سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئاگاداربن ماڵەکانمان نەبنە تەممەڵخانە.
گۆڕینی فۆنت


وریابە ماڵت نەبێتە کارگەی پەککەوتان!

ئاگاداربن ماڵەکانمان نەبنە تەممەڵخانە.

تکایە بیخوێنەوە، دوور نیە لەماڵت پەککەوتە هەبێ و پێی نەزانی.
دیمەنێک لە هەموو (زۆربەی) ماڵەکان دووبارە دەبێتەوە.
كوڕێک یان کچێکی تەندروست تازە پێدەگا و، لەگەڵ کەسوکاری دەژی، کە بەیانیان وەخەبەردێ، دۆشەک و پێخەفی وەک خۆی بەجێ دێڵێ، تا دایکی هەڵیگرێتەوە.
جلەکانی دەگۆڕێ و لەقوژبنێک فڕێیان دەدا، لەوەشدا دایکی هەڵدەستێ بەکۆکردنەوەو شوششتن و ئوتوکردن و هێنانەوەیان بۆ ژوورەکەی.
خواردن بەئامادەکراوی و بێماندوبوونی، لەپێشی دادەنرێ تا بیخوا، پاشان ئەرکی شوشتنی قاپ یان پەرداخێک ناگرێتە ئەستۆ، چونکە دایکی هەموو ئەو ماندوبوونە دەگرێتە ئەستۆ.
دەچێتە قوتابخانە یان زانکۆ، پاشان دەگەڕێتەوە تا بخەوێ یان شەونخوونی بکا، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (سنابچات، توێتەر، فێیسبووک) یان سەیرکردنی ئاڵقە یەک لەدوای یەکەکانی فیلمێکی تازە، لەنێوانیان ژەمە خواردنێکی بۆ دادەنرێ، تەنها ئەوەی لەسەرە دەست درێژبکا و بخوا -خوا خێری بنووسێ- دیسان دەستدەکاتەوە بە تێکۆشان لەبەرامبەر شاشەی مۆبایل، ئایپاد، یان لاپتۆپەکەی.

جارجار، لەکاتی بێکاری لوتفێک دەکا و، لەگەڵ ئەندامانی خانەوادەکەی دادەنەیشێ، بەڵام خوا نەکا لەوێش شاشەی مۆبایلی لەبیر بکا، تا لەوێش لەگەڵ برادەرەکانی لەسەر شاشە بمێنێتەوە، نەخوازەڵا کۆمێنت یان وێنەیەکی ئەوانی تری لەکیس بچێ!
ئەو بەڕێزەمان بەشداریی و بەرپرسیاریەتەکی بچووکیش، لەناو خانەوادەکەی ناگرێتە ئەستۆ؛ ژووری دانیشتن بە شڵەژاوی بەجێ دێڵێ، گەر خواردنێکیشی بەدڵ نەبوو تووڕە دەبێ، گەر شتێکیشی لەناو ماڵ بینی، پێویستی بە چاککردن یان گۆڕێن هەبوو، بەئاسانی بەلایاندا تێدەپەڕێ، چونکە ئەوانە ئەرکی باوکیەتی و، پاککردنەوە و رێکخستنیش تەنها ئەرکی دایکیەتی!
ديمەنەکە کۆتایی هات.

کە بیرم کردەوە لەوەی لەدەوروبەرمان دەگوزەرێ، گەیشتمە ئەو ئەنجامەی: وادەزانم ئێمە سەرکەوتووبووین لە دروستکردنی نەوەیەکی پەککەوتە.... بەڵێ نەوەیەکی پەککەوتەی باش.
ئێستا نەوەیەکی پەککەوتەمان هەیە، زۆربەی وەک میوان لە ماڵیدا هەڵسوکەوت دەکا، هاوکاری و بەشداری لەهیچ ناکا، هیچ ئەرکێک وەئەستۆ ناگرێ، ئنجا لە تەمەنی قوتابخانە بێ، تا زانکۆ و، هەتا پاش دامەزرانیشی.
کوڕەکە یان کچەکە لە ماڵی باب و دایکیان وەک میوان دەژین، بەرپرسیاریەتەک نازانن جگە لە خەرجیی و مۆڵەتی شۆفێری!
باب و دایکیش، هەرچەندە بەتەمەندا بچن و لاشەشیان بێهێزبێ، دەکەونە ژێر ئەرکە زۆرەکانی بەڕێوەبردنی ماڵ و خانەوادە، چونکە نایانەوێ منداڵەکانیان ماندووبن.
هەستکردن و، هەڵگرتنی بە بەرپرسیارێتی، پەروەردەیەکە تۆی دایباب لە مەنداڵەکانتدا دەیڕوێنی، راستەوخۆ لە ناخیاندا دروست نابێ.
هەتا پاش هاوسەرگیریش، چونکە لەدوای هاوسەرگیری ئەو کلتورەی لەماڵی باوکیان فێری بوون، بۆ ژیانی هاوسەرگیری دەگوازنەوە.
کام کلتوورە؟ کلتووری پەککەوتەیی...پاڵدانەوە.
لەکۆتایی نەوەیەکن هەرگیز ناکرێ پشتیان پێ ببەسترێ، لە دروستکردنی ماڵ یان خێزان یان لەئەستۆگرتنی ئەرکی هاوسەر و، منداڵ.
ئایا تۆی باوک یان دایک، بەو جۆرە لەماڵی باوانت دروست بوویی؟
گەر وەڵامت بەڵێ بوو، ئەنجامی ئەو دروستبوونەت چی بوون؟
سەرپەرشتیاری بەڕێز: منداڵەکانت؛ کوڕ و کچت، لەسەر وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاری و ئەرک رابێنە.

نووسيني: مشعل أبو الودع.

وەرگێڕانی لەعەرەبیەوە: د. ابراهیم ملا احمد سەنگەسەری.

#_شیخ_احمد_کاکە_محمود



 200

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram