سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
   لە نیشانەكانی مێردی شكستخواردو!
گۆڕینی فۆنت

 لە نیشانەكانی مێردی شكستخواردو!

چەند تایبەتمەندی و هەڵسووكەوت و كردارێك هەن وا لە پیاوێک دەکەن ببێتە مێردێکی شکستخواردوو نەک لەبەر لاوازی كەسەكە، بەڵکو لەبەر نەزانینی رێساو بنەمای پەیوەندی هاوسەرگیری تەندرووست.

چۆن بزانیت کە تۆ مێردێکی شکستخواردووی؟

1- ئەگەر بە ڕووخساری مڕومۆچ بگەڕێیتەوە ماڵەوەو سڵاو نەکەیت، وهەستی ئارامی بە هاوسەرەکەت نەدەیت، چونکە ماڵ پێویستی تەنها بە خاوەن نییە، بەڵکو پێویستی بە کەسێکە کە گەرمی و سۆزو دڵنیایی پێبەخشێت.
2- ئەگەر وا بزانیت کە ماندووبوون لە کار ئازادت دەکات لە ئەرکی سۆزداری و مرۆیی بەرامبەر بە هاوژینەکەت. دەبێت بزانیت ئەویش ماندوو دەبێت، ئەگەرچی ماندووبوونەکەی نەبینرێت.
3- ئەگەر دەنگت بەرز بکەیتەوە بەسەر هاوسەرەکەتدا یان شەرمەزاری بکەیت لەبەردەم خەڵکیدا. پیاوی ڕێزدار کەرامەت و شكۆی هاوژینەكەی دەپارێزێت، وەک چۆن حەزدەکات کەرامەتی خۆی بپارێزرێت.
4- ئەگەر بەراوردی بکەیت بە ژنانی تر، یان گاڵتە بە شێوە یان ڕەفتارەکانی بکەیت، بەراوردکردن خۆشەویستی دەکوژێت، و ڕێزگرتن بنەمای خۆشەویستی ڕاستەقینەیە.
5- ئەگەر نهێنی ماڵەکەت بکەیتە بابەتی قسەکردن لەگەڵ هاوڕێ یان خزمەکانت، 
پیاوێتی بە گلەیی وگازندە پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە دانایی لە بەڕێوەبردنی ئەوەی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوەیە.
6- ئەگەر پێداویستی دەروونی و سۆزدارییەكانی هاوژینت پشتگوێ بخەیت، و وا بزانیت پارەو ماڵ  بە تەنها بەسە. وشەی جوان و شیرین، تەماشاکردنی سۆزدارانە، و گرنگیدانی دڵسۆزانە بەنرخترە لە هەر دیارییەکی تر.
7- ئەگەر گوێ لێی نەگریت کاتێک قسە دەکات، یان راو بۆچوونەكانی بەسووک بزانیت، بزانە هاوبەشی خێزانی لەسەر گفتوگۆ بنیات دەنرێت نەک لەسەر فەرمانكردن.
8- ئەگەر منداڵەکانت ببینن کە تۆ دڵڕەق و زبری یان زاڵیت بەسەر دایکیاندا،
کاتێک لەبەردەمیاندا سووکایەتی بەدایكیان دەکەیت، بەم رەفتارە خراپەت  ترس دەچێنیت لە دڵی منداڵەكانتدا نەک ڕێزو خۆشەویستی.
9- ئەگەر هەمیشە بۆڵەبۆڵ بكەیت و، خێرا تووڕە بیت، کەم سوپاس و دەستخۆشی لێ  بکەیت. مێردی سەرکەوتوو ئەوەیە کە ڕەزامەندی دەچێنێت، نەک ببێتە مایەی ناڕەحەتی بەردەوام.
10- ئەگەر هەستی بەرپرسیارێتیت لەبەرامبەر بەدیهێنانی بەختەوەریی هاوبەش لەدەستدا. 
پەیوەندی خێزانی بە هەوڵی لایەنێک سەرناكەوێت، بەڵکو بە تێگەیشتن و هەوڵی دوولایەنە دێتە دی.
بە کورتی:
مێردی شکستخواردوو ئەوەیە کە خۆی بە گەورەی ماڵ دەبینێت، بەڵام مێردی سەرکەوتوو كارێك دەكات کەهاوژینەکەی هەست دەکات ماڵەکەی وەك بەهەشتەو پڕ لەئارامی ودڵنیاییە.

ئا: یاسین ئەحمەد زەنگەنە 

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله.

 177
  • کۆ لیستی وتارەکان || فۆڵدەری وتاری بانگخوازان

    • زۆرترین بینراو
    • نوێترین بابەت
    Top
    Facebook YouTube Twitter Instagram