قازی محەممەد و چارەسەری پرسی کورد لە ڕوانگەی ئیسلامەوە؟ذ پێویستمان بەتەجروبەی قازی هەیە بۆ پرسی چارەسەر کردنی دۆزی کورد، تالەگرێ و گاڵی شوعیەت و چەپگەرایی و عەلمانیەت ڕزگارمان بێت، نیشتیمان ونەتەوەکەمان گرێدراوی موسڵمانەتیە و لەهەموو بەشەکانیەوە بەپرسی سیاسیش. قازی محەممەد کەسایەتییەکی ناوازە و دەگمەن بوو، خاوەنی هەندێ تایبەتمەندیی بەرز بوە، لە هاوسەردەمەکانی جیای دەکردەوە. ئەو لە بنەماڵەیەکی ناودار و دەستڕۆیشتوو هەڵکەوتبوو، کە نەوە لەدوای نەوە پێشەوا و دادوەری ناوچەکە بوون. تایبەتمەندییە دیارەکانی پێشەوا: ١. فیقهی واقیعی: خاوەنی تێگەیشتنێکی قووڵ بوو لە "فیقهی واقیعی"، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتن لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی بۆیان. ٢. ڕۆشنبیریی فراوان: کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر بوو و هەمیشە بایەخی بە زانست و مەعریفە دەدا. ٣. خۆپێگەیاندن: خوێنەرێکی وردبین بوو و بەردەوام لە هەوڵی گەشەپێدانی ئاستی زانستیی خۆیدا بوو. ٤. هەستکردن بە ئازاری گەل: بە وردی ئاگاداری دۆخی هەژاری و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی گەلەکەی بوو. ٥. خەمخۆری دۆزی کورد: وەک هەڵگری خەمی نەتەوەکەی، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان" (ژ.ک). ٦. قۆستنەوەی دەرفەتی نێودەوڵەتی: لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم، بارودۆخەکەی بە هەل زانی بۆ داواکردنی مافەکانی کورد و دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان. هزری قازی و حوکمڕانیی کوردی: قازی محەممەد بڕوای وابوو کە پرسی کورد دەبێت لە ڕوانگەی ئیسلامەوە چارەسەر بکرێت. کاتێک (ژ.ک) بڕیاری دامەزراندنی حکوومەتی کوردی دا، سەرەڕای بوونی ئەندامانی چەپ و عەلمانی، بە کۆی دەنگ قازی محەممەدیان وەک سەرۆک هەڵبژارد. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگەی کوردی متمانەی بەو سەرکردە ئایینییانە هەبووە کە پەیڕەوی حوکمی ئیسلامیان دەکرد. بنەما سەرەکییەکانی شۆڕشەکەی قازی: ١. موسڵمانێتی: پێناسە و شوناسی نەتەوەیی کوردی بە ئیسلامەوە گرێ دەدا. ٢. ئازادیی نیشتمان: تێکۆشانی بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاریی کوردستان دەکرد. ٣. مەدەنییەت: مەبەست لە مەدەنییەت لای قازی، بنیاتنانی "دەوڵەتی هاووڵاتی" بوو؛ وڵاتێک کە جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە و پێکەوەژیان تێیدا بەرقەرار بێت، دوور لە دەمارگیری. ئەم تایبەتمەندییانە وایان کرد قازی ببێتە ڕابەرێکی خۆشەویست و جێی متمانە، بە جۆرێک کە جەماوەر ئامادە بوون لەپێناوی ئامانجەکانیدا گیانی خۆیان بەخت بکەن. ئامادەكردنی: د. ئیدریس کاریتانی پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.