سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (24).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.!

بەشى بيست و چوارەم. (24).

ئیسلام لە جیهانی واقیعدا.!

ئیسلام وەکو کۆمۆنیزمیش نییە کە کۆمەڵگا بکاتە خەرمانەیەکی پیرۆزو تاکەکان –بێ نرخانەو بێ ئەوەی ببنە خاوەنی خۆیان- لە دەوری گەڕێن، یان ئەو فێڵە لە تاکەکان بکات: کە زۆر تینیان بۆ دێت و پێش ئەوەی ڕقیان ببێتەوە بە ئاگرپرژێنی گۆڕانکاری تر، خێرا نەقابەیەکیان بۆ ئیحتیوا کردن بۆ دەکاتە قاڵب و هەموو ڕق و گلەییەکانیان –وەکو ئەندامێتی هەست و جەستەیانی- تێ ئەپەستێوێت.!! تەنانەت ئەو کاتانەش هەر حیزب (کە گوایە تاکە نوێنەری کۆمەڵگە پڕۆلیتارییەکەیە.!) ئاڕاستەی نەقابەکان دەکاتەوە.! لە کۆمۆنیزمدا تاک مافی ئیعتیرازی نییە، چونکە هەر لەسەرەتاوە تەنازولی لەسەربەستی خۆی کردووەو داوێتیە دەست تاکە حیزبەکەی پرۆلیتاریا.!
ئیسلام ئاڕاستەو سیستمێكی نێوان ئەم دوو مەدرەسەیە، چونکە دان بە بوونی هەردوو توخمەکە (تاک و کۆمەڵ)دا دەنێ، هەردووکیشیانی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییەکی بەرفراوانتر ئاڕاستە کردووە، ڕێ لە تاک ناگرێت –بە ڕێگایەکی شەرعی کە لەبەردەم هەموواندا کراوەیە- هەبوونی کاریگەری خۆی لەو بوارەدا بسەلمێنێت کە شیاوێتی، هەست و سۆزو حەزی خزمەتکردنی کۆمەڵگاکەشی وا تێدا دەڕوێنێت کە شانازی بەوەوە بکات کە ڕۆڵێکی لە خزمەتکردنیدا هەیە.. کۆمەڵگەكەش وا ئاڕاستە دەکات کە ئەم تاکانە کوڕی خۆیین، دەبێ نەک هەر خۆشحاڵ بێت بە بوون و گەشەیان، بەڵکو دەبێ بواری باشترو هەلی چاکتریان بۆ بڕەخسێنێت تا زیاتر پێشکەش کەن، کۆمەڵگەکەش (کە دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی هەڵبژێرراوی خەڵکەکە نوێنەرێتی) بوارو مافێکی باشی هەیە یاسا بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵکاری دانیشتوان دەرکات، ئیسلام ناهێڵێت کاربەدەستانی کۆمەڵگەکەی (کە دەسەڵاتدارانی سیاسی وڵاتەکەین) کاروباری سیاسی و ئابوری و پەیوەندی نێو دەوڵەتی خۆیان بە نهێنی و ژێر زەمینی –دوور لە چاودێری تاکەکان- ئەنجام بدەن، بۆیە جگە لەوەی پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە (هاوڵاتیان و حکومەت) لەسەر بناغەی خۆشەویستی و ڕێزی بەرامبەری درووست دەبێت، لە ناکۆکیەکانی نێوانیشیاندا هەردوو لا دەگەڕێنەوە سەر ئەحکامە شەرعییەکانی ئیسلام تا دادوەریان بکات، ئەحکامەکانی هی هیچ لایەنێکیان نین.! لەبەر دەستی هەردوولاشیاندان.!

