بۆچی هێزی کوفر زاڵە بەسەر ئەهلی ئیماندا.؟ وەڵامێکی لۆژیکی بۆ پرسیارێک کەلەمێشک و دڵی موسڵماناندا دەخولێتەوە لەلایەن مامۆستا سەعیدی نوڕسی ڕەحمەتی خوای لەسەربێ وەڵام دراوەتەوە کەدەفەرموێ : ڕۆژێکیان یەکێک پێی وتم : مادەم (الحق یعلو ) وتەیەکی ڕاستەو هیچ جۆرە گومانێکی تێدا نییە ، ئیتر بۆچی کافر بەسەر موسڵماندا سەردەکەوێت و (هێز)یش بەسەر (حەق)دا زاڵ دەبێت؟! منیش لەوەڵامدا وتم: سەرنج لەم چوار خاڵە بدە ئەو گرێ کوێرەیە دەکرێتەوە: خاڵی یەکەم : مەرج نییە هەموو هۆکارەکانی حەق وەکو خۆی حەق بن ،، هەروەها مەرج نییە هەموو هۆکارەکانی ناحەق وەکو خۆی ناحەق و ناڕەوا بن. کەواتە ئەنجامەکەی بەم جۆرە دەبیت: هەر هۆکارێکی حەق با بەلای (ناحەقیشەوە) بێت بەسەر هۆکارێکی ناڕەواو ناحەقدا سەردەکەوێت با لە پەنای حەقیش دا بێت. کەواتە حەق بەبۆنەی هۆ ناڕەواکەیەتی وا ژێر ناحەق دەکەوێت !! واتە ژێر کەوتنەکەی شتێکی کاتییە و خۆیی و هەمیشەیی نییە، چونکە ئەنجامی هەموو کارێک هەمیشە بۆ حەق و ڕەوایە، بەڵام کە (هێز) سەردەکەوێت هی ئەوەیە کە بەشێکی لە (حەق) تێدایە و نهێنییەکی سەرکەوتنی تێدا شاراوەتەوە. خاڵی دووەم : لەکاتێکدا کە دەبێت هەموو ڕەوشتەکانی مرۆڤی موسڵمان وەکو خۆی موسڵمان بن، کەچی دەبینین لە واقع دا وانییە. ئەگەر واش بێت هەمیشەیی نییە. کەواتە هەر بەم جۆرەش پێویست نییە هەموو سیفەت و ڕەوشتەکانی مرۆڤی کافر وەکو خۆی کافر بن. بەهەمان شێوەش لە سیفەت و ڕەوشتی مرۆڤی فاسقدا مەرج نییە هەمویان فاسق بن. کەواتە سیفەتێکی موسڵمانانە کەلە کافرێکدا بێت بەسەر سیفەتێکی ناموسڵمانانە و نامەشروعی موسڵمانێکدا سەردەکەوێت ئیتر بەم هۆ حەقەوە ئەو کافرە بەسەر ئەو موسڵمانەدا (کەسیفەتێکی نامەشروعی تێدایە) سەردەکەوێت. پاشان دەبێت ئەوەش بزانین کە مافی ژیان مافێکی گشتییە بۆ هەموان . کەواتە کافرێتی ڕێگا لەمافی ژیان ناگرێت ، ئەو ژیانەی کە درەوشانەوەی بەزەییە گشتییەکەی خوای گەورەیە و نهێنی حیکمەتی بەدیهێنانی تێدایە. خاڵی سێهەم : خوای گەورە بە دوو جۆر خۆی لە بونەوەران دەردەخات و بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە : یەکەمیان: شەرعی تەکوینی (یان سونەتی کەونی) کە بریتییە لە ویست و تەقدیری خوای گەورە و لە سیفەتی (الارادة) ەوە پەیدا بووە . دوەمیان: ئەو شەرعە زانراوەیە کە لەسیفەتی (الکلام)ەوە هاتووە. جا هەروەک لەلایەن مرۆڤەوە گوێڕایەڵی و سەرپێچی (هەردوکیان) بەرامبەر فەرمانە شەرعییەکان ڕوو دەدەن ، بەهەمان جۆر گوێرایەڵی و سەرپێچیش بەرامبەر فەرمانە تەکوینییەکان ڕوو دەدەن. زۆربەی جار یەکەمیان کە گوێڕایەڵان و سەرپێچی کەرانی فەرمانە شەرعییەکانن پاداشت و تۆڵەی خۆیان لەو دنیادا وەردەگرن. بەڵام زۆربەی جار دووەمیان کە گوێڕایەڵان و سەرپێچی کارانی سونەتە کەونی و ژیارییەکانن هەر لەم دنیایەدا پاداشت و تۆڵەی خۆیان وەردەگرن. جا هەروەک: پاداشتی ئارام گرتن سەرکەوتنە ، تۆڵەی تەمبەڵی و دانیشتن زەلیلی و سەرشۆڕییە هەروەک ئەنجامی ژەهر نەخۆشییە و هی دەرمان شیفا و چاکبونەوەیە بەهەمان جۆر پاداشتی کۆشش دەستکەوت و دەوڵەمەندییە و پاداشتی بەردەوام بونیش لەسەر حەق سەرکەوتنە. جاری وادەبێ کە فەرمانەکانی ئەم دوو شەریعەتە پێکەوە لە شتێکدا کۆدەبنەوە ئیتر هەریەکەیان لایەنێکی هەیە. کەواتە گوێڕایەڵی فەرمانێکی تەکوینی کە ئەم گوێڕایەڵییە شتێکی حەقە (چونکە گوێڕایەڵی کردنە بۆ فەرمانێکی خوا) بەسەر مل بۆ نەدان و سەرپێچی کردنی هەمان فەرمانی تەکوینیدا سەردەکەوێت چونکە سەرپێچی کردن لەهەر فەرمانێکی تەکوینی دەچێتە ڕیزی ناحەقەوە و دەبێت بەشێک لەو ناحەقە. جا لەکاتێکدا هەر حەقێک بوو بە هۆ بۆ ناحەقێک ئەوا بەبێ هیچ گومانێک بەسەر ئەو ناحەقەدا سەردەکەوێت کەبووە بە هۆ بۆ حەقێک .پاشان ئەنجامیش بەو جۆرە دەبێت کە دەیبیت: حەق ژێر ناحەق دەکەوێت بەڵام نەک خۆی بەڵکو هۆکەی. کەواتە مەبەست لە (حەق سەردەکەوێت) ئەوەیە کە خودی حەق خۆی لەخۆیدا سەرکەوتووە و هەر سەریش دەکەوێت . خاڵی چوارەم : ئەگەر هات و حەقێک لەپلەی هێزدا مایەوە واتە نەچووبووە پلەی واقع و فیعل یان لەگەڵ شتێکی تردا ئاوێتە بوو یان خڵتەو غەشی تێدا بوو بەم بۆنەیەوە پێویستی بەوە دەکرد کە حەق دەربخرێت و هێزێکی نوێی پێ بدرێت و لەو خڵتانە پاک بکرێتەوە ، ئەوا بۆ ئەم مەبەستە بەشێوەیەکی کاتی ناحەقی بەسەردا زاڵ دەکرێت تاوەکو لەئەنجامی زۆرانکاری و پاڵناندا حەق لەهەموو چڵک و چەپەڵییەک پاک ببێتەوە. نرخی دراوی حەق کەتا بڵێی بەنرخە دەربکەوێت. خۆ ئەگەر هاتوو ناحەق لەکات و شوێنێکی دیاریکراوی دنیادا بەسەر حەق دا سەرکەوت ئەوا تەنها یەک لایەنی جەنگەکەی بردووەتەوە نەک هەمووی. چونکە ئەنجامی (والعاقبة للمتقین) واتە ئەنجام و دواڕۆژبۆ خواپەرستانە ئەنجامێکە حەقی بۆلا دەگەڕێتەوە و پێی دەگات. هەر بەم چەشنەش ناحەق تەنانەت لەکاتی سەرکەوتنی ڕواڵەتیشدا هەمیشە هەر ژێر کەوتووە و لەو وتەیەدا نهێنییەکی قوڵ هەیە کە پاڵ بەناحەقەوە دەنێت و بەزۆر بەرەو سزای دواڕۆژی دنیاو قیامەتی دەبات. کەواتە حەق هەمیشە سەرکەوتووە. بەدیعوززەمان سەعیدی نوورسی پەیامەکانی_نوور وتەکان - لاپەڕە/ ٨٠٤. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org