سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (25).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.!

بەشى بيست و پێنجەم. (25).

ئیسلام لە جیهانی واقیعدا.!

ئەم جیهانی ئەمڕۆ بەو حاڵ و باروودۆخانەیەوە دەژی، چۆن ئەتوانێ واز لەو وەحیە خواییەی ئیسلام بهێنێت.؟! ئەو جیهانەی لەم سەردەمی سەدەی بیستەمەیدا لە ئەمریکاو ئەفریقای خواروو و شوێنانی تر گەشتۆتە کۆتا پلەی دڕندەیی، ئێستا پێویستی بە ئیسلامە، هەر وەکو کە قوڕەیش پێش هەزاروچوارسەد ساڵ لەمەوبەر پێویستی پێی بوو، ئەو کاتەی کە ڕەش پێست و سپی پێستی لە واقیعی ژیاندا –نەک لە خەون و خەیاڵ پڵاوی تیۆردا- یەکسان کرد.! یەکسانییەک کە هەموو ئەیانزانی کە کەس لە کەسی تر چاکتر نیە مەگەر بەزۆرتر لەخوا ترسان (تەقوا)ی..
ئەو ئیسلامەی یەکسانی مرۆڤایەتی بە کۆیلە ڕەش پێستەکان بەخشی، نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەرزکردنەوەیان بۆ ئاستی پێشەوایەتییەک کە حەتمەن دەبێ گوێڕایەڵى بکرێن و ملیان بۆ کەچ بکرێت، نەک ملکەچ کرێن.! چونکە پێغەمبەرﷺ بە موسڵمانان دەفەرموێت: (إستمعوا وأطیعوا ولو استعمل علیکم عبد حبشی کأن رأسە زبیبة، ما أقام فیکم کتاب اللە) واتا: گوێڕایەڵ و ملکەچ بن (بۆ هەرکەس کە دەبێ بە ئەمیرتان) با قولێکی حەبەشیش بێ، کە سەری وەکو مێوژە ڕەشە بێت، مادام ئەیەوێت کتێبەکەی خوای گەورەتان لە ناو جێبەجێ بکات..
ئەو جیهانەی ئەمڕۆ لە ئیمپڕیالیستی و چەوساندنەوەدا گەیشتۆتە کۆتا پلەی دڕندەیی و جەردەیی و تاڵانی، پێویستی بەو ئیسلامەیە کە ڕێ لەو داگیرکاری و ڕووتانەوەیە دەگرێت و خەڵکی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ڕەوشتی ڕەسەن پەروەردە دەکات.. مەگەر ئەو وڵاتانە شاهیدی حازر نین کە لە لایەن ئیسلامەوە ئازاد کراوون.؟! نابینیت کە ئیسلام بە مەبەستی داگیرکردن‌و ڕماندن و ڕووتانەوەیان داگیری نەکردوون، بەڵکو بە بانگەوازەکەی خوای گەورەو بۆ ئەو ڕزگار ئەکردن، مەگر نابینیت ئەو مەبەستە هۆکاری سەرەکی مانەوەی ئەو وڵاتانەیە لەسەر ئەو بنەماو بەها ڕەوشتییە ڕەسەنانەی ئیسلام لەسەری ڕای هێنان.؟! مەگەر نابینیت ئێستا کۆمەڵگەی ئەو وڵاتانە خۆیان بوونەتەوە بە هەڵگری پەیامی خوایی و ئاڵای بانگەوازەکەی و پیاوماقووڵی ڕەوشتە ڕەسەنەکەی ئیسلام.؟! ئەمە بەرهەمی ئەو دادگەریی و دادوەرییەیە کە یەکێکی وەکو عومەری کوڕی خەتتاب –خوالێی ڕازی بێ- پیادەی دەکرد!؟
کاتێك کوڕی عەمری کوڕی عاص کە باوکی والی میصر بوو موسابەقەی بە ئەسپ لەگەڵ خەڵکیدا دەکرد، ئەسپی گەنجێکی قیبتی پێش ئەوەی کوڕی عەمری دایەوە، ئەمەش بووە مایەی توڕەبوونی کوڕەکەی عەمری والی، بۆیە لە داخانا قامچییەکی بە گەنجە قیبتیەکەدا کێشا.! کە هەواڵەکەیان گەیاندەوە خەلیفە عومەر فەرمانیدا ئامادە کران لە مەدینە، خەلیفە بە گەنجە قیبتییەکەی فەرموو هەستە قامچییەکەت لە کوڕەکەی عەمری کوڕی عاص بدەرەوە، دوای ئەوەی لێی دایەوە، فەرمووی: دە قامچییەکیش لەباوکی بدە، چونکە والی بووەو مافەکەی تۆی لە کوڕەکەی خۆی نەسەندۆتەوە.!!
ئەمە لەکوێ‌و ئەو جیهانە پیسە نوقمەی ناو ستەمی سەرمایەداری و کۆمۆنیستی لە کوێ.؟! ئاخر بۆیە دەڵێن: هەردوو کۆمەڵگەکەی سەرمایەداری و کۆمۆنیستان پێویستیان بە ئیسلامە، هەر وەکو کە پێش هەزارو چوارسەد ساڵ لەمەوبەر قوڕەیش پێویستی پێی بوو.!! تا لەگەڵ نەش و نمای ڕۆحێکی پاک و بێگەردا، هەموو هیواو ئاواتەکانی مرۆڤی سەر ڕاست بەو پەڕی سۆزو خۆشەویستیەوە –دوور لە لافاوی ڕق و قین- بهێنێتە دی..
ئەو جیهانە بەدبەختەی ئەمڕۆ پێویستی بە ئیسلامە، تاڕێ لە ئایدۆلۆژییە دیکتاتۆریيەکان بگرێت کە بە زۆر بەسەریا ئەچەسپێنرێن.! پێویستی بەو ئیسلامەیە تا لە هەموو کۆت و زنجیرێکی ماددی و مەعنەوی ڕزگاری بکات، ئەو ئیسلامەی کە ئەفەرموێت (لا إکراە في الدین قد تبین الرشد من الغی) البقرة /٢٥٦ واتە: بە هیچ شێوەیەک خەڵکی نابوغزێنرێ و ناچار ناکرێ تا دینەکە وەرگرێت، چونکە ڕێی ماقووڵ و سەرفرازی لەڕێی چەوت و گومڕایی جودا بۆتەوە..
هەموو جیهان پێویستی بە ئیسلامە تا بیکاتە ڕێبازی ڕاستەقینەی ئاشتی و هێمنی و ئاسوودەیی خۆی، تا خۆشگوزەرانی ماددی و مەعنەوی بۆ بهێنێتە دی..
ئیسلامێک ئەم تواناو وزەو کاریگەرییەی هەبێت، هەرگیز مەبەستەکانی کۆتایی نایەن و بەردەوام ئەتوانێ ڕۆلی خۆی نەک هەر لەسەر ئاستی پەروەردەکردنی تاک و دامەزراندنی کۆمەڵگەدا، بەڵکو لە داهاتووی مرۆڤایەتی و ڕەسەن کردنەوەی ئاڕاستەی پارسەنگیدا ببینێت..

ماويەتى.

نووسينى: مامۆستا ئازاد نجم الدين

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 22

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus