مەلای گەورەی کۆیە كێیە.؟ مەلا محەمەدی کوڕی مەلا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا ئەسعەدی کوڕی مەلا عەبدولڕەحمانی کوڕی مەلا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا محەمەدی کوڕی مەلا ئیبراهیمی کوڕی شێخ حەسەنە، دایکی ناوی عائیشەی کچی حاجی بەکر ئاغای حەوێزییە. مەلا محەمەد بە مەلای کۆیە و مەلای گەورە و مەلای گەورەی کۆیی ناسراوە، لە ساڵی (١٨٧٦) لە بنەماڵەی جەلیزادەی شاری کۆیە لەدایکبووە، مەلای گەورە لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا لەلایەن باوکییەوە ئیجازەی مەلایەتی پێدەدرێت، لە دوای بوون بە مەلا دەستدەکات بە کاری مەلایەتی و وتاردان، لە ماوەیەکی کەمدا بە هۆی بە توانایی و لێهاتووییەوە ناو دەردەکات، تەنانەت لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی بە چەند هاوڕێیەکی خۆی بەخشیوە، هەروەها لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانەوە خەڵک چوونەتە لای مەلای گەورە و خوێندوویانە. مەلای گەورە زۆر پلەو پۆستی سیاسی و ئیداری وەردەگرێت، لەسەر داوای مەلا محەمەد والی موسڵ (سلێمان نەزیف) بڕیار دەدات قوتابخانە لە شاری کۆیە بە ناوی (کویسنجاق ئولا) قوتابخانەی یەکەم بکاتەوە. لەوەش زیاتر لە ساڵی "١٩٢٠" دا مەلای گەورە و جەمیل ئاغای حەوێزی حاکمی شاری کۆیە یاداشتیان بۆ حاکمی سیاسی بەریتانی بەرزکردووەتەوە و داوای دروستکردنی دەوڵەتی کوردییان کردووە، لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت: هەتا دەمرم لە بۆ کوردان دەناڵم عیلاجیان چۆن بکەم هاوار بە ماڵم مەلای گەورە بایەخێکی زۆری بە خوێندنەوەی کتێبە زانستی و سیاسیی و مێژووییەکان داوە، هاوکات زۆر بایەخی بە زمانی کوردی داوە و هاوکات زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیشی بە باشی زانیوە، لە ساڵی(١٩٣٠) بە دواوە قۆناغی پێگەیشتنی فیکری و فەلسەفی مەلای گەورە دەستپێدەکات، چونکە لەو قۆناغەدا شارەزایی تەواو لە زۆربەی زانستە ئایینییەکانی ئیسلامدا پەیدادەکات، هەروەک لەو ساڵە بە دواوە دەستیکردووە بە تەفسیرکردنی قورئانی پیرۆز بە ناوی کەلامی خودا، کە لە دە بەرگ پێکدێت و لە ماوەی نێوان ساڵانی(١٩٣٣ بۆ ١٩٤٣)دا تەواویکردووە، مەلای گەورە لە ماوەی ژیانیدا ژمارەیەکی زۆر نووسین و کتێبی نووسیوە، زۆربەی کاتەکانی بۆ زانست و زانیاریی تەرخانکردووە، بە وەرگرتن و بە بەخشین، مەلای گەورە بەرهەمەکانی بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی نووسیوە، کە ئەمانەن: ١-کەلامی خوداوەند / تەفسیری قورئان ٢-فڕی فڕی قەل فڕی ٣-عەقیدەی کوردی ٤-نوێ کەرەوە ٥-دیاری مەلا محەمەدی کۆیی/شیعر ٦-حیکایەت، خەون، کەرامەت ئەمانە و زیاتر لە شانزە کتێب و نووسراوی بە زمانی عەرەبی هەیە، بەداخەوە بە هۆی نەبوونی چاپەمەنییەوە لە سەردەمی خۆیدا بڵاونەکراونەتەوە. بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا بەشێکیان بڵاوکرانەوە. ڕیفۆرم و چاکسازییە ئایینییەکانی مەلای گەورە: بەکارهێنانی ناوی " مەلای گەورە" بۆ کەسایەتییەک، گوزارشتە لە لێهاتوویی گەورەیی و جیاوازیی ئەو زانایە، مەلای گەورە مەلا و کەسایەتییەکی ئایینی بوو، هاوشێوەی سەعید نورسی، ئەحمەدی موفتیزادە و ناسری سوبحانی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، واتە جیاواز لە کەسایەتییە ئایینییەکانی دیکەی هاوسەردەمی خۆی و دوای خۆی بووە، لە دوای ئەوەی مەلای گەورە ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت نازناوی (مەلای گەورە)ی پێدەدرێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، ژمارەیەک چاکسازیی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئایینی ئەنجامداوە، مەلای گەورە لە ژیانیدا دژی زۆرداران و ئەفسانە پەرست و مێشک وشک و ناحەزانی کورد بووە، بەردەوام دژی هەموو ئەو مەلایانە بووە، کە دژی پێشکەوتن بوون و هەوڵی چاندنی تۆوی خورافەیان داوە لە دەماغی خەڵکیدا، بە تایبەتی ئەوانەی هەوڵیانداوە ئایین بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن، بۆ نموونە هەندێک لە شێخەکان، کە هەوڵیانداوە خەڵکی بەرەولای خۆیان ڕابکێشن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریبهێنن لە پارچە شیعرێکدا دەڵێت: هەتا شێخی لە کوردستان بمێنێت ئومێدی زیندەگانیت پێ نەمێنێ تەریقەی قادری و نەقشبەندی بەبای دا ڕەونەق و ئاهەنگی کوردی هەروەها لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێت: شێخی ئەهلی سوننە و جەماعەت بە هەموو فێڵ و تەدبیر و کیاسەت هەر وەکوو پاپا بەهەشت دەفرۆشی وەی قوڕت بە سەر گەلێ بێ هۆشی جگە لەم دوو پارچە شیعرە لە چەندین شوێنی دیکەدا سەبارەت بە شێخەکان قسەدەکات، ئەوەش ئاماژەیە بۆ باڵادەستی شێخەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ڕووبەڕووبوونەوەی شێخ و تەکیە و خانەقا یەکێکە لە چاکسازییەکانی بۆ کۆمەڵگای کوردی کردوویەتی، هەوڵیداوە کە خەڵکی هۆشیاربکاتەوە و تێیانبگەیەنێت ئەوانەی دەکرێن تەنها کرداری دونیایین، لە هەڵوێستێکی لەم شێوەیەدا ئەگەر پێگە کۆمەڵایەتی و ناسراوییەکەی بنەماڵەی جەلیزادە نەبووایە دوورنەبوو مەلای گەورە شاربەدەر بکرایە، چونکە شێخەکان لەو سەردەمەدا خاوەنی لایەنگرێکی زۆر و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزبوون، لەو سەردەمەدا لە لای خەڵکی زمانی قورئان و ئایین تەنها زمانی عەرەبی بووە، واتە نەدەکرا بە زمانێکی دیکە قورئان بخوێنیتەوە و بنووسی، بەڵام مەلای گەورە ئەو قسانەی ڕەتکردەوە و قورئانی پیرۆزی وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و لە دە بەرگدا نووسییەوە، تەفسیرەکەشی هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگەی کوردەواریی بوو، هەروەها لە لە نێو تەفسیرەکەدا بانگەشەی بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و فەرهەنگی و سیاسی کردووە، بۆچوونی وابووە، کە دەبێت ئایین کاریگەریی پۆزەتیڤی لەسەر مرۆڤ هەبێت ، دەبێت بەردەوام بۆ بەرزی بڕوانێت و خۆی بە بچووک و زەلیل نیشان نەدات، هەروەها هانی خەڵکی دەدا، کە سەربەست بژین و بۆ ئازادیی هەوڵبدەن، لە تەفسیرەکەشیدا باسی لەوە کردووە، کە پێویستە سوود لە چاکسازیی و شارستانییەتی ئەورووپا وەربگرین، بە نموونە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و چاپخانە و کردنەوەی فێرگە و زانکۆ، تەنانەت لە هەندێک شوێنیشدا سەرسامی خۆی بە شارستانییەتی ڕۆژئاوا نیشاندەدات، ئەمە لە کاتێکدا مەلاکانی هاوسەردەمی ئەو دووبارەکردنەوەی کاری ڕۆژئاوا و قسەکردن بە زمانی ئەوانیان بە حەرام و گوناه زانیوە، یەکێک لە چاکسازییە کۆمەڵایەتییە گرنگەکانی مەلای گەورە ناردنی منداڵانە بۆ خوێندنگاکان، ئەوکات بەشێک لە مەلاکان لەو بڕوایەدا بوون، کە ناردنی منداڵ بۆ خوێندنگا حوکمییەکان کارێکی نا پەسەندە و بە گوناهیان داناوە، ئەوان دەیانگووت پێویستە منداڵان لە حوجرەکاندا بخوێنن، بەڵام مەلای گەورە گوێی بەو قسانە نەدەدا و "نەجیبە"ی کچی لەگەڵ کوڕان ناردە خوێندنگە، ئەوەش بۆ ئەو سەردەمە زۆر سەخت بوو، لەم بارەیەوە مەلای گەورە دەڵێت: عیلمی تەبیعەت عیلمی خودایە (قال) و (قول) گشتی هەبایە عیلمی کیمیات گەر نەخوێندووە بەخوا نازانی خوا چیکردووە نەجیبە جەلیزادەی کچی بە یەکەم فێرخوازی کچ لە کۆیە دادەنرێت، کە لەگەڵ کوڕاندا خوێندوویەتی، واتە تێڕوانینی مەلای گەورە بۆ ئافرەت تەواو جیاوازبووە و پێیوابووە لە ڕێگەی ژنی خوێندەوارەوە دەتوانیت منداڵی تەندروست بۆ داهاتووی کۆمەڵگە پەروەردە بکەیت، ئەمانە هەموو بۆ سەردەمی خۆی چاکسازیی گەورە بوون کە مەلای گەورە ئەنجامیداون. ئامادەکردنی: دیلان سلام حمەفرەج / دکتۆرا لە ئەدەبی کوردی. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.