سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  موعجيزەى ئیسراو میعراج کەى ڕوویدا.؟
گۆڕینی فۆنت


موعجيزەو ڕووداوە گەورەكەى پێغەمبەرايەتى ( ئیسرا) و (میعراج) چۆن و کەى ڕوویدا.؟

ئيسراو ميعراج لە گەورەترينى ڕووداوو موعجيزەى پێغەمبەرى ئيسلام بووەو، بە ڕووداوە زۆر گەورەو بەهێزەكەى ئايينى ئيسلام ئەژمارد دەكرێ و وەڵامى دەمكوتكەرانەى ناحەزان و دوژمنانى ئيسلامى لە خۆ گرتووە.!
سەرجەم موسوڵمانانيش لە بەهێزترينى موعجيزەى پێغەمبەرايەتى ئەژماردى دەكەن و بە گەورەترين ڕووداوى مێژووى بانگەوازى ئيسلامى دەزانن.


(ئیسرا) و (میعراج) لە قۆناغێکى زۆر ناسک و مەترسییداردا بوو لە ژیانى پێغەمبەرى خوادا ﷺ، ئەو دەمە بوو کە نێردراوى خودا زۆر ماندو و دڵگران بوو، بەڵام بەم ڕووداوە گرنگە مێژووییە، ئاسۆى ئاسمانى لێدرەو شایەوەو هیواو ئومێدێکى بەخۆيى و بە یارانى و شوێنكەوتوانيشى بەخشى.

هەردوو ئيمامى (نەوەویى) و (قورتوبى) دەڵێن: ئەم ڕووداوە پێنج ساڵ پاش پێغەمبەرێتى بوو، خاوەنى کتێبى (الرحيق المختوم) دەڵێ: لە (27/ى (ڕەجەب )ى ساڵى (10)ى پێغەمبەراێتیدا بوو.
بەڵام زانايان پێيان وايە مێژووى ئەو ڕووداوه گرنگ و گەورەيە يەكلا نەبۆتەوە. بۆيەگرنگ ڕووداوەكەيە، نەك مێژووى ڕووداوەكە.!

كۆدەنگى سەرجەم ئەهلى سوونەو جەماعەت لەسەر ئەوەيە: كە ئەو شەوڕەویە بە (جەستە)ى پیرۆزى پێغەمبەر بووە ﷺ، لە مزگەوتى (حەرام)ـەوە بۆ مزگەوتى (قودس) بە سوارى (بوراق) و بە هاوڕێتى (جوبریل)، پاشان پێغەمبەرى ئيسلام لە قودس دابەزیى و پێشنوێژى بۆ پێغەمبەرەکان (عليهم الصلاة والسلام) کرد و هەر لەوێش (بوراق)ى بە ئەڵقەیەکى دەرگاى مزگەوتەکەوە بەستەوە.

 دواتر هەر ئەو شەوە لە (بیت المقدس)ـەوە بەرز کرایەوە بۆ ئاسمانى دنیاو، دەرگاى بۆ کرایەوەو هەر لەوێ (بابە گەورە)ى گشتمانى (ئادەم) دیت "سڵاوى لەسەر بێت" بابەگەورەیشمان خۆشحاڵى خۆى بەدیتنى دەربڕیى و ددانى نا بە پێغەمبەرێتیدا.

 پاشان هەر لەوێیش خواى خاوەن توانا ڕۆحى گشت شەهیدەکانى ئامادەکردو لەلاى راستیەوە نیشاندان، لە چەپیشیەوە ڕۆحانیەتى سەرجەم بەدبەختانى نیشاندا.

 ئەوسا سەرخرا بۆ ئاسمانى دووەم و لەوێ (یەحیا)و (عیسا)ى دیتن (سڵاویان لەسەر بێت)، ئەوانیش پێغەمبەرێتییان سەلماندو، پاشان بۆ ئاسمانى سێیەم بەڕێکەوت و لەوێش (یوسف)ى دیت (سڵاوى لەسەر بێت)، ئەویش بە خێرى هێناو ددانى بە پێغەمبەرێتییدا نا.

 بۆ دوایى بەرەو ژورووتر سەرخرا بۆ ئاسمانى چوارەم، لەوێش (ئیدریس) پێغەمبەرى دیت و خۆشحاڵ بوو، وە پێغەمبەرێتى سەلماند، لە پاشان سەرخرا بۆ ئاسمانى (پێنجەم) و لەوێش (هارون)ى کوڕى (عیمران)ى دیت، ئەویش پاش بەخێر هێنانى پێخۆشبوونى خۆى دەربڕى و ئیقرارى بەپێغەمبەرێتى کرد.

 لە ئاسمانى (شەشەم)یشدا بە (موسا) گەیشت و، ئەویش هەر وەکو پێغەمبەرەکانى تر پێشوازى لێکرد، جا کاتێ لەوێ تێپەڕى مووسا گریا! گوتیان بۆچى دەگریت؟ گوتى: چونکە لەبەهەشتدا ئوممەتى ئەم پێغەمبەرە لە ئوممەتى من زیاترە.

 وە لە ئاسمانى (حەوتەم)یشدا بە(ئیبراهیم) شاد بوو، پاش بەخێرهێنان و خۆشحاڵى و دداننان بەپێغەمبەرێتییدا لە لایەن ئەویشەوە (سەڵاویان لەسەر بێت) چوویە (سدرة المنتهى)، پاش ئەو (بیت المعمور).

 ئەوجا بەرزتر بوويەوە.. تا بەدیدارى خواى گەورە شاد دەبێ و لێیەوە نزیک دەبێتەوە، هەر بەقەد دوو (کەوانى) ما، یان نزیکتر، لەوێ هەرچى پێویست بوو بۆ ئەو قۆناغە وەحیى بۆکردو تێیگەیاند، لەوانە (50) ڕکات نوێژى لەسەر ئوممەتەکەى فەرز کرد، پاشان بەتەگبیرو راوێژى موسا تکاى لەخواى میهرەبان کرد هەتا بۆى کەمکردەوەو کردى بەم پێنج (5) نوێژەى ئێستا. 

بەسەرهات و گێرانەوەيەكى زۆرى ديكەش هەن كە لەم كورتە ڤيديۆيەدا ناكرێ هەموو باس بكرێن. دەتوانن بگەرێنەوە سەر هەردوو سەرچاوە گەورەكەى ئيسلام (بوخارى و موسليم). 

وانەو پەندو ئامۆژگارييەكانى ڕووداوى (ئيسراو ميعراج):

1- پشتگيرى و دڵدانەوەى (الله تعالى) بۆ بەندەكانى هەركات تووشى نارەحەتى و سزاو دەربەدەرى بوونەوە لە پێناو سەرخستنى وشەى تەوحيد دا.

2- بە راست زانين و پشتگيرى پەيامى (الله تعالى)، لە هەر كات و سات و سەردەمێكدا، ئەگەرچى نەيارانيش زۆر بەهێزو خاوەن تواناو هێزى تەكنەلۆژياش بن.

3- پەيامى ڕاستى ئيسلام بە خەڵكانى ڕاستگۆى وەك (ئەبوبەكرى صديق) و پياوانى بەخشەرى وەك (عوسمانى كوڕى عەففان) و ئافرەتانى دڵسۆزو خەمهەڵگرى وەك (خەديجە) سەردەكەوێ.

4- بەرزبوونەوەى پێغەمبەرى ئيسلام لە قودسى پيرۆزەوە بۆ ئاسمانەكان، گرنگى و بايەخيدانە بەو شوێنە پيرۆزە و هێشتنەوەى ئەو شوێنە پيرۆزەيە لە هزرو دڵى ئيمانداراندا تا ئەو رۆژەى ژيان بوونى دەبێ و كۆتايى بەم دونيايە دێت.

5- باسى (ئیسرا) لە یەک ئایەتداو، پاشان باسى تاوانەکانى (بەنى ئیسرائیل) بەدواى ئەوداو، دواتر کە دەڵێ: ئەم قورئانە باشترین رێباز دەست نیشان دەکا.. ئەمانە هەموو هێماو ئاماژەن کە (یەهوود) لەسەرکردایەتى دەردەکرێن و، دەدرێتە دەستى ئەم پێغەمبەرە تازەیەو قورئانیش بەرنامەى دەبێت، چونکە (یەهوود) ئەوەندە تاوانى کرد، کەڵکى رابەرایەتییان تێدا نەماو، خواى گەورەیش لێى سەندنەوەو تەسلیمى (موحەممەد)ى کرد ﷺ..

 کەوابوو پێویستە رابەرایەتى کردنى هەر ئوممەتێک پڕ بێت لە دادگەریى و دادپەروەریى و ئەخلاق و داوێن پاکى و دەستپاکیى و، هەوڵ و تێکۆشان و جیهادو لێبڕان و، لێبوردن و جورئەت و ئازایەتى.. بێ خیانەت و گزیى و فرت و فێڵ لەگەڵ گەلەکەیدا.. ئەگینە خواى گەورە قبوڵى ناکاو دەسەڵات و هێزو لەشكرى لاوازو زەبوون دەكات و لەناوى دەبات، ئەگەرچى زۆریشى پێ بچێت.

6- (ئيسراو ميعراج) دوانەيەكى لێك دانەبڕاوەن و هەردوو پێكەوە موعجيزە گەورەكه درووست دەكەن، ئەمەش وەڵامێكە بۆ نەيارانى سووننەت كە پێيان وايە: تەنها (ئيسرا) دەقى سەريحى لەسەرەو (عروج و بەرزبوونەوە) دەقى قەتعى لەسەر نيه.! 
بەپێچەوانەوە لە قورئانداو لە سوورەى (نەجم)دا تەواوى وردەكارى بەرزبوونەوەى پێغەمبەرى تێدايەو تەنانەت وردەكارى بينينى جوبريل و چوونە لاى (سدرة المنتهى)، کە (سیدرەش) لە ئاسمانى حەوتەمدایەو نزیکى عەرشەو درەختێکى پڕ گەڵاو سێبەر چڕو پڕە.
وە بە دەيان فەرموودە لەو بارەوە کە پێشەوا فەرموودەناسەکان دەڵێن فەرموودەکان موتەواترن و زیاتر لە (20) هاوەڵى بەرێز فەرموودەى (میعراج)یان گێڕاوەتەوە، چەندان هاوەڵی بەرێزى وەکو ئەنەسى کوڕی مالیک و ئەبوزەڕو غەیرى ئەمانەش لە بوخارى و موسلیم و باقى سونەنەکاندا بە موتەواترى هێناویانەو باسیان لێوە کردووە، بۆیە بابەتى میعراج نەک لە قورئاندا نەهاتووە.. بەڵکو بەپێچەوانەوە لە قورئان و فەرموودەى موتەواتریشدا هاتووە. 

ئامادەكردنى: عيرفان ئەحمەد كاكه مەحموود 
سەرپەرشتيارى پرۆژە بانگەوازييەكانى شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود


پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org


 457

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram