سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  دیدگای قازی محەمەد بۆ دۆزی کورد و کۆماری کوردستان.؟!
گۆڕینی فۆنت


دیدگای قازی محەمەد بۆ دۆزی کورد و کۆماری کوردستان.؟!

 لە یادی ڕووخاندنی کۆماری مەهاباد (کۆماری کوردستان) لە ١٥-١٢-١٩٤٦.

بە پێویستم زانی لەم یادەدا باسی کەسایەتیی دامەزرێنەری کۆمار و هزری جوانی (قازی محەمەد) بکەم، تاکوو وەک نموونەیەکی زیندوو و نزیک بێتە بەرچاومان، کە چۆن قازی محەمەد توانی دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنێت بۆ نەتەوەی کورد بە دیدگایەکی موسڵمانانە. ئەمەش لەلایەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ عەلمانییەکان کە پێیان وایە کورد خاوەنداریی بنەڕەتیی موسڵمانان نییە، لەلایەکی دیکەشەوە وەڵامێکە بۆ ئەو ئیسلامییانەی تا ئێستا بە ڕەوای نابینن نەتەوەی کورد خاوەنی کیانی خۆی بێت و بە "ناشەرعی" دەزانن، لەکاتێکدا بە شایەدیی دوور و نزیک و دۆست و دوژمن، قازی محەمەد زانا، عارف، دانا، بلیمەت و شەرعزان بووە.
پێگە و کەسایەتیی قازی محەمەد
کەسایەتیی قازی محەمەد، یەکێکە لەو زنجیرە کەسایەتییە مەزنانەی کە لە سەردەمی پێغەمبەرەوە (ﷺ) یەک لە دوای یەک هاتوون و ئەمیش تەواوکەری ئەو زنجیرە زێڕینەیە.
قازی یەکێکە لەو کەسانەی کە جێگەی شانازییە، گەورەبوون و پێگەیشتنەکەی لەنێو قوتابخانەیەکی ژیری و ئاقڵی و پێشکەوتنخوازدا بووە و وەک دیندارێک پەروەردە کراوە. شارەزاییەکی باشی هەبووە لە زانستە شەرعییەکان و فیقهی ئیسلامیدا. جگە لە زمانی کوردیی دایک، شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی عەرەبیدا هەبووە و توانیسیویەتی بە زمانەکانی (تورکی، فارسی، فەڕەنسی، ئینگلیزی و ڕووسی) بە باشی بنووسێت و بخوێنێتەوە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، قازی کوڕی قازی عەلییە و لە نەوەی (میرزا بەگ) ە، ئەمانە بە بەرەباب هەموویان قازی بوون و بەپێی فیقهـ و شەریعەتی ئیسلام حوکم و قەزاوەتیان کردووە. ئەوان لە ڕوانگەی دادوەری و شەریعەتەوە تەماشای دۆزی کوردییان کردووە؛ تەماشای ماف، ئازادی، سنوور، جوگرافیا و مافی گەلانیان کردووە. کەسانی واقیعی بوون و لە خەیاڵدا نەژیاون، بۆیە بە دیدێکی موسڵمانانە خاوەنداریەتیی دۆزی کوردییان کردووە.
بەداخەوە بەشێک لە کۆمەڵگای کوردی بەردەوام سەرسامە بە کەسایەتی و پاڵەوانەکانی گەلانی تر، بەڵام پێی وایە ئەگەر باسی پاڵەوان و سیمبولە کوردییەکان بکات ئەوە "تەعەسوبی قەومی"یە! گرنگیی باسکردنی قازی لەوەدایە کە لە ڕۆژگاری خۆی و سەردەمەکەیدا تاکە کەس بووە توانیویەتی کۆماری کوردستان دابمەزرێنێت و ئاڵای کوردستان دیاری بکات، بەڵام جیاواز لەوانی تر بە دیدگایەکی موسڵمانانەوە.
قازی و پەیوەندیی بە نیشتمانەوە
قازی محەمەد کەسایەتییەکی دیندار، خوداپەرست و خاوەن عەقیدەیەکی بەهێز بووە و شانازی بە ئیسلامەتی یەوە کردووە. بەڵام پرسیارێک دەکرێت لەبارەی شۆڕشەکەی قازی لەنێو میللەتی خۆماندا، بەتایبەت لەلایەن چەپەکان، عەلمانییەکان و هەندێک لە موسڵمانە نەشارەزاکانەوە کە دەڵێن: "قازی کەسایەتییەکی دیندار بووە، چی پەیوەندییەکی بە نیشتمانەوە هەیە؟ ئێمە دەبێت بە نیشتمانیی ببەستینەوە."
ئایا ئەم بۆچوونە تا چەند ڕاستە؟ لێرەدا چەند خاڵێک ڕوون دەکەینەوە:
١. بەکارهێنانی دۆزەکە: عەلمانییەکان دەیانەوێت نەتەوەی کورد بۆ ئامانجی ئایدیۆلۆژیی خۆیان بەکار بهێنن، تا نەهێڵن نەتەوەی کورد بە ڕۆحێکی ئیسلامییەوە ڕزگاری بێت، دەیانەوێت جیاکاری بکەن لەنێوان ئیسلام و نیشتمان، یان ئیسلام و نەتەوەدا.
٢. بازرگانیکردن بە خاک: نیشتمان، نەتەوە و خاک، بەدەست عەلمانییەکانەوە دەشێوێنرێت، چونکە زۆر جار وەک کەرەستەیەک بۆ بازرگانی بەکاری دەهێنن.
٣. ڕوانگەی شەرعی بۆ نیشتمان: دیارە نیشتمان لە ڕووی شەرعی و لە بازنەی شەریعەتی ئیسلامەوە، مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت. مافی خۆیەتی چۆن کورد و عەرەب و فارس و میللەتانی تر هەن، هەموویان لە بازنەیەکدا برا بن و دوژمنی یەک نەبن، بەڵام حەق و مافی هەمووان پارێزراو بێت.
دەرەنجام
هەر بۆیە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەوان ستەم لە ئێمە و مێژوو دەکەن کاتێک پێچەوانە دەڵێن. قازی محەمەد، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، سەعیدی نوورسی، سمکۆی شکاک، یان کاک ئەحمەدی موفتی زادە و ئەو پیاوە گەورانەی کە لە مێژووی موسڵماناندا جێ پەنجەیان دیارە و خزمەتیان بە نیشتمان کردووە؛ هەموویان لە حوجرە و مزگەوتەکانەوە پێگەیشتوون و گەورە بوون، ئینجا لەژێر ڕۆشنایی دینی خوادا خزمەتی خاک و خەڵک و نیشتمانیان کردووە.

نووسینی: د. ادریس کاریتانی

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 

 125
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

    • زۆرترین بینراو
    • نوێترین بابەت
    Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram