سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  زەكات بەكێ دەدرێت.؟
گۆڕینی فۆنت


زەكات بەكێ دەدرێت.؟

نووسینی: مامۆستا ناسیح مەجید.


إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَاِبْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنْ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ(60)
خوای كاربەجێ لەم ئایەتە پیرۆزەدا بنچینەیەكی گرنگ بۆ دابەشكردنی زەكات دیاری دەكات و تایبەتمەندیشی دەكات لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە پابەندبوونیشی دەكات بەكۆمەڵێك كەس و لایەنەوە و نابێت دانی زەكات لەم چوارچێوەیە بكرێتە دەرەوە ، جا ئەگەر هەر دەرچونێك لەم یاسا خواییە ڕوویدا ئەوا مەرجی دانی زەكاتەكە نایەتەدی ، كەواتە ئەو كەسەی كە زەكاتەكەی داوە فەرزەكەی لەسەر نەكەوتووە ، بۆیە پێویستە زەكات و دابەشكردنەكەی لەسەر ئەو یاسا فەرزكراوە بێت كە خوای گەورە دیاری كردووەو پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم جێبەجێی كردووە و خوای گەورە دەفەرموێت : (60 إِنَّمَا) ئامڕازێكە لە ئامرازەكانی تایبەتمەندكردن ، كەواتە بەپێی ئەم یاسا تایبەتمەندكردنە نابێت زەكات بدرێتە كەسانی تر كە لەم ئایەتە پیرۆزە بەدەرن ، ( الصَّدَقَاتُ) تێكڕای ئەو داهاتانەی كە وەك زەكات وەردەگیرێن وەك : پارە – دانەوێڵە – ئاژەڵ . ئەمانە بەتایبەتمەندی دەدرێتە ئەم كەسانە و بریتین لە :

1- (لِلْفُقَرَاءِ) بۆ هەژارەكان (ل) ئەم لامە لە زمانی عەرەبیدا بۆ بەماڵكردنی ئەو زەكاتەیە كە دەدرێتە ئەو چین و توێژانە ، لەدوای وەرگرتنی ماڵەكە (زەكاتەكە) وەك ماڵی تایبەتی وەرگرەكەی لێدێت ، بۆ كەس نیە سەرزەنشتی ئەوكەسە بكات كە چۆن و لەچیدا ئەو ماڵە خەرج دەكات مەگین لەشتی ناڕەوادا بێت ، ئەو كاتەش ئەو كەسە بە سەفیهو نەزان دەدرێتە قەڵەم و ماڵ و سامانەكەی لەدەست وەردەگیرێتەوەو دەدرێتە دەستی كەسێك كە سەرپەرشتی خێزانەكەی دەكات.
پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم ئەفەرموێت : (زەكات و سەدەقە بۆ كەسی دەوڵەمەند و بەهێز و تەندروست حەڵاڵ نیە). لە ئیبن عومەرەوە ئیمامی ئەحمەد و ئەبو داود و ترمزی ڕیوایەتیان كردووە.

2- (والْمَسَاكِینِ) كەم دەستەكان : لە ئەبو هرەیرەوە ئەفەرموێت :" پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم فەرمووی : كەم دەست ئەو كەسە نیە كەبەسەر خەڵكیدا دەگەڕێت ، پارویە یان دوو پار و یان هەندێ خواردن و خورمای دەست دەكەوێ، گوتیان ئەی َپێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم كەمدەست كێیە.؟ فەرمووی: كەمدەست ئەوەیە ،كەسی نیە پێداویستیەكانی بۆ چارەسەر بكات و كەسیش پێی نازانێ كەكەمدەستە تا سەدەقەی بداتێ و ئەویش هیچ لە خەڵكی داواناكات ". بوخاری و موسلیم فەتحولباری 3/ 399 وە موسلیم 2/ 719.

جیاوازی نێوان و فەقیر و مسكین:

فەقیر كەسێكە ئەوەی ڕۆژانە دەستی دەكەوێت كەمترە لە نيوەی ژیانی ڕۆژانەی ، بۆ نمونە خێزانێك ڕۆژانە پێویستی بە (20) هەزار دینارە، بەڵام ئەم خێزانە ڕۆژانە (10) هەزار دیناری دەست دەكەوێت، مسكین : كەسێكە كە لەسەروی (10) هەزار دینارەوەی دەست دەكەوێت هەتا دەگاتە كەمتر لە (20) هەزار دینار .

3- (والْعَامِلِینَ عَڵیْهَا) ئەوانەش كەكار دەكەن لەسەری : واتە ئەوانەی هەڵدەسن بە كۆكردنەوەی زەكات بەهەموو بەشەكانی زەكاتەوە ، ئیتر ئەو كەسانە موچەیەكیان بۆ دیاری دەكرێت لە زەكات و بەچاوپۆشی لەباری ژیانی كەسەكە ، دەوڵەمەندە یان نا ، ئەمە ناكرێتە پێوەر بەڵكو لێرەدا تەنها پێوەری كار ئیشی پێدەكرێت.

4-(والْمُؤلَّفَەِ قُلُوبُهُمْ) : دڵڕاگیركراوەكان : ئەمانەش دەبنە دوو دەستە : دەستەی یەكەم ئەو كەسانەن كە ماڵ و زەكاتیان دەدرێتێ بەحوكمی ئەوەی تازە موسڵمان بوون بۆ ئەوەی زیاتر دڵیان لەسەر ئايین بچەسپێ.
دەستەی دووەم : ئەو كەسانەن كە پارەیەك و ماڵێكیان دەدرێتێ تا كێشەو ئاژاوە بۆ دەوڵەتی ئیسلام و موسڵمانان دروست نەكەن.

5- (وفِی الرِّقَابِ) : ئەو كەسانەی كە بەندەن و دەیانەوێت خۆیان لە بەندایەتی ڕزگار بكەن بە كرینەوەی خۆیان و ئەمانەش بشكێ زەكاتیان بۆ هەیە .

6- (والْغَاڕمِینَ) : ئەوكەسانەی كە قەرزارن ، بەهۆیەكی شەرعیەوە قەرزێكی زۆریان كەوتۆتە سەر و پێویستە موسوڵمانان دەستیان بگرن ویارمەتیان بدەن بۆ دانەوەی قەرزەكەی ، هەروەها زانایان دەفەرموون : ئەگەر كەسێكیش لە پێناو چارەسەری كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوان دوو بەرەبابی موسوڵمانان چووە ژێر باری پێبژاردنی پارەیەكی زۆر ئەویش ئەم زەكاتەی پێ ئەدرێت لە پێناو چارەسەری ئەو كێشەیەدا .

7- (وفِی سَبِیلِ اللَّهِ) : لێرەدا ئایەتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە دەبێت ئەم پشكە بدرێتە ئەو كەسانەی كە جیهاد دەكەن لەپێناوی خوای گەورەدا و ئیتر لەدوای ئەمە ئەم بەشە خەرج بكرێت بۆ هەر ئامانجێكی ترو مەبەستێكی تر، ئەوە ئەو خاڵەی جێبەجێ نەكردووەو مافی زەكات دانەكەی بەجێ نەگەیەنراوە چونكە لادان لەمەرج و بڕیاری خوای گەورەی تێ دەكەوێت .

8- (ۆاِبْنِ السَّبِیلِ) : ڕێبوارێك كەلەگەشتەكەیدا پارەی لێبراوە و پێویستی بەكۆمەك و هاوكاری هەیە تا دەگەڕێتەوە شوێنی مەبەستی خۆی ، لێرەدا گوێ بەوە نادرێ كە لەشوێن و زێدی خۆی چەندێك پارەی هەیە ، بەڵام پێویستە موسوڵمانان لە بەیتول ماڵ هاوكاری بكەن و زەكاتی بدەنێ تا بەسەربەرزانە دەگەڕێتەوە شوێن و جێگای خۆی .

(فَڕیضەً مِنْ اللَّهِ) ئەمەی كەباس كرا و ئایەتەكە ئاماژەی بۆ كردن فەرزكراوێكی خوایییەو بۆ هیچ كەسێك نیە ئەم سیستم و یاسایە تێك بدات و پێویستە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت .
(واللَّهُ عَلِیمٌ حَكِیمٌ) خوای گەورە زانایە پێتان و كاربەجێیە بەو یاسایانەی كە دایان دەنێت .

زەكات چییە ؟

زەكات لەڕووی زمانەوانیەوە بریتیە لە زیاد بوونی ماڵ و سامان یان گەشەپێدانی .
لەڕووی شەرعەوە بریتیە لە: مافێكی فەرزكراو بەسەر ماڵێكی تایبەتكراو بۆ هەندێ توێژی دیاری كراوی ناو كۆمەڵگە ،لەكاتێكی دیاری كراودا ؟

بۆدانی زەكات پێویستە ئەم مەرجانە بێنەدی:

1- كەسە زەكات دەرەكە موسڵمان بێت . 2- سەربەخۆ بێت و بەندە نەبێت . 3- خاوەنداریەتی هەبێت بەسەر ماڵەكەیەوە .4- دەستی پێی بگات و بتوانێت بریاری لەسەر بدات . 5- ساڵی بەسەردا هاتبێـتەوە .

زانایانی ئیسلام ڕەحمەتی خوایان لێبێت بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی موسڵمانانی ئەو ناوچەیەی كە زەكاتەكەی لێوەردەگیرێت لە دەوڵەمەندەكان و دابەش دەكرێـتەوە بەسەر هەژارانی موسڵماناندا ئەتوانرێت بەم شێوە بدرێت :
1- ئەگەر بارودۆخ لەبار نەبوو، خەڵكی هەژاريیان بەسەردا هاتبوو ئەوا ئەتوانرێت زەكاتی زیاتر لە ساڵێك بدرێت ، بەمەرجی ئەوەی ساڵی داهاتوش تاوتوێی ماڵەكە بكرێت ئەگەر هەرچی مایەوە لە زەكات ئەویش لێدەر بكرێت نەك چاوپۆشی لێبكرێت .
2- ئەگەر هاتوو بارودۆخ لەبار بوو ئەوە ساڵانە كەسی دەوڵەمەند زەكاتی ماڵەكەی خۆی ئەدات .
3- پێویستە زەكاتدەر نیەتی ئەوە ساغ بكاتەوە ئەو ماڵەی كە بەخشیویەتی بەنیەتی زەكات بووە.


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 661

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram