەکەون و توتی ئاسا هەمان وتەکانی ئەوان ئەڵێنەوە ! بۆیە پێویستە لەسەر هەموو موسڵمانێک بەسیفات و بەوتەکانیاندا بیانناسنەوە . هەڵبەت حەز ناکەین ناویان بێنین ، چون هیچ بەرژەوەندییەک لەوەدا نابینین ، وە لە لای ئێمە و لە لای زۆر خەڵک ناسراون کێن و بۆ بەرژەوەندی کێ کار ئەکەن . خوا موسڵمانان لە زیان و فێڵ و حیلە و مەکر و خوتخوتە و وەسوەسە و وتە کوفری و ژەهراوی و گومڕاییەکانیان بپارێزێت و چۆن و بەچی ئەیەوێت شەڕیان لە کۆڵ هەمووان بکاتەوە . ئومێدەوارم بەم ئەندازەیە ئەوە روون بووبێتەوە و بزانرێ ئایین لە کێوە وەردەگیرێت و لە کێوە وەرناگیرێت و دوای ئەوە هەر کەسە بەخۆی زانایانی رێنوێنکار لە سەرانی گومڕاکار جیا بکاتەوە ئەگەر ناویشیان نەهێنرێت . وصلی الله علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم . نووسین و ئامادەکردنی: مامۆستا مەلا موستەفا محمد جعفر کۆتایی هات. وللە الحمد والمنة