سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  خودای گەورە بەندە نەناسراوەکانی خۆشدەوێت.!
گۆڕینی فۆنت

خودای گەورە بەندە نەناسراوەکانی خۆشدەوێت.!

سائیبی کوڕی ئەقڕەع لە جەنگی "نەهاوەند" گەڕایەوە و دانە بە دانە ناوی کوژراوە ناسراوەکانی بۆ پێشەوا عومەر هەڵدا، دوایی فەرمووی "قوربان هەندێک کەسی تریش کوژراون کە بە ناوبانگ نین و جەنابتان نایانناسن!
پێشەوا عومەر دەستی کرد بە گریان و فەرمووی "جا چ زەرەرێک دەکەن عومەر نەیانناسێ ؟ خۆ خودای گەورە دەیانناسێ..!
پێشەوا "الذهبي" لە کتێبی "سیر اعلام النبلاء" دەفەرموێت" سووپاکەی هارونە ڕەشید هەزار سەربازی تیابوو کە ناویان لە لیستی سەربازەکانی سووپادا تۆمار نەکردبوو ، بەبێ مووچە بۆ خوا نەبێت کەس نایانناسێ..
با ئێمەش نەناسراوبین لەسەر زەوی، خۆ خودای مەزن بەئاگایە بە ترپەی دڵی بەندەکەی ، چەندەها کەس هەیە و بیستوومانە کە دەفەرموون: "هەتا نەمرد نەیانزانی خێرخوازە" هەتا نەمرد "نەیان دەزانی بەڕۆژ بۆ خودا و بەشەویش بۆ خودا بووە " هەتا نەمرد فڵان وای دەکرد فڵان وای دەکرد.
اللە چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی بە نامۆیی و بە ڕێبواری دەژی و کەس بە کاروکردەوەکانی نازانن ، لە پاش وەفاتی خودای مەزن چۆن بەڕێزی دەکات لە نێو خەڵکیدا ، خۆ کەس نەیدەزانی ئاوا بوو بەڵام خودا لە دوای مردنی بەڕێزی کرد.
دەسا تۆش هەستە و تێبکۆشە ببە بەپیاوی خوا، ببە بە ناسراو لە نێو فریشتەکانی خودا و ببە بە نامۆ لە نێو خەڵکیدا پاداشتی خەڵکی واز لێبێنەو ڕووبکەرە ئەو پاداشتەی پادشای پادشاکان بۆی داناویت، ڕوو بکەرە قیامەت و پشت بکەرە دونیا ، دنیایەکی کورت و تەمەنێکی کورتمان ماوە کەی دەست پێ دەکەیت؟ کەی بێزاردەبیت لە دونیا؟ قیامەت زۆری بەبەرەوە نەماوە ئەم هەموو کاتە بۆ دەفەوتێنیت؟، سوێند بە اللە بەدەستهێنانی بەهەشت ئەونە ئاسان نیە بەڵام خودا هەر لە بیانووی بەندەکەیەتی تا بیکاتە بەهەشتەکەی خۆی چوونکە ئەسڵ مرۆڤ بۆ بەهەشت دروستکراوە.
تێرت نەخوارد لە دنیا؟، بەس نیە ئەم هەموو نوێژە بێ ڕۆح و سارد و سڕەت؟ بەس نیە بەخشینی بەرکامێرا؟ بەس نیە قسەی بێ سوود؟ بەس نیە ئەم چاو فراوانییە و ئەم هەموو نەزەر کردنە؟ بەس نیە ئەم هەموو موناقەشە بێ سوودانە؟ بەس نیە ئەم هەموو پارە کۆکردنەوەت؟ کەی دەست پێ دەکەیت؟
کە زانکۆت تەواو کرد؟ کە ژنت هێنا؟ کە ئەو ئیشەت سەری گرت؟ کە ئەو درامایە تەواو بوو؟ کە عومرەیەکم کرد؟ چەندت پێویستە بۆ ئەو کارە ؟ نا..
نا پارەت پێویست نیە ئەزیزم تەنها تەوەکول و هەوڵدانت پێویستە ، هەموو ڕۆژێک دەڵێن فڵان کەس مرد فڵان کەس مرد، ڕۆژێکیش سەرەی تۆ دێت گەڕانەوە بۆ دونیا مەحاڵە ، نەسەروەت نە سامان نە منداڵ فریات ناکەوێت تەنها کردەوەکانت نەبیت.
بەسە ئەم هەموو خێرە بۆ ڕییا ، بەسە ئەم هەموو کردەوە چاکە بۆ ئەوەی خەڵکی پێت بڵێت فڵانە کەس ماشاءاللە سەخیە ، ماشاءاللە نوێژ زۆرەکات ، ماشاءاللە شەوان ناخەوێ تا بەیانی شەونوێژ دەکات ، ئێ ؟ مەگەر ناگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگارت؟ ، ببە بە ڕێبوار سووپاسی کەست نەوێت دەست خۆشی کەست نەوێت کەس بارگرانی قیامەتت هەڵناگرێت ، ئاممان ئەو کاتە بەنرخانە لەدەست مەدەن با شەوەکانت ئاوا بە بێ هوودە نەڕوات ئەو هەموو کار و کردەوەیە هەیە پێم سەیرە دەڵێیت ناتوانم زیکرێک بکەم ؟ ناتوانم بەردەوام دەست بە دەست نوێژ بم؟
ئەو نەخۆشینەت کە جگە لە خوا کەس پێی نازانێت ،خێرێکی بۆ بکە کە خوا نەبێت کەس پێی نەزانێت.
ئەو خەم و خەفەتەی کە لەنێو دڵتدایە و جگە لە خوا کەس پێی نازانێت ، تەوبەیەکی بۆ بکە جگە لە خوا با کەس پێی نەزانێت.
ئەو دڵەڕاوکێیەی تووشت بووە جگە لەخوا کەس نازانێت،لەتاریکایی شەودا دووڕکات بکە بە نیەتی ئەوەی لە کۆڵت بێیتەوە با جگە لە خوا کەس پێی نەزانێت.
ئەو کەمبوونەوەی ڕزق و ڕۆزیەت کە جگە لە خوا کەس نازانێت ، تەوبەیەکی پاک و چاکی بۆ بکە جگە لە خوا با کەس نەزانێت.
عومەر فەرمووی"جا چ زەرەرێک دەکەن کە عومەر نەیانناسێ ؟خۆ خوای گەورە دەیانناسێ...
تێبکۆشە و ببە بە بەندە هەرە خۆشەویستەکەی خوا، خواش هەرکەسی خۆش بوێت هەموو کارووبارەکانی دونیا و قیامەتی بۆ بەڕێوە دەبات ببە بە پیاوی خوا.
اللە نیەتی هەموو لایەکمان خالص بکات امین یارب .

ن.ئا: ئاگا شاهۆ.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. 

 142

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram