کورد و کوردستان، خودا خەڵقی کردووە و کەس ناتوانێ بیان سڕێتەوە.! تکایە تکایە کوردایەتیمان پێ مەفرۆشنەوە ، ئێمەش دژی دوژمنانی کوردو کوردستانین.. ئیتر تێ بگەن..! بەڕێزان/ سەرەتا کوردبوون بەخششێکە خودا بە گەلی کوردی بەخشیوەو ئێمەی بەندەی خوداش بە کڕنووشەوە ڕازین بەو نیعمەت و بەخششەیە.. پاشان زمانی کوردی شیرینیش بەهەمان شێوە نیعمەت و خەڵاتی اللە تعالی یە و ئەویش سوپاسی خودای لەسەر دەکەین.. وڵاتیشمان کە بە دێرینترین وڵات لە مێژوودا باسکراوە و کەشتی پێغەمبەر نوحیش (علیە السلام) لە کوردستانی ئازیزو خۆشەویست لەگەری خستووەو ئەوەش بەپێی دەقی قورئان فەڕو بەرەکەتی ئەو وڵات و زەوییە دەر دەخات..! * بۆیە خۆشەویستیمان بۆ کوردبوونمان و زمانمان وڵاتمان جێگای شانازیمانەو فەرمانبەرداری اللە مان کردووەو شانازی پێوە دەکەین.. پاشان کوردبوون و موسوڵمانبوونیشمان ئاوێتەی یەکبوون و شانازی بە ئیسلامەتی و یەکخواپەرستیمانەوە دەکەین و نە کوردبوونمان لە ئایینی یەکخواپەرستی دوورمان دەخاتەوەو نە پابەندبوونیشمان بە ئیسلامەوە لە شانازیکردن و بەرگریکرن لە کوردستان و مافەڕەواکانمان دوورمان دەخاتەوە..! * بەڕێزان/ ئەوەی خۆی بە خواناس و پابەند بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە بناسێنێ هەرگیزاو هەرگیز ستەم و تاوان بەرامبەر بە هیچ گەل و نەتەوەیەکی دی ناکات و سنووری نابەزێنێنت.. بێگومان بن هەر دەوڵەت و لایەنێک لە ژێر هەرناوێکدا ویستی گەلی کورد بچەوسێنێتەوە و مافەکانی زەوت بکات، سنووری خودای تاقانەی بەزاندووەو زاڵم و ستەمکارە.. بەتایبەت هەر دەوڵەتێک یان هەر گروپ و لایەنێک بەناوی خودا یان ئیسلامەتییەوە بیانەوێت مافی گەلان زەوت بکەن بەتایبەت گەلی کوردی قارەمان خودا ڕیسوای دونیاو قیامەتیان دەکات.. نموونەی سەدام و بەشاری عەلمانی..! * بۆیە تکایە تکایە کوردایەتی بە ئێمەی موسوڵمان مەفرۆشنەوەو ئەوە ڕاو بۆچوونی ئێمەیە سەبارەت بەگەلی قارەمانی هەرچوارپارچەی کوردستان.. بەڵام لەبیرتان بێت دیدی ئێمە بۆ کێشەو گرفتەکانی گەلی کورد دیدێکی ئیسلامییانەیەو باب و باپیری من و زانایانی ناوداری کوردستان بەتایبەت دەڤەری هەڵەبجەو هەورامان بۆ پاراستنی مافی ڕەوای گەلی کوردستان بە پێشەوایەتی جەنابی شێخ عوسمان عبالعزیز بەڕەحمەت بێت، چەکیان هەڵگرتووە و ئێستاش پێمان وایە کورد دەبێت خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت و خاوەنی زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و کلتوری خۆی بێت .. بۆیە هەرلایەنێک یان هەر دەوڵەتێک ستەم لە کورد بکات فارس بێت یان تورک، ئەمریکای بێ وەفاو بێ منەت بێت، یان ئەوروپای دیموکراسی .. نەفرەتی لێدەکەین و بەرگریکاری لەو گەلەی خۆمان دەکەین و تاکە چارەسەریش بۆ مەینەتییەکانی ئەم گەلە پابەندبوون و دەستگرتنە بە بەرنامەو یاساو دەستووری رب العالەمینەوە. * تکایە تکایە کوردایەتیمان پێ مەفرۆشنەوە ، ئێمەش دژی دوژمنانی کوردو کوردستانین.. ئیتر تێ بگەن. نووسینی/ عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.