لە نێوان عیسای پێغەمبەر و بازاڕی سەرمایەداریدا: جەژنێک لە یادکردنەوەوە بۆ سەرگەردانی.!! کاتێک زستان دەگات و شەختە باڵ بەسەر شاردا دەکێشێت، لەپڕێکدا شار دەبێتە تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگی پڕ لە گڵۆپ و درەختی دەستکرد. کریسمس و سەری ساڵ، وەک دوو میوانی هەمیشەیی، دێنەوە سەر مێزی مێژوو؛ بەڵام پرسیارە جدییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئێمە جەژنی "نوێبوونەوە" دەگێڕین، یان تەنها ڕێوڕەسمێکی "بەرکاربردن" (Consumption) و ئامرازێکی سەرمایەداری دووبارە دەکەینەوە؟ 1- پارادۆکس و دژیەکی یادکردنەوە: یادکردنەوەی پەیامبەرێک ئاوا دەبێت؟ پرسیارێکی تری جەوهەری ئەوەیە: ئایا مەعقوولە لە یادی لەدایکبوونی پەیامبەرێکدا، سەدان کار و ڕەفتار بکرێت کە تەواو دژی پەیام و ئەخلاقیاتەکانی ئەو پێغەمبەرەیە؟ پێغەمبەر عیسا (علیە السلام) پەیامهێنی سادەیی و پاکی و پەرستنی خودا و تەوحید ... بوو؛ کەچی لەم جەژنە مۆدێرنەدا، زیادەڕەوی لە خەرجکردن، تێکەڵاویی بێسنوور، مەیخواردنەوە و جۆرەها ڕەفتاری تر دەبینین کە پێچەوانەی جەوهەری ئایین و پەیامی حەزرەتی عیسان! چۆن دەکرێت بە ناوی پیرۆزیی پەیامبەرێکەوە، بێحورمەتی بە فێرکارییەکانی بکرێت؟! 2- حەزرەتی عیسا (علیە السلام) لە نێوان ئێمە و ئەواندا: پێویستە هەمووان بزانن کە ئێمە (وەک موسڵمان) لە هەموو کەس ئەولاترین بە پێغەمبەر عیسا (علیە السلام) ئەو لای ئێمە تەنها ناوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بڕوابوون پێی مەرجی ئیمانە؛ هەر کەسێک بڕوای پێی نەبێت بە موسڵمان دانانێرێت. ئێمە جیاوازی ناکەین لەنێوان پێغەمبەراندا (لَا نُفَرِّقُ بَيْنَ أَحَدٍ مِّنْهُمْ) آل عمران ٨٤. ئەگەر ئەوانەی ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، بە حەقیقی شوێنکەوتەی بن؛ ئەگەر سادەیی ئەو، لێبوردەیی ئەو و تەوحید و عەقیدەی پاکی و .... ئەو بکەنە سەرمەشقی ژیانیان ئەوە زۆرباشە. بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت، تەنها بەکارهێنانی ناوی ئەو پێغەمبەرەیە بۆ بازاڕگەرمی و ڕاکێشانی خەڵک بۆ ناو فەرهەنگی بەکاربردن و سەرمایەداری و لادان لە بەهاکان! 3- وەهمی گۆڕانکاری و نامۆبوونی کولتووری: لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، لاساییکردنەوەی کریسمس زۆرجار وەک "پاشکۆییەکی بێفیکر" دەردەکەوێت. گەنجێک درەختی کریسمس دادەنێت تەنها وەک مۆدێلێک، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی ڕوحی یان مەعریفی بەو بۆنەیەوە هەبێت! ئەمە نیشانەی نامۆبوونی مرۆڤە لە ناسنامەی خۆی. لە لایەکی ترەوە، ئێمە وا دەزانین بە گۆڕانی ژمارەی ساڵ (لە ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥) هەموو شتێک دەگۆڕێت؛ بەڵام "تا عەقڵ و دیدگای مرۆڤ نەگۆڕێت، تەنها ژمارەی سەر ساڵنامەکان دەگۆڕێن، نەک ژیان". لەکۆتاییدا: کریسمس و سەری ساڵ تەنها بوونە بریسکە و بریقەی سەر شەقامەکان و ئامرازی سەرمایەداری. بەڵام لەڕاستیدا جەژنی ڕاستەقینە کاتێکە کە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ جەوهەری پەیامی پێغەمبەران (علیهم السلام). با چیتر ڕێگە نەدەین "کاڵاکان" پێمان بڵێن چۆن دڵخۆش بین، بەڵکو با "ماناکان" و "ئەخلاقە بەرزەکان" ببنە مایەی شادیی ڕاستەقینەمان. ساڵێک کە تێیدا "مرۆڤ" بوون و ڕێزگرتن لە "پەیامی ئاسمان" لە "هەبوونی کاڵا" گرنگتر بێت، ئەوەیە کە شایانی ئاهەنگگێڕانە. نووسینی: مامۆستا صلاح الدین احمد پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.