وەڵامێک بۆ بێ ئەدەبییەکانی بەهمەنی قوبادی.! عەقڵ و ڕێز بۆ مرۆڤ خۆشە.. قوبادی تۆ بەحساب نوخبەی فامیدە و خاوەن هونەریی و دەتەوێ بەهونەرەکەت خزمەتی کورد بکەیت، بەڵام لە لەحزەیەکدا ئەوەی منداڵ و هەرزەیەک نایکات تۆ دەیکەیت و بیر لەوە ناکەیتەوە بەو هەرزەگۆییەت چەندە ناشیرین و قیزەون دەبیت لەبەر چاوی گەل و نەتەوەکەت. ئاخر نا جەنابی قوبادی تۆ دەزانی لەحەفتا ملیۆن کورد بەلای کەمەوە پەنجا ملیۆنی موسوڵمانە، هەزار ساڵە ئیسلام بووەتە بەشێک لەژیانی خەڵک و بەشێکیان گیانی بۆ دەبەخشن، ئەم تەوهین و قسە نابابەتی و شێتانەیەت چ خزمەتێک بەخۆت و دۆزی کورد و گەلەکەت دەکات، جگە لەزیان؟ ئایا بەم قسە بێ ئەرزشانەت دوو کەس لەو مەلایین موسوڵمانە واز لەدین دەهێنێت، یان تەنها خۆت بێ ڕێز و بێ حورمەت دەکەیت؟ باشە ئیسلام بنێرینەوە بۆ وڵاتی عەرەب، وە لەناو فەرهەنگ و مێژووی ئێمە دەری بکەین چیمان بۆ دەمێنێتەوە، دەبوو هیچ نەبێت شەرمت لەڕۆحی فیداکارانەی قازی محەمەدو شێخ مەحمودو شێخی نەهری و شێخ سەعیدی پیران بکردایە کەپیاوی پەروەردەکراوی ئەم ئیسلامەن و گیانیان بۆ کوردو نەتەوەکەیان بەخشیوە. دەبوو حەیات بکردایە لەو هەزاران مەلاو پیاوە داهێنەرانەی پەروەردەکراوی ناو حوجرەی مزگەوتەکانی کوردستان کە کوردیان کردە خاوەنی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندو سەرمایەیەکی گەورەی شیعرو ئەدەبیات، ڕێزت لە نالی و مەحوی و مەولەوی و بێخودو بێسارانی و شاهۆ و شێخ ڕەزاو سەدان خاوەن توانای داهێنەرانەی دیکەی کورد بگرتایە کە بێ ئەوان ئێمە نە شیعرمان دەبوو، وە نەدەبوینە خاوەنی فەرهەنگ و ئەدەبیات.. ئیسلام لەفەرهەنگی کوردی بێنە دەرەوە تەنها چەند کارێکی منداڵانەی تۆمان بۆ دەمێنێتەوە کەتیایدا کورد وەک مرۆڤی سەرەتایی دوور لە شارو ئاوەدانی نمایش دەکەیت و ژیانیان وەک مرۆڤی کێوی و ئاوارەی شاخەکان وێنا دەکەیت کەئەمە بریتی نیە لەهەموو ژیانی کورد، خۆ دیارە خوا دەزانێ تۆش چەندە بازرگانیت بەسەر وێنای موعاناتی کوردەوە کردبێت؟. کاکی قوبادی ئەگەر کوردیت و کوردایەتی دەکەیت دەبوو لەم کاتەدا بەرامبەر ئایینی کورد بێ عەقڵیت نەکردایە کە بەچاوی خۆت دەبینی ئەوەی لەڕووی مەیدانییەوە تێکەڵی مەردومی ناڕازی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشەنگی ئەوانە تەنها زانایانی ئیسلام و مامۆستایانی مزگەوتە، تەنها ئەوان لەناو جەرگەی ڕووداوەکانەوە خاوەنی قسەو هەڵوێست و گوتاری بوێرانەی خۆیانن، ئێوە لە ئەوروپاو ئەمریکاوەو لەجێگای گەرم و نەرمەوە دوای چەند پێکێک خۆتان سەرخۆش دەکەن و ئاگاتان لەقسەو ڕەفتاری ناشیرینی خۆتان نامێنێت چی دەکەن و چی دەڵێن.! ئەوە تۆی دژی ئایین موعتەقەداتی گەلەکەی خۆت دەوەستیت و دەکەویتە وەسفی مێژووی نەتەوەی سەردەست و زاڵی وڵاتەکەت، ئەمە جگە لەماستاوکردن و خەتی ڕەجعە نەبێت چیتر دەگەیەنێت؟ پێت دەڵێم تۆ هونەرمەند و خاوەن عەقڵێکی داهێنەرانە نیت، چونکە هونەر مامەڵەکردنێکی ئیستاتیکییە لەگەڵ هەست و سۆزو دەروونی خەڵک و ژینگە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکەی خۆت، بەڵام تۆ جگە لەمناڵێکی بێ ئەدەب و بێ شەرم کەئازاری هەست و دەروونی هاوزمانەکانت دەدەیت کائینێکیتر نیت و دەبێت ئەمسالی وەک تۆ و بێ شەرمییەکانتان لەناو فەرهەنگی کوردیدا فڕێ بدرێنە دەرەوە. نووسین و وەڵامدانەوەی: کامیل مەحموود. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محموود رحمه الله www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org