ئیسلام کە ئەم سیستمە تایبەتییەی هێناوە، وە نەبێ لەژێر پاڵە پەستۆی پێداویستییە ئابوریيەکاندا هێنابێتی، یان سەرەنجامی لێکدانی بەرژەوەندییە ناکۆکییەکان بووبێ، نەخێر، خۆ ئیسلام دەستووری دوای تەجروبە نییە.! ئیسلام هەر لەسەرەتای هاتنیەوە ئەمانەی لەخۆ گرتبوو، بەشێوەیەکی سەربەستانەی خۆی داینان، لە زەمانێکدا بوو کە هێشتا جیهان هیچ نرخێکی وای بۆ هۆکارە ئابورییەکان دا نە دەنا.! یان هیچ شتێکی وای دەربارەی دادی کۆمەڵایەتی (العدالە الاجتماعیە) نە دەزانی.. لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستمی سەرمایەداری و سیستمی کۆمۆنیستی کۆتا پلەی زانستی کۆمەڵناسی و ئابوری ئەم سەردەمەن، بەڵام هێشتا سیستمی ئیسلام لەچاو هەردووکیاندا هەر پێشکەوتوو ترە.. ئەوانەی کە کارل مارکس هاواری بۆ ئەکردو ئەو شۆڕشە گەورەی لەپێناو وەدی هێنانیاندا بەرپا کردو دەوڵەتی لەبەرامبەریاندا بە لێپرسراو دەبینی (کە بریتی بوون لە تێرکردنی داواکارییە سەرەکیەکانی مرۆڤ: خواردن، جێی حەوانەوە، ئارەزوی جنسی) ئەوەتا ئیسلام پێش ١٤43ساڵ لەمەوپێش داوای کردووەو لە واقیعی کۆمەڵگەکەی خۆشیدا چەسپاندوێتی.! پێغەمبەر ﷺ ئەفەرموێت: (من کان لنا عامل ولم یکن لە زوجة فلیتخذ زوجة، ومن لیس لە مسکن فلیتخذ مسکنا، ومن لیس لە خادم فلیتخذ خادما، ومن لیس لە دابة فلیتخذ دابة) واتە: ئەو کەسەی كە کارمان بۆ دەکات و ژنی نەهێناوە با ژن بهێنێت، ئەوی خانوی نییە با خانوویەک وەرگرێ، ئەوی خزمەتکاری نییە با خزمەتکارێ بگرێ، ئەوی سواری نییە (ئاژەڵ بێ، یان سەیارەی ئەم زەمانە) با سوارییەک بۆ خۆی وەرگرێ.. بێگومان هەمووشیان ئەمانە هەر دەبێ لە دەوڵەت وەرگرن.. ئەمانەش وەک دەیبینی لەوانە زیاتر کە کارل مارکس دوای (١٢٠٠) ساڵ لە ئیسلام داوای کردووە، ئیسلام ئەمەشی داواکردو بۆ خەڵکەکەشی هێنایە دی بێ ئەوەی بیانخاتە نێو گێژاوی ڕق و قینی چینایەتییەوە، بێ ئەوەی لە شۆڕشی خوێناوی کینەدا بیانهاڕێت، بێ ئەوەی سەربەستییان لێ سەنێتەوە، یان ئینکاری بنەما سەرەکیەکانی ژیانی مرۆڤ بکات..
ئاینێک ئەمە بناغەی دەستووری بێ، ئاینێک چوارچێوەی ئەو ژیانە بەرفراوانەی مرۆڤی لەهەموو لایەنێکیەوە گرتبێتەوە: لایەنی ڕۆحی  و بیروهۆش و هەست و سۆزو خواپەرستی و ڕەوشتەوە..

ئیسلامێک ئەمە چەند سیفەتێکی سیستمەکانی بێ، چۆن ئەشێ پێی بووترێ کە مەبەستەکانی کۆتا هاتوون.؟! خۆ ئەو مەبەستانەی ئەو بۆیان هاتووە هەر مەبەستەکانی ژیانی مرۆڤ خۆیین.! کەوابوو تا ژیان مابێ ئیسلامییش ئەمێنێ..

ماويەتى.

نووسينى: مامۆستا ئازاد نجم الدين

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 395

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram