سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  صەڵاحەدینی ئەیوبی گەورەتر لە ڕەخنەگرانی.!
گۆڕینی فۆنت


صەڵاحەدینی ئەیوبی گەورەتر لە ڕەخنەگرانی.!

ھیچ سەرکردەیەکی سەربازی مێژوویی لەماوەی زیاد لە ھەشت سەد ساڵ بەر لە ئەمڕۆی دونیای ئیسلامدا بەھێندەی صەڵاحەددینی ئەیوبی ( ١١٣٨ ـ ١١٩٣) لەلایەن نەیارانییەوە ڕِەخنە نەکراوەو ھەوڵی شکاندنی کەسایەتی نەدراوە، ئەو ڕەخنانەش لێی گیراون ھەموو خاڵی بەھێزبووە بۆ ئەم سەرکردەیەو لە گەورەیی صەڵاحەددینەوە بووە نەک بچووکی یاخود لاوازیی کەسایەتی و نەزانی لەڕووی ھونەری سەرکردایەتیکردن و نەخشەو تاکتیکی جەنگ.

ئەوروپیەکان بە نەیارەکانیشییەوە لە وەسفیدا بە (Kurdish leader) واتە سەرکردەیەکی کورد پەسنی دەدەن، بەشێک لەناسیۆنالیستە عەرەبەکان کە ڕەچەڵەکی دەبەنەوە سەر عەرەب بەھۆی ئەوەوەیە ئەم سەرکردەیە توانیویەتی گەورەترین ھێزی دەسەڵاتداری خۆرئاوایی لەبەرگی دیندا تێکبشکێنێت و وەک عەرەب و وەک ئیسلامیش ئەوە بە شکۆمەندی بۆخۆیان دەزانن.

صەڵاحەددین پاڵەوانێکی مێژوویی گەورەو کاریگەربووە، بۆیە ھەوڵی بەموڵکایەتیکردنی بۆخۆیان بەشکۆمەندی دەزانن، ئەوان نایانەوێت ئەو ڕەوایەتیە بۆ کورد بێت.

عەقڵی مەزھەبگەرای شیعەش دەیانەوێ بەوە لەشکۆی کەمبکەنەوە کە قەتڵوعامی فاتمیە شیعیەکانیکردووە لەمیسردا لە کاتێکدا بەشێک لە مامەڵەی صەڵاحەددین بەھۆی ناپاکی و دەست تێکەڵکردنی ئەمانە بوو لەگەڵ داگیرکارانی خاکی موسوڵمانان و خاچدروشمان بۆ بەکۆلۆنیاڵکردنی خۆرھەڵاتی ئیسلامیی و خاکی پیرۆز لە وڵاتی شام.

ھەندێ لە بەناو ڕۆشنبیرو نوخبەکانی کوردیش نەزانانە بێ زانیاری و سەرچاوەو بەڵگەنامەی مێژووی دادگایی ئەم سەرکردەیە دەکەن بە عەقڵی شۆڤێنیزمی و ناسیۆنالیزمی کوردی کە گوایە صەڵاحەددین نەیتوانیوە دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکات، بێئاگا لەوەی ململانێکانی زیاد لە ھەشت سەدە بەر لە ئەمڕۆ ململانێ و ناکۆکی ئایین بووە لەنێوان خۆرھەڵات و خۆرئاوادا نەک نەتەوەیی و شەڕی دروستکردنی (دەوڵەت ـ نەتەوەو نەتەوە ـ دەوڵەت).

ئەم شێوازە لەئیشکردن بۆ لاوازکردنی ڕۆڵ و شکاندنی کەسایەتی صەڵاحەددینی ئەیوبی لە نێو دونیای سیاسیی و ڕۆشنبیری کوردیدا جیاواز لە مێژوو نووسەکانی وەک شەرەفخانی بەدلیسی و موحەممەد ئەمین زەکی بەگ و صاڵح قەفتان و..ھتد کەسوڵتان صەڵاحەددین وەک گەورەترین سەرکردەی لێھاتووی کورد وێنا دەکەن، ئەمە ئيدی نەزعەیەکی نوێی ئایدۆلۆژییە بەتایبەتی لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک مۆدێلی حزبی ستالینی و پاشخان چەپ و سیکۆلار بەناوی نەتەوەوە زیاتر گەشە دەکەن و وەڵامی پرسیارە نوێیەکانیان پێنابێت دەکەونە ناو شەڕی مێژووەوەو پرسیاری ئەمڕۆ لەوەڵامە کۆنەکان دەکەن.

صەڵاحەددینی ئەیوبی لەگەڵ دوژمنەکانیشی مرۆڤانە مامەڵەیکردووە، ئەوانەی خاچیان لەیەخەیاندابوو لە مەجمەعی کلیرمۆنتی فەرەنسیەوە بەنوێنەرایەتی خۆرئاوا بەرەو خۆرھەڵات لەشکریان دەھێنا، ھەندێک لەسەرکردەکانیان لەکاتی ھاتنەکەشیاندا کاتێک نەخۆشی کوشندە ڕووی لێکردوون صەڵاحەددین میوەی شام و بەفراوی کوێستانەکانی بۆناردوون کاتێک زانیویەتی دەبێتە شیفا بەخشیان، ئەو مرۆڤ بوو، سەرکردەبوو، خەمی جیھانی ئیسلامیی و ئوممەتێکی لەکۆڵنابوو، خەمی نەھزەتی ھەستانەوەی ئوممەت بوو، نەک بیری تەسکی نەتەوەگەرایی و عەقڵی ناوچەیی.

ئەوەیە وا دەکات لەم قۆناغەی ئەمڕۆدا ھەر ستایش و ناساندنێکی صەڵاحەددین نوێ نییە، بەھەزاران گوتارو نووسین و بەسەدان کتێبی دەربارە بڵاوکراوەتەوەو ، دەیەھا نامەی ماجستێرو تێزی دکتۆرای جیھانی لەسەر نووسراوەو کۆڕبەندو کۆنفرانس و کۆنگرەی زانستی گەورەی لەسەر بەستراوە، ھەروەک چۆن ھەر ڕەخنەو توانج لێدان و شکانەوەیەکی ئیزافەیەکی جیاوازی بەبەراورد لەگەڵ دوێنێ تیانییەو ھەمووی دووبارەکردنەوەو وتنەوەی دەستەواژەو ڕستەکانی ڕابردووە.

ھەر نەتەوەو کەس و لایەنێک ڕەخنەی سوڵتان صەڵاحەددین بکات ئاساییە لەبەر ئەوەی گەرەکیانە بەتەنیشت ناوبانگی صەڵاحەددینەوە وێنای گەورەیی خۆیان بکەن و لەقۆزاخەی چکۆلانەی نادیارەوە ببنە دیار، ئەمە بۆ ئەوان ئاساییەو چاوەڕوانکراوە، بەڵام لەوە کارەساتترو نەنگیتر ئەوەیە کورد بەپێچەوانەوە بەتوانج و پلارو بڵاوکردنەوەی زانیاری بێ سەرچاوە کاتێک لەسەر سەرکردە صەڵاحەددین دەدوێت جگە لە خۆ بەبچوکزان و بەقەزەمبوون ھیچی دی بۆ نامێنێتەوە،چونکە بەوە مێژووی خۆی کەندڕ دەکات و بە پاچ و بێڵی نەزانی ھەرەسی پێدەھێنێت.

ئارام عەلی سەعید.
ماجستێر لەمێژووی ھێرشی خاچدروشمان و ڕۆڵی صەڵاحەددینی ئەیوبی

تێینی:
کتێبێکی زۆر پێویست و زەرور بۆ ناسین و وەڵامی چەندین گومان لەسەر سوڵتانمان صلاح الدینی ئەیوبی
http://www.dangiislam.org/Mobile/LibraryDetail.aspx...



 506

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram