سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ساڵی نوێی كۆچی و هه‌ڵوێسته‌یه‌ك.!
گۆڕینی فۆنت



دانراوه له‌لایه‌ن: هاوژین طالب رضا 

ساڵی نوێی كۆچی و هه‌ڵوێسته‌یه‌ك.!

ئه‌و ساڵه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا( صلی الله‌ علیه‌و سلم) له‌ مه‌ككه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌ كۆچیكرد، له‌ سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی خه‌تتابدا به‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی مێژووی ئیسلام دانرا، ئه‌و ساڵه‌ش به‌رامبه‌ر ساڵی(622)ی زاینی بوو. 
له‌م یاده‌داو له‌م ساتانه‌دا كه‌ پێ ده‌نێینه‌ ساڵێكی نوێی تری كۆچییه‌وه‌، پێویست ده‌كات پێش هه‌موو شتێك هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌ ژیانی خۆماندا بكه‌ین... پێویست ده‌كات ئاوڕێك له‌ ساڵی رابردوومان بده‌ینه‌وه‌و به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌... پێویست ده‌كات هه‌ڵوێستێكی دیارو ئاشكرامان له‌ ساڵی نوێ هه‌بێ؟ 
ئایا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئیسلامداین یان نا...؟ 
وا ئه‌زانم له‌گه‌ڵ ئیسلامدا نابین ئه‌گه‌ر چیتر كات به‌ فیڕۆ بده‌ین و خۆمان به‌ كاری رووكه‌ش و لاوه‌كییه‌وه‌ خه‌ریك بكه‌ین و وابزانین كار بۆ ئیسلام ده‌كه‌ین... پێویسته‌ له‌وه‌ ببینه‌وه‌و چیتر خۆمان و خه‌ڵكی هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنین. 
بێگومان له‌گه‌ڵ ئیسلام نابین ئه‌گه‌ر چاومان له‌ ئاخیره‌ته‌وه‌بێ و دڵمان بۆ دنیا لێبدات... هه‌نگاوێك بۆ ئیسلام بنێین و هه‌نگاوێكیش له‌گه‌ڵ قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌... ئه‌وه‌ ده‌رمانی ده‌ردی ئێمه‌ ناكات... نابینه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان... سه‌ركه‌وتن هاوڕێمان نابێ... به‌ڵكو ته‌نها نه‌وه‌یه‌كی بێده‌نگی بێ هه‌ڵوێست، نه‌وه‌یه‌كی پارچه‌ پارچه‌ی ونبووی دۆڕاو ده‌بین... 
جا ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ ئیسلامدا بین؛ ئه‌وه‌ با به‌راستی بۆ لای خوای گه‌وره‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌... یه‌ك جار به‌ به‌هێزی و به‌ ئیخلاسه‌وه‌... یه‌ك جار به‌ مه‌ردی و به‌ جورئه‌ته‌وه‌... 
با یه‌كه‌م جه‌نگمان له‌ نه‌فسی خۆماندا ده‌ست پێبكه‌ین و شیرك و دنیا ویستی تیا ببه‌زێنین و ئیماره‌تی ئیسلامی تیا دابمه‌زرێنین... با هیچ پاساوێك بۆ تاوان و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانمان له‌ نه‌فسمان قبوڵ نه‌كه‌ین؛ تا بتوانین به‌ ئیمانێكی تازه‌وه‌ پێ بنێینه‌ ساڵێكی نوێی كۆچییه‌وه‌... با هه‌موو عوزرێك بۆ برایانی باوه‌ڕدارمان بهێنینه‌وه‌و كه‌مترین حسابیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین؛ تا بتوانین به‌ جددی بیر له‌ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین... 
خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: قد أفلح من زكاها الشمس:9 واته‌: بێگومان رزگاری بووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی‌ نه‌فسی خۆی به‌ موحاسه‌به‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای خوای گه‌وره‌ له‌ كوفر و تاوان پاك ده‌كاته‌وه‌و، به‌ ئیمان و به‌كرده‌وه‌ی چاك ئاوه‌دانی ده‌كاته‌وه‌. 
پێغه‌مبه‌ری خوا( صلی الله‌ علیه‌و سلم) ئه‌فه‌رموێ: (إنه لیغان علی قلبي، وإني لاستغفر الله في اليوم مائة مرة) ( موسليم:2702) واته: پێغه‌مبه‌ری خوا( صلی الله‌ علیه‌و سلم) له‌ هه‌موو كارو حاڵێكیدا به‌رده‌وام له‌ یادی خوای گه‌وره‌دا بووه‌، ئه‌و به‌رماوه‌ كه‌مانه‌ی كاتیش كه‌ یادی خوای گه‌وره‌ی تێدا نه‌كردبێ به‌ تاوانی زانیوه‌و رۆژانه‌ 100 جار داوای لێخۆشبوونی له‌ خوای گه‌وره‌ كردووه‌. 
