سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئامۆژگاری بۆ هاوسەران.!
گۆڕینی فۆنت


🌷 ئامۆژگاری بۆ هاوسەران 🌷

"چەند نەریتێكی خراپ پێویستە خۆمانی لێ بەدوور بگرین دوای هاوسەرگیری"

• بەسەربردنی كاتی زۆر دوور لە هاوسەر و ماڵ : ئێمە ناڵێین واز بهێنین لە كاركردن و پیشەسازی و گەشت و گوزار و تێكەڵ بوون بە هاوڕێ و هاوكارەكان بەڵام بەسەربردنی كاتێكی زۆر لەگەڵیانداو لەسەر حسابی ژیانی هاوسەرێتی پشێوی و داڕووخان دەخاتە ناو خێزانەكەتەوەو دەبێتە هۆی وێران كردنی و هێنانی بەدبەختی، لەبەر ئەوە پێویستە كاتی تەواو بدرێت بە ماڵەوە چونكە بەتایبەتی پیاوان وەكو پێش ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری نین بەڵكوو ئێستا بەرپرسیارێتی گەورە كەوتۆتە سەرشانت، هاوسەرەكەت لە پێشترە لە هەموو كەسی تر، تەنانەت نابێت منداڵیش كاریگەری هەبێت لەسەر گەرم و گوڕی پەیوەندی هاوسەرێتیتان، وە پێویستە كاتی تایبەت دابنێن بۆ گۆڕینەوەی ڕازەكان و دەربڕینی هەست و نەست و خۆشەویستی بۆ یەكتر.

• هاتنە ناوەوەی كەسوكار: یەكێك لەو هۆكارانەی كە ماڵی هاوسەرێتی دەشێوێنێت و دەیڕووخێنێت بریتیە لە هاتنە ناوەوەی كەسوكار و ئاگاداربوونیانە لە وردەكاریەكانی ژیانی هاوسەرێتی، كەسوكار و خزم و دۆستەكان جێگەی ڕێز و خۆشەویستین، ناكرێ فەرامۆش بكرێن و گرنگیان پێ نەدرێ بەڵكوو بە پێچەوانەوە پێویستە زۆر گرنگیان پێ بدرێت بەڵام بە هیچ جۆرێك نابێت بهێنرێنە ناو ژیانی هاوسەرێتی، وە نابێت ئاگایان لە هیچ جۆرە ناكۆكی و ئاژاوەیەكی ناوماڵ و ژیانی هاوسەرێتیتان بێت چونكە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی كێشەو گرفتەكە گەورەتر بێت جگە لە هەندێك كات نەبێت كە دەكرێ كەسێكی بە ئەزموون و بە تەمەن ئاگادار بكرێت لە كێشەیەك كە بەخۆتان چارەسەر نەكرێت، ئەوەش لە سنوورێكی دیاریكراودا، ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە پێویستە ژن و مێرد هەردووكیان پێكەوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن تا بۆیان بكرێ نەهێڵن كەسی سێهەم بچێتە ناو ژیانی هاوسەرێتیان بەڵكوو پێویستە خۆیان چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانیان بدۆزنەوە ، هەركات یەكێكیان هەڵەیەكی لەوی تر بینی چاوپۆشی لێ بكات و گیانی لێبوردەیی زاڵ بكەن بەسەر گیانی تۆڵە سەندنەوەدا.

• لەبیركردنی دەستەواژەو لافیتە بچووكەكان: خۆشم دەوێت، خۆشەویستم، ئازیزەكەم، تاقانەكەم، لە هەموو كەس خۆشەویستری لەلام، سوپاست دەكەم، ماندوو نەبیت، دەستەكانت خۆش بێت، ئەمانەو چەندین دەستەواژەی تر كە سەراپای ژیانی هاوسەرێتی دەكاتە ڕۆمانسیەت و ئاسوودەیی بەڵام زۆر كەس فەرامۆشی كردوون و وا دەبینێت كە بەهایەكی نەبێت بەڵام بایەخ و بەهای زۆریان لەسەر بەردەوام بوون و زیاتر كردنی خۆشەویستی هەیە.

وەرگیراوە بە سوپاسەوە.


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org


 934

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram