مردنی ئێمە و مردن لای ئەوانی ئەوروپی.! د. عومەر عەلی- بەریتانیا یەکێ تر لەو موعاناتانەی کە لە ڕۆژئاوا هەیە خەمی مردن و چۆنیەتی مەراسیم و تێچووی دوای مردنە، چونکی بە گشتی کەس مەسرەف بۆ کەس ناکات، هەموو ئەرك و تێچوویەك دەبێ هەر لەسەر خۆت بێ و خۆت خەمی بخۆی، بۆیە هەر لە دوای ٣٥ ساڵییەوە ئیتر دەبێ بکەویتە خەمی دوای مردن بۆ ئەو مەراسیم و شاردنەوە، ئیتر دەبێ بەشداری بکەیت لەگەڵ یەکێ لە کۆمپانیاکاندا کە بە قیست پارەیان پێ بدەیت تا مردن، بۆ ئەوەی کە مردی ئەوان ئەرکەکە ڕاپەڕێنن، جا مواسەفاتی زۆری هەیە، ئیتر دەکەوێتە سەر خۆت کامە هەڵبژێری و مانگانە چەند بدەیت، گەر قەبرێکت بوێ و تابوتێ ئەوە گران دەکەوێ، سعرەکان فەرقی زۆرە، هەر لە قەبر و تابوت و نوسینی ناوێ لەسەر کاشی تا ئاستە سادەکانیان، جا مەراسیمەکەش چییە؟! هەر سەیارەیەکی درێژە و ٢ پیاو بە جلێکی ڕەشەوە دێن و قرتێلەیەکی ڕەشیان بەستووە و بە درۆوە خۆیان عاجز کردووە کەئەنەما غەمبارن! بەڵام لە ڕاستیشدا غەمبار نین و دڵیان خۆشە چونکی پارەیەکی باشیان لێوەی دەست دەکەوێ. خۆ ئەگەر کەسەکە بەشدار نەکات مانگانە پارەی نەدابێ، یان هیچی نەبێ دوای مردن و کەس حەقی پێوەی نەبێ، هەرزانترینیان سوتاندنە، عادەتەن شارەوانی جێگەکە هەڵدەستێ بەوکارە، ئیتر دەیبەن و دەیخەنە ناو کورەیەك و دەیکەن بە قەرەبرووت. ئەوەی لای خۆمان بۆ مردوو دەکرێ بە گشتی لە ڕۆژئاوادا تەنها چەنسی زۆر ناودار و دەوڵەمەند و کەسە باڵاکانە، کەسانی ئاسایی هەرگیز ئەو چەنسەیان نییە. قسەکە لێرەدا تەنها باس لە تێچووەکەش نییە کە گرنگیشە لە ڕاستیدا، باس لە ڕۆحیەتی کۆمەڵایەتی خەڵكییە کە چەند ئامادەی قوربانیدانن بۆ یەکتری، لە کوردستاندا چەندین کەسی خێرخواز سەیارەیان کڕیوە هەر تایبەت بەو کارە کە ئەمە لە ئەوروپا کاری ئەو کۆمپانیانایە بۆ بەشداربووەکانیان تا بۆیان بکەن! جگە لەوەی سەیارەش هەبێ و نەبێ سەدان کەس بە سەیارە و ماڵ و خێزانەوە لە خزمەتی کەسوکاری مردووەکەشدا دەبن، قافڵەی سەیارە دەکەوێتە دوای مردوو کوڕ ئەو کوڕەیە زوو بڕوات گەرنا جێگەی وەستانی سەیارەکەشی نامێنێ! ئەوەی ئیتر باسی قەرەباڵغی تەعزیەکە و خێمەو ڕێگەگرتنیش با بوەستێ لەبەر قەرەباڵغی. ئەمە هەتا پەیوەستیش نییە تەنها بە مادەوە، لە ڕۆژئاوا سەدان کەس مردووە و وەزعی مادی ماڵەوەشیان باش بووە، ئێمە هەستاوین بە پارە کۆکردنەوە و ئەرکی گەڕانەوەی بۆ کوردستان، بە قەدر و حورمەتێکی زۆرەوە هەتا چەند کەسێکیشمان ناردووە لەگەڵ مەیتەکەدا. لەوێش ئیتر دونیایە خەڵك ڕژاوەتە مەتار و چاوەڕێیان کردووە. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org