هاوه‌ڵه‌ ناوداره‌كانی پێغه‌مبه‌ریش( صلی الله‌ علیه‌و سلم) هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ده‌روونی خۆیاندا له‌ كێشمه‌ كێشدا بوون... 
عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب ترسی قیامه‌ت كارێكی وه‌های له‌ دڵ و ده‌روونی كردبوو هه‌رده‌م فرمێسكی چاوه‌كانی به‌سه‌ر روومه‌ت و ریشییا جۆگه‌له‌یان به‌ستبوو، به‌ راده‌یه‌ك شوێنی فرمێسكه‌كانی ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕابوون... 
هه‌ر عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب كاتێك له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه‌ ئازیزه‌كاندا (خوا لێیان رازیبێ) له‌ په‌یمانی حوده‌یبییه‌دا فرمانی پێغه‌مبه‌ریان یه‌كسه‌ر ئه‌نجام نه‌داو وایان ده‌زانی به‌نده‌كانی په‌یمانه‌كه‌ به‌ قازانجی كافران ته‌واو ده‌بێ، عومه‌ر ده‌ڵێ:" له‌و رۆژه‌وه‌ هه‌ر خه‌ریكی سه‌ده‌قه‌و رۆژو نوێژو به‌نده‌ ئازادكردنم له‌ ترسی ئه‌و كاره‌ی ئه‌و رۆژه‌م و ئه‌و قسانه‌ی كه‌ كردنم، به‌و هیوایه‌ی خوای گه‌وره‌ لێم خۆش ببێ." 
جا هه‌ر كاتێك به‌م شێوه‌یه‌ بۆ ساڵی نوێ خۆمان ئاماده‌كرد... سه‌رزه‌نشتی‌ نه‌فسمان له‌سه‌ر تاوانه‌كانی ساڵی رابردوومان كرد... بۆ ره‌زای خوای گه‌وره‌ كاره‌كانمان ئه‌نجامدا... به‌ خۆمانه‌وه‌ خه‌ریك بووین... وازمان له‌ ره‌خنه‌گرتنی ئه‌و زاناو بانگخوازانه‌ی خزمه‌ت به‌ قورئان و سوننه‌ت ده‌كه‌ن هێنا... وازمان له‌ بێ هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو ناهه‌قییه‌ی له‌ ئیسلام و مسوڵمانان ده‌كرێ هێنا... به‌دڵ دوعاو پاڕانه‌وه‌مان بۆ برایانی مسوڵمانمان له‌ هه‌موو جێیه‌ك كرد، له‌ فه‌له‌ستین، عێراق، سۆماڵ، سودان، ئه‌فغانستان، چیچان...تاد كرد. 
هه‌ركاتێك دڵه‌كانمان به‌مجۆره‌ ئاماده‌كرد... ئه‌و كاته‌ جه‌نگه‌كانی ترمان له‌سه‌ر ئاسان ئه‌بێ... 
خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُم فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّن بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا وَمَن كَفَرَ بَعْدَ ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ ( النور:55). [خوا به‌ڵێنی دڵنیابه‌خش و ته‌واوی داوه‌ به‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌ له‌ ئێوه‌و كارو كرده‌وه‌ چاكه‌كانیان ئه‌نجامداوه‌ به‌ڕاستی له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكداجێنشینی و پایه‌داریان ده‌كات له‌ وڵاتدا هه‌روه‌ك چۆن ئیماندارانی پێش ئه‌مانی جێنشین كردووه‌ ئه‌و دین و ئایینه‌یان بۆ ده‌چه‌سپێنێت خوا خۆی پێی ڕازییه‌، هه‌روه‌ها ترس و بیمیان بۆ ده‌گۆڕێت به‌ ئارامی و هێمنی، ئه‌و كاته‌ ئیتر به‌ ته‌واوی هه‌ر من ده‌په‌رستن و هه‌رگیز هیچ جۆره‌ هاوه‌ڵ و شه‌ریكێكم بۆ بڕیار ناده‌ن، ئه‌وسا ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و پایه‌دارییه‌ بێباوه‌ڕ بێت، ئا ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ هه‌ر تاوانبارو له‌ سنوور ده‌رچوون] 

كه‌واته‌ با هه‌موومان په‌یمان له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌ تازه‌ بكه‌ینه‌وه‌... داوای لێخۆشبوون له‌ خوای گه‌وره‌ بكه‌ین... داوای گه‌ردن ئازایی له‌ برایانمان بكه‌ین... ساڵی نوێمان به‌ ئیمان و به‌ چاكه‌ ده‌ست پێبكه‌ین... تا خوای گه‌وره‌ سه‌ركه‌وتنمان پێبدات، بمان كات به‌ ئه‌هلی دین و ته‌مكینی دینی خۆیمان بۆ بكات، تا به‌ ئه‌من و ئه‌مان دونیا به‌ڕێ بكه‌ین و به‌هه‌شتی خوای گه‌وره‌ به‌ ده‌ست بهێنین. 

 1552

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram