سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حیكمەت و سوودەكانی قوربانی :
گۆڕینی فۆنت

حیكمەت و سوودەكانی قوربانی :

الله تعالی فەرموویەتی: (ذَلِكَ وَمَنْ يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِنْ تَقْوَى الْقُلُوبِ) الحج: 32.
ئەم ئایەتە تایبەت نییە بە قوربانی، بەڵكو باسی فەزڵ و پلەو پایەی ڕێزگرتن و بە مەزن ڕاگرتنی شەعیرە و عیبادەتەكان دەكات و زانایان فەرموویانە بێگومان قوربانی شەعیرەو عیبادەتێكە لە عیبادەتەكانی ئیسلام و ئەو ئایەتە دەیگرێتەوە.
لە سوننەتیشدا بەڕاستەوخۆ و بەڕاشكاوی هیچ فەرموودەیەكی صحیح  دەربارەی فەزڵ وپاداشتی قوربانی نەهاتووە، هەرچیش لەو بارەوە باس دەكرێت ڕاست نین و جێگیر نەبوونە، بەڵام هەندێ لە زانایان هەندێ بەڵگەی ناڕاستەوخۆیان بۆ فەزڵی قوربانی هێناوەتەوە بۆ نموونە دەڵێن:پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (مَن ذبَحَ قبل الصَّلاةِ فإنَّما يذبحُ لنَفْسِه، ومَن ذَبَحَ بعد الصَّلاةِ فقد تَمَّ نسُكُه وأصاب سُنَّةَ المُسْلمينَ ) رواه البخاري (5556) واللفظ له، ومسلم (1961).
واتە هەركێ پێش نوێژی جەژن قوربانی بكات ئەوە بۆ خۆی ئاژەلێكی سەر بڕیوەو ئەوە قوربانی نییە، هەركێیش دوای نوێژی جەژن قوربانی سەربڕێت ئەوە عیبادەتەكەی بە جێهێناوە و سوننەتی پێكاوە. بەڵام نەبوونی دەقێكی صحیح و راستەوخۆ لەسەر فەزڵ وپاداشتی قوربانی مەعنای ئەوە نییە موسوڵمان سارد بێت لە ئەنجامدانی چونكە لە فەرموودە سەحیحەكاندا هاتووە كە هاوەڵان و سەلەف بەگشتی قوربانییان كردووە لێیان خواردووە و لێیشیان هەڵگرتووە و بەشی خەڵكیشیان لێ داوە.

ئەنجامدانی قوربانی حیكمەتی زۆری تێدایە، ئەمەش بەشێكە لەو حیكمەتانەی كە زانایان باسیان كردوە:

1- قوربانی كردن عیبادەتە و خۆ نزیك كردنەوەیە لە پەروەردگار بەوەی كە موسوڵمان گوێڕایەڵی الله تعالی دەكات بە ئەنجامدانی ئەو عیبادەتە و ڕشتنی ئەو خوێنەی لە پێناو الله تعالی، هەر بۆیە قوربانی كردن لەوە خێرو پاداشتی زۆرترە كە موسوڵمان پارەكەی بكات بەخێر و سەدەقە، تاكو قوربانییەكەش قەڵەوتر و باشتر بێت خێری زۆرترە، هەر بۆیە پێشەوا بوخاری بەڕەحمەت لە سەحیحەكەیدا بە (معلق) ی فەرمودەیەكی لە (أبا أمامة بن سهل) الله لێی ڕازی بێت گێڕاوەتەوە كە فەرموویەتی: (كنا نسمن الأضحية بالمدينة، وكان المسلمون يسمنون). 

2- قوربانیكردن موسوڵمان لەسەر بەندایەتی و گوێڕایەڵی كردنی فەرمانەكانی الله تعالی ڕادەهێنێت.

3- قوربانی كردن ڕاگەیاندنە بۆ تەوحید و عەقیدە پاكی بۆ الله عزوجل و شوێن پێ هەڵگرتنی باوكی پێغەمبەرانە إبراهیم علیه السلام.

4- یەكێكی تر لە سوود و حیكمەتەكانی قوربانیكردن ئەوەیە بەشی موسوڵمانانی لێ دەدرێت و دڵی هەژارانی پێ خۆش دەكرێت و باریانی پێ سووك دەكرێت.

5- ئەنجامدانی قوربانی جۆرێكە لە فراوانی خۆراك و خۆشگوزەرانی بۆ كەسەكە خۆی و بۆ مناڵ وخێزانی كە بە هۆی قوربانیكردنەوە گۆشت دەخۆن و لێیشی هەڵدەگرن.

6- قوربانی كردن جۆرێكە لە سوپاس كردنی الله عزوجل لەسەر نیعمەتەكانی  و لەسەر ئەوەی پارەو ماڵی بەو بەندەیە بەخشیوە و ئەویش قوربانی لێ دەكات. الله تعالی فەرموویەتی: ( وَأَمَّا بِنِعْمَةِ رَبِّكَ فَحَدِّثْ).

نووسین و ئامادەكردنی: د.إحسان برهان الدين

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 97

